وتار

سلێمانی ئەمرۆ زیاتر لە جاران گەشاوەتەوە 

ئاسمانی ساف و جوانە و رووی لەگەشانەوەی زیاتریشە.

ئیتر سلێمانی لە باوەشی یەکێتیی و یەکێتیش لە باوەشی سلێمانیدا دیمەنی دیاری داهاتووی کوردستانن.

ئیتر سلێمانی وەکو جاران دەبێتەوە پایتەختی شۆرشگێری کوردستان ، پایتەختی سیاسەت و بڕیاردان و ڕەنگرێژی ئایندەی کوردستان.

ئیتر سلێمانی لە تێکۆشانی جاویداندایە هەموو کوردستان وەک سلێمانیی لێ بکات. لەگەڵ یەکێتیی ئاوێتەبۆتەوە تا دەستی لە هەموو کوردستان بڕوات.

کەمێک کەمێکی ئاسایی زام و دومەڵ ماون ، بەڵام هەردوولا سلێمانی و یەکێتیی تەگبیری هاوبەشی لێ دەکەن.

هەر بمێنی سلێمانی، لە هەڵمەت و قوربانیداندا، لە زویری و گلەیی و نازدا، لە ئاشتبوونەوە و تێهەڵچوونەوەی نوێشدا.

لەسەر هەقی و لەگەڵ هەقی . بە چاوی دڵ و بە ژیری و عەقل بیردەکەیتەوە و بڕیار دەدەیت.

یەکێتی بەم داوەریەت رازییە ، چونکە یەکێتیانەی دەنوێنی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
یەکەم پەیامی مەسعود پزیشکیان بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە سەردانیکردنەکەی بۆ بەغدا بە زمانی کوردی گوتی: " سڵاومان ھەیە بۆ خەڵکی کوردستان سەردانیان دەکەین"، بەکارھێنانی زمانە کوردییەکەی پزیشکیان لە یەکەم سەردانیکردنی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی ھەڵگری پەیامی بنەمای دراوسێیەتی باش ڕێزگرتنی کولتووری بوو

 زانینی زمانی کوردی پزیشکیان دەگەڕێتەوە بۆ لەدایکبوونی ئەو لە شاری مەھابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و دایکێکی کورد بەڵام سحری بەکارھێنانی زمانی کوردی پزیشکیان لە کایەیی سیاسی و دبلۆماسیدا، بە تایبەتی لە سەردانیکردنەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین پەیامێک کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری دروستکردووە، کاتێک ھەردوو سەرۆککۆماری عێراق و ئێران لە دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە کوردی قسە دەکەن ھەڵگری پەیامێکی بەھێزی ستراتیجی دبلۆماسیی و نەرمە ھێزە بۆ  وڵاتانی زلھێز بە گشتی و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی.

 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوو ڕێککەوتی ١١.٩.٢٠٢٤، لەسەر بانگھێشتی فەرمی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی کرد، ئەمە بەیەکەم سەردانیکردنی بۆ وڵاتان دێت لە دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە ٣٠ی تەممووزی ئەم ساڵدا.

ھاوکات، کاتێک پزیشکیان گەیشتە ھەرێمی کوردستان سەردانی ھەردوو شاری ھەولێر و سلێمانی کرد بەوھۆیەوە ھەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی نێوان دەسەڵاتدارانی ھەرێم و پزیشکیان بوو چونکە سەردانیکردنی سەرۆککۆماری ئێران لە دوای ماوەیەکی درێژخایەن بوو بۆ ھەرێمی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە ئەوەی جێگای باس و خواسی ھاوڵاتیان بوو زمانە پاراوە کوردییەکەی پزیشکیان بوو کە خەڵکی بە گرنگییەوە لەم بابەتەیان دەڕوانی ھەرچەندە پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و ئێران پەیوەندییەکی مێژووییان ھەیە، لەگەڵیشیدا ئەو نزیکبوونەوە کولتووری و زمانەوانی و نەتەوەییە کاریگەری ھەیە بەڵام قسەکردنی زمانی کوردی پزیشکیان لە کۆبوونەوە گرنگەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان جێگە بایەخی خۆی ھەیە.

بەکارھێنانی زمانی کوردی لەلایەن سەرۆککۆماری ئێران سحرەکەی لە کوێدایە؟

لەم سەردانیکردنە سێ ڕۆژەی پزیشکیان و کۆبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ھەرێم، بەکارھێنانی زمانی کوردی دووباتکردنەوەی بنەمای دراوسییەتی باش و پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە و گەیشتن بە ڕێککەوتنە سیاسی و ئابوورییەکانە ھەروەھا بوونی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕێژەی کوردێکی زۆر لە ئێران وادەکات سەرۆککۆمار لەم رێگە دبلۆماسی و ئاشتیخوازانەوە ڕێزگرتنی کولتووری نیشاندا و ئامانجی بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان ئێرانییەکان و  کوردەکان بوو ھەروەھا متمانەی کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور بەدەست بھێنێت. 

لەلایەکی دیکەوە، پەیام بوو بۆ دەوڵەتانی دراوسێ و گشت ئەو دەوڵەتە زلھێزانە بەتایبەتی ئەمریکا کە چەندین ساڵە ئەم دوو وڵاتە کێشەو ناکۆکیان ھەیە و کە بەئەکیدی ئەمریکاش دەستێکی باڵای لە سیاسەتی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، ئەمە وەک یەکەمین ھەنگاوی نەرمە ھێز دەبیندرێت بۆ دەوڵەتێکی وەکو ئێران و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کولتووری وەچەرخانێک دەبێت، چاوەڕوانیش دەکرێت پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و ئێران زیاتر بەرەو ئاشتخوازانە بچێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گومانی تێدانیە خەباتی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان لە رۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمرۆکە لە پێناوی  دیموکراسی بۆ سەرتاسەری عیراق و مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی کوردستان بووە. بێگومان سستەمی پەرلەمانییش لە حوکومرانیدا، کۆڵەکەیەکی سەرەکیی دیموکراسی و بنیاتنانی حوکمڕانیی باش و دادپەروەرە. دیارە بۆ بەدیهینانی ئەم ئامانجەش یەکێتی وەک ھێزێکی سۆشیال دیموکرات، لەسەرەتاکانی  ئەم ئەزموونەوە بۆ ئێستا ھەردەم پێشەنگی کاروانی ئەو خەباتە بووە.

ئاشکرایە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە زۆر رووەوە جیاوازە لە خولەکانی تر ، چ لە رووی گۆڕان لە تەرازوی هێزی لایەنە سیاسییەکانی سەر گۆرەپانی کوردستان و چ لە رووی گۆرانکاری لەشێوە و شێوازی هەڵبژاردن بەتایبەتی کە ئەمجارە فۆڕمی ھەڵبژاردنەکە بە چەشنێکە لە قازانجی بەشداریی زیاتری خەڵکدا دەبێت و رەنگە جۆرێک لە یەکسانی لە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر  ناوچەکانی  کوردستاندا بھێنێتەکایەوە. هەروەک چۆن کەمبوونی دەرفەتی دەستێوەردان لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن و زۆریی لیست و گەرموڕیی بانگەشەی هەڵبژاردن، ھەستکردنی ھەمووان بە بوونی مەترسیی راستەقینە لە سەر قەوارەی هەرێم چ لە 
ناوخۆ چ لە دەرەوە، رۆڵیان دەبێت. 

ئەرکی قورسی ئەم خولەی پەرلەمان، ئەنجامدانی گۆرانکاریی بنەرەتییە لە سیستەمی حوکمڕانیی لە هەرێم و بەگژداچوونی راستەقینەی پەتای گەندەڵییە کە بووە بە ھەڕەشەی جدی لەسەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان. بێگومان ئەرکێکی دیکە
چاککردنی ریشەیی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا دەبێت لە سەر بناغەی دەستور و  بەرژەوەندیی هاوبەش. لەپاڵ ئەمانەشدا ئەرکێکی دیکەی سەرەکی پەرلەمان بریتی دەبێت لە دۆزینەوەی میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ ڕێگرییکردن لە دەستێوەردانی دەورو بەر لە کاروبارەکانی هەرێمدا.

رەنگە ئەرکی لە هەموو ئەمانەش گرنگتر زامنکردن و شەفافکردنی داهات بێت لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستاندا و نەهێشتنی تەخشان و پەخشان بێت لە رێی رێگریی کردن لەو زیادەڕۆییەی لە خەرجیەکاندا دەکرێن، بە ئامانجی 
مسۆگەر کردنی موچەی کارمەندان و فەرمانبەران و خانەنشینانیهەرێم و دەسپێکردنەوەی وھەڵمەتەکانی بووژاندنەوە و ئاوەدانی و بیناسازیی ژێرخانی کوردستان.

لێرەدا پێویستە هەموو  لایەنە سیاسییەکانی بەشدار بوو لەم پرۆسەیەدا لە ئاستی بەرپرسیارێتی  نیشتیمانی و ئەخلاقی ئەم ئەرکە دیموکراسییەدابن و بنەماکانی کامپەینێکی نەرم و ھاوچەرخانە پەیڕەو بکەن و دووربکەونەوە لە زمانی زبر و ختوکەدانی سۆزی خەڵک و تەخوینکردنی یەکتری.

بێگومان یەکێتی خاون دید و روئیا و بەرنامەی نیشتیمانیی تایبەت بە خۆیەتی،   بەتایبەتی بۆ دوای دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەمجارە کە ئەمەش پشت ئەستور بە رێبازی مام جەلال و  بە پشتیوانیی کەسوکاری شەھیدان و تێکۆشەرانی دێرین و گەنجان و لاوان و ژنان و جەماوەری قووربانیدەر کە ھێزی ھەردەم و نەگۆڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانن.

لەم روانگەیەوە، ئەرکی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان قورستر بووە چونکە ھێزێکە خاوەنی خەباتێکی دوور و درێژە، روبارێک خوێنی لەپێناوی بنیاتنانی قەوارەی هەرێمدا بەخشیوە و بەکردەوەش نزیکەی لە سێ دەیە و نیوی رابردوودا ئەرکی پاراستنیشی لە ئەستۆ گرتووە کە ئەمەش وا دەخوازیت یەکێتییەکان لە هەموو ئاست و بوار و ناوچەکاندا قۆڵی ھیمەت و مەردایەتی لێ هەڵکەن بە ئامانجی  سەرخستنی یەکێتی کە سەرکەوتنی کوردستانە لەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازەدا، لە پێناو ی بەدیھێنانی گۆرانکاریی بنەڕەتی لە جۆری حوکمرانی و سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا کە داخوازیی تاک بەتاکی خەڵکی کوردستان و جەماوەری یەکێتیشە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
"ھەژارترین پارێزگا لە عیراقدا" تایتڵ و رستەیەک نییە ھەروا بە ئاسانی بێتە بەر گوێ و بە چاو بخوێنرێتەوە و تێپەڕێت، بەڵکو دەبێت ھەڵوەستەیەک بکرێت و وەک تاوانێکی ئابوری و مرۆڤایەتی تەماشای بکرێت. بەڵێ تاوان! چونکە ناکرێت لە وڵاتێکی وەک عیراق دەوڵەمەند بەسەرچاوەی سروشتی، خاوەن یەدەگێکی ١٠٠ ملیار دۆلاری، ١٥٠ تۆن زێڕ، پارێزگایەکی ھەبێت نیوەی دانیشتوانەکەی لەخوار ھێڵی ھەژاریەوە بن.
 
ھەژاری و چەرمەسەری دانیشتوانی پارێزگای موسەننا لە باشوری عیراق، بۆتە جێی سەرنج و پرسیار؛ بۆچی ئەوەندە ھەژارە؟ بۆچی دوای ٢١ ساڵ لە عیراقی دوای دیکتاتۆری و نەمانی گەمارۆی ئابوری، ھێشتا ئەو پارێزگایەی باشوری وڵاتەکە ناسنامەی ھەژارترینی پێبدرێت؟، لە دوو دەیەی رابردودا داھاتی نەوتی عێراق زیاتر لە ١.٥ تریلیۆن دۆلاربوە، بۆچی موسەننا لەبیری دەسەڵاتدا نەبوە؟ کێ بەرپرسە؟ تەنھا حکومەتی عیراق یاخود حکومەتە خۆجێیەکانی؟ سروشت غەدریلێکردوەو ھیچ سەرچاوەیەکی نییە خۆبژێوی بکات و چاو لەدەست و چاوەڕێی داھاتی ناوەند نەبێت؟.
 
موسەننا لەرابردودا؛ خاوەن شارستانێتییەکی دێرینی وەک سۆمەری بوە، کە رۆڵێکی گەورە و کاریگەری لە دیرۆکی دێریندا ھەبوە، شاری وەرکای ئاوەدان کردۆتەوە کە پێنج ھەزار ساڵ پێش زایین لە باکوری خۆرھەڵاتی ناوەندی پارێزگاکە بونیادنراوە و چالاکی کشتوکاڵی تێدا کراوە.
ئەمرۆش کشتوکاڵ بەڕێژەیەکی کەم (یەکێک لە کەرتە گرنگەکانی رەخساندنی ھەلیکار لە ئابوری)، چیمەنتۆ، نەوت، خوێ و خورما و مەڕوماڵات لە پارێزگاکەدا ھەیە،  ئەگەرچی بەرھەمی زۆر نییە، بەڵام بەو مانایە نا کە خاوەنی سەرچاوەی سروشتی و سامانی خۆی نەبێت، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی کەمە و بە گوێرەی  سەرژمێرییەکانی رابردو بێت تەنھا لە سەروو ٨٠٠ ھەزار کەسی تێدا دەژین، دوای پارێزگای ئەنباریش، دووەم گەورەترین پارێزگای وڵاتە لەڕوی جوگرافییەوە، واتە ١٢%ی روبەری عیراق، بەڵام ٨٥%ی خاکەکەی بیابانە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێشتری رۆژنامەی (گریق الشعب)، دانیشتوانی موسەننا ھەژارترینن لە عیراقدا، کە بۆ ئەمەش پشتی بە ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بەستوە و گوایە لە عێراق ١٠ ملیۆن کەس لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن، کە موسەننا بە تەنھا ٥٢%ی خەڵکەکەی لە ژێر ئەو ھێڵەدان و ژیان و گوزەرانیان زەحمەت و قورسە، بە پێوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی پارێزگاکە داھاتی رۆژانەیان کەمتر لە ٢ ھەزار و ٥٠٠ دیناری عیراقییە.
 
خەڵکی موسەننا پەنایان بۆ ھەموو لایەنێک بردوە بۆئەوەی بە ھانایانەوە بچن، یارمەتیدەریان بن و لەو رەوشە ناھەموارە رزگاریان بکەن، ھەرچەندە بەڵێنی زۆریان پێدراوە، بەڵام وەک خۆیان بۆ رۆژنامەکە قسەیان کردوە، تەنھا قسەی بێ کرداریان گوێ لێبووە و کارێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە.
 
ئەم زانیارییە پوختە بۆ تێگەیشتنە لە واقیعی پارێزگایەک لە باشوری عیراق، کە سەرەڕای زەبەلاحی بودجەی وڵات و داھاتی فرۆشی نەوت، بەڵام نیوەی زیاتری دانیشتوانەکەی لەوپەڕی نەھامەتیدا دەژین و لە رابردودا نە حکومەتە خۆجێیەکان و نە حکومەتی عیراقیش نەیانتوانیوە لە ئاستی چاوەڕوانی و خواستیاندا بن و لە ھەژاری رزگاریان بکەن.
 
ئێستا لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتی نوێی خۆجێی موسەننادا، ئومێدێک ھەیە بۆ کارکردن بە پلانێکی نوێ و بە ویستێکی جیاوازترەوە، ئەوەش وایکرد خودی د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار بچێتە پارێزگاکە و بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و پسپۆڕان و ئەکادیمیست و جەماوەرێکی بەرفراوان  کۆببێتەوە و لە نزیکەوە بزانێت بۆچی ٢١ ساڵە ھیچ بۆ ئەو پارێزگایە نەکراوە؟ بۆچی گەشەی ئابوری و سەقامگیری و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانی نەگەیشتۆتە ئەو پارێزگایە؟ بۆیە ھەم پێشنیاری خستەڕو، ھەم سکاڵا و پێشنیار و دەردەدڵیی خەڵکەکەی وەرگرت و بڕیارە کاری لەسەر بکات.
سەرۆک کۆمار لەبەردەم جەماوەرێکی بەرفراواندا وتی؛ ناتوانین ئەو ئاڵنگاریانە پشتگوێبخەین، کە لەبەردەم ئەم پارێزگا ئازیزەدایە. بۆ ئێمە جێگای داخ و بە ئازارە ئەم پارێزگایە ھەندێکجار لە سەرووی لیستی ھەژارترین پارێزگاکانەوە بێت، دەبێت ھەموومان کاربکەین بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە.
 
ئەو سەردانە دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئایندەی پارێزگاکە و ئاوڕلێدانەوەی جدی. بەتایبەت، کە لەگەڵ بونی سامانی سروشتی، پارێزگا ناوچەی گەشتیاریی "ساوە"ی لێیە، کە دەریاچەیەکی سەرنجڕاکێشی ھەیە، بەڵام بەھۆی پشتگوێخستنەوە پێویستی بە وەبەرھێنانێکی گەورەیە تا ببێتە ناوچەیەکی حەوانەوە لەو بیابانە وشکەدا.
 
ئەوەی گوزەر بە پارێزگاکانی باشوری عیراقدا نەکات، ئاستی بێ خزمەتگوزاری و دواکەوتنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خراپی رەوشی ژیان ھەست پێناکات، کە ئەوەش وایکردوە ھەمیشە دەنگی ناڕەزایی بەرزبێت و داواکاری بۆ ژیانێکی باشتر و شایستە ببێتە پرسێکی رۆژانە. ئەم رەوشەی وڵاتیش بە گشتی لەکاتێکدایە، کە داھاتێکی زەبەلاحی فرۆشتنی نەوتی ھەیە و بۆ نمونە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتە ١١٥ ملیار دۆلار.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
ھاوسەنگی ھێز، بنیاتنانی ئاشتی: پابەندبوونی یەکێتی بە ئایندەی کوردستان لە سەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا

بە سەرکردایەتیی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەستیکرد بە گەشتێکی گۆڕانکاری، ھەوڵی ھێنانەدی ئومێدێکی نوێ و ئایندەیەکی گەشاوەتر بۆ خەڵکی کوردستان دەدات. ئەم رێگەیە ، کە بە دەستکەوتی بەرچاو دیاری کراوە، دەریخستووە کە یەکێتی پابەند نییە بە تەنھا سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنەکاندا، بەڵکو بە گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و چارەسەرکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ھاووڵاتیانی.

سەرکەوتنی کەرکوک کە یەکێتی ھەم لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و ھەم لە ھەڵبژاردنی پارێزگاریدا سەرکەوت، زیاترە لە سەرکەوتنێکی سیاسی- ئەوە ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە قووڵەیە کە ئەو حزبە لەگەڵ خەڵکدا ھەیەتی. بۆ یەکەمجار یەکێتی نفوزی خۆی لەدەرەوەی ناخی تەقلیدی خۆی لە سلێمانی درێژکردووەتەوە، دەستی بۆ پێکھاتە ھەمەجۆرەکانی کەرکوک درێژکردووە. ئەم سەرکەوتنە ھێمای خۆبەخشی یەکێتییە بۆ نوێنەرایەتیکردنی ھەموو کوردەکان، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ دەژین.

سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە دڵی ئەم گۆڕانکارییە بووە. ئەو لە تەحەددیات و خواستەکانی گەلی کورد تێدەگات، بەڵێنیشی داوە ئەو ئاواتانە بکاتە واقیع. دیدگاکەی ڕوونە: دروستکردنی کوردستانێک کە ھەموو ھاوڵاتییەک ھەست بە بەھا و بیستراو و پاڵپشتی بکات. سەرکەوتنی کەرکوک تەنھا سەرەتای ئەم دیدەیە- دیدگایەک کە ھەوڵی گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی ھێز دەدات، نەک لە پێناو سیاسەتدا، بەڵکو بۆ دڵنیابوون لەوەی ھەموو دەنگێک لە کوردستاندا ئەو بایەخی پێدەدرێت کە شایەنیەتی.

کەرکوک ھەمیشە قودسبووە لە دڵی کورددا جێگەی تایبەتی ھەبووە و سەرکەوتنی یەکێتی لەوێ مایەی شانازییەکی گەورەیە. دانانی پارێزگارێکی کورد دوای سەختییەکانی دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونی یەکێتی بە شیفا و یەکڕیزی. بەڵام ڕێگای پێشەوە ئاڵۆزە. پارێزگاری نوێی کەرکوک لەبەردەم ئەرکی قورسی ھاوسەنگکردنی ڕۆڵی ئەمنی و ئیداریدایە بە شێوەیەک کە ڕێز لە فرەچەشنی و مێژووی پارێزگاکە بگرێت. یەکێتی ئاگادارە کە ئەم تەحەدایە پێویستی بە سەبر و حیکمەت و تێگەیشتنێکی قووڵ لە پێداویستییەکانی خەڵک دەبێت.

یەکێک لە لایەنە ھەرە گرنگەکانی سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، گرنگیدانی بە گشتگیری و دادپەروەری. دان بەوەدا دەنێت کە پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە گوێگرتن لە خەڵک و بڕیاردان کە ڕەنگدانەوەی ھیوا و نیگەرانییەکانیان بێت. ئەمەش ھۆکارێکە بۆ ئەوەی یەکێتی بانگەشە بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی ھەڵبژاردنەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دەکات. یەکێتی بە دەستکاریکردنی پێکھاتەی حوکمڕانی، ئامانجی ئەوەیە کە دەنگی ھەر ھاوڵاتییەک کاریگەرییەکی ماناداری ھەبێت، و پەرلەمان بەڕاستی نوێنەرایەتی ئیرادەی خەڵک بکات .

لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ناوچە جێناکۆکەکان، پەرەسەندنی پشتیوانی یەکێتی ئاماژەیە بۆ ئەوەی خەڵک متمانەیان بە دیدگای بافڵ تاڵەبانی ھەیە. یەکێتی لە ڕکابەرەکانی باشتر بوو، ئەمەش نیشانیدا کە پەیامی یەکگرتوویی و دادپەروەری و پێشکەوتنی حزبەکە دەنگدانەوەی ھەیە لەگەڵ دەنگدەران. ئەم راستگۆییە زۆر گرنگە لە کاتێکدا یەکێتی ئامادەکاری دەکات بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان، کە تێیدا ھەوڵدەدات نوێنەرایەتی خۆی زیاد بکات و گۆڕانکارییەکی ھەمیشەیی بھێنێتە ئاراوە.

سەرکردایەتی بافڵ تاڵەبانی بە پابەندبوونێکی ڕاستەقینە بە خەڵکەوە پێناسە دەکرێت. لە پێناو خۆیدا بەدوای دەسەڵاتدا ناگەڕێت بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ بەرزکردنەوەی ژیانی ھاووڵاتی ئاسایی. لەژێر ڕێنمایی ئەودا، یەکێتی زیاتر بووەتە تەنھا حزبێکی سیاسی- بۆتە چرایەکی ئومێد بۆ ئەوانەی تامەزرۆی کوردستانێکن کە دادپەروەری و دەرفەت و خۆشگوزەرانی لە دەستی ھەموواندا بێت.

لەگەڵ بەردەوامی گەشەکردن و پەرەسەندنی یەکێتیدا، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە بەھاکانی بەزەیی و یەکڕیزی و خۆڕاگریدا دەمێنێتەوە. سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی حیزب تەنیا سەرکەوتنی سیاسی نین؛ ئەوان بەردی بناغەن لەسەر ڕێگای ئایندەیەکی گەشاوەتر بۆ کوردستان. بەڵێنی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی بۆ سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا تەنھا بەدەستھێنانی دەسەڵات نییە؛ پەیوەستە بە دڵنیابوون لەوەی کە خەڵکی کوردستان حکومەتێکیان ھەبێت کە بەڕاستی خەمی خۆشگوزەرانییان بێت و پابەند بێت بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

ڕێگای پێشەوە پڕە لە تەحەددا، بەڵام بە بوونی بافڵ تاڵەبانی لە سەرکردایەتی یەکێتی، یەکێتی لە ھەموو کاتێک زیاتر ئیرادە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە. دیدگای حیزب بۆ کوردستانێکی ھاوسەنگ و دادپەروەر و ئاوەدان، دیدگایەکە کە بە قووڵی دەنگدانەوەی لەگەڵ خەڵکدا ھەیە و ھەر ئەم پەیوەندییەشە کە یەکێتی پاڵدەنێت بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانی.

بە سەرکردایەتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ، یەکێتی ھەوڵدەدات کوردستانێک دروست بکات کە ڕەنگدانەوەی خەون و خواستەکانی گەلەکەی بێت. سەرکەوتنی ئەم دواییەی کەرکوک بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونی حزبەکە بە پێشکەوتن و گشتگیری و یەکگرتوویی. لە کاتێکدا یەکێتی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی داھاتوو ئامادە دەکات، بە بەڵێنێک بە خەڵک ئەو کارە دەکات: گوێگرتن، خزمەتکردن، و بنیاتنانی ئایندەیەک کە ھەموو کوردێک بتوانێت گەشە بکات. بە گرنگیدان بە گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی و چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان و دروستکردنی ھەرێمێکی جوانتر و ھاوسەنگتر، یەکێتی لەسەر ڕێگایەکدایە بۆ ھێنانەدی گۆڕانکاری ڕاستەقینە و بەردەوام بۆ ھەموو کوردستان.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاتێک حیزبێک لە فرەمینبەرییەوە دەچێتەوە ناو سیستەمێکی ڕێکخراوەوە

کاتێک حیزبێک دیوارێکی پۆڵایین دادەنێت بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی و خۆی ڕێک دەخاتەوە و لە تۆز و غوباری گرووپچێتی خۆی دەتەکێنێت و شارچێتی و موڵک و ماڵی خۆی کۆ دەکاتەوە، لە دڕکی نەیارەکانی بژاری گوڵەگەنمی دۆستەکانی دەکات، بێگومان ئاستەنگی دێتە ڕێ. 

بێگومان ھەورازی دێتە پێش و توشی ھێرشی ناڕەوای سۆشیال میدیا و کەناڵە جیاجیاکانی ڕکابەرەکانی دەبێتەوە. ئاخر ئەوە جەستەی چەند ساڵەی یەکێتی خۆیەتی توشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بووە، کاتێکیش چارەسەر وەردەگرێ، بێگومان ئازاری ھەر دەبێت.

یەکێتی دەبوو زووتریش خۆی ڕێک بخستایەتەوە، پێشتر خۆی ئامادە بکردایە بۆ ئەم نەشتەرگەرییە. گەرچی کاتەکەی لەبەر زۆر ھۆکار درەنگ کەوت، بەڵام بە دەسپێکێکی زۆر چاک دەستی پێکرد. تا یەکێتی خۆی زیاتر ڕێک دەخاتەوە، بێگومان جگە لە خودی حیزبەکە حکوومەتیش کاراتر دەبێت و ھاووڵاتییانیش قازانج دەکەن، تا یەکێتی زیاتر خۆی کۆ بکاتەوە، پرۆسەی سیاسی و ململانێی مەدەنی و دیموکراسی گیان دەکاتەوە بە بەر خۆیدا و ئومێدی گۆڕانکاری دەخزێتە ناو دڵ و دەروونی ھاوڵاتییان بەبێ جیاوازی. تا یەکێتی ئامادەتر بێت بۆ سیاسەتکردن، حورمەتی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەزگا دەوڵەتییانەی کە موڵکی گشتین و بوون بە دیوەخان و حەوشەی پشتەوەی دامەزراوەی بەناو ڕاگەیاندنی کەسایەتی و ھێزی دیاریکراو.

یەکێتی ڕێگای دا ئۆپۆزیسیۆن لە ھەناوی خۆیەوە لە دایک بێت، پاش ئەویش ھێزی تری ئۆپۆزیسیۆنی بەدوادا ھات، بەڵام کەسیان نەیانتوانی خاوەندارێتیی ئەم ناوچە زیندووە بکەن.
ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە یەکێتی ببێتەوە بە خاوەنی ھەموو خواستەکانی خەڵکو ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت.

یەکێتی چۆن لە شاخ، حیزبی ھەستانەوەی پاش نوشست و ڕووناکیی شەوی تار بوو، لە شاریش حیزبی خوێندەوار و گەنج و ململانێی مەدەنی بوو، حیزبی قەبوڵکردنی ئۆپۆزیسیۆن و حیزبی ھەستانەوەی ڕۆحی سیاسەت و حیزبی خۆڕێکخستنەوەی پاش لەدەستدانی سکرتێرەکەی بوو. لە دنیای سیاسەتدا کەم جار ھەڵدەکەوێ ھێزێکی سیاسی ئەوەندە لێھاتوویی ھەستانەوەی ھەبێ. کارەساتی ھەکاریی بەسەردا بێت و نەڕووخێ، نیوەی جەستەی لێ بێتەوە و نەمرێ، سکرتێرە کاریزماکەی کۆچی دوایی بکات و نەکەوێ. ئەم قەدەرە مێژووییە تەنیا لە توانای یەکێتیدایە.

ئەم حیزبە ئێستا سەری ناوە بە پەنجەرەی ڕوانینێکی تازەوە بۆ سیاسەتکردن. خۆی ڕێک دەخاتەوە و خۆی نوێ دەکاتەوە، ئەوەتا کەرکووکی لە قوڕگی شێر دەرھێنایەوە، گرەوی شەنگال و مەخمووری لەسەر مێزی سیاسەت بردەوە.

ئەم مانگە سەرەتای گەشانەوەیەتی، تینوی بەخشینەوەی ڕووناکیی زیاترە، خوێنی دەماری ئۆرگانەکانی قوڵپ دەدەن بۆ سەرکەوتنی زیاتر و سنگیان ناوە بە دەرگای ھەڵبژاردنەوە بۆ ئەوەی مێژوویەکی تازە تۆمار بکەن. تاوەکوو چیرۆکی حیزبی شەھیدان بکەن بە داینەمۆی حیزبی خزمەت و کۆمەڵانی خەڵک بە بێ جیاوازی.

لێناگەڕێین چارەنووسی خەڵک بکەوێتە چنگی قەدەری نادیارەوە، خۆمان بەدەستی خۆمان قەدەر بۆ خەڵکی خۆمان دیاری دەکەین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھەژماری من » وەک صەڕافێک
دروستکردنی بانکێکی نیشتیمانی چارەسەرە

لە ماوەکانی رابردوودا و بە دیاریکراویش لە دوو ساڵی ڕابردوودا کێشەکانی نێوان بەغداد و هەرێم لەسەر چەند دۆسیەیەکی جیاواز بە تایبەتیش لەسەر پرسی و بودجە و موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو رویان لە هەڵکشان کرد . ئەم تەنگژە و گرژییانەش ئاسۆی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ناوەند و ھەرێمی خستە بەردەم ئاقار و قۆناغێکی دژوارتر لەوەی کە ھەبوون لە رابردوودا . دەرئەنجامی ئەم دۆخە دژوارەش، لەلایەک بووە هۆکاری لاوازبوونی پێگە و ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لەسەر هەردوو ئاستی دەرەکی و ناوخۆیی ، لەلایەکیدی بووە هۆکاری خراپتر بوونی دۆخی ئابووری و دارایی و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

بە شێوەیەکی گشتیش کێشەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند ئەکرێت وا وێنا بکرێن کە کۆمەڵە کێشەیەکی  فرە ڕەهەند ، ھەمەچەشن ، جۆراوجۆر، تا ڕادەیەکی زۆریش چارەنووسسازن . بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان هەم بۆ داهاتووی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان.

لەبەر ھەستیاری دۆخەکەش لەسەر ھەموو لایەکمان وا  پێویست ئەکات کە مامەلەیەکی دروست و ئیدارەدانێکی دیبلۆماسیانە لەگەل ئەو دۆخە دژوارانە بکەین . مامەلەیەک کە پشت ئەستوور بێت بە دنیا بینینێکی نیشتمانیانە،  بە شێوەیەک کە چارەسەر کردنی کێشە و تەنگژەکان  بکرێتە ئەولەویەت و بخرێنە پێش هەموو بەرژەوەندیەکی حزبی و سیاسی و کەسی .چونکە ھۆکاری سەرەکی زۆربونی هەموو ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ بەرۆکی هەرێمی کوردستان گرتوە و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەیان پێوە گیرۆدە بووە ئەگەڕێتەوە بۆ خراپ ئیدارەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا . سەرئەنجام ئەوەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات دەرھاویشتە و ئەنجامن نەک هۆکار .. ئەوەی کە لە ئێستادا ئەگوزەرێت  کاردانەوەیە لە هەمبەر خراپ مامەڵەکردن و ئیدارەدانی دۆسیەکان کە گرنگرتینیان لە دۆسیەی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت بودجە و موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمدا خۆی بەرجەستە ئەکات .

ئەوەی کە لەم نوسینەدا گرنگە ڕوونی بکەینەوە بۆ سەرکردایەتی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە ئەبێت ئەولەویەت بۆ چارەسەرکردن مەسەلەی ئیدارەدانی سیستەمی دارایی هەرێمی کوردستان بێت، بەر گرنگیدان و چارەسەری کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و  یەکلاییکردنەوەی بابەتی بەبانکی کردن (تەوگین)  بێت. بە شێوەیەک کە لە زووترین کاتدا بتوانرێت ئالیەتێکی گونجاو بۆ چارەسەر کردنی ئەو دۆسیە ھەستیارە بدۆزرێتەوە .

بۆ ھەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە، کە دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارێکی فەڕمی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی چارەسەرکردووە، کە لە دواین نوسراویشدا کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانیعێراقی ناردووە تێدا هاتووە بە پشت بەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقی بڕی (١١،٥ ترلیۆن)ی بەبێ مەرج تەرخانکردووە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم وە جێگیر کراوە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ .

بەڵام، ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ بۆتە هۆکاری خەرج نەکردن یان دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە یان خەرج نەکردنی موچەی ھەندێ توێژی موچەخۆرانی ھەرێم بریتیە لە دواکەوتنی پرۆسەی بەبانکی کردن پارەدان (تەوگین) و بە بانکی کردنی موچەی مووچەخۆرانی ھەرێم و پێداگری حکومەتی ھەرێم لەسەر لە بە بانکیکردن لە رێگەی هەژماری من، کە سەرەرای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا ھەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان وە ھەم لەسەر ئاستی حکومەتی ناوەند و دامەزراوە ئیتیحاددیبەکان بە دادگای ئیتیحاددی بالاشەوە زۆرترین مشتومر و نارەزایی و رەتکردنەوەی پرۆژەکەی لەگەل خۆیدا ھێناوە. بەڵام پێداگیری حکومەتی هەرێم لەسەر پڕۆسەی هەژماری من (سیستەمی قاصە و صەراف)  لە ئێستا ئەم کێشەیەی گەیاندۆتە دۆخێکی ناجۆر کە بەردەوام موچەخۆرانی ھەرێم دەبێت باجەکەی بدەن.

ئێمەش، لە سۆنگەی هەست کردنمان بە بەرپرسیارێتی و لەگەل قەناعەتی تەواومان بە زەڕووریەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ، هەوڵ ئەدەین لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیر و نیشتمانیدا  پێشنیازە چارەسەرێک بخەینە ڕوو بە جۆرێک  کە لە بەرژەوەندی حکومەت و خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت:.

بێگومان هەرێمی کوردستان بە هۆکاری خراپ بەڕێوەبردن و نادامەزراوەیی لە بواری دارایی و بانکیدا تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە نە سوود لە دەرفەت و کەلێن و بۆشاییەکانی دەستووری عێراق وەربگرێت نە سوودیش لەو پێگەو نفوزە سیاسیەی خۆی وەربگرێت کە لە ڕابردوودا هەیبوو. بەڵام لەگەل ئەوەشدا هێشتا کاتەکە درەنگ نیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە. تاوەکو بتوانین کۆمەڵێک دەرچە و چارەسەری یاسایی پێشنیار بکەین هیچ نەبێت بتوانین بەشێک لەو کێشانەش چارەسەر بکەین تا دەرفەتەکان لەدەست دەرنەچوون.

بەبۆچوونی  ئێمە پەیوەست بە کێشەی موچەی فەرمانبەران، ئەکرێت حکومەتی هەرێم لە جیاتی پێشنیارکردنی پڕۆژەی هەژماری من وە زیاتر قوڵکردنەوەی کێشەکانی نێوان بەغداد و هەرێم پێشنیار و چارەسەرێکی گونجاوتری هەبێت کە لەلایەک هەم مەرجەکانی حکومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ بکات وە ھەم لە خەمی خزمەتی موچەخۆر و خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت. واتە بەجۆرێک هەم دژیەکی نەبێت لەگەڵ یاسا و ڕێساکان هەم لەبەرژەوەندی حوکمڕانی هەرێم بێت لەبەرئەوە ئێمە پێمان وایە کە چارەسەری بنەڕەتی و گونجاو بۆ ئەم کێشەیە بریتی ئەبێت لە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی شامل و گشتگیر بۆ دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان چونکە ئەم بابەتە جگە لەوەی گرنگیرکی زۆری هەیە وە ئەبێتە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان وە لە هەمان کاتدا زەمینە سازی یاساییشی هەیە چونکە ئەم بابەتە بە بریاری ژمارە ٦٦ی ساڵی ٢٠٠٨ی بانکی ناوەندی عێراق چارەسەرکراوە و ماف بە هەرێمی کوردستان دراوە کە ببێتە خاوەندی بانکێکی نیشتمانی کە وێنەیەکی کۆپی کراو و بچوک کراوەی بانکی مەرکەزی عێراق دەبێت لە هەرێمی کوردستان وە بانکی ناوەندی عێراق بە پشت بەستن بە یاسایی -
دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی فەرمی دەبێت بە بانکی حکومی هەرێمی کوردستان وە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا ئەم بانکە دروست دەکرێت وە لە خوارەوە باس لە گرنگی دامەزراندن و تەفعیل کردنی ئەکەین و پاش خستنە ڕووی گرنگی و سوودەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەتوانن لەگەڵ پڕۆسەی هەژماری من بەراوردی بکەن بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمی کورستان ڕوون و ئاشکرا بێت:.

گرنگترین سوودەکانی ئەم بانکە نیشتیمانیە :

١. کۆکردنەوەی هەموو بانکە حکومی و بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چەتری ئەم بانکە و دەبێتە بەشێکی گرنگی سیاسەتی نەختینەیی عیراق.
٢. بە ئەلکترۆنی کردنی سیستەمی بانکی هەرێمی کوردستان.
٣. سوودمەندبوون لە هەموو ئەو شایستە داراییانەی کە لە بەغدادەوە بڕیاریان لی دەدرێت.
٤. سوودمەندبوون لە پێشینەکانی خانوبەرە و پیشەسازی و کشتوکاڵ و پێدانی قەرز.
٥. دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی بانکی مەرکەزی عێراقی و فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئەلکترۆنی بۆ داواکردنی دۆلار.
٦. بەستنەوەی سیستەمی بانکی هەرێم بە جیهانەوە بە شێوەیەک کە حەوالاتی دەرەکی راستەخۆ لە ڕێگەی جەی پی مۆرگان و سیتی بانکەوە ئەنجام بدات.
٧. گێڕانەوەی متمانە بۆ هاوڵاتیان و بازرگانان و وەبەرهێنەران.
٨. جێگیرکردنی ئەندامێتی حکومەتی هەریم لە بانکی مەرکەزی عێراق.
٩. راستەوخۆ مانگانە بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم و بەتایبەت مووچەی فەرمانەران لە ڕێگەی ئەم بانکەوە بە ئاسانی ئەگوازرێتەوە.
١٠. ڕێگە ئەگرێت لە بەهەدەردان و سپیکردنەوەی پارە و تۆمارکردنی داهات و خەرجیەکان بە شێوەی سیستەماتیک کە مەجالی گەندەلی و فەسادی ئیداریش کەم ئەکاتەوە.

١١. سیولەدارکردنی بانکی نیشتیمانی لە جیاتی بانکە ئەهلیەکان واتە ئەو پارەیەی کە بۆ مووچەی فەرمانبەران دێت لە جیاتی ئەوەی لە بانکێکی ناحکومی ببێتە سیولە ئەو کاتە دەبێتە سیولە لە بانکی نیشتمانی.

وەک دەرئەنجام دەردەکەوێت کە دامەزراندنی ئەم بانکە زەڕووڕەت یاخود پێویستیەکی هەنوکەییە وە لایەنە ئەرێنیەکانی جیاوازیەکی زۆر و نابەرابەری هەیە لەگەڵ پڕۆسەی هەژماری مندا لەگەڵ ئەوەی بەڵێ بۆ بنیاتنانی بانکێکی نیشتمانی بە دامەزراوەییکردنی سیستەمی بانکی وە نەخێر بۆ سیستەمی قاصە و صەڕاف (هەژماری من)، چونکە لە ئێستادا دەرکەوتوە، زۆرینەی ئابووری ناسەکان هاورا نین، پاشەکەوتی گشتی مووچەی مووچەخۆران لە چەند بانکێکی ئەهلی کۆببێتەوە، وە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی هیچ یەدەکێکی نەختێنەی نەبێ بۆ حاڵەتەکوتوپرەکان، ئەویش لەو دۆخە ئاڵۆز ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هەرێم، عێراق و هەرێمایەتی ناوچەکە.

بەم پێیەش پەلە کردن لە دروستکردنی بانکێکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کە  ببێتە ناوەندی ئیدارەدانی بانکەکانی تر و هەموویان بە سیستمێکی زیرەکی ئەلکترۆنی بەیەکەوە ببەستێتەوە، ئەو دەرئەنجامەمان بۆ بەدی ئەھێنێت، کە چیتر بانکەکانمان تەنها وەک قاسەیەک نەبن و ئیشی دابەشکردنی موچە بکەن، بەڵکو وەک بانکەکانی تری عیراق و ناوچەکە هەموو کاروباری بانکی بکەن و جێی متمانەی خەڵکی بن.

ھەر بۆیە پێویستە حکومەت کار لەسەر بەهێزکردنی دامەزراوە دارایی و بانکییەکانی خۆی بکات، نەوەکو ببێتە هۆکاری بەهێزکردنی بانکە ئەهلییەکان، چونکە پرۆەی هەژماری تەنها بانکە ئەهلییەکان لێی سودمەند دەبن، بە لایەکی دیشدا لاوازکردنی بانکە حکومییەکانی بەدوودا دێت.

باشتر وایە حکومەتی هەرێم بەپێی یاسا و بڕیارەکانی بانکی ناوەندی عیراق، پەلەبکا لە دامەزراندن و وەگەرخستنی بانکی نیشتیمان بکات، تا وەک بانکەکانی تری رەشید و رافدەین، کارەکانی خۆی رایی بکات، ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ بە سیستماتیکی کردنی بانکسازی لە هەرێمی کوردستان وعێراق.

بەم شێوەیە بانکی ناوەندی عیراق، دەتوانێ لە چوارچێوەی یاسا و بڕیار و رێنماییەکانیدا رێگە بە دروستکردنی لقێکی دیکەی بانکی ناوەندی لە هەرێم بدات تاوەکو ناوەندێکی چاودێری گەورە بێت لەسەر کارکردنی بانکە حکومی وتایبەتەکان
وەک دەرئەنجام، دەردەکەوێت کە دامەزراندنی ئەم بانکە ئێجگار زەرورە یان دەکرێ بگوترێ پێویستیەکی هەنوکەییە و لایەنە ئەرێنیەکانی جیاوازیەکی زۆر و نابەرابەری هەیە لەگەڵ (هەژماری من) دا، لەبەرئەوە بەڵێ بۆ بنیاتنانی بانکێکی نیشتمانی و بە دامەزراوەییکردنی سیستەمی بانکی و نەخێر بۆ پشتیوانیکردنی بانکە ئەهلییەکان لەڕێی (هەژماری من)وە، لە کۆتایدا ئێمە تێبنی رەخنەمان لە هەژماری من لە ئەهلی کردن یاخو قۆرخ کردنیەتی بۆ چەند بانکێکی تایبەت نەک بە نیشتیمانی کردن و خۆماڵی کردنی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دنیای سیاسی سەرۆک مام جەلال ھەموو چرکەیەکی دەھێنێت لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەیت، مام جەلال کارەکتەرێکی حاکیم و دانای ئەم گەلە بوو، ئازاو لێوەشاوەو لەخۆبردوبوو، کوردەواری دەڵێ: قسەی قوت نەداوەتەوە، لە جێگەو شوێن و کاتی خۆی قسەی خۆی کردووە؛ کە بەرامبەری شۆک کردووە و واقی وڕماندووە. 

لەسەروەختی گفتوگۆکانی بەرەی کوردستانی و حکومەتی بەعس؛ لە دوای راپەرینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١ و تێکچوونی گفتوگۆکان بەھۆی ملوڕی و لەخۆبایی بوونی حیزبی بەعس و غروری سەدام.

حکومەتی عێراق ھەوڵیدەدا، تەواوی شکستھێنانی گفتوگۆکان بخاتە ئەستۆی سەرۆک مام جەلال، و یەکێتیی کە ھەژموونی بەسەر تەواوی ھەرێمی کوردستان ھەبوو، راگەیاندنی حیزبی بەعس ھەڵمەتێکی گەورەی دژی یەکێتی و خودی سەرۆک مام جەلال دەستپێکرد. زۆر بە خراپی دەستیان کرد بە پڕوپاگەندە دژی سەرۆک مام جەلال.

 (عودەی) کورە گەورەی سەدام ووتبووی: من تێناگەم باوکم (سەدام حسین) بۆ ئەوەندە میھرەبان و لێبوردەیە بەرانبەر (جلال تاڵەبانی) سەرەڕای سیاسەتی دژبەری جلال تاڵەبانی بۆ عێراق؛ بەڵام (عودەی) ئەوەی بیرچوبووە کە سەدام ھەموو کات بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ عێراقییەکان دەردەکرد؛ جگە لە مام جەلال. 

ھەمووکات سەدام، مام جلال-ی بەدەر دەکرد لە لێخۆشبوونی گشتی. دەیووت: جلال تاڵەبانی جارێکی تر لەئاوی دیجلە ناخواتەوە.
(عودەی) دەڵێ: کاتێک پرسیارم لە نەنکم کرد (دایکی سەدام) پێیووتم: کوڕم کاتێک کەسێک چاکە لەگەڵ باوکت دەکات، سەدامی باوکت چاکەکەی بیرناچێتەوە، چونکە کاتێک خێزانەکەمان لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەربەدەرکران و وەدەرنرا لەزێدی خۆیان؛ پەنایان بۆ تاڵەبانییەکان برد؛ لە کوردستان و پارێزگارییان لێکرا لە لایەن ئەوانەوە.

 تاوەکو کۆتایی بەنەھامەتییەکانمان ھات ئەوان ئێمەیان داڵدەداو لە کوشتن ئێمەیان پاراست.

 جێی و رێیان بۆ دابینکردین و خزمەتیانکردین، بەوجۆرە سەدام چاکەی چاکەکارانی لەبیرناچێت.

سەرۆک مام جەلال، ئەم وتانەی عودەی سەروژێرکردو کە دژی نوسی بووی، سودی لەقسەکانی نەنکی وەرگرت؛ بۆ خزمەتی کوردستان و کوردستانیبوونی شاری کەرکوک و ووتی: ھەمموان دەزانن؛ باوباپیرانم تاڵەبانییەکان لەکەرکوک بوون.

کاتێکیش خێزانی سەدام پەنایان بۆ باوباپیرانم لەکوردستان برد؛ وەک عودەی کوڕی سەدام دەیگێرێتەوە، ئەوان رۆیشتن و پەنایان بۆ کەرکوک لە کوردستان برد. 

مام جەلال بەمجۆرە دانپێدانانی عودەی و دایکی سەدامی وەرگرت کە کەرکوک شارێکی کوردستانییە. 

سەرۆک مام جەلال ھەمیشە ئەو دیوو دێڕەکانی بەڕۆشنی دەبینی، دەربڕینی قوڵبوو رەگی لە ناخی مێژوو دەچەقی. 

مام جەلال وابوو، گرنگیدەدا بەھەموو گفتووگۆیەک لە دیالۆگدا ھەمیشە واقعی بوو کەسێکی داناو لێوەشاوەبوو، ھەروەھا گوێگرێکی باشی پەیامی نەیارانی بوو.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میوانی سیتۆدێۆ و کەڤگیر بە دەستی بەرنامە چونکە لە پەخشی راستەوخۆیا بوون، شانیان دابووەبەر  و لەهەوای خۆیانا بوون. ئەیانگوت کەرکوک بە ماددەی ١٤٠ چارە دەبێ،  نەک بە پارێزگارێکی کورد، ئەیانگوت ئاڵای کوردستانی تیا نەبێ تامی تیا نییە و گوایە هەموو پۆستەکانی کورد دراون بە خەرجی پۆستی پارێزگار کە ( ئەوە ناهێنێ) ئیتر زۆریان فەرموو کەمیان ویژدان خستەکار. ترێکە ترشە و تامی نییە چونکە دەستی خۆیانی پێنەگەیشت، وەک چۆن  دەیانگوت پۆستی سەرکۆمار تەشریفاتییە چونکە خۆیان تەشریفیان تیا نەفەرموو.

ئەو بەرنامە یەک لە سەدان بەرنامەی میدیاییە کە سەد بەرنامەی پەیج و ئەکاونت و تیکتۆک دەورە دروان تا بڵێن کورد و یەکێتیی لە کەرکوک دۆڕان و ئەوەی هەیە ئەوە نییە کە دەبوا هەبێت.

تەبعەن باشی و چاکی ئەم گەلە سەربەرزەی کورد ئەوەیە بە پێی بەرنامەی تەلەفزێۆنی  سەپۆرتکراو بڕیار نادات ، بەڵکو بە پێی بەرنامەی کوردایەتی سەحی لێ دەدات. بۆیە جەماعەت لە دەنگدان لێیان قەوما و ئیتر دەنگە دەنگی پاش سەرکەوتنی گەورەی کەرکوک دادیان نادات.

ئاخر مام جەلال گوتەنی (خوشکۆڵە) و براکەم ، خەڵک پانۆرامای رووداوەکانی شەڕی داعشی لە بیرە کە ئێوە گوتتان و جاڕتان دا ئیتر دەوڵەتی داعش کەوتۆتە نێوان کوردستان و بەغدا ، ئیتر پێویست بە زەحمەتی حکومەتی عێراق ناکات چونکە ئەوە داعش خۆی ماددەی ١٤٠ی جێبەجێ کرد. کە پۆتان دەرکەوت داعش ئیشی بە ١٤٠ و دەستوور نییە، کاری تەنها تیرۆر و پەلاماردانە ئینجا چوونە سەر درامای عیراق ١٤٠ ی فەرامۆش کردووە. بەڕاستی ڕاستە عیراق فەرامۆشی کردووە و ئێوەش بە کردەوە باوەشێنی ئەو فەرامۆشییە دەکەن.
حەوت ساڵ پارێزگارتان کردە عەرەبی وەکالەت بەس بۆ ئەوەی کورد و یەکێتیی ئەم پۆستە وەرنەگرێتەوە، دوایی کە ساڵی ٢٠٢٣ دیموکراسیی و هەڵبژاردن یەکێتیی پایەدار کردەوە گەرەکتان بوو هەر کابرای بە وەکالەت لە پارێزگا بمێنێتەوە،  بەس قەینا با کوردێکی سەوزی تیا نەبێ . 

ئاڵای چی و ماددەی ١٤٠ ی چی ئەو ناونیشانانە  هی یاسا و سەروەری و دەوڵەتدارییە، ئێ ئێوەش حەزتان لێ نییە کەرکوک بەو بەها بە نرخ و جوانانە شاد و شوکر بێتەوە.

چەند ساڵە دۆزی کەرکوک و داوای رەوای کوردی شارەکەتان پەک و دوا خستووە ، پێتان وابوو میللەت  باوەڕتان پێ دەکات کە بە (خەنجەر)لە شمشێری تەعریب دەبەنەوە؟! پێتان وابوو بە ڕاکان جبوری ئاڵای کوردستان لە چەقی قەڵادا  هەڵدەکەن؟! 
شتی وا نەک لە قوڵایی کتێبەکانی مێژوو دا نەهاتووە و تۆمار نەکراوە، بەڵکو لە کتێبە مەدرەسییەکانی  کە بە قازانجی دید و گێڕانەوەی تەسکی حزبایەتی خۆتان دیزاینتان کردووە،  جێی نەبۆتەوە و باسیان نەکراوە.

ئاخر دەستوور و ئاڵا و کوردایەتی  چۆن بە شەڕکردن لەگەڵ دەنگ و سەنگ و ئیرادەی میللەتەکەمان  جێبەجێ دەکرێت؟ ماددەی ١٤٠ چۆن بە گەمارۆدانی ئیرادە و ویستی هاوڵاتی کەرکوک کە ماددە و کەرەستەی کوردایەتین جێبەجێ دەکرێت؟
ویستی گەلەکەمان لە شوێنێکە و کەینوبەینی ئێوە لە شوێنێکی ترە، بۆیە وا لێتان شێواوە. ئیتر ئەمە مەتەڵ و ماتماتێکی ناوێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەر ئەو ھێزە نوێیە نەبوو کە لە ١٩٧٥/٦/١ خۆری ئومێدی لە شەوەزەنگی نائومێدیدا ھەڵکرد، بەڵکو  رێباز و شێوەیەکی نوێی خەبات بوو بۆ درێژەپێدانی  کوردایەتی لە دوای شکست.

بیرۆکەی دروستکردنی یەکێتی ھەم  وەکو فکر و شێوازی رێکخستن، ھەم وەکو نیمچە بەرەییش بۆ کۆکردنەوەی زۆرینەی خەڵکی شۆڕشگێڕ لە دەوری خۆی،  بیرۆکەی مام جەلال بوو.
 ئەو لە نووسینەکانی ھەر لە ساڵانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ئەو بیروبۆچوونەی خۆی بە روونی بەیان کردبوو ،
بۆ ئەمەش پشتی بە چەمکی (لا حرکە پوریە بدون نڤریە پوریە ) و (التنڤیم الپوری ) بەستبوو.
ئاشکرایە مام جەلال رێبەری چەپی راستەقینەی ناو بزووتنەوەی کوردایەتیی ھاوچەرخ بوو، بۆیە ھەر خۆی رابەرایەتیی  ئەو بزاوتەی کرد و ھەر خۆشی دامەزرێنەری سەرەکی  و داینەمۆی راستەقینەی یەکێتی بووە لەگەڵ ژماریەک لە تێکوشەرانی تر.  

خەسڵەتێکی جوانی مام جەلال خۆدەرنەخستن و خۆھەڵنەکێشان بوو، ئەمەش لە بڕوابەخۆبوون و نادیدەنەگرتنی رۆڵی ھاوڕێکانی بوو لە خەبات و شۆڕش و حزب و قوربانیداندا.

ئاشکرایە یەکێتی لە بنەڕەتدا ھەڵچوونێکی سۆزداری و ھەڕەمەکی نەبوو بۆ قۆناغێکی راگوزەری و دیاری کراو بەڵکو پێداوێستییەکی بابەتی و خۆیی کوردستان بوو. ھەروەک چۆن لەگەڵ دروستبوونیدا ئەرکی ھەڵکیرساندنەوەی شۆڕشێکی نوێ و بەردەوامی لە ئەستۆگرت. 
لەڕاستیدا یەکێتی لە ھەموو قۆناغەکانی خەباتی شاخ و شاردا پێشەنگ بوو ، زۆر ھەوراز و نشێو ، زۆر تاڵی و تفتی رۆژگارەکانی خەباتی تێپەڕاند، بەڵام چونکە وەکو داربەڕوو رەگ و ریشەی لە ناخی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داکوتراوە  ھەر بەردەوام بوو لە تێکۆشان بۆ بەدیھێنانی مافە رەواکانی گەلی کوردستان.

مام جەلال سەرەڕای ئەوەی دەیزانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ..؟ ھەروەھا دەشیزانی یەکێتی بەرەو کوێ؟ بەرەو بەرەی گەل و خانووە قورەکان بەرەو بەرەی رەنجدەرانی بیر و بازو بەرەو خۆڕاگری و رزگاریی گەل و راماڵینی داگیرکەر و دامەزراندنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.

یەکێتی خاوەن قوتابخانەی (کەم بژی و کەڵ بژی)یە، بێگومان یەکێتی شکستی کاتی خواردووە چ لە شەر و چ لە ململانێ ناوخۆییەکان، بەڵام ھەرگیز نەڕووخاوە و نەبەزیوە، بۆیە سەرلەنوێ خۆی رێکخستووەتەوە  بە گوڕ و تینێکی شۆڕشگێڕانەی تازەترەوە ھاتووەتە مەیدانەوە و بەردەوامیی بە خەباتی خۆی داوە.
ئاساییە یەکێتیی نیشتمانیی لە شەڕێکدا براوە نەبێت، بەڵام ھەرگیزا و ھەرگیز لە ڕاستەڕێی خەباتی کوردایەتی نەدۆڕاوە و لاینەداوە.
راستە لە ململانی ناوخۆییەکاندا تووشی لە یەکترازان و جیابوونەوە بووە، بەڵام یەکێتی ھەرماوە و وەکو دارحەیزەران نەچەماوەتەوە. ئەوانەش کەوتبێتە دەرەوەی یەکێتیش،  بەھەر ھۆیەک بووبێت دڵ و چاویشیان ھەر لای یەکێتی بووە و یەکێتیش ماڵە گەورە و  چەترە فراوانەکە بووە بۆ ھەمووان.

ڕەنگە بتوانین بڵێین یەکێتیبوون ئالودەییەکی جوانە، تێکەڵ بە خوێن و مێشکی یەکێتییەکان دەبێت، بۆیە ناتوانن بە ئاسانی لێی دووربکەونەوە، ئەزموونی ساڵانی رابردوو-ش ئەم راستییەی دووپاتکردووەتەوە، ئومێدەوارین  ئایندەش ھەر بە ھەمان شێوە بێت!

ئەمڕۆ (ی.ن.ک) سەرەڕای ئاڵۆزیی بارودۆخی ناوچەکە و عیراق و کوردستان لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە رۆڵی خۆی بینیووە و لە ھەندێک بواریش سەرکەوتنی بەدەستھێناوە و رۆڵیشی زیاتر بووە لە عیراق و ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم . ئەمەش وادەخوازێت وەکو مام جەلال وتەنی لەسەر چەپکەگوڵی سەرکەوتن خەومان لێنەکەوێت و پشتی لێبکەینەوە، چونکە ئەمرۆ ئەرکمان قورستربۆتەوە خەڵکیش چاوەڕوانی زیاتر و زیاترن و پێویستە دورشمی (ھێز لە یەکبووندایە) لەناو خۆمان و کوردستان و عیراقدا بەرجەستە بکەین، بە مەش رۆحی مام جەلال و سەرجەم شەھیدان شاد دەکەین...
سەرەڕای ھەڵەیەک لێرە و لادانێک لەوێ، دەتوانین بڵێین یەکێتیبوون شانازییە، چونکە دەبێتە خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و خاوەن دەیان داستانی عەسکەری و داھێنانی سیاسی و ھەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بە ھێز و پرشنگدار .
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

-ھەولێر پایتەختی کوردستانە، ھەڵبەت وەک ژیان و گوزەران بۆ خەڵکی بەشەرەفی ھەولێرە و ئەوان  خاوەنی شارن . ئەگەرچی بێ لە پایتەختبوونیشی، ھەولێر ھەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازنیش بوو و بووە.

کێ و لەکوێ لێی قەوماوە ھەوڵێر ئامێزی برایەتی و خزمایەتی بۆ کردۆتەوە.

-ھەولێر ھەروەھا چونکە پایتەختی وڵاتەکەشمانە مافی ھەموو خەڵکی کوردستانیشی بەسەرەوەیە.ھەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک  بتوانێ دیلان وتەنی (سەرەحەت دڵ بێ گرێ )کوێخایەتی تیا بکا و تەواو. ئەمە بچووکردنەوەی ھەولێرە و ھەق نییە پێی رازی بین .ئەمە لەگەڵ شانوشەوکەتی قەڵادا ناگونجێ. لەگەڵ کۆنینەیی ھەولێر و بەرینی شارەکە و ردێنی سپی مێژوویەکەی وێک نایەتەوە.  
-ھەوڵێر پایتەختی حوکمڕانی کوردستان و ناوەندی سیاسەت و ریئاسەت و شکۆی دەوڵەتدارییە.شایستە و شایانە رەسمی سیاسەتی رەسمی و بڕیاری بەروداویی کوردستان بەرامبەر بەغدا و بەرامبەر ئیقلیم و دونیا لەوێوە بدرێ و دەربچێ و  بچێتە واری کارییەوە.

-ھەوڵێر گەرەکە شوێنی بزووتنەوەی دیموکراتی و جولەی پەرلەمان و قسەی حوکمڕانیش بێت. ئەوی حەوسەڵەی کەمە و جیکڵدانی تەنگە ، ئەوەی لیاقەت و لەباقەت و قیافەتی ئەم ئەمانەتە مەزنەی  نییە  پێویست ناکات خۆی راپسکێنێ و خۆی سەغڵەت بکاو خۆی خۆی بکات. 

-ھەولێر ئێستا جامی شوشەیی باڵێۆزخانەکان و کورسی پەرلەمان و دیوانی وەزارەتەکانی تیا ھەس. بنەو بارەگای حزبەکانی لێیە و قەرارە لەچەند مانگی تریشدا کێرکێی ھەڵبژاردن بکا و خەڵک و کاندید خۆیانی تیابنوێنن.

ھەوڵێر کۆمسێۆنی تیایە و یەک حەمکە پاوەر و پارەی دیموکراتی تیا خەرج کراوە و سەدان وۆرک شۆپ و مەشقی و راھێنانی حوکمڕانی ھاوچەرخی بۆ خراوەتەگەڕ. خۆ ئەمە گاڵتە نییە و خۆ ئیشەڵلا ئەوانە بۆ سوعبەت نەکراون؟!

ئێ خۆ ئەگەر بابەتەکە (میھرەگان)ی گاڵتەجاڕی و (حەفلەی تەنەکوری)سیاسیش بێت،  لێگەرێن با دەقی سینارۆیەکە وەک خۆی نمایان بکرێت، لە جێی ئەوەی وەک( ئیختیارەکان)ی گەمەی  دامە ھەمووی تێکومەکان بدەن و داش و دامەو  دۆدۆشاو تێکەڵ بکەن.

-ھەوڵێر ھەر پایتەختی دیفاکتۆی ئێستا نییە، ھەولێر پایتەختی حوکمڕانی ئایندەشە،  پایتەختی پەرلەمانی داھاتوو و حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستانیشە.پەرلەمانتارەکان ، فراکسیۆنەکان لەوێ دەبن و جولەی گەرمو گوڕی سیاسەتی لەمەوداوی وڵاتەکەشمان ھەر لەوێ دەبێت.

-ھەوڵێر بەو دیرۆک و دێرینییەوە  کەڵەگەتە، بەم ئێستاییەوە قەڵایەکی  سەرفراز و بەسەبر و خۆڕاگرە، بەو ئایندەشی وا بەرێوەیە سەربەرز و شاد و خەندانە.

جا ئەوەی ئەم دیمەنە نابینێ تەئریخی ئەربیلی نەخوێندۆتەوە، ئیبن مستەوفی ناناسێ، بۆیە ئاساییە ئەوەش نەبینێ کە دەشێ و رێی تێدەچێ و لەوانەیە و گوێی ستەمکار کەڕ بێ ، بە دیموکراسیی و بە دەنگدان و  بە ھێزی نەرم کورد و کرمانجێکی دڵسۆز حوکمی ھەوڵێری داھاتوو بکا و  لە پایتەختی کوردستانەوە حوکمی ھەموو کوردستانیش بگەشێنێتەوە .

ئەمە نە کوفرە، نە عەیبە و نە عاجباتی .ئەمە  گەمەی دیموکراسیی و دەورانی مێژوو و ئازایەتی ھەوڵێرییەکان و کوردستانییان دوا قسەی تیا دەکەن.

فەرھەنگەکە گۆڕاوە ، قەناعەتەکە جلاوە، زەمانەش  رەسمی جارانی نەماوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
13ی ئاب رۆژی کەرکوکییەکان بوو، کە بە مەرسومێکی کۆماری و بە ئیمزای د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك کۆماری عێراق، پارێزگارێکی هەڵبژێردراو بە دەنگی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کەرکوك دانرا و کۆتایی بە دوو چیرۆکی دورودرێژ هێنا.

چیرۆکی دانانی پارێزگارێكی هەڵبژێردراو بۆ کەركوك لەدوای نزیکەی هەشت مانگ لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، یەکێك بوو لەو چیرۆکە درێژانەی کە پاش دانوستاندن و گفتوگۆی چڕوپڕ و بێنەوبەردەیەکی زۆر یەکلابۆوە و وەك چاوەڕوان دەکرا دوا پارێزگای (رێکنەخراو لە هەرێمێکدا) دەبێت، کە پرسی پارێزگارەکەی درەنگ یەکلابێتەوە، تەنها هۆکاریش سروشتی پێکهاتەی دانیشتوانەکەیەتی، کە دەتوانین بڵێین عێراقێکی بچوککراوەیە و لە هەموو پێکهاتەیەکی تێدایە.
چیرۆکی دووەمیش، کە کۆتاییهات و جارێکی تر ناگەڕێتەوە، کۆتاییهاتنی بونی پارێزگارێکی هەڵنەبژێردراوی بەوەکالەت بوو، کە بەدەر لە ویستی زۆرینەی کەرکوکییەکان دانرا و حەوت ساڵ درێژەی کێشا.

لەدوای ئەو دوو قۆناغە، ئیتر وێستگەیەکی نوێ هاتۆتەئاراوە و لاپەڕەیەك هەڵدراوەتەوە، کە خواستێك هەیە بە نیازی پاك، بیرۆکەی باش، دیدگای بونیاتنەر ئەو لاپەڕەیە پڕبکرێتەوە.

لەم لاپەڕە نوێیەدا، وەك ئەوەی سەرۆك کۆمار لە رۆژی ئیمزاکردنی مەرسومەکەدا بە رێبوار تەها پارێزگاری نوێی کەرکوکی وت، گرنگە کار لەسەر سێ خاڵی لەپێشینە بکرێت؛ پێکەوە کارکردن و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان، خزمەتکردنی کەرکوك و کەرکوکییەکان وەك یەك و بێ جیاوازی هەروەها بەتایبەتیش بەرەنگاری پەتای گەندەڵی و پەرەپێدانی ئاوەدانی و ئارامی و ئۆقرەیی.

بە سەرقاڵبونی پارێزگاری نوێ بەم دۆسیانە، بە جێبەجێکردنی کارنامەکەی و هێنانەدی بەڵێنەکانی کە لەم چوارچێوەیەدا دراون، چاوەڕێ دەکرێت کەرکوك بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی بونیادنانەوە و جوانکردن و ئاوەدانکردنەوە، تا ببێتە ئەو پارێزگایەی شایستەی خەڵکەکەیەتی، کە نەهامەتی زۆریان بەدەستی شۆڤێنی و سیاسەتە چەوتەکانی رژێمی لەناوچوی بەعسەوە چەشتووە و لە ململانێکانیشدا زیانیان بەرکەوتوە.

جا بەوپێیەی سەرۆکایەتی کۆمار کۆکەرەوەی هەموانە و وەک هەمیشە دەرگای بۆ عێراقییەکان، بە پێکهاتە فرەچەشنەکەیەوە، کردۆتەوە، پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکوکیش وەك خۆی دەڵێت؛ لە ئەگەری هەر گرفتێکی سیاسی و لێکتێنەگەیشتنی پێکهاتەکانی پارێزگاکە، ئەوا سەرۆکایەتی کۆمار دەکاتە مەرجەع و روو لە سەرۆك کۆمار دەکات بۆ کۆکردنەوەی هەموان و زاڵبون بەسەر کێشەکاندا.

بەڵێنەکەشی دوبارەکردەوە، کە پارێزگای کەرکوك دەکاتە مەڵبەندی پێکەوەژیان و کارکردنی دەستەجەمعی، درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال دەبێت و چەپکە گوڵەکەی پەیڕەو دەکات.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەگبەتی ھەندێ کورد لەوەدایە راست و چەپی خۆیان نازانن؛ گەورەترین نەگبەتی سیاسییەکانی ئێمەی کورد ئەوەیە, کە وانە لە مێژووەوە فێرنابن و وەھا بیردەکەنەوە کە دوژمنەکانی خۆیان پێباشترە لە براکانیان یان نمایندەی حزبێکی جیاواز فکر. ئەدەبیاتی سیاسی ئێمە ھەر یەک نەبوون و پەرتی و جەنگی براکان بووە.

لە کەرکوک سیاسەتی یەکێتیی سەرکەوت، فیلمەکەوابوو کوردێک بووە پارێزگاری ئەوشارە.

 سیاسەتی شۆڤێنییەتی عەرەب و وڵاتانی ھەرێمی و کەنداو شکستی خواردو دەست بەتاڵ گەڕانەوە.

خۆی لە خۆیدا ئەم ھەنگاوە سەرکەوتنی دیبلۆماسییەتی کورد دەردەخات؛ بە تایبەت بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی گەورەترین لیستی براوەی ھەڵبژاردنی ئەو شارە کە توانی یارییەکە لەبەسەرکەوتنی کورد کۆتایی پێبھێنێت. ئەو ھەنگاوە بۆ ھەمووکوردێک جێگەی خۆشحاڵییە.

بەڵام  بەداخەوە جیھەتێکی تری کورد دژی ئەو سەرکەوتنە وەستانەوە؛ عەرەبێکی توندڕەوی وەک راکان جبوریان پێباشترە لە کوردێکی ھەڵبژێردراو، کە نمایندەی کەرکوکییەکان دەکات. لە چەند رۆژی رابردوو دا میدیاکانی حزێکی سیاسی کوردی؛ بە پۆشاکی عەرەبییەوە پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوکیان وەک مەغدور دەردەخست کە ستەمی لێکراوەو دانانی پارێزگارە کوردەکەشی بە ناقانوونی دەزانی؟!

 وا دیارە ئێمە سەیرترین قەومین کە دژی یەکین و ھەرناشبینەیەک؛ حەوت ساڵی رەبەقە ئەو ھێزە کوردییە لەکەرکوک غیابە؛ راکان جبوری دژی کردنەوەی بارەگاکانیان بوو؛ دژی ئاڵای کوردستان بوو، کەچی ئێستا ھەرئەو ھێزە لەسەنگەری دژداشەی عروبەیدان کە زۆریان بە پرۆسەی تەعریب بوونەتە کەرکوکی.

“کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد ، نۆکەری بێگانەیە 
دوو دڵن ، پیسن لەگەڵ یەک ، بۆیە وا بێ لانەیە
میللەتێکن ، بۆ نەمانی یەکتر ھەر ھەوڵدەدەن 
داخەکەم ! ورد و درشتی شێت و شەیدای ئانەیە”

(بێکەس)

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ تاڵەبانی دووربین و واقعی بوو لە ئەزموونی سیاسی خۆیدا، بە سیاسەتێکی حەکیمانە و دووربین توانی گرێ کوێرەکان بکاتەوە و ئەنجام بەدەست بێنێت؛ کە بەجۆرێک سەرنجی خۆی لە سەر ئەنجام چڕ کردەوە نەک سیاسەتی ھاشو ھوشی سۆشیال میدیا. 
کەرکوک کە کلیلی چارەسەرکردنی مەسەلەی رەوای کوردە، بە ژیری خۆی توانی قودسی کوردستان بخاتەوە سەر ئەو رێچکەیەی کە کەرکوکیەکان ویستیان لەسەری بووە بۆ ئەوەی ھەریەکەو لایەک و چمکێکی لەگەڵ بەرزکەنەوە.

بافڵ تاڵەبانی ژیرانە بازی بەسەر پیلانگێڕییەکان دا، و ھاوبەشی بڕیاری بۆ کوردو نەتەوەجیاکانی کەرکوک گەڕاندەوە. 
سەلماندی لەسەر رێگەکەی باوکی ھەنگاو بۆ ئایندەیەکی باشتر دەنێت. 

ستراتیژی بافڵ تاڵەبانی لەکەرکوک ستراتیژی بەشداری ھەموو پێکھاتەکانە. 

کوردانە جاڕی سەرکەوتنی داو سەرکەوتنی دانانی پارێزگارێکی کوردی بەستەوە بە حیکمەتی سەرکەوتنی دۆزی رەوای کورد لەو شارە دیرۆکییە کە لەشەڕی شوناسنامەی خۆیدایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە لارێدا بردنی فاکت و ڕاستییەکان هیچ خزمەتێکی هیچ کەسێک ناکات، تەنانەت ئەو کەس و لایەنەش کە ملی ڕاستییەکان دەچەمێننەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی تەسک رایی بکەن  و خەرجی تەماعی زۆر دابین بکەن. 

لە دۆسێی ئێزدییەکان پێویست ناکات کەس پەلاماری ئاین و باوەڕەکانی خەڵک بدات بۆ ئەوەی خۆی و لایەنگرەکانی  لە بەرپرسیارێتی دونیایی و ئەمڕۆیی بدزێتەوە. باشترە کەمتەرخەم بناسێنن و پەراوی  دادپەروەرانەی بۆ بکەیمەوە . 
زۆر کەس پەلاماری خوا و پەیامبەرەکانی دەدات و شەڕی لابەلای مەزهەبی و ئاینی بەرپا دەکات  بۆ ئەوەی خۆی لە بابەتە ئەسڵییەکە بدزێتەوە. بابەتی ئەوەی هەندێک بەندەی لاساری خوا  کەمتەرخەم و کەم حەوسەڵە و کەم ئیدراک و کەم تەگبیر بوون لە ئەرکی پاراستن و پارێزگاری لە هاوڵاتیانی شەنگالدا . هەڵدانەوەی لاپەڕەی قەدیم و سیپارەی دڕاو و رەنگ زەرد بۆ  بەلارێدا بردنی فاکت و ڕاستی ئەمرۆیی ترسنۆکییەکە لە خاوەنی مەسەلە و مافی رەوا ناوەشێتەوە.

جەدەلی بێ بڕانەوە لای خەواجەکانی قژزەد و چاوشینن  جەدەلی بێزەنتی پێ دەگوترێ، لای خۆمانی لە قورئانی مەجیدا ئاماژەی ( وكان الانسان اكثر جدلا) هەیە، لەم زەمانەشدا لای هاوچەرخان (چەلەحانێی بێسوود) ناونیشانێتی.

داعش دوژمنی کورد و مرۆڤایەتییە و کەمتەرخەمەکانیش لەسەر زەوی و لە شوێنی دیاری کراون،  لە ئاسمان بە دوایا مەگەڕێن ، چونکە ئەمە کات بەفیڕۆ دانە و خۆ و خەڵک خەڵەتاندنە . ئوممەتی موحەمەدیش نەفرەت لە داعش دەکات کە رەسەنترین کوردەکان و مەزڵومترین مرۆڤەکانی کردە خۆراکی غەریزەی جەهل و جینۆسایدی ئێزدییەکانی بەرپا کرد. 

سەرەتای رێی ڕاستی خاوەندارێتی لە پرسە رەوکانی خۆت ئەوەیە ڕاست و چەپی خۆت بناسیت،  دۆست و نەیارت پۆلین بکەیت. دۆستەکانت زۆر و نەیارەکانت کەم بکەیتەوە. نەیارە بەرچاوەکەت گەمارۆ بدەیت. وا نەکەیت  بە لارێدا بردن کەیسەکە وێڵ دەکا و  کەمتەرخەمانیش لەو درزەوە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن.

حاڵی عەرزم بووی؟ یان شەرحی زیاتری گەرەکە؟

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەم دواییانەدا لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەکانی پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق گفتوگۆم ھەبووە، بیروبۆچوونمان لەسەر بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی داھاتوو ئاڵوگۆڕ کردووە. لە کاتی گفتوگۆکاندا ھەندێکیان گرنگییان بە گەشەسەندنی سەقامگیر و خێرای چین نیشان دا و لێیان دەپرسیم: وەک پارتێکی دەسەڵاتدار، پارتی کۆمۆنستی چین چۆن وڵاتێکی زەبەلاح بەڕێوەدەبات کە ژمارەی دانیشتووانی ١.٤ ملیار کەسە؟ وەک پارتێکی سیاسی گەورە، چۆن پارتی  کۆمۆنستی چین چارەسەری پرسی گرنگی خۆبەڕێوەبردن دەکات؟ ھەرچەندە ھەوڵم داوە ڕوونکردنەوە بدەم، بەڵام بەھۆی کەمی کاتەوە ڕەنگە بە شێوەیەکی ھەمەلایەنە و قووڵ وەڵامم نەدابێتەوە. بۆیە دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و ڕوونکردنەوەیەکی رێکوپێکتر و گشتگیرتر لەسەر ئەم بابەتە گرنگە پێشکەش بکەم، بەو ھیوایەی باشتر وەڵامی پرسیارەکانیان بدەمەوە.

تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، پارتی کۆمۆنستی چین زیاتر لە ٩٨ ملیۆن ئەندام و زیاتر لە ٥ ملیۆن ڕێکخراوی حزبی بنەڕەتی ھەبووە. دەکرێ بڵێین بەڕاستی گەورەترین پارتی سیاسییە لە جیھاندا لە ڕووی قەبارەوە. بۆ پارتێکی ئاوا گەورە، کە ماوەیەکی زۆرە لە پڕ دانیشتووترین وڵاتی جیھاندا دەسەڵاتدارە، نابێ سەختی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی پارتەکە بە کەم سەیر بکرێت.
ئەگەر سەیری پارتی کۆمۆنستی یەکێتی سۆڤیەت بکەین (کە پێشتر پێی دەگۆترا بەلشەفیک)، زەحمەت نییە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو پارتەی سەردەمانێک دەیان ملیۆن ئەندامی ھەبووە، بە دڵنیاییەوە پارتێکی گەورەی جیھانە. پێداچوونەوەیەکی کورت بە مێژووەکەیدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو پارتە کاتێک ٢٠٠ ھەزار ئەندامی ھەبوو، سەرکەوتووانە قەیسەری ڕووخاند و دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت؛ کاتێک ٢ ملیۆن ئەندامی ھەبوو، بەرگری لە دژی ھێرشی دڕندانەی سوپای ھیتلەر کرد و لە کۆتاییدا سەرکەوتنی جەنگی جیھانی دووەمی بەدەستھێنا؛ بەڵام کاتێک ژمارەی ئەندامەکانی گەیشتە نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس، لە مانگی ئابی ١٩٩١دا کودەتایەکی شکستخواردوو ڕوویدا و لە شەو و ڕۆژێکدا پارتەکە ڕووخا. ئەمە وانەیەکی قووڵە بە ھەموو مانایەک!

ئایا ئەو کێشانە چین کە ئەگەری سەرھەڵدانی ھەیە کاتێک پارتێکی گەورە بە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن ئەندامەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە حکومڕانیدا بێت؟

بە مانایەکی تر، ئەو سەختییە ناوازانە چین کە ڕووبەڕووی پارتێکی گەورە دەبێتەوە وەکو پارتی  کۆمۆنستی چین؟

لە بەرامبەر ئیغراکردن بە ھەموو جۆرەکانییەوە، چۆن ھەموو ئەندامانی پارت دەتوانن بە بەردەوامی ڕاستگۆ بن لەگەڵ خواستی ڕەسەنی پارتەکە و بەتوندی ئەرکی پارتەکە لەبەرچاو بگرن؟ بۆ مرۆڤ ئاسانە کارێکی باش بکات، ئەمەش پێویستی بە پەروەردە و ڕۆشنبیرکردنی حزبییە. بۆ پارتێکی سیاسی، بەتایبەتی پارتێکی گەورە کە ئەندامێتی وەھا زۆر بێت، زۆر قورسە ژمارەیەکی وا زۆر خەڵک والێبکات کە نموونەیی و بیروباوەڕی پتەو بپارێزن، وابکات کە ھەموو ئەندامان و کادیرانی پارت باوەڕیان بەوە ھەبێت کە ھەر سیاسەتێک یان بڕیارێک پێویستە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەل بێت نەک شتێکی تر. بەڵام لە ھەمان کاتدا چاودێری گشتی و بەدواداچوونی دیسپلین گرنگە. 

لە بەرامبەر ھەمەچەشنی بیروبۆچوون و تێڕوانین لە کۆمەڵگادا، چۆن بتوانین ھەموو ئەندامانی پارت لە قسە و کردارەکانیان یەکبخەین؟ ئەمە تاقیکردنەوەی توانای پارتێکی سیاسییە بۆ بەڕێوەبردنی خۆی. وەک پارتێکی زەبەلاح، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بەرەنگاریەدا زۆر قورسە. لەگەڵ گەشەکردنی قەبارەی پارتێکی سیاسی، ھاوکات لەگەڵ قوڵبوونەوەی چاکسازی و کرانەوە، بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ھەمەچەشن دەبن و بەدڵنیاییەوە  کاریگەری لەسەر ئەندام و کادیرانی پارت دەبێت. بەم ھۆیەوە لەوانەیە ھەندێک توێژی سیاسی یاخود گروپی بچووک لەناو پارتەکەدا سەرھەڵبدەن کە بەپێی ئارەزووی خۆیان مامەڵە بکەن و بەم شێوەیە دواتر کێشە دروست بکەن. 

لە بەرامبەر پرس و بەرەنگاریە بێکۆتاکاندا، چۆن بتوانین ھەمیشە توانای بەڕێوەبردنی بەھێز وکارامەیی ڕابەرایەتی بپارێزین؟ وەک پەندێکی چینی دەڵێت “لە کاتی نەبوونی کەرەستەی گونجاودا، ناتوانیت کارەکە ئەنجام بدەیت”. شەرعیەتی پارتی دەسەڵاتدار لە توانای بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی بەھێزی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بە ئەنجام گەیاندنی کارەکاندا سەرچاوە دەگرێت. گرنگی ئەم بابەتە ناتوانرێت زیادەگۆیی تێدا بکرێت. جیھان بە گۆڕانکاری قووڵ و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار کەمتەرخەم بێت و خۆی بە شێوازە کۆنەکانیەوە ببەستێتەوە، ئەوە زۆر مەترسیدار دەبێت و لەوانەیە مێژوو بیسڕێتەوە.
لە کاتێکدا ھەندێک لە ئەندامان و کادیران چێژ لە ژیانێکی خۆش و ئاسوودە وەردەگرن، چۆن بتوانین بەردەوامی بە ڕۆحی ماندووبوون و کارگێڕی بدەین؟ سکرتێری گشتی شی جینپینگ جارێک ئاماژەی بەوە کرد کە: “دوای دەیان ساڵ لە ڕەوشی ئاشتی لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا، ژمارەیەک لە ئەندامان و کادیرانی پارت لە کارەکانیاندا بژاردەی ژیان و مردنیان تاقینەکردۆتەوە،‌ ھەروەھا بە شەڕی قورس لە ژینگەیەکی سەختدا تێنەپەڕیون. بۆیە ئەوان بە ڕۆحێکی لاواز و وورەیەکی نزمەوە، ئارەزوویان بۆ ژیانێکی ئاسوودە دەڕوات، و بە ئاسانی لە بەرامبەر ھەندێک ململانێی گەورەدا تووشی شڵەژان و سەرلێشێوان دەبن”. 

لە بەرامبەر بارودۆخی باشی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، چۆن ھەمیشە بتوانین کێشەکانی خۆمان لە کاتی خۆیدا بدۆزینەوە و چارەسەریان بکەین؟ دانایەکانی چین جارێک وتیان “لە کاتی ئارامیدا ئامادەبە بۆ مەترسی.” و "ھەرکەسێک بەسەر ئەوانی تردا زاڵ بێت  ئەوە بەھێزە و ھەرکەسێک بەسەر خۆیدا زاڵ بێت ئەوە بەھێزترە." ئەم پەندانە مانای ئەوە دەگەیێنن کە پێویستە خۆمان بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بکەین بۆ ئەوەی نەبەزێنراو بین. بۆ ئەوەی بەڕاستی بەھێز بین، مەرج نییە بەسەر ئەوانەی تردا زاڵ بین، بەڵام پێویستە لە شکست دەربازبین و خۆڕاگربین. 

لە بەرامبەر گەندەڵی و ڕەوتە کۆمەڵایەتییە ناتەندروستەکانی دیکەدا، چۆن بتوانین یەکڕیزی سیاسی لەناو پارتدا بپارێزین؟ سکرتێری گشتی شی جینپینگ وتی " گەندەڵی شێرپەنجەی کۆمەڵگایە. ئەگەر ڕێگری لە گەندەڵی نەکەین یاخود لێبگەڕین زیاد بکات، ئەوا مانەوەی پارت و وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆ ئەوەی پارت بتوانێت بنەمای دەستپاکی بونیاد بنێت ھاوکات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، پێمان وایە ئەمە پەیوەندییەکی زۆری بە مانەوەی پارت و نیشتیمانەوە دەبێت. ھەروەھا ئەمە لە چەندین وانەی مێژوویی سەردەمی کۆن و مۆدێرنەوە ھاتووە چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە”. 

لە بەرامبەر ئەو کێشانەی کە لە سەرەوەدا ئاماژەیان پێکراوە، چۆن پارتی  کۆمۆنستی چین چارەسەریان دەکات؟
ئەگەر سەیری مێژووی سەد ساڵەی پارتی کۆمۆنستی چین بکەین، بۆچی پارتەکەمان دەتوانێت لە کێبڕکێی توندی نێوان ھێزە سیاسییە جیاوازەکاندا دەربکەوێت؟ بۆچی ھەمیشە دەتوانین لە پێشەنگی سەردەمدا بمێنینەوە و ببینە بڕبڕەی پشتی گەل و نەتەوەی چین؟ یەکێک لە ھۆکارە گرنگەکان ئەوەیە کە پارتەکەمان ھەمیشە پابەندە بە ڕاستییەوە، بەردەوام ھەڵەکان ڕاست دەکاتەوە، ئازایانە ڕووبەڕووی بەرەنگاریەکان دەبێتەوە،‌ بوێرانە بەھای خۆی نوێدەکاتەوە و توانایەکی زۆر بەھێزی ھەیە بۆ خۆ چاککردنەوە. پارتی کۆمۆنستی چین ھەندێک شێوازی کاریگەری بۆ جێبەجێکردن گرتۆتەبەر.

پێویستە ھەمیشە بەرژەوەندی گەل بخەینە پلەی یەکەم و پێش ھەموو شتێکەوە. گەڕان بەدوای خۆشبەختی بۆ گەلی چین و گەشبوونەوە بۆ میللەت، مەبەست و ئەرکی بنەڕەتی پارتی کۆمۆنستی چینە، کە بەرژەوەندی تایبەت بۆ خۆی تێیدا نییە. مارکس و ئەنگڵس جارێک لە لێدوانێکی کۆمۆنستدا وتیان: "ھەموو بزووتنەوە مێژووییەکانی پێشوو بزووتنەوەی کەمینەکان بوون، یاخود لە بەرژەوەندی کەمینەکاندا بوون. بزووتنەوەی پرۆلیتاری بریتییە لە بزووتنەوەیەکی ھۆشیار و سەربەخۆ بۆ ڕەھای زۆرینە، بۆ بەرژەوەندی ڕەھای زۆرینە." پارتی ئێمە پارتێکی چەکدارە بە مارکسیزم. ھەمیشە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ڕەھای زۆرینەی گەلی چینی کردووە و ھەرگیز ھیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆی نەبووە. ھەموو شتێک بۆ گەلە. وەک سکرتێری گشتی شی جینپینگ وتی " ئاواتی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر ئەوەیە کە ئێمە ھەوڵی بۆ دەدەین." 

پاراستنی ئاستێکی بەرزی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ھزری ئایدیۆلۆجیا لەناو پارتدا زۆر گرنگە. یەکگرتوویی ھێزە و کلیلی سەرکەوتنە. ھێزی پارتیش بەھەمان شێوە لە توانای ڕێکخستنی بەھێزەوە سەرچاوە دەگرێت. بە ھەوڵدان بۆ باشترکردنی چالاکییە سیاسییە ڕێکخراوەکانی ناو پارت، پەروەردەی ھزری ئایدیۆلۆجیای کاریگەر، بەردەوام چاککردنی سیستەمی ھێڵکاری و ڕێساکانی پارت، چەسپاندی دیموکراسی تەواو لەناو پارت، دەتوانین پارتەکە "وەک خێزانێکی ھاوسەنگ، یەکگرتوو بکەین، و وەک پۆڵایەکی پتەو، بەھێز بکەین". پێویستە ھەموو ئەندامان  بە توندی پشتگیری لە دەسەڵاتی کۆمیتەی ناوەندی پارت بکەن، بە تەواوی ڕێنماییەکانی کۆمیتە جێبەجێ بکەن و ھەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە ھاوبەشەکان. لەناو پارتدا، بە ھیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە کۆمەڵە، بازنەی بچووک یاخود باند ھەبێت، و نابێت ڕێگە بە ھیچ ڕەفتارێک بدرێت کە ببێتە ھۆی تێکدانی یەکڕیزی و کۆکردنەوەی ھێز و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان. 

پێویستە بەردەوام تواناسازیی پارت بەھێز بکەین، تواناکانی حوکمڕانی و سەرکردایەتیی پارت بەرز بکەینەوە. پارتی کۆمۆنستی چین ھەمیشە پابەند بووە بە چەمکی بونیادنانی پارتێک کە ئارەزووی فێربوونی ھەبێت. ئەمەش مەرجی بەرز دەخاتە سەر ئەستۆی سەرکردەکانی پارت لە ھەموو ئاستەکاندا. ھەرچەندە سەرقاڵی کارن، بەڵام پێویستە کات بۆ خوێندن و فێربوونی زانیاری نوێ تەرخان بکەن بۆ ئەوەی شیکاریی بیردۆزییان بەرەوپێش ببەن، و ئەوەی فێریبوونە لە شوێنی کاردا جێبەجێی بکەن. لە ھەمان کاتدا نابێت شوێن بۆ ئەو کەسانە ھەبێت کە بێسوودن یاخود وەک ھەڵھاتوو دەردەکەون و لە ھیچ شتێکدا باش نین.

ئێمە ھەمیشە دۆخێکی دەروونی باش دەپارێزین بۆ ئەنجامدانی ھەر کارێک بە ھەستێکی بەھێزی بەرپرسیارێتی. دەستپێکردنی ھەر کارێک قورسە، بەڵام بەردەوامبوون لەو کارە قورسترە.  تێکۆشان و سەرکەوتنی وڵات ئاسان نییە، بەڵام بەرگریکردن ڵێی و پاراستنی قورسترە. بە درێژایی مێژوو، ھەر نەتەوە و وڵاتێک بە کاری قورس و خۆ باشترکردن و ھەوڵی جددی گەورە بووە و گەشەی کردووە، لە کاتێکدا ھەمیشە لە ناوچوون و پاشەکشە لە زیادەڕەوی وکەمتەرخەمی و لەڕێلادانەوە سەرچاوە دەگرێت. کار کرداری خۆشگوزەرانی بۆ میللەت دەھێنێت و قسەی ناڕاست دەیخاتە مەترسییەوە. پارتی کۆمۆنستی چین پابەندە بە ڕێبازێکی سیستماتیکی لە بەڕێوەبردنی چەندین پەیوەندی لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان ئابووری و کۆمەڵگا، حکومەت و بازاڕ، کارایی و دادپەروەری، جووڵەگەری و ڕێکوپێکی، و گەشەپێدان و ئاسایش. ھەروەھا پێویستە بەشێوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی ھەرێمەکان، لە نێوان پارێزگا پێشکەوتووەکانی کەنارە دەریایەکان و پارێزگا کەم گەشەسەندووەکان، و لە نێوان پلاندانانی ستراتیژی پیشەسازییەکان و گەشەپێدانی ھەرێمی ڕێکخراودا بکەیت. 

ئەرکی گرنگی سەرکردە باڵاکان ئەوەیە کە خودی خۆیان خاوەنی ڕەوشت و بەھای شۆڕشگیریبن بۆ ئەوەی ببنە نموونەیەک بن بۆ ئەندامانی تری پارتەکە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢دا "٨ یاسا"ی بەناوبانگ لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی  کۆمۆنستی چین پەسەندکرا بە ئامانجی پێشخستنی شێوازی کارکردن وچارەسەرکردنی پرسە سەختەکان وەک فۆرمالیزمی و بیرۆکراسی. لەو کاتەوە ئەرکی سەرکردایەتی پارتەکە بووە ئەرکێکی گرنگ و درێژخایەن، لە نیشاندانی ئیرادەیەکی بەھێز بۆ وەرگرتنی ڕابەرایەتی لە پێشکەشکردنی نموونەکان. بە درککردن بەوەی کە ئەمە شەڕێکی سەخت و درێژخایەنە، پارت نەک تەنھا جەخت لەسەر بەھێزکردنی ئاڕاستەی ھزری ئایدیۆلۆجیایی دەکات، بەڵکو جەخت لەسەر ڕێساکانی ڕەفتار و لێپرسینەوەی ڕێکوپێکی دەکاتەوە. ھەندێک لە دۆسیە باڵاکانی گەندەڵی دادگایی و ئاشکرا کراون. دوای دە ساڵ لە ھەوڵدان، توانیمان کۆتایی بە ھەندێک پرسی چەسپاو بھێنین کە ساڵانێکی زۆرە بنبڕ نەکرابوون، و توانیمان خەڵک زیاتر ڕازی و دڵخۆش و دڵنیاتر بکەین. 

ھەرگیز لێبوردە نابین لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کارە نایاساییەکانی دیکەی ناو پارتەکە. ھەرکەسێک پێشێلی ڕێساکانی پارت و یاسا نیشتمانییەکان بکات، بەبێ گوێدان بە پۆستەکەی، بەپێی پێویست لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێت. لە دوای ١٨ەمین کۆنگرەی نیشتمانی پارتی کۆمۆنستی چینەوە، زیاتر لە ٥٠٠ کادیر لەسەر ئاستی وەزاری یان سەرووتر دادگایی کراون و زیاتر لە ١٥%یان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندین. لیژنەکانی پشکنینی ڕێکوپێکی لەسەر ئاستی ناوەندی و ناوخۆیی نەک تەنھا لێکۆڵینەوە لە کەیسە باڵاکان دەکەن، بەڵکو لە بنەڕەتەوە ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە. لەھەمان کاتدا، ھەموو بەشەکان و دامەزراوەکان ھەر پێنج ساڵ جارێک پشکنینی سیاسییان بۆ دەکرێت کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت کێشەکان دەستنیشان بکرێن و بەو پێیە چارەسەرکردن پەیڕەو بکرێت. 

پارتەکەمان ساڵانە چالاکیی پەروەردەیی چڕ ئەنجام دەدات بە مەبەستی یەکخستنی تێگەیشتنی ھزری ئایدیۆلۆجیای ھەر ئەندامێک، و باشترکردنی یاسا و ڕێسا ناوخۆییەکانی پارت، و کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات لەناو قەوارەیەکی دامەزراوەیی. ئەمساڵ تیشک دەخەینە سەر رێکوپێکی بەرنامەی فێربوون و پەروەردەکردن لەناو پارت، کە بۆ ماوەی ٤ مانگ بەردەوام دەبێت. پێویستە ھەموو ئەندامانی پارت ڕێسای تازە ھەموارکراوی پارتی کۆمۆنستی چین سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی تەمێکردن بخوێننەوە. مەبەست لێی بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری ھەموو ئەندامانی پارتەکەیە بۆ پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکان.  

چارەسەری ئەو بەرەنگاریە ناوازانەی کە پارتێکی گەورە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ناتوانرێت لە شەو و ڕۆژێکدا بدۆزرێنەوە و بەدەست بھێنرێن، و پێویستیان بە گەڕانێکی سەخت و درێژخایەن ھەیە. لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٤٥ دامەزرێنەری کۆمەڵەی دیموکراتی چینی بەڕێز ھوانگ یانپێی سەردانی ماو زێتۆنگی کرد لە ئەشکەوتەکەی لە یانان. ھوانگ ھیوای خواست کە ئەو حکومەتە نوێیەی کە لەلایەن پارتی  کۆمۆنستی چینەوە دادەمەزرێت، سووڕی مێژوویی ڕژێمە کۆنەکان بشکێنێت کە "بەھەمان ئەو خێراییەی کە تێیدا سەریھەڵداوە بەشێوەیەکی کتوپڕ کەوتۆتە خوارەوە". ماو لە وەڵامدا وتی، "ئێمە ڕێگایەکی نوێمان دۆزیوەتەوە بۆ ڕزگاربوون لەو سووڕە. تا خەڵک توانای سەرپەرشتیکردنی حکومەتیان ھەبێت، ناوێرین ھەوڵەکانمان خاو بکەینەوە." ئێستا پارتەکەمان وەڵامی دووەمی بۆ ئەم پرسیارە دۆزییەوە، ئەویش خو و نەریتی شۆڕشگێرییە. 

جیھان پێی ناوەتە دەیەی سێیەمی سەدەی بیست و یەک، لەگەڵ بەردەوامی گەشەسەندنی جیھانگیری، ھەموو وڵاتێک ڕووبەڕووی چەندین جۆری بەرەنگاری دەبێتەوە. ئێستا لە ھەوڵی گەشبوونەوەی نەتەوەیی بە ڕێگا ناوازەکەی بەرەو نوێخوازی لە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە، چین ھەمیشە پابەند بووە بە بنەمای فرە جەمسەری جیھانی و دیموکراتیکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. پارتی کۆمۆنستی چین ئامادەیە گفتوگۆی دۆستانە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەی جیھان بکات، لەنێوانیاندا عێراق، بەجۆرێک کە ئاڵوگۆڕ و ھەماھەنگی بەرەوپێش ببەین، ئەزموونەکانمان لە حوکمڕانی پارت و وڵات ھاوبەش بکەین، لەڕووی شارستانییەتەکانەوە لەیەکتر فێربین، تواناکانی سەرکردایەتی و حوکمڕانی باشتر بکەین، پێکەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێزگرتنی یەکتر، پشتگیری یەکتر و یارمەتیدانی یەکتر بۆ سەرکەوتن کاربکەین. بە ئەنجامدانی ھەموو ئەمانە بەیەکەوە، ھیوادارین کۆمەڵگایەکی جیھانی خاوەن داھاتوویەکی ھاوبەش بۆ مرۆڤایەتی بونیاد بنێین.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...11