عیماد ئەحمەد بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە
کوردسات نیوز
١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
١٬٠٢٤
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامە رەسمی و بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عیراق، گەرمترین پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی گەلی کوردستان و یەکێتی لە خەڵکی کوردپەروەری ئەو ناوچانە و کەسوکاری شەھیدان و پێشمەرگە و تێکۆشەران و ھێزە ئەمنییەکان و لاوانی ماندوونەناس و تەواوی رۆڵەکانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە و ئەم حزبە قوربانیدەرە دەکەین، پیرۆزبایی لە رۆحی شادی رێبەری گەورەی کوردایەتی مام جەلال دەکەین کە ھەتاسەر خەمخۆری نەگۆڕی خەڵکی ئەو ناوچە کوردستانییانە بوو.
ئەم سەرکەوتنەی یەکێتی کە سەرکەوتنی کورد و کوردستانییانی کەرکوک و خانەقین و خورماتوو و مەخمور و شەنگال و یەک بەیەکی خەڵکی ئەو ناوچانە و تەواوی خەڵکی کوردستانە، بەرھەمی کاری دەستەجەمعی یەکێتییانە و رێبەرایەتی و سەرکردایەتییەکی توندوتۆڵ و جیاوازە، وەفای خەڵکی ئەو ناوچانە بوو بۆ مامی رێبەرمان، ھەروەک چۆن زادەی کۆنگرە و خۆڕێکخستنەوەیەکی بە پلان و کارا و سەردەمێکی نوێی مایەی ھیوایە، بەڵام وەک مام فەرمووی: نابێت لەسەر چەپکەگوڵی دەسکەوتەکان خەومان لێ بکەوێت.
لێرەدا گرنگە سەرکەوتن و دەسکەوتە حزبی و دیموکراسییەکان بۆ دەسکەوتێکی عیراقی و کوردستانی و نیشمانییانە تەرجومە بکەین و برایەتی و پێکەوەھەڵکردن و پێکەوەژیان و کارکردنێکی کاریگەر لەگەڵ پێکھاتە گرنگ و رەسەنەکانی ئەو ناوچانەدا بھێنینە ئاراوە، ھەروەک چۆن گرنگە ئەو سەرکەوتنە ببێتە ھەوێنی ھاوکاری و ھاوخەباتی ھێزە کوردستانییە بەرپرسیارەکان و مایەی کۆکردنەوە و یەکبوونی کودستانییانە و عیراقییانەمان بێت و ببێتە ئیلھامبەخش بۆ بەدەستھێنانی سەرکەوتنی ئاوا بەرچاو لە داھاتووی نزیکی عیراق و ھەرێمی کوردستاندا، لەپێناوی خزمەتکردنی خەڵکی بەوەفای خۆمان، کە دەرکەوت وێڕای نیگەرانییەکانیان بەڵام لە تەنگانەدا ھەرگیز پشت لە ھێزە رەسەن و خەباتگێڕەکانی خۆیان ناکەن.
لە جیاتی مەکتەبی راگەیاندن و ھۆشیاری
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
عیماد ئەحمەد