لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، دوایین پێشھاتەکانی ھەردوو دۆسییەی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و یاسای نەوت و گاز خرایەڕوو، ئاماژە بۆ ئەوەکرا ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای ھەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ تاوەکو ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاڕاستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی ھەرێمی کوردستان لەپێش ھەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی ھەرێم، لەبەرانبەریشدا ھەرێم پابەندییەکانی خۆی راپەڕاندووە و ھەردوو دیوانی چاودێریی دارایش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوەکردەوە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانییان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی ٢٠٢٤ ئەو کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکییە سیاسی و پابەندییەکانی تر نەکات و مووچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ناوچەکانی عێراق، مووچەکانیان لەکاتی خۆی وەربگرن.

راشیگەیاندوە، بەھۆی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و ھاووڵاتییانی ھەرێم دروستکردووە کە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکومەتی ھەرێم بنێرێت.