دەقی پەیامەکەی ڕێواز فایەق..

زۆر دوور نیە ھەر دوێنێ بوو 

زۆر دوور نیە ھەر دوێنێ بوو، کە یەکێتی لەسەر ئاستی سەرۆکی حیزب، مەکتەبی سیاسی، تەنانەت مەڵبەند و ئۆرگانەکانی تریش، زیاتر لە چەند جارێک، بە شێواز و شاندی جیا جیا، بە پێداگری و تکاکاریی زۆرەوە، یەک یەک لە دەرگای حیزبە سیاسییەکانی دا و داوای لێکردن:-  تکایە با یەک لیستمان ھەبێت بۆ ھەڵبژاردنی ناوچە دابڕێنراوەکان..

ئەوەش بێگومان لە لاوازیمان نەبوو، لە بێ وورەییمان نەبوو، باش باش دەمانزانی دۆخمان لەو ناوچانە چۆنە و پشت ئەستوور بووین بە متمانە و پاڵپشتی خەڵکە ئازا و بوێرەکەمان، و پلان و بەرنامەڕێژییەکی پێشوەختەی تۆکمە و عەقڵانی و نەرم و ووردمان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکەش ئامادە و ساز بوو، کە بە دەستەجەمعی و یەکڕیزی بڕیارمان لە بارەوە دابوو، ھەمووشمان ئامادەبووین بە سەرۆکایەتی ھەڤاڵ بافڵ ووزە و توانامان بخەینە خزمەت پلانەکە،  و دواجار دەرئەنجامەکانیش دەریخست کە ئێمە لە ھەمووان زیاتر جێگەی قبوڵ و متمانەی دەنگدەرەکانی ئەو ناوچانە بووین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئامادەبووین سەبارەت بە شێوازی لیستە یەکگرتووەکە و دانانی کاندیدەکان و ھەر مەرجێکی تریش سازش بۆ حیزبە کوردستانییەکان بکەین.

بەداخەوە، ئەوە ھەژموونی ئەجێندای گوماناوی، خەیاڵپڵاوی تەوژمی پۆپۆلیستی ھەڵتۆقیو و قورمیشکراو، ترس لە کاریگەری یەک لیستی لەسەر دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان و چەند ھۆکارێکی بێ ئەرزشی دیکە بوو کە نەیھێشت ھەموومان یەک لیستی ھەڵبژاردن و لە یەک بەرەی شەڕی دیموکراسیدا بین بەرامبەر نەیارەکانمان.
 
ھاوکات نابێت ڕۆڵی نەگریسی دژە کوردی ھەندێ سیاسی  بە تەمەن و ئەزموون گەورە و بە ئەقڵ ھەرزەمان بیربچێت، کە ڕۆژانە و بەبێ موناسەبە ژەھریان دەڕشت و کاریگەری خۆیان لەسەر لەباربردنی ھەموو ھەوڵەکان ھەبوو، بۆیە لە ئێستادا دەبێت بە دیار شکستی خۆیانەوە خەریکی خۆخواردنەوەبن.

دواجار ئێمە ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و دۆستایەتیمان پێش ھەڵبژاردن بەرامبەر ھەموو ھێزەکان جێبەجێکرد و جگە لە حیزبی شیوعی ئەوانی دیکە ھەریەکەو بە بیانوویەک بەدەنگمانەوە نەھاتن، تەنانەت ئەوکات ھەندێ لە سەرکردە و کادیری باڵایان لە ڕێگەی میدیای فەرمی و سێبەرەوە وەک سەرکەوتن و دەستکەوت بۆ خۆیان باسیان لە ڕەتکردنەوەی ھەوڵەکانی یەکێتی دەکرد و ھەموو ئەو لێدوان و ووتار و کۆمێنتانەش ھێشتا لە بیری کوردستانیاندا ماون و ھێندە دوورنین، ئەسەف بەم ھەڵوێست و بڕیارانە زیانی گەورە بەر پێگەی کورد کەوت لە ھەریەک لەو ناوچانە.

ئێستاش لەبەردەم خەڵکی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکاندا خۆمان بەسەربەرز دەزانین کە بە پشتیوانی جەماوەرە دڵسۆزەکەمان و بە بەھێزی ھاوپەیمانی و لیست و کاندیدەکانمان لە سەر ئاستی ھەموو پارێزگاکانی کوردنشین، بە بەڕێوەبردنی ھەڵمەتێکی ھەڵبژاردنی شارستانیانە کە بە تەواوی خۆمان تیا بەدوورگرت لە ڕووبەڕووبونەوە و قسەکردن لەسەر لیستە کوردستانییەکان، تا ڕادەیەک دەنگ و سەنگی کوردمان پاراست و  توانیمان بەشێک لە تینوێتی ئەوان ئاوبدەین، و ئەگەر ئەنجامەکانی یەکێتی نەبووایە ڕەنگە کورد لەم ھەڵبژاردنەدا بە دەنگ و کورسی ببوایەتە کەمینەیەکی زۆر بچووک.

دەرئەنجام، بۆ یەکێتی سەرکەوتنی کورد ئامانجە باڵا و پیرۆزەکەیە، بۆیە نەھاتنەدی ئامانجەکە وەک خۆی و بەشێوەی لە سەداسەد ، تامی سەرکەوتنەکانی خۆمانی لە دەمدا تاڵ کردووین.