وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم رایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لە پێناو بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بڕیاردرا بە دواخستنی ھەر وانە یاخود تاقیکـردنەوەیەک لە رۆژانی ١٧ و ١٨ ئەم مانگە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وانە و تاقیکردنەوەکان لە رۆژانی دواتر قەرەبودەکرێنەوە بۆ خوێندکارانی دانیشتوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت: لەو دوو رۆژەدا لە سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و قوتابیان و خوێندکارانی کە دەنگیان دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە نەھاتوو ھەژمار ناکرێن.
دەقی پەیامەکە...
بەڕێز شێخ مشعل ئەحمەد جابر ئەلصباح
ئەمیری دەوڵەتی کوەیت
بەڕێزان گەلی کوەیت
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلصباح-م بیست کەدوای ژیانێکی پڕ لەدەستکەوت بۆ خزمەتکردنی گەلی کوەیت گیانی سپارد.
پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خێزانی ئال صباح و گەلی کوەیت دەکەم، لەپەروەردگاری مەزن داواکارین بەسۆز و میهرەبانی خۆی لەکۆچکردوو خۆشبێ، و بەبەهەشتی بەرینی شاد بکات و سەبوری کەسوکارو گەلی کوەیت بەگشتی بدات.
إنا لله وإنا إليه راجعون
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئاژانسی ھەواڵی میھری ئێران بڵاویکردەوە، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران، لە شاری ژنێف لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ھەرێم کۆبووەتەوەو گفتوگۆیان لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان ھەردوولا کردووە.
بەپێی ئاژانسەکە، عەبدوڵڵاھیان دووپاتیکردووەتەوە کە دەبێت ھەموو بەندەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران جێبەجێبکرێت و ئەنجامی ئەو کارەش لە قازانجی ھەموو ناوچەکەیە.
لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی ھەرێم رایگەیاندووە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، لەسەر پەیوەندی مێژوویی عێراق و ئێران و ھاوکاری زیاتر و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی دوولایەنە بووە و ھاوکارییەکانیشیان درێژەی دەبێت.
سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ ھێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆتاییھات، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانیش یەکێتی لە کەرکوک پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە.
ھەر بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە نا رەسمییەکان لە بنکەکانی دەنگدانی گەرمیان و خانەقین و چەمچەماڵیش، یەکێتی لە پێش ھەموو لیستەکانەوەیە و زۆرترین دەنگی بەدەستھێناوە.
سەرچاوەیەک لەنێو ئەو بنکانەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا ئامێرەکان راپۆرتی کۆتایی نەداوە، بۆیە بڕیار دراوە سندوقەکانی دەنگدان دابخرێت و بەئامادەبوونی تەواوی چاودێران رەوانەی کۆمیسۆن بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، تەنھا ئەو دوو بنکەیە نین کە ئامێرەکانی دەنگدان تێیدا لەکارکەوتوون، بەڵکو چەند بنکەیەکی دیکە لە ھەولێر ھەمان کێشەیان ھەیە.
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی جەژنی ڕۆژووی ئێزییەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خوشک و برا ئێزدیەکانمان لە کوردستان و عێراق و سەرانسەری جیھان دەکەین.
ئێزیدییەکان لەم چەندساڵەی رابردوو بەتایبەت لە ٣ ئابی ٢.١٤ دوچاری کارەسات و مەینەتی و جینۆساید بوونەتەوە ، بۆیە ئومێد دەکەین ھەوڵی ھەموو لایەک چڕبکرێتەوە بۆ گرنگیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و سارێژکردنی زامەکانیان.
ھیوادارین ھەموو بۆنە و یادەکانتان بە شێوەیەکی ئاشتی و ھێمنی و شادی بەسەربەرن.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی جەژنی رۆژووی ئێزدی، پیرۆزبایی لە ھەموو خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و جیھان دەکەم و ھیوای جەژنێکی خۆش و پڕ لە ئاشتی و ئارامییان دەخوازم.
بۆنە و سرووتە ئاینییەکانی ھەموو پێکھاتەکان دەرفەتێکی گرنگن بۆ بیرھێنانەوەی گرنگی قوڵکردنەوەی گیانی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان. لە رۆژی جەژنی رۆژووی ئێزدی کە بۆنەیەکە بۆ لێبوردەیی و گەردن ئازایی لەناو خوشک و برایانی ئێزدیی، جەخت دەکەینەوە لەسەر چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانی ناوچەی شەنگال بە رێگەی ئاشتییانە.
ھیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێرو خۆشی بۆ ھەموو ئێزدییان و بەدووربن لە ھەموو ناخۆشییەک.
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی ھاتنی جەژنی رۆژووی ئێزی پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی ئێزیدی لەھەرێمی کوردستان و عیراق بەگشتی دەکەین، ھیواخوازین ئەم جەژنە ببێتە ھەوێنی بەرقەراربوونی ئۆقرەیی و ئارامی لەوڵاتەکەماندا و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان ئاین و ئاینزا و پێکھاتە جیاجیاکان و کۆتایی بێت بەئاوارەیی و نەھامەتیەکانی ھاوڵاتیانی ئێزیدی لە ھەرێمی کوردستان و عیراق و بگەرێنەوە بۆ زێدی خۆیان
تەئکیدیش دەکەینەوە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەمیشە لەڕابردوو و ئێستاو داھاتووشدا پارێزگاری لە خوشکو برا ئێزیدییەکان دەکاتو وەک بەشێک لە پێکھاتەیەکی گرنگی کۆمەڵی کوردەواری سەیریان دەکات.
سەعدی ئەحمەد پیرە
وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
جەژنی رۆژوو لە خوشک و برایانی ئێزدی پیرۆزبێت و ھیوادارم ئەم جەژنە لە خۆشی و کامەرانیدا بەسەربەرن.
ئێزدییەکان بەشێکی گرنگ و کاریگەری کوردستانن و لەمێژووی خەباتی گەلەکەماندا رۆڵێکی دیار و بەرچاویان ھەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێزەوە لەو مێژووە دەڕوانێت و وەک ھەمیشە پشتیوان دەبێت بۆ پاراستنی مافەکانتان.
لەم بۆنەیەدا جەخت لە ھەنگاوی کرداری دەکەینەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ژیان بۆ ناوچەکە، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوان دەبین.
شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
رەنج پشدەری چالاکوان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی ١٥ی ئەم مانگە نزیکەی ٧٠ کۆچبەر کە کوردیشیان تێدایە دوای ماوەیەک لە بەڕێکەوتنی بە لەمەکەیان لە ئاوی فەڕەنسا کێشەیان بۆ دروست دەبێت و ژمارەیەکیان دەکەونە ئاوەکەوە.
دەشڵێت، لە روداوەکەدا سێ کورد کە یەکێکیان گەنجێکی دانیشتووی حاجیاوا و دوانەکەی تریش ژنێک و پیاوێکی خەڵکی سلێمانین گیانیانلە دەستداوە و چەند کەسێکی تریش بێسەروشوێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیسی فەڕەنسا باسی لەوە کردووە دوای ئاگادارکردنەوەیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ٦٠ کۆچبەر رزگاربکەن.
عەلی شەممەری، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ھەشت خاڵی ناکۆکی ھەیە کە رێگرن لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە، خاڵە ناکۆکەکانیش پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان و چارەسەرنەکردنیشیان وادەکات دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت زیاتر دوابکەوێت.
وتیشی، یەکێک لەو ھۆکارانە کێشەی سەرەکیی چۆنێتیی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکانە و ناکۆکی لەسەرە، کە وایکردووە بەشێک لە کۆمپانیاکان دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنەوەی نەوت رەت بکەنەوە.
راشیگەیاند، ھۆکارێکی دیکە بەرھەمی کۆمپانیا بیانییەکان لە ھەرێمی کوردستان لە بەرھەمی کۆمپانیاکانی تر زیاترە، ئەوەش جێگەی نیگەرانیی حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتە و بووەتە ھۆی شەرمەزاریی بۆ کۆمپانیاکانی تر و بووەتە ھۆی وەستاندنی بەشێکی کارەکانیان.
بەپێی دوایین راپرسی کە لەلایەن رێکخراوی شەبەنگ بۆ دیموکراسی و ھەڵبژاردن لە کەرکوک ئەنجامدراوە، "ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە" و بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش لایەنەکانی دیکەوەیە و ٣٧٪ی دەنگی کەرکوکییەکانی بەدەستھێناوە.
لە راپرسییەکەدا دوو ھەزار و ٣٥٠ فۆڕم دابەشکراوە بەسەر کورد و عەرەب و تورکماندا و ٧٥.٥٪ی بەشداربووان رایانگەیاندووە کە بەشداری ھەڵبژاردنەکە دەکەن و دەنگدەدەن.
ھەر بەپێی ئەو راپرسییە، ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە ٣٧٪ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە و بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش لیستەکانی دیکەوەیە، ھاوپەیمانی عەرەبی کەرکوک بە ١٥٪ لە پلەی دووەمدایە، دواتر ھاوپەیمانی عروبە ١١٪ و بەرەی تورکمانی ٩٪ و پارتی دیموکراتی کوردستان ٨٪ و ھاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکوک ٢٪ بەدەستھێناوە.
نەسروڵڵا زارع رەشنوودی کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئیران بە بایەخ و گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانتە بارودۆخی سیاسی عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پێناو سەقامگیری سیاسی و ئاشتی و بەرەو پێشچوونی پروسەی سیاسی و گەشەسەندنی ئابووری و ئاوەدانی زیاتر و بەھێزترکردنی دیموکراسی لە ناوچەکەدا.
راشیگەیاند، تاران خوازیاری سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابورییە لە عیراق و ناوچەکە رێز لە بڕیاری پێکھاتە جیاجیاکانی عیراق دەگرێت.
ھەرلەو دیدارەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، وێرای خستنەڕووی رەوشی سیاسی، بەتایبەتیش پرسی ململانێیە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکان، تەئکیدی کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خوازیاری چارەسەری دیپلۆماسیانەی کێشە سیاسییەکانە لەسەر بنەمای بەند و بڕگەکانی دەستوری ھەمیشەیی عێراق لە رێگەی گفتوگۆی ئاشتیانە و لەیەکتر گەیشتن بە ئاراستەی چارەسەری گونجاو کە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و سەقامگیری بۆ گەلانی عێراق.
دوای ھەفتەیەک لە گفتوگۆ و ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ، پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سوریا ١٦ ھەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی کۆتایی پێھێنا و ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی و سکرتێری گشتی ھەڵبژارد.
لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەکەدا جەخت لە پاراستنی یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان کراوەتەوە، داواش لەلایەنەکانی رۆژئاوا دەکات کاری پێکەوەیی زیاتر بۆ خزمەتکردنی گەلی کورد ئەنجام بدەن.
رۆژی ٨ی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سوریا ١٦ ھەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، ئەوەش یەکەمین کۆنگرەی ئەو حزبە بوو دوای کۆچی دوایی حەمید دەروێش سکرتێری پێشوو و یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی سەرۆک مام جەلال لە خەباتی رزگاریخوازی کورد لە شاخ و شاردا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، بەھۆی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، رۆژی دووشەممەی داھاتوو لە سەرجەم دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان پشووە.
پشووەکە سەرجەم دامودەزگا رەسمییەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، رۆژی سێشەممەش کە دەکاتە ١٩ی مانگ، دەوام دەستپێدەکاتەوە.
بەوەش سەرجەم دەنگدەرانی ناوچە دابڕێندراوەکان لە فەرمانبەر و کارمەند و مامۆستاو خوێندکار، دەتوانن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کەرکوک و موسڵ و دیالە و تکریت، لە ناوچەکانی خۆیان لە ھەرێم دەنگدان بدەن.