کاتێک حیزبێک لە فرەمینبەرییەوە دەچێتەوە ناو سیستەمێکی ڕێکخراوەوە

کاتێک حیزبێک دیوارێکی پۆڵایین دادەنێت بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی و خۆی ڕێک دەخاتەوە و لە تۆز و غوباری گرووپچێتی خۆی دەتەکێنێت و شارچێتی و موڵک و ماڵی خۆی کۆ دەکاتەوە، لە دڕکی نەیارەکانی بژاری گوڵەگەنمی دۆستەکانی دەکات، بێگومان ئاستەنگی دێتە ڕێ. 

بێگومان ھەورازی دێتە پێش و توشی ھێرشی ناڕەوای سۆشیال میدیا و کەناڵە جیاجیاکانی ڕکابەرەکانی دەبێتەوە. ئاخر ئەوە جەستەی چەند ساڵەی یەکێتی خۆیەتی توشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بووە، کاتێکیش چارەسەر وەردەگرێ، بێگومان ئازاری ھەر دەبێت.

یەکێتی دەبوو زووتریش خۆی ڕێک بخستایەتەوە، پێشتر خۆی ئامادە بکردایە بۆ ئەم نەشتەرگەرییە. گەرچی کاتەکەی لەبەر زۆر ھۆکار درەنگ کەوت، بەڵام بە دەسپێکێکی زۆر چاک دەستی پێکرد. تا یەکێتی خۆی زیاتر ڕێک دەخاتەوە، بێگومان جگە لە خودی حیزبەکە حکوومەتیش کاراتر دەبێت و ھاووڵاتییانیش قازانج دەکەن، تا یەکێتی زیاتر خۆی کۆ بکاتەوە، پرۆسەی سیاسی و ململانێی مەدەنی و دیموکراسی گیان دەکاتەوە بە بەر خۆیدا و ئومێدی گۆڕانکاری دەخزێتە ناو دڵ و دەروونی ھاوڵاتییان بەبێ جیاوازی. تا یەکێتی ئامادەتر بێت بۆ سیاسەتکردن، حورمەتی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەزگا دەوڵەتییانەی کە موڵکی گشتین و بوون بە دیوەخان و حەوشەی پشتەوەی دامەزراوەی بەناو ڕاگەیاندنی کەسایەتی و ھێزی دیاریکراو.

یەکێتی ڕێگای دا ئۆپۆزیسیۆن لە ھەناوی خۆیەوە لە دایک بێت، پاش ئەویش ھێزی تری ئۆپۆزیسیۆنی بەدوادا ھات، بەڵام کەسیان نەیانتوانی خاوەندارێتیی ئەم ناوچە زیندووە بکەن.
ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە یەکێتی ببێتەوە بە خاوەنی ھەموو خواستەکانی خەڵکو ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت.

یەکێتی چۆن لە شاخ، حیزبی ھەستانەوەی پاش نوشست و ڕووناکیی شەوی تار بوو، لە شاریش حیزبی خوێندەوار و گەنج و ململانێی مەدەنی بوو، حیزبی قەبوڵکردنی ئۆپۆزیسیۆن و حیزبی ھەستانەوەی ڕۆحی سیاسەت و حیزبی خۆڕێکخستنەوەی پاش لەدەستدانی سکرتێرەکەی بوو. لە دنیای سیاسەتدا کەم جار ھەڵدەکەوێ ھێزێکی سیاسی ئەوەندە لێھاتوویی ھەستانەوەی ھەبێ. کارەساتی ھەکاریی بەسەردا بێت و نەڕووخێ، نیوەی جەستەی لێ بێتەوە و نەمرێ، سکرتێرە کاریزماکەی کۆچی دوایی بکات و نەکەوێ. ئەم قەدەرە مێژووییە تەنیا لە توانای یەکێتیدایە.

ئەم حیزبە ئێستا سەری ناوە بە پەنجەرەی ڕوانینێکی تازەوە بۆ سیاسەتکردن. خۆی ڕێک دەخاتەوە و خۆی نوێ دەکاتەوە، ئەوەتا کەرکووکی لە قوڕگی شێر دەرھێنایەوە، گرەوی شەنگال و مەخمووری لەسەر مێزی سیاسەت بردەوە.

ئەم مانگە سەرەتای گەشانەوەیەتی، تینوی بەخشینەوەی ڕووناکیی زیاترە، خوێنی دەماری ئۆرگانەکانی قوڵپ دەدەن بۆ سەرکەوتنی زیاتر و سنگیان ناوە بە دەرگای ھەڵبژاردنەوە بۆ ئەوەی مێژوویەکی تازە تۆمار بکەن. تاوەکوو چیرۆکی حیزبی شەھیدان بکەن بە داینەمۆی حیزبی خزمەت و کۆمەڵانی خەڵک بە بێ جیاوازی.

لێناگەڕێین چارەنووسی خەڵک بکەوێتە چنگی قەدەری نادیارەوە، خۆمان بەدەستی خۆمان قەدەر بۆ خەڵکی خۆمان دیاری دەکەین.