شەوی رابردوو وێنە و ڤیدیۆی ژمارەیەک ھاووڵاتی بڵاوکرایەوە کە لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکوک کە وێنەی سەدام حسێن، سەرۆکی رژێمی بەعسیان بەرزکردووەتەوە و دروشمی پشتگیری بۆ دەڵێنەوە کە بەپێی یاسا ستایش و پیاھەڵدان بە حزبی بەعس و سەرکردەکانی قەدەغەیە.
دەزگای ئاسایشی عێراق دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە لەو گرتە ڤیدیۆیە ھێزەکانیان شەش کەسیان دەستگیرکردووە.
ھاوکات لیژنەی تاوانە قورسەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارانە لەئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و ئەو کارەی ئەنجامیان داوە دژی یاسای ریشەکێشکردنی حزبی بەعسە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ھێزە ئاسمانییەکانیان بە چڕی بۆردومانی ١٤ ناوچەکانی چیای گارە و خواکورک و قەندیلیان لە ھەرێمی کوردستان کرد.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیا زیانێکی زۆر بەو ناوچانە گەیشتووە، بەڵام ھیچ زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.
رۆژانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنوری وڵاتەکەی ئەنجام دەدات، بە تایبەت لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا، ئەوەش نیگەرانی دانیشتوانی ناوچە سنورییەکانی لێکەوتووەتەوە.
ھاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی لە راگەیەنراوێکدا، پیرۆزبایی لە یەکێتی دەکات بەبۆنەی سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و دەڵێت، پیرۆزبایی لە حزبە سەرکەوتووەکان بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە ھەڵبژاردنێکی شەفاف و دیموکراتیان ئەنجامدا، لە ئەمرۆدا ئیرادەی گەلی کورد پێکەوەژیانی گەلان بە بنەما دەگرێت، ھیواداریشن ئیدارەی نوێ لەپێناو ئەوەی گەلانی کەرکوک لە گۆڕەپانێکی دیموکراتیدا بە ناسنامە و ئایینی خۆیانەوە بەشێوەیەکی ئازاد بژین.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ھەڵبژاردن لە کەرکووک، بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکی زۆری ھەیە، بەھیوان ببێتە مایەی دیموکراسیی، دادپەروەریی و ئازادیی بۆ گەلانی ناوچەکە، لە کاتێکدا لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا ھەمووان چاویان لەسەر ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک بوو، کە دوور لە گرژی و ئاڵۆزی بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئاواتەخوازن دوای ئەم ھەڵبژاردنە لە کەرکوک وشیاری نەتەوەی دیموکراتی کە ھەموو گەلان و ئایینەکان لەخۆ دەگرێت بەھێزتر بێت و بە ھەموو ناوچەکەدا بڵاوبکرێتەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، دوایین پێشھاتەکانی ھەردوو دۆسییەی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و یاسای نەوت و گاز خرایەڕوو، ئاماژە بۆ ئەوەکرا ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای ھەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ تاوەکو ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاڕاستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی ھەرێمی کوردستان لەپێش ھەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی ھەرێم، لەبەرانبەریشدا ھەرێم پابەندییەکانی خۆی راپەڕاندووە و ھەردوو دیوانی چاودێریی دارایش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوەکردەوە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانییان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی ٢٠٢٤ ئەو کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکییە سیاسی و پابەندییەکانی تر نەکات و مووچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ناوچەکانی عێراق، مووچەکانیان لەکاتی خۆی وەربگرن.
راشیگەیاندوە، بەھۆی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و ھاووڵاتییانی ھەرێم دروستکردووە کە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکومەتی ھەرێم بنێرێت.
دەقی پەیامەکەی ڕێواز فایەق..
زۆر دوور نیە ھەر دوێنێ بوو
ئەوەش بێگومان لە لاوازیمان نەبوو، لە بێ وورەییمان نەبوو، باش باش دەمانزانی دۆخمان لەو ناوچانە چۆنە و پشت ئەستوور بووین بە متمانە و پاڵپشتی خەڵکە ئازا و بوێرەکەمان، و پلان و بەرنامەڕێژییەکی پێشوەختەی تۆکمە و عەقڵانی و نەرم و ووردمان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکەش ئامادە و ساز بوو، کە بە دەستەجەمعی و یەکڕیزی بڕیارمان لە بارەوە دابوو، ھەمووشمان ئامادەبووین بە سەرۆکایەتی ھەڤاڵ بافڵ ووزە و توانامان بخەینە خزمەت پلانەکە، و دواجار دەرئەنجامەکانیش دەریخست کە ئێمە لە ھەمووان زیاتر جێگەی قبوڵ و متمانەی دەنگدەرەکانی ئەو ناوچانە بووین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئامادەبووین سەبارەت بە شێوازی لیستە یەکگرتووەکە و دانانی کاندیدەکان و ھەر مەرجێکی تریش سازش بۆ حیزبە کوردستانییەکان بکەین.
بەداخەوە، ئەوە ھەژموونی ئەجێندای گوماناوی، خەیاڵپڵاوی تەوژمی پۆپۆلیستی ھەڵتۆقیو و قورمیشکراو، ترس لە کاریگەری یەک لیستی لەسەر دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان و چەند ھۆکارێکی بێ ئەرزشی دیکە بوو کە نەیھێشت ھەموومان یەک لیستی ھەڵبژاردن و لە یەک بەرەی شەڕی دیموکراسیدا بین بەرامبەر نەیارەکانمان.
ھاوکات نابێت ڕۆڵی نەگریسی دژە کوردی ھەندێ سیاسی بە تەمەن و ئەزموون گەورە و بە ئەقڵ ھەرزەمان بیربچێت، کە ڕۆژانە و بەبێ موناسەبە ژەھریان دەڕشت و کاریگەری خۆیان لەسەر لەباربردنی ھەموو ھەوڵەکان ھەبوو، بۆیە لە ئێستادا دەبێت بە دیار شکستی خۆیانەوە خەریکی خۆخواردنەوەبن.
دواجار ئێمە ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و دۆستایەتیمان پێش ھەڵبژاردن بەرامبەر ھەموو ھێزەکان جێبەجێکرد و جگە لە حیزبی شیوعی ئەوانی دیکە ھەریەکەو بە بیانوویەک بەدەنگمانەوە نەھاتن، تەنانەت ئەوکات ھەندێ لە سەرکردە و کادیری باڵایان لە ڕێگەی میدیای فەرمی و سێبەرەوە وەک سەرکەوتن و دەستکەوت بۆ خۆیان باسیان لە ڕەتکردنەوەی ھەوڵەکانی یەکێتی دەکرد و ھەموو ئەو لێدوان و ووتار و کۆمێنتانەش ھێشتا لە بیری کوردستانیاندا ماون و ھێندە دوورنین، ئەسەف بەم ھەڵوێست و بڕیارانە زیانی گەورە بەر پێگەی کورد کەوت لە ھەریەک لەو ناوچانە.
ئێستاش لەبەردەم خەڵکی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکاندا خۆمان بەسەربەرز دەزانین کە بە پشتیوانی جەماوەرە دڵسۆزەکەمان و بە بەھێزی ھاوپەیمانی و لیست و کاندیدەکانمان لە سەر ئاستی ھەموو پارێزگاکانی کوردنشین، بە بەڕێوەبردنی ھەڵمەتێکی ھەڵبژاردنی شارستانیانە کە بە تەواوی خۆمان تیا بەدوورگرت لە ڕووبەڕووبونەوە و قسەکردن لەسەر لیستە کوردستانییەکان، تا ڕادەیەک دەنگ و سەنگی کوردمان پاراست و توانیمان بەشێک لە تینوێتی ئەوان ئاوبدەین، و ئەگەر ئەنجامەکانی یەکێتی نەبووایە ڕەنگە کورد لەم ھەڵبژاردنەدا بە دەنگ و کورسی ببوایەتە کەمینەیەکی زۆر بچووک.
دەرئەنجام، بۆ یەکێتی سەرکەوتنی کورد ئامانجە باڵا و پیرۆزەکەیە، بۆیە نەھاتنەدی ئامانجەکە وەک خۆی و بەشێوەی لە سەداسەد ، تامی سەرکەوتنەکانی خۆمانی لە دەمدا تاڵ کردووین.
دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی سیاسی ...
خوشکی بەڕێزمان خاتوو کافیە سلێمان سکرتێری یەکێتی ژنانی
کوردستان
بەخەمێکی قوڵەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو حەلاوە سلێمان خوشکی بەڕێزتان و ئەندازیاری کۆچکردوو محمد سلێمانمان پێگەیشت
بۆ ئەم خەمەتان پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەو کەس وکارو بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەین لەیەزدانی مەزن داواکارین سەبوریتان پێبەخشێت و کۆچکردوو جێگەی بەھەشتی بەرین بێت .
انا للە وانا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی هاوخەمییەکی سەرۆک بافڵ....
بەڕێز خاتوو کافیە سلێمان
سکرتێری یەکێتیی ژنانی کوردستان
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (حەلاوە سلێمان) خوشکی بەڕێزتانم پێگەیشت.
پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان و خانەوادە سەربەرزەکەتان دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
بەشی پێشبینییەکانی کەشوھەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان بە گشتی نیمچەھەور و پەڵەھەور دەبێت، ھەروەھا سبەینێ پێنجشەممە ئاسمان نیمچەھەور دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا دەگۆڕێت بۆ ھەوری تەواو بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان. ھەروەھا پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، یەک بۆ دوو پلە نزم دەبنەوە و نزمترین پلەی گەرماش دەگاتە یەک پلە، ئەوەش لە حاجی ئۆمەران تۆماردەکرێت.
ھاوکات دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاویکردەوە، رۆژی ھەینی لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستان باران دەبارێت، ھاوکات رۆژانی شەممە و یەکشەممەی داھاتوو پێشبینی شەپۆلێکی بارانبارین لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن.
سەرچاوە مەیدانییەکان لە ریفی دێرەزوور بڵاویانکردەوە، ھێزەکانی سوریای دیموکرات روبەڕووی گروپێکی چەکدار بوونەتەوە کە ھەوڵیانداوە دزە بکەنە ناوچەی "سور" لە شارۆچکەی "شەعفە" لە رۆژھەڵاتی دێرەزوور، کە لەژێر دەسەڵاتی ھەسەدەدایە.
بەڵام ھێزەکانی سوریای دیموکرات روبەڕووی ئەو گروپە بوونەتەوە و پێکدادان لە نێویاندا روویداوە و دەنگی تەقینەوەش لە ناوچەکە بیستراوە، بەڵام ھیچ زانیارییەک لەسەر قوربانی و زیانەکانی ئەو روبەڕوبوونەوەیە بڵاونەکراوەتەوە.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئەو گروپە چەکدارە لە ئەلبوکەمالەوە لە رۆژئاوای روباری فوراتەوە ھاتبوونەتە ناوچەکەوە.
رۆژی یەکشەممەی ئەم ھەفتەیەش، لێپرسراوێکی ئەمنی حکومی رایگەیاندبوو، دیمەشق گروپی چەکدار ئامادە دەکات بۆ بەئامانجگرتنی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھەسەدە لە رۆژھەڵاتی سوریا.
دەقی پیرۆزباییەکە...
بۆ بەڕێز سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی وئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وجەماوەری یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی بزاڤی ئاشتی جڤاتی سلێمانی زۆر بەگەرمی و پڕ بە دڵ پیرۆزیاییتان لێدەکەین بە بۆنەی سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و شارە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و بەدڵنیاییەوە ئەمە سەرەتای زنجیرە سەرکەوتنێکی چاوەڕوانکراوە بۆ یەکێتییەکەمان و دوا رۆژێکی پرشنگداری ھیوا بەخش بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
دەستی ماندوبونتان دەگوشین وئێوە رابەربن و ئێمە جەماوەری بەئەمەک بۆ رێبازەکەی رەوان شاد مامی ھەمیشە زیندوو ھەرسەرکەوتووبن.
سەربەست تۆفیق
سەرۆکی جڤاتی سلێمانی بزاڤی ئاشتی
بیژەن مۆساڤار ڕەحمانی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای "دی ئێن ئۆی"ی نەوت و غازی نەرویژی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، سەرەڕای وەستانی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە، تەنانەت لەگەڵ دابەزینی نرخی فرۆشی ناوخۆیی بۆ نیوە ، بەڵام داھاتێکی باش گەڕاوەتەوە بۆ کۆمپانیاکەیان ئەوەش لە رێگای فرۆشتنی بەرھەمەکانیان بە وەبەرھێنەری ناوخۆی.
راشیگەیاند، لە ئێستادا رۆژانە بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لەبەرزبونەوەدایە و گەیشتۆتە نزیکەی ٩٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، وە ھەر بەرمیلێکیان بە ٣٠ دۆلار فرۆشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکەیان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ پلانی ھەیە بۆ ھەڵکەندی بیرێکی تر لە ناحیەی بەعشیقە لە سنوری پارێزگای نەینەوا .
دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی....
- بەڕێز کاک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- بەڕێزان ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- بەڕێزان ئەندامانی مەڵبەندی کەرکوکی تێکۆشەر
- جەماوەری تێکۆشەری شاری کەرکوکی قودسی کوردستان
بەناوی سەرجەم ئەندامانی دامەزراوەکەمانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی تێکۆشەر و ماندوونەناس دەکەین بەھۆی ئەو سەرکەووتنە مەزنەی کە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان بە دەستتانھێنا.
ھەروەھا پیرۆزبایی گەرم لە ھەموو ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین لە کوردستان و ھەموو شوێنێکی تری ئەم جیھانە، کە بە راستی سەرکەوتنێکی مەزنی مێژوویی گەلەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان.
بەمەش یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلال داستانێکی مێژوویی تری تۆمار کرد لە کەرکوکی قودسی کوردستان و شوێنەکانی تر بووە پێشەنگی ھەموو پارتەکانی تر لە کەرکوک لە ھەڵبژاردنی ١٨/١٢/٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا.
لەھەمان کاتدا دەستخۆشی لە ھەموو سەرکردە و ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین لەسەروو ھەمویانەوە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێز کاک بافڵ تاڵەبانی و ھەموو تیمەکەی کە لەگەڵیدا بوون لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندەکان ودامودەزگاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بەڕاستی بەرھەمی ماندووبونەکانتان لەو سەرکەوتنە مەزنەدا خۆی دەبینێتەوە کە بەدەستتان ھێنا، مایەی شانازی ھەموو ئەندامانی یەکێتی و تێکۆشەرانی گەلەکەمانەو جێی خۆیەتی کە بڵێیین ئەم جارەش جەماوەری بە شەرەف و تێکۆشەر و ماندوو نەناسی گەلەکەمان لە کەرکوک سەلماندیان کە رۆڵەی تێکۆشەر و کۆڵەکەی بنچینەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن نەک ھەر لە خەبات و قوربانیدان و ژمارەی شەھیدەکانیان، بەڵکو لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدانیشدا پێشڕەو و پێشەنگی گەلەکەمان و یەکێتیین.
دڵنییام بە ھیممەتی سەرکردە و ئەندامانی یەکێتی و جەماوەرەکەی، یەکێتی دەبێتەوە بە یەکێتییەکەی جارانی سەرۆک مام جەلال.
بەرەو سەرکەوتنی زیاتر لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی کوردستان و عێراقدا.
بۆ پێشەوە لە ژێر ئاڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.
باڵیۆزد. محەمەد سابیر ئیسماعیل
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
کەمال محەمەد وەزیری کارەبای ھەرێم بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە لیژنەی پێوەری زیرەک و چاودێری و بەدواداچوونی سەرپێچییەکان، لەگەڵ بریکار و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ھەڵمەتێکی فراوان بۆ نەھێشتنی سەرپێچییەکان و سزادانی ئەو کەسانە بکرێت کە لە دەرەوەی پێوەری زیرەک کارەبایان ڕاکێشاوە و شوێنەکانیان ئاشکرایە.
ھەروەھا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی یەکسانی لە دابەشکردنی کارەبا لەنێوان پارێزگاکان و بڕیاری کەمکردنەوەی کارەبا بەردەوامەکان درا.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندووە، توانای بەرھەمھێنانی کارەبای بۆ سێ ھەزار و ٤٠٠ مێگاوات بەرزکردووتەوە، لەکاتێکدا خواست لەسەر کارەبا بۆ سەرووی ٦ ھەزار مێگاوات بەرزبووەتەوە.
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامە رەسمی و بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عیراق، گەرمترین پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی گەلی کوردستان و یەکێتی لە خەڵکی کوردپەروەری ئەو ناوچانە و کەسوکاری شەھیدان و پێشمەرگە و تێکۆشەران و ھێزە ئەمنییەکان و لاوانی ماندوونەناس و تەواوی رۆڵەکانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە و ئەم حزبە قوربانیدەرە دەکەین، پیرۆزبایی لە رۆحی شادی رێبەری گەورەی کوردایەتی مام جەلال دەکەین کە ھەتاسەر خەمخۆری نەگۆڕی خەڵکی ئەو ناوچە کوردستانییانە بوو.
ئەم سەرکەوتنەی یەکێتی کە سەرکەوتنی کورد و کوردستانییانی کەرکوک و خانەقین و خورماتوو و مەخمور و شەنگال و یەک بەیەکی خەڵکی ئەو ناوچانە و تەواوی خەڵکی کوردستانە، بەرھەمی کاری دەستەجەمعی یەکێتییانە و رێبەرایەتی و سەرکردایەتییەکی توندوتۆڵ و جیاوازە، وەفای خەڵکی ئەو ناوچانە بوو بۆ مامی رێبەرمان، ھەروەک چۆن زادەی کۆنگرە و خۆڕێکخستنەوەیەکی بە پلان و کارا و سەردەمێکی نوێی مایەی ھیوایە، بەڵام وەک مام فەرمووی: نابێت لەسەر چەپکەگوڵی دەسکەوتەکان خەومان لێ بکەوێت.
لێرەدا گرنگە سەرکەوتن و دەسکەوتە حزبی و دیموکراسییەکان بۆ دەسکەوتێکی عیراقی و کوردستانی و نیشمانییانە تەرجومە بکەین و برایەتی و پێکەوەھەڵکردن و پێکەوەژیان و کارکردنێکی کاریگەر لەگەڵ پێکھاتە گرنگ و رەسەنەکانی ئەو ناوچانەدا بھێنینە ئاراوە، ھەروەک چۆن گرنگە ئەو سەرکەوتنە ببێتە ھەوێنی ھاوکاری و ھاوخەباتی ھێزە کوردستانییە بەرپرسیارەکان و مایەی کۆکردنەوە و یەکبوونی کودستانییانە و عیراقییانەمان بێت و ببێتە ئیلھامبەخش بۆ بەدەستھێنانی سەرکەوتنی ئاوا بەرچاو لە داھاتووی نزیکی عیراق و ھەرێمی کوردستاندا، لەپێناوی خزمەتکردنی خەڵکی بەوەفای خۆمان، کە دەرکەوت وێڕای نیگەرانییەکانیان بەڵام لە تەنگانەدا ھەرگیز پشت لە ھێزە رەسەن و خەباتگێڕەکانی خۆیان ناکەن.
لە جیاتی مەکتەبی راگەیاندن و ھۆشیاری
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
عیماد ئەحمەد