دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی سەرکەوتنی یەکێتی لە هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
٧٧٠
دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی....
- بەڕێز کاک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- بەڕێزان ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- بەڕێزان ئەندامانی مەڵبەندی کەرکوکی تێکۆشەر
- جەماوەری تێکۆشەری شاری کەرکوکی قودسی کوردستان
بەناوی سەرجەم ئەندامانی دامەزراوەکەمانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی تێکۆشەر و ماندوونەناس دەکەین بەھۆی ئەو سەرکەووتنە مەزنەی کە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان بە دەستتانھێنا.
ھەروەھا پیرۆزبایی گەرم لە ھەموو ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین لە کوردستان و ھەموو شوێنێکی تری ئەم جیھانە، کە بە راستی سەرکەوتنێکی مەزنی مێژوویی گەلەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان.
بەمەش یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلال داستانێکی مێژوویی تری تۆمار کرد لە کەرکوکی قودسی کوردستان و شوێنەکانی تر بووە پێشەنگی ھەموو پارتەکانی تر لە کەرکوک لە ھەڵبژاردنی ١٨/١٢/٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا.
لەھەمان کاتدا دەستخۆشی لە ھەموو سەرکردە و ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین لەسەروو ھەمویانەوە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێز کاک بافڵ تاڵەبانی و ھەموو تیمەکەی کە لەگەڵیدا بوون لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندەکان ودامودەزگاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بەڕاستی بەرھەمی ماندووبونەکانتان لەو سەرکەوتنە مەزنەدا خۆی دەبینێتەوە کە بەدەستتان ھێنا، مایەی شانازی ھەموو ئەندامانی یەکێتی و تێکۆشەرانی گەلەکەمانەو جێی خۆیەتی کە بڵێیین ئەم جارەش جەماوەری بە شەرەف و تێکۆشەر و ماندوو نەناسی گەلەکەمان لە کەرکوک سەلماندیان کە رۆڵەی تێکۆشەر و کۆڵەکەی بنچینەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن نەک ھەر لە خەبات و قوربانیدان و ژمارەی شەھیدەکانیان، بەڵکو لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدانیشدا پێشڕەو و پێشەنگی گەلەکەمان و یەکێتیین.
دڵنییام بە ھیممەتی سەرکردە و ئەندامانی یەکێتی و جەماوەرەکەی، یەکێتی دەبێتەوە بە یەکێتییەکەی جارانی سەرۆک مام جەلال.
بەرەو سەرکەوتنی زیاتر لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی کوردستان و عێراقدا.
بۆ پێشەوە لە ژێر ئاڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.
باڵیۆزد. محەمەد سابیر ئیسماعیل
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی