"ھەژارترین پارێزگا لە عیراقدا" تایتڵ و رستەیەک نییە ھەروا بە ئاسانی بێتە بەر گوێ و بە چاو بخوێنرێتەوە و تێپەڕێت، بەڵکو دەبێت ھەڵوەستەیەک بکرێت و وەک تاوانێکی ئابوری و مرۆڤایەتی تەماشای بکرێت. بەڵێ تاوان! چونکە ناکرێت لە وڵاتێکی وەک عیراق دەوڵەمەند بەسەرچاوەی سروشتی، خاوەن یەدەگێکی ١٠٠ ملیار دۆلاری، ١٥٠ تۆن زێڕ، پارێزگایەکی ھەبێت نیوەی دانیشتوانەکەی لەخوار ھێڵی ھەژاریەوە بن.
 
ھەژاری و چەرمەسەری دانیشتوانی پارێزگای موسەننا لە باشوری عیراق، بۆتە جێی سەرنج و پرسیار؛ بۆچی ئەوەندە ھەژارە؟ بۆچی دوای ٢١ ساڵ لە عیراقی دوای دیکتاتۆری و نەمانی گەمارۆی ئابوری، ھێشتا ئەو پارێزگایەی باشوری وڵاتەکە ناسنامەی ھەژارترینی پێبدرێت؟، لە دوو دەیەی رابردودا داھاتی نەوتی عێراق زیاتر لە ١.٥ تریلیۆن دۆلاربوە، بۆچی موسەننا لەبیری دەسەڵاتدا نەبوە؟ کێ بەرپرسە؟ تەنھا حکومەتی عیراق یاخود حکومەتە خۆجێیەکانی؟ سروشت غەدریلێکردوەو ھیچ سەرچاوەیەکی نییە خۆبژێوی بکات و چاو لەدەست و چاوەڕێی داھاتی ناوەند نەبێت؟.
 
موسەننا لەرابردودا؛ خاوەن شارستانێتییەکی دێرینی وەک سۆمەری بوە، کە رۆڵێکی گەورە و کاریگەری لە دیرۆکی دێریندا ھەبوە، شاری وەرکای ئاوەدان کردۆتەوە کە پێنج ھەزار ساڵ پێش زایین لە باکوری خۆرھەڵاتی ناوەندی پارێزگاکە بونیادنراوە و چالاکی کشتوکاڵی تێدا کراوە.
ئەمرۆش کشتوکاڵ بەڕێژەیەکی کەم (یەکێک لە کەرتە گرنگەکانی رەخساندنی ھەلیکار لە ئابوری)، چیمەنتۆ، نەوت، خوێ و خورما و مەڕوماڵات لە پارێزگاکەدا ھەیە،  ئەگەرچی بەرھەمی زۆر نییە، بەڵام بەو مانایە نا کە خاوەنی سەرچاوەی سروشتی و سامانی خۆی نەبێت، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی کەمە و بە گوێرەی  سەرژمێرییەکانی رابردو بێت تەنھا لە سەروو ٨٠٠ ھەزار کەسی تێدا دەژین، دوای پارێزگای ئەنباریش، دووەم گەورەترین پارێزگای وڵاتە لەڕوی جوگرافییەوە، واتە ١٢%ی روبەری عیراق، بەڵام ٨٥%ی خاکەکەی بیابانە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێشتری رۆژنامەی (گریق الشعب)، دانیشتوانی موسەننا ھەژارترینن لە عیراقدا، کە بۆ ئەمەش پشتی بە ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بەستوە و گوایە لە عێراق ١٠ ملیۆن کەس لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن، کە موسەننا بە تەنھا ٥٢%ی خەڵکەکەی لە ژێر ئەو ھێڵەدان و ژیان و گوزەرانیان زەحمەت و قورسە، بە پێوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی پارێزگاکە داھاتی رۆژانەیان کەمتر لە ٢ ھەزار و ٥٠٠ دیناری عیراقییە.
 
خەڵکی موسەننا پەنایان بۆ ھەموو لایەنێک بردوە بۆئەوەی بە ھانایانەوە بچن، یارمەتیدەریان بن و لەو رەوشە ناھەموارە رزگاریان بکەن، ھەرچەندە بەڵێنی زۆریان پێدراوە، بەڵام وەک خۆیان بۆ رۆژنامەکە قسەیان کردوە، تەنھا قسەی بێ کرداریان گوێ لێبووە و کارێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە.
 
ئەم زانیارییە پوختە بۆ تێگەیشتنە لە واقیعی پارێزگایەک لە باشوری عیراق، کە سەرەڕای زەبەلاحی بودجەی وڵات و داھاتی فرۆشی نەوت، بەڵام نیوەی زیاتری دانیشتوانەکەی لەوپەڕی نەھامەتیدا دەژین و لە رابردودا نە حکومەتە خۆجێیەکان و نە حکومەتی عیراقیش نەیانتوانیوە لە ئاستی چاوەڕوانی و خواستیاندا بن و لە ھەژاری رزگاریان بکەن.
 
ئێستا لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتی نوێی خۆجێی موسەننادا، ئومێدێک ھەیە بۆ کارکردن بە پلانێکی نوێ و بە ویستێکی جیاوازترەوە، ئەوەش وایکرد خودی د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار بچێتە پارێزگاکە و بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و پسپۆڕان و ئەکادیمیست و جەماوەرێکی بەرفراوان  کۆببێتەوە و لە نزیکەوە بزانێت بۆچی ٢١ ساڵە ھیچ بۆ ئەو پارێزگایە نەکراوە؟ بۆچی گەشەی ئابوری و سەقامگیری و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانی نەگەیشتۆتە ئەو پارێزگایە؟ بۆیە ھەم پێشنیاری خستەڕو، ھەم سکاڵا و پێشنیار و دەردەدڵیی خەڵکەکەی وەرگرت و بڕیارە کاری لەسەر بکات.
سەرۆک کۆمار لەبەردەم جەماوەرێکی بەرفراواندا وتی؛ ناتوانین ئەو ئاڵنگاریانە پشتگوێبخەین، کە لەبەردەم ئەم پارێزگا ئازیزەدایە. بۆ ئێمە جێگای داخ و بە ئازارە ئەم پارێزگایە ھەندێکجار لە سەرووی لیستی ھەژارترین پارێزگاکانەوە بێت، دەبێت ھەموومان کاربکەین بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە.
 
ئەو سەردانە دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئایندەی پارێزگاکە و ئاوڕلێدانەوەی جدی. بەتایبەت، کە لەگەڵ بونی سامانی سروشتی، پارێزگا ناوچەی گەشتیاریی "ساوە"ی لێیە، کە دەریاچەیەکی سەرنجڕاکێشی ھەیە، بەڵام بەھۆی پشتگوێخستنەوە پێویستی بە وەبەرھێنانێکی گەورەیە تا ببێتە ناوچەیەکی حەوانەوە لەو بیابانە وشکەدا.
 
ئەوەی گوزەر بە پارێزگاکانی باشوری عیراقدا نەکات، ئاستی بێ خزمەتگوزاری و دواکەوتنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خراپی رەوشی ژیان ھەست پێناکات، کە ئەوەش وایکردوە ھەمیشە دەنگی ناڕەزایی بەرزبێت و داواکاری بۆ ژیانێکی باشتر و شایستە ببێتە پرسێکی رۆژانە. ئەم رەوشەی وڵاتیش بە گشتی لەکاتێکدایە، کە داھاتێکی زەبەلاحی فرۆشتنی نەوتی ھەیە و بۆ نمونە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتە ١١٥ ملیار دۆلار.