دنیای سیاسی سەرۆک مام جەلال ھەموو چرکەیەکی دەھێنێت لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەیت، مام جەلال کارەکتەرێکی حاکیم و دانای ئەم گەلە بوو، ئازاو لێوەشاوەو لەخۆبردوبوو، کوردەواری دەڵێ: قسەی قوت نەداوەتەوە، لە جێگەو شوێن و کاتی خۆی قسەی خۆی کردووە؛ کە بەرامبەری شۆک کردووە و واقی وڕماندووە. 

لەسەروەختی گفتوگۆکانی بەرەی کوردستانی و حکومەتی بەعس؛ لە دوای راپەرینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١ و تێکچوونی گفتوگۆکان بەھۆی ملوڕی و لەخۆبایی بوونی حیزبی بەعس و غروری سەدام.

حکومەتی عێراق ھەوڵیدەدا، تەواوی شکستھێنانی گفتوگۆکان بخاتە ئەستۆی سەرۆک مام جەلال، و یەکێتیی کە ھەژموونی بەسەر تەواوی ھەرێمی کوردستان ھەبوو، راگەیاندنی حیزبی بەعس ھەڵمەتێکی گەورەی دژی یەکێتی و خودی سەرۆک مام جەلال دەستپێکرد. زۆر بە خراپی دەستیان کرد بە پڕوپاگەندە دژی سەرۆک مام جەلال.

 (عودەی) کورە گەورەی سەدام ووتبووی: من تێناگەم باوکم (سەدام حسین) بۆ ئەوەندە میھرەبان و لێبوردەیە بەرانبەر (جلال تاڵەبانی) سەرەڕای سیاسەتی دژبەری جلال تاڵەبانی بۆ عێراق؛ بەڵام (عودەی) ئەوەی بیرچوبووە کە سەدام ھەموو کات بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ عێراقییەکان دەردەکرد؛ جگە لە مام جەلال. 

ھەمووکات سەدام، مام جلال-ی بەدەر دەکرد لە لێخۆشبوونی گشتی. دەیووت: جلال تاڵەبانی جارێکی تر لەئاوی دیجلە ناخواتەوە.
(عودەی) دەڵێ: کاتێک پرسیارم لە نەنکم کرد (دایکی سەدام) پێیووتم: کوڕم کاتێک کەسێک چاکە لەگەڵ باوکت دەکات، سەدامی باوکت چاکەکەی بیرناچێتەوە، چونکە کاتێک خێزانەکەمان لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەربەدەرکران و وەدەرنرا لەزێدی خۆیان؛ پەنایان بۆ تاڵەبانییەکان برد؛ لە کوردستان و پارێزگارییان لێکرا لە لایەن ئەوانەوە.

 تاوەکو کۆتایی بەنەھامەتییەکانمان ھات ئەوان ئێمەیان داڵدەداو لە کوشتن ئێمەیان پاراست.

 جێی و رێیان بۆ دابینکردین و خزمەتیانکردین، بەوجۆرە سەدام چاکەی چاکەکارانی لەبیرناچێت.

سەرۆک مام جەلال، ئەم وتانەی عودەی سەروژێرکردو کە دژی نوسی بووی، سودی لەقسەکانی نەنکی وەرگرت؛ بۆ خزمەتی کوردستان و کوردستانیبوونی شاری کەرکوک و ووتی: ھەمموان دەزانن؛ باوباپیرانم تاڵەبانییەکان لەکەرکوک بوون.

کاتێکیش خێزانی سەدام پەنایان بۆ باوباپیرانم لەکوردستان برد؛ وەک عودەی کوڕی سەدام دەیگێرێتەوە، ئەوان رۆیشتن و پەنایان بۆ کەرکوک لە کوردستان برد. 

مام جەلال بەمجۆرە دانپێدانانی عودەی و دایکی سەدامی وەرگرت کە کەرکوک شارێکی کوردستانییە. 

سەرۆک مام جەلال ھەمیشە ئەو دیوو دێڕەکانی بەڕۆشنی دەبینی، دەربڕینی قوڵبوو رەگی لە ناخی مێژوو دەچەقی. 

مام جەلال وابوو، گرنگیدەدا بەھەموو گفتووگۆیەک لە دیالۆگدا ھەمیشە واقعی بوو کەسێکی داناو لێوەشاوەبوو، ھەروەھا گوێگرێکی باشی پەیامی نەیارانی بوو.