نەگبەتی ھەندێ کورد لەوەدایە راست و چەپی خۆیان نازانن؛ گەورەترین نەگبەتی سیاسییەکانی ئێمەی کورد ئەوەیە, کە وانە لە مێژووەوە فێرنابن و وەھا بیردەکەنەوە کە دوژمنەکانی خۆیان پێباشترە لە براکانیان یان نمایندەی حزبێکی جیاواز فکر. ئەدەبیاتی سیاسی ئێمە ھەر یەک نەبوون و پەرتی و جەنگی براکان بووە.

لە کەرکوک سیاسەتی یەکێتیی سەرکەوت، فیلمەکەوابوو کوردێک بووە پارێزگاری ئەوشارە.

 سیاسەتی شۆڤێنییەتی عەرەب و وڵاتانی ھەرێمی و کەنداو شکستی خواردو دەست بەتاڵ گەڕانەوە.

خۆی لە خۆیدا ئەم ھەنگاوە سەرکەوتنی دیبلۆماسییەتی کورد دەردەخات؛ بە تایبەت بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی گەورەترین لیستی براوەی ھەڵبژاردنی ئەو شارە کە توانی یارییەکە لەبەسەرکەوتنی کورد کۆتایی پێبھێنێت. ئەو ھەنگاوە بۆ ھەمووکوردێک جێگەی خۆشحاڵییە.

بەڵام  بەداخەوە جیھەتێکی تری کورد دژی ئەو سەرکەوتنە وەستانەوە؛ عەرەبێکی توندڕەوی وەک راکان جبوریان پێباشترە لە کوردێکی ھەڵبژێردراو، کە نمایندەی کەرکوکییەکان دەکات. لە چەند رۆژی رابردوو دا میدیاکانی حزێکی سیاسی کوردی؛ بە پۆشاکی عەرەبییەوە پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوکیان وەک مەغدور دەردەخست کە ستەمی لێکراوەو دانانی پارێزگارە کوردەکەشی بە ناقانوونی دەزانی؟!

 وا دیارە ئێمە سەیرترین قەومین کە دژی یەکین و ھەرناشبینەیەک؛ حەوت ساڵی رەبەقە ئەو ھێزە کوردییە لەکەرکوک غیابە؛ راکان جبوری دژی کردنەوەی بارەگاکانیان بوو؛ دژی ئاڵای کوردستان بوو، کەچی ئێستا ھەرئەو ھێزە لەسەنگەری دژداشەی عروبەیدان کە زۆریان بە پرۆسەی تەعریب بوونەتە کەرکوکی.

“کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد ، نۆکەری بێگانەیە 
دوو دڵن ، پیسن لەگەڵ یەک ، بۆیە وا بێ لانەیە
میللەتێکن ، بۆ نەمانی یەکتر ھەر ھەوڵدەدەن 
داخەکەم ! ورد و درشتی شێت و شەیدای ئانەیە”

(بێکەس)