وتار

‎ڕوانینێکی شەرعیانە بۆ هەڵبژاردن و دەنگدانی
‎ئەنجومەنی پارێزگاکان"بەتایبەتی کەرکوک "

‎هەڵبژاردنەکان بە گرنگترین ڕێگەی گەیشتن بە کارتێکردن و چاککردنی کۆمەڵگەکان لەقەڵەم دەدرێن، بۆیە بەلای هەندێک لە زانایانەوە نەک هەر قەدەغە (حەرام) نیە بەڵکو پێویستە (واجبە) هەمووان بەشداریی تێدابکەن
‎دەنگدان مافێکە پێویستە هەمومان پەیڕەوی بکەین ..

‎هیچ ناشەرعیەک لە هەڵبژاردندا نیە و مافێکە خوای گەورە بە هەموو مرۆڤێکی بەخشیوە کە مرۆڤەکان ئازادانە ویست و ویژدان و هێز و ئیرادەی خۆیان پیادە بکەن ، بنەمای هەڵبژاردن و دیاریکردنی کەسی هەڵبژێرراو لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا  ئەمانەت و هێز و توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی یە، لە قورئانی پیرۆزدا  و تایبەت لە  بەسەرهاتی کچەکەی شوعەیب " سەلامی خوای لەسەر بێت" سیما و ئاکارە دیار و پێویستەکانی دەسەڵاتداری دەستنیشانکردوە کە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت : {  إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الْأَمِينُ  }(القصص،26)
‎هێز واتە دەسەڵات و توانا، واتە  لەخۆگرتنی بەرپرسیاریەتی ، ئەمانەت واتە: دڵسۆز بوون ،ویژدانێکی زیندوو کە لێپرسینەوەت لەگەڵ بکات و ڕێگە نەدات کەمتەرخەم بیت، هەڵبژاردنەکان هەموو چارەنوسسازن بەو پێیەی هێڵە گشتیەکان و شێوە و شێوازی ژیان و گوزەران دەکەوێتە ئەستۆ و کاری ئەو کەسە هەڵبژێرراوانە ، بەم پێودانگە  دەنگدان جگە لە ماف دەبێتە ئەرکێک و پێویست دەکات هەمووان دەنگ بدەین و هەر بەو تێگەیشتنەش هەڵبژاردنی کەسانێک کە ئەو سیمایانەیان هەبێت ئەرکی سەرشانی هەموان دەبێت و هەڵبژاردنی کەسانی بێهێز و ناشارەزا و نائەمین شایەتیدانێکی ناهەقە و ناپاکیە لە ئەمانەت و بەرپرسیاریەتی .

‎لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دەدرێت و لەو چەند پارێزگایەش کە بوونی کوردیان هەیە پێویستە ئەو کوردانەی کە مافی دەنگدانیان لە ئەو  شوێنانە هەیە دەنگ بە کەسانی هاونەتەوە و هاوزمانی خۆیان بدەن، چونکە بەرژەوەندیی ئێمەی کورد  لە هەژمونی کورد لە ئەو جێگایانە هەیە (من باب جلب المصالح و درء المفاسد)  و زۆر پێویستە کەسە بەهێز و بە  توانا و شارەزا و دڵسۆزەکان هەڵبژێدررێن ، لە هەمووشوێنەکانیش گرنگتر  هەڵبژاردنە لە شاری بەزۆر دابڕاوی کەرکوک ، کە بەهەموو پێوەرە ئاینی نیشیمانیەکان پێویست دەکات هەموان دەنگ بدەن هەم بۆ گێڕانەوەی مافێکی خوراوی کورد کە خاوەندارێتی شاری کەرکوکە بۆ باوەشی کوردستان و هەم هەڵبژاردنی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری شاری کەرکوکە کە بەهێزن و دەتوانن ڕووبەڕووی نەیارانی کورد ڕاوەستن و مافەکانی کورد لە شارەکەی خۆیان دابین بکەن.

‎بە هەموو پێودانگەکان شادکردنی ڕۆحی خوالێخۆشبوو سیمبوڵی پارێزگاری لە کوردستانیەتی کەرکوک و ڕابەری ڕابونی کوردایەتی مام جەلال  کە بەدەنگی بڵند و سەربەرزانە کوردستانیەتی کەرکوکی بە هەموو جیهان بە شێوەیەکی گشتی و جیهانی ئیسلامی و مەیدانی عیراقی بەتایبەت لە مەجلیسی حوکم ڕایگەیاند بەوە شاد دەبێت کە هەموان دەنگ بەو لیست و کەسایەتیە بدەن کە شەڕی مان و نەمان لەسەر کەرکوک دەکات و ئێستا لە کەرکوک بەهێزترینە و بونی جەماوەری هەیە و ئەمڕۆ چاونەترسانە لەناو شەقام و گەڕەکەکانی شاری کەرکوکدا بەدەنگی بڵند هاوار دەکات و دوێنێش لە پێناوی دورخستنەوەی شەڕ لە کەرکوک و وێران نەبوونی شارەکە قوربانیدا ڕێک وەک ئەو دایکەی لە پێناوی سەلامەتی ڕۆڵەکەیدا قوربانی دا  وەک لە تەفسیری قورئانی پیرۆز و لە فەرمودەکەی پێغەمبەری ئیسلام "درودی خودای لەسەربێت" هاتووە : دوو ئافرەت لە گەڵ دوو کۆرپەیان بوون گورگێک یەک لە ڕۆڵەکانی ڕفاند و ئەمیان گوتی ڕۆڵەکەی تۆ بوو گورگ ڕفاندی و ئەویان گوتی نەخێر ئەوەی تۆ بوو  کێشەکەیان بردە پێش داود "سەلامی خودای لەسەر " و ئەویش حوکمەکەی ڕێک و ڕاست دەرنەچوو و بڕیاریدا ئەوەی ماوەتەوە ڕۆڵەی ئەوەیانە کە گورگەکە ڕفاندبووی ، بەڵام کە سولەیمانی کوڕی داود " سەلامی خودا لەسەر هەردووکیان " بەمەی زانی گوتی ئێستا من دەزانم ڕۆڵەی ڕاستەقینەی کام دایکەیە بەوەی کە کامەیان زیاتر جگەری بۆی دەسوتێت ،  هەردووکیانی بانگ کرد و گوتی چەقۆیەکم بۆ بێنن دەیکەم بە دوو کەرتەوە هەرکەرتێکی بۆ یەکێکتان،! لێرەدا دایکە درۆزنەکە ئامادەبوو و بەلایەوە ئاسایی بوو مردن و لەناوچونی  کوڕەکە چونکە ڕۆڵەی خۆی نەبوو و تەنها ئیدیعای دەکرد بەڵام دایکە ڕاستەقینەکە و دڵسۆزەکە  قوربانیداو و هاواری کرد نا نەکەی با لای ئەو بێت بەمەرجێک ڕۆڵەکەم نەمرێت، لێرەدا سولەیمان وردتر بوو لە داودی باوکی لە ئەم قەزاوەتەدا " سەلامی خودا لەسەر هەردوکیان بێت" و ڕۆڵەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکە دڵسۆز و ڕاستەقینەکەی کە ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک قوربانی بدات .

‎دڵنیابن کەرکوک ڕۆڵەی ئێمەیە و قوربانیمان لە پێناویدا داوە و هەر دەگەڕێتەوە بۆ لای دایکە دڵسۆز و ڕاستەقینەکەی .
‎دەست لە دەست و هێز و هاوکاری و بەهاناوەهاتنی گەلی ستەمدیدەی کورد لەلایەن خودا .
‎خودایە لیستە بەهێز و دڵسۆزەکەی کەرکوک سەربخەیت .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

((نەھێشتنی دەسەڵاتی خۆسەپێن و سەرکەوتنێکی مێژوویی))

سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە شاری کەرکوکە و لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکە سەرقاڵی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەیە و لە نزیکەوە دۆخی شاری کەرکوک دەبینێت و گوێ لە بۆچوون و پێشنیار و داواکارییەکانی ھاوڵاتیانی شارەکە دەگرێت. ھەروەک پشتگیری لە سەرخستنی ھاوپەیمانی (ھێز و ئیرادەمانە) و بەھێزترکردنی سەنگەری نیشتمانی دەکات و پەیامێکی دیرۆکی بۆ کەرکوکیەکان دەبێت و لەبەردەم دەیان ھەزار ھاوڵاتی شارەکە دەڵێت ئێوە بە تەنیا نین و پێشتر رامانگەیاندووە کە کەرکوک ھێڵی سورە و شاری پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتە رەسەنەکانی شارەکەیە، ئەمڕۆش سوربوونی خۆمان لەسەر ھەمان رێباز دووپات دەکەینەوە و پێتان دەڵێین ئێوە و شارەکەتان بەجێ ناھێڵین و گشتمان کەرکوکین و بەیەکەوە سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار دەکەین. لە ھەمان پەیامدا دەڵێت ئێمە لە کەرکوک رکابەری ھیچ لایەنێکی کوردستانی ناکەین و ھەوڵێکی زۆرماندا بۆ ئەوەی بەیەکەوە ھەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە یەک لیست بەرپرسیارێتییەکی گرنگی مێژوویی و نیشتمانی بیخەینە سەرشانی خۆمان و لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا و لەڕێی سندوقەکانی دەنگدانەوە گفتەکانی خۆمان بە کردار جێبەجێ بکەین و کەرکوک و کەرکوکییەکان لەم دۆخە نائاساییە (ئیداری، ئەمنی، خزمەتگوزاری)یەی کە تێیکەوتوون دەربازیان بکەین، بۆ ئەو مەبەستە بەبێ مەرج چەندین جار دەستی ئاشتی و ھەماھەنگی و تەباییمان درێژ کردووە و سەردانی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانمان کردووە.

بەداخەوە وەکو پێویست بە پیر پەیامی ئێمەوە نەھاتوون. بۆیە ئێمە وەکو ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە بە پشتیوانی جەماوەری نیشتمانپەروەری کەرکوک ئەو ئەرکەمان خستۆتە سەرشانی خۆمان و بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە سەرقاڵی بەھێزترکردنی سەنگەری کوردایەتین و ئەو پێشوازییە گەرم و فراوانەی جەماوەری کەرکوکیش لە سیاسەتی راست و دروستی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک دڵمان خۆش دەکات کە چاوەڕوانی سەرکەوتنێکی گەورە بین و وەک ھەمیشە بە شێوازی دەنگدان جارێکی دیکە ناسنامە راستەقینەکەی شارەکە بپارێزین.

لەلایەکی دیکەوە ئەم سەردانەی ھەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ کەرکوک و کۆبووەنەوە لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی شارەکە بەڵگەیەکی بەھێز دەبێت کە جیاوازییەکانی نێوان سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان دەخاتە روو. جیاوازییەکە لەوەدایە کە یەکێتی لە ھیچ کات و سەردەم و دۆخێک دا لە کەرکوک و کەرکوکیەکان دانەبڕاوە و درێژە بە ھەمان رێباز دەدات کە سەرۆک (مام جەلال) لە شارەکە پەیڕەوی دەکرد. جیاوازییەکی دیکە ئەوەیە کە سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی لە دورەوە، لە (سلێمانی، ھەولێر، دھۆک، ھەڵەبجە)وە پەیام بۆ کەرکوک و کەرکوکیەکان نانێرێن، بەڵکو سەرکردەکانی یەکێتی لەگەڵ کەرکوکیەکان دانەبڕاون و لەگەڵ ئێش و ئازاری ئەواندا دەژین و بەیەکەوە زامی کەرکوک سارێژ دەکەن و لەناو ئاپۆرای جەماوەری شارەکە بە دەنگی دلێر دەڵێن کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە. ھەروەک دەڵێن ئێمە لە دورەوە پەیام بۆ کەرکوک نانێرین، بەڵکو لە کەرکوکەوە لەگەڵ کەرکوکییەکان  پەیام بۆ ھەموو لایەنێک بڵاودەکەینەوە وپێیان دەڵێین لەم ھەڵبژاردنەدا ئیرادەی پێکەوەژیان و سەقامگیری و نەھێشتنی جیاکاری و چەسپاندنی مەبدەئی شەراکەت و کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و فەراھەمکردنی ئیدارەیەکی خزمەتگوزار سەردەکەوێت. 

ئێمە بە پشتیوانی جەماوەری نیشتمانپەروەری کەرکوک، بە بێ ئەوەی گوێ بدەینە ئەو پەیامە خەوش و نابەرپرسیارانەی کە لە دورەوە بڵاو دەکرێنەوە بۆ مەرامی ساردکردنەوەی دەنگدەری کەرکوک قۆڵمان لێھەڵماڵیوە تاوەکو لە رۆژی ١٨/١٢/٢٠٢٣ بتوانین بە بەدەستھێنانی زۆرترین دەنگ و زۆرترین کورسی کەرکوک سەر بخەین، سەرکەوتنی ئێمە دەبێتە سەرکەوتنی ھەموو گەلی کوردستان. ھەروەھا دەبێتە سەرکەوتنی ھەموو پێکھاتەکانی کەرکوکە چونکە لەڕێی ئیدارەیەکی نوێ و پارێزگارێکی کوردەوە بە بێ جیاوازی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و تەبایی و پێکەوەژیان بۆ ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی شارەکە درێژ دەکەین و بەیەکیشەوە دەڵێین گشتمان کەرکوکین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەبازگە سەرەکییەکەی رێگای چەمچەماڵ - قەرەھەنجیر تا دەگەیە ناو کەرکوک و دیارە لە ھەندێ جادەی سەرەکی و دەروازەی تری روو لە ناو شارەکەش ، دیواربەند و ێنە ھەڵواسراون. وێنەکان تێکەڵن و روخساری جوان و ئەدگاری مرۆڤی کورد و چیرۆکەکانی، بە شێوەی راگوزەریش بن ،دەگێڕنەوە.

بۆ رێبوارێک دەموچاوەکان نەناسێتەوە زەحمەتە لە دیتنی یەکەمەوە جیایان بکاتەوە.ئەگەر دیقەت نەدات .

دیواربەندە سەرەکییەکان  ھی ژمارەیەک شەھیدن کە ژێر وێنەکان ناویان و تاریفیان دەردەخات. خۆیەتی ! شەھیدەکانمانن  کە لەنەبەردی بەرەنگاری تیرۆر و داعش و لەنەبەردی تری داکۆکی لە خاکی کوردستان گیانیان بەخت کردووە.رەنگ و دیمەنی جوانی ئەمانە وەک پیشانگایەکی دائیمی سەرشەقام چیرۆکی قوربانی حزبەکەی شۆڕشی نوێ، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، باس دەکەن ، رابردووی دوور و نزیکی سەروەرین  کە مرۆڤ دەخەنە  سەر کەڵکەڵەی شانازی حزبی . ھیچ عەیب نییە گوایە بە ناوی خراپی حزبایەتی تەسک و ئەم لێکدانەوە بێ مانایانەوە شەرمی لێ بکەیت. حزبی تر ئەم تۆمارەی نییە بۆیە دەخوازێ تۆش  دیلیتی بکەیت و خۆت بێ یادەوەری بھێڵیتەوە . 

لەناو ئەم باخچە ھەڵواسراوەی شەھیدەکان وێنەی تازەی تریش تێکەڵاو بوون. ئەمانە  وێنەی کاندیدەکانمانن لە ھەڵبژاردنی کەرکوک  کە بە شەوق و شورەوە داوای رەوایان ھەیە. داوای دەنگ و متمانەمان لێ دەکەن.داوای ئەوەمان لێ دەکەن ھێز و ئیرادەمان  بخەینە سەر یەک و دەنگ بە لیستی "ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە" بدەین 

ئەم تابلۆیانە ئایندەی ئێمەن و زنجیری  بێ پسانەوەی رەوتێکن لە جولانەوەی دیموکراتی کوردستان کە مەدرەسەکەی مام جەلال    ئاوایکردووە. مەدرەسەکە وایە کە ئەگەر خەباتی سەخت  خوێنی ویست درێغی نەکرێ و کە رێگەش کراوە و تەخت بوو بە مەرەکەب و پەنجەمۆر و دەنگدان و سرودی حەماسی و ئاھەنگسازی ، سڵمەکەنەوە . بێ سێودوو لێی بچنە پێش و ھەر خۆتان و خۆمان پاڵەوانی ئەم چانسە کەمانەی کرانەوە و ھەلی دیموکراتی لە رۆژھەڵاتی ستەم بن.

تابلۆی شەھیدەکانمان گوزارشتن لە رابردووی دوور و نزیکی تێکۆشان و تابلۆی گەشبینی کاندیدەکانیشمان گوزارشتن لە دوارۆژی خوازراو. لە ھەندێ گوزەری چڕدا تێکەڵ دەبن و لێک جیانابنەوە . وەک تێکەڵی رابردوو و دوارۆژ کە ئێستامان لە چەقی دووڕیانیدا وەستاوە .

ئەمە کورتە داستانی بان و سەروی داستانەکانە. ماباقی   گێڕانەوەکان سەرپێی و راگوزەرن . وەک گۆرانی شاعیر گوتوییە: (بەیانی رۆژھەڵات سوار ئەبم، جێی دەھێڵم )

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێشتا لە کوردستان بەتەواوی ئاسەواری بەعارەبکردن نەسڕاوەتەوە، کەچی دیاردەیەکی مەترسیدار تر سەریهەڵداوە. دەڵێم مەترسیدارتر، چونکە ئەوەی ئێستا دەکرێ بەدەست و خواستی خۆمانە. 

ئێمە ڕۆژانە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ریکلامە بازرگانییە سەرمادارییەکان دەبینین و هەر ڕۆژە و ناوێکی نوێی بیانی بەسەر گەڕەکێک یان ئاوایەکی نوێدا دەسەپێندرێ! ئەو ناوە نوێیانە نەک هەر بە مێژوو و کلتوری نیشتیمانی ئێمە نامۆن، بگرە هەندێکیان بە ئاسانی هەر لەبەر ناکرێن و گۆکردنیشیان زەحمەتە.

بێگومان، بنیاتنانی شار و گوند و ئاوایی نوێ مایەی خۆشحاڵی و ستایشە، بەڵام کاتێک ناوی بەشێک لەو ئاواییە نوێیانە دەبیسین شۆک دەبین  و سەرمان سوڕدەمێنێ. لەوەش خراتر مێش میوانی دەسەڵات نییە و بگرە هاندەریشە. 

مخابن تا ئێستا نەمزانیوە شارەوانییەک، ئەکادیمیای کوردی، دەزگایەکی ڕۆشنبیری لەبەرامبەر ئەو دیارە نامۆ و مۆدێلە پشت شکێنە بەدەنگ هاتبێ. شار کراوەتە سیتی و گوند کراوەتە فیلیج و ئاواییەکان بەناوی ئیتالی و ئەمریکی و ئیسپانی و ئینگلیزی و تەرەماش دەکرێن!

ئەرێ گەلۆ ئەوە دەمامکدانی ڕوویی گەشی نیشتیمان نییە؟

کورد دەڵێ: ئاو و ئاوەدانی، ئاواییش ئەو شوێنەیە کە مرۆڤی لێ نیشتەجێیە، کەچی هەروا بەسوک و ئاسانی دەستبەرداری ئەو چەمکە مێژووییە کوردەوارییەی خۆمان دەبن و دێن هەندێ ناوی نارەسەن هەڵدەبژێرن و دەیسەپێنن.

لەم یەک دوو رۆژە ریکلامێکم بینی بۆ ئاواییەک دەکرا( بۆ نموونە) بەناوی تولیپ! ئایا بۆچی تولیپ؟ لە کاتێکدا تولیپ جۆرێکە لە شلێر و مێلاقی خۆمان. ئایا ئەو ئاواییە بەناوی شلێر یان مێلاق کرابایە جوانتر و رەسەنتر نەبوو؟ 

بە کوردی دەگوتری ئاوایی... ژاراوە، مەمکاوە، ئاشاوە، بەرزاوە ئەوانە و دەیان ناوی تری سەرتاسەری کوردستان، کەچی بەداخەوە خەریکە شار و ئاواییەکانمان لە جیاتی تەعریب تەغریب دەکرێن!

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەم زنجیرە نووسینە بیرەوەریی ژیانی کاک عیماد ئەحمەد نییە، ئەگەرچی ئەویش وەک تێکۆشەرێکی دێرین ھەقی خۆیەتی بیرەوەری و بەسەرھاتەکانی ژیانی خۆی بنووسێتەوە، ئەم کتێبە شتێکی جیاوازە. ھەم چەند وێستگەیەکی بەسەرھاتەکانی خانەقین و کوردستان و عیراقە بە تامی کۆمەڵە و یەکێتی، ھەمیش بەسەرکردنەوە و وەفادارییە بەرامبەر ھاوخەبات و ھاوڕێ و دۆستەکانی لەم کاروانە دوورودرێژەی تێکۆشاندا لە دەورانی گەشەی چۆنایەتیی کوردایەتی لە خانەقی بۆ خامۆشیی ساتەوەختی ھەرەس تا تێھەڵچوونەوەی ئەڵقە خەباتگێڕییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بۆ شۆڕشی نوێ لە کوردستان تا بەغدای شانۆی فیگەرەکانی ھەڵۆی سوور، کە خانەقین لەو ناوەڕاستەدا ھەر رووباری ئەڵوەن و پردی پەیوەندیی نێوان پایتەختی کەینوبەینەکانی سیاسەتی بەغدا و پایتەختی سەرھەڵدانەوەی شۆڕش نییە، بەڵکو شارەکە خۆشی کێلێکی بەرزی خۆڕاگری و کارخانەیەکی  بەرھەمھێنانی کارەکتەر و پاڵەوانی ئەم داستانە مەزنەیە.

کاک عیماد لە چیرۆکی ئەم وێستگانەدا بەگشتی  رۆڵە سەرەکییەکانی داوەتە رەفیقەکانی و کەمترینیشی بە خۆی رەوا نەبینیوە؛ ئەمەش نھێنیی جوانی ‌نووسینەکان و بەھای گێڕانەوەکانییەتی. خاکەڕایی و لەخۆبردوویی گێڕانەوە مانای ئەوە ناگەیەنێ ھەڤاڵ کاک عیماد ستوونێکی تۆکمەی ئەم تەلارە بەرزەی یەکێتی و کۆمەڵە نەبێت لە خانەقی بۆ بەغدا و بۆ سەرتاسەری جوگرافیای ناوچە ئازادکراوەکانی خەباتی چەکداری و ھەرێمی ئەزموونی حوکمڕانیی کوردستان لەدوای راپەڕینی ١٩٩١.

نووسەری ئەم زنجیرە نووسینە خزمەتێکی بەرچاوی تریشی کردووە: ھەر گێڕانەوەی یادەوەری لەسەر بەسەرھات و وێستگەکان و ھاوسەنگەرەکانی نییە، بەڵکو شێوازی نووسینەوەی بێ گرێ ‌و گوڵ و ھەمەڕەنگی بابەتەکانی، تایبەتمەندییەکی رۆژنامەوانیشی پێداوە.

کاک عیماد زیاتر سیاسییەکی کرداری و تێکۆشەرێکی کۆڕی مەیدانییە، بەڵام ھاوتەریبـی ئەم مەیدانی بوونە، ھەمیشە نووسین و ستوون و ھەڵوێستی لە سەکۆی رۆژنامەکاندا دیتراوە. کاتی خۆی ھەفتانە و دوای سەرقاڵیی زیاتریشی ناوەناوە لەسەر پەڕەی رۆژنامە کوردییەکانی وەک "کوردستانی نوێ" و ھی ‌تریش، ھەمیشە لە تەنیشت میدیا و رۆژنامەوانییەوە راوەستاوە. ھاوڕێیەتی و ھاموشۆی بێ خۆسەپاندنی لەگەڵ ناوەندی رۆشنبیری و رۆژنامەوانیدا، کردوویەتی بە دۆستێکی روح سووک و میوانێکی پێ و قەدەم خۆشی سەکۆکانی میدیای کوردستانی. لەم دەروازەیەوە بەندە زۆرم پێخۆشبوو کاک عیماد ئەم نووسینانە بکاتە کتێب و لەپاڵ ھەمەچەشنی و فرەیی وێستگەکانی "یەکێتیی بابەت"یشیان تیا زەق بکاتەوە. ھەر ئەڵقەیەکم لێ خوێندبێتەوە ئەم داوایەم دووپاتکردۆتەوە. بۆ ئەوەی وەک پێویستییەکی گشتیی نووسینەوەی مێژووی یەکێتی بیخەمە بەرچاوی، نموونەی چەند کتێب و سەرچاوەیەکم لەبەردەست بوو. یەکێتیی بابەت و یەک ‌ریتمی لەم نووسینانەدا دەریدەخات کاک عیماد زۆر پێویستی بە ھاندانی من نەبوو، چونکە بابەتەکان خۆی ماکی کتێبیان تیا بوو، کارێکی خاسیشی کرد کە ئێستا بۆتە ئەم بەرھەمە ناوازەیە.

ئەمەی گێڕامەوە لەسەر ماجەرای کتێبەکە بوو، دەنا چەند ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەم قەت ناگاتە ئەوی مامۆستا جەعفەر نووسیویەتی و پەسنی ناوەڕۆکی بەپێزی داوە.

 دەستخۆشی لە برای خۆشەویست و خەباتگێڕی بەھیممەتی یەکێتی و کوردستان کاک عیماد ئەحمەد دەکەین و خەرمان بەرەکەت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرلەوەی ٢٠/٥/٢٠١٣ کە لەلایەن ئەنجومەنی ئەوسای سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە رۆژی ٢١/١١ وەک رۆژی شەھیدانی یەکێتی پەسەند بکرێت، پرسی گەڵاڵەکردنی رێسایەکی تایبەت بە رۆژی شەھیدان لە ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و دەزگای شەھیدان و مەکتەبی رێکخستن تاوتوێکرا و کۆدەنگیەک لەسەر دیاریکردنی رۆژێک بۆ شەھیدانی یەکێتی ھەبوو، دواجار لە ئەنجومەنی ناوەندی رەشنووسی رێسایەک پێشکەش بە مەکتەبی سیاسی کرا.

ھۆکاری سەرەکی بۆ دیاریکردنی رۆژی شەھیدانیەکێتێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەرکی جێبەجێکردنی مەراسیمی تایبەت و شایستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ (٢٦) ھەزار شەھیدی نەمر لەلایەن ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی یەکێتییەوە ئاسان نەبوو، چونکە رۆژانە لە دێھات، شارۆچکە، شارە جیاوازەکان چەندین مەراسیمی تایبەت بە یادی شەھیدان ئەنجام دەدران. ھەندێ مەراسیم بەپێی نزیکی جوگرافی لە ئۆرگانە باڵاکان وەکو مەکتەبی سیاسی، یان ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکران، ھەندێ مەراسیمی دیکە بەھۆی دوری سنوری جوگرافی لە ئۆرگانی باڵا، لەلایەن ئۆرگانەکانی خوارەوە دەکران وەکو مەڵبەند و کۆمیتەکان.

ھەندێ جاریش بەبێ ئاگاداری ئۆرگانە حزبییە کان، مەراسیمی یادی ھەندێ شەھیدی نەمر  تەنھا لەلایەن کەس و کاری شەھیدانەوە سازدەکران، ئەمەش رەخنەو گازندەی بەدوای خۆیدا دەھێنا و پرسیاری ئەوە دروست دەبوو، بۆچی ھەندێ مەراسیم لەسەر ئاستی باڵا و ھەندێ مەراسیمی دیکە لەسەر ئاستی خوارەوە و ھەندێ مەراسیمی تریش لەلایەن کەس و کاری شەھیدانەوە ئەنجامدەدرێن؟ لەلایەکی دیکەوە، روماڵکردنی مەراسیمەکان لەلایەن راگەیاندنی (ی.ن.ک) وە رەخنەی لێدەگیرا، چونکە لە توانای راگەیاندنەکەدا نەبوو کە بتوانێت ھەموو مەراسیمەکان راستەوخۆ پەخش بکات، ھۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەگەر (٢٦) ھەزار دابەشی رۆژەکانی ساڵ بکەین، دەبوایە رۆژانە مەراسیم بۆ یادی زیاتر لە (٧٠) شەھیدی نەمر بکرێت.

ھەندێجار راپۆرتێک لەسەر مەراسیمەکە بڵاودەکرایەوە، ھەندێ جاریش تەنھا بە ھەواڵێک باس لە یادەکە دەکرا، جاری واش ھەبوو کە بەھۆی زۆری یادەکان و نەبوونی ھەماھەنگی پێویست لەنێوان ئۆرگانە حزبییەکان و راگەیاندن و نەبوونی تیمی پێویست ھەموو مەراسیمەکان روماڵ نەدەکران، ئەمەش دیسانەوە نیگەرانی کەس و کاری شەھیدانی لێ دەکەوتەوە یان نیگەرانی مەڵبەند و کۆمیتەکانی ئەو سنورەی لێ دەکەوتەوە و پرسیاری ئەوەیان دەکرد، بۆچی بۆ ھەندێ مەراسیم بەرپرسە باڵاکان بەشداری تیادا دەکەن، بۆ ھەندێکی دیکە لە ئاستی پلە خوار بەشداری دەکەن؟ بۆچی ھەندێ مەراسیم راستەوخۆ پەخش دەکرێت، ھەندێ مەراسیم تەنھا راپۆرتێک یان ھەواڵێک لەسەری بڵاودەکرێتەوە؟ لەبەر ئەم ھۆکارانە و ھەندێ ھۆکاری دیکە، بیر لەوەکرایەوە کە رۆژێکی تایبەت بە یادی ھەموو شەھیدانی (ی.ن.ک) دیاری بکرێت بۆ ئەوەی ھەموو خانەوادە سەربەرزەکانی شەھیدان ھەست بە یەکسانی بکەن و بە بێ جیاوازی ئۆرگان و پلە و سنوری جوگرافی بەشداری لە مەراسیمی یادکردنەوەی کەس و کاری خۆیاندا بکەن و ھەموو ئۆرگانەکان و ھەڤاڵانی یەکێتیش لەو رۆژەدا بەبێ جیاوازی ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵێنی وەفاداری بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەرببڕن.

ئەگەرنا ھەموو رۆژێکی ساڵ بۆ یەکێتییەکان ھەر رۆژی شەھیدانە، چونکە ھیچ رۆژێک تێپەڕ نابێت، کە لەو رۆژەدا ھەڤاڵێک یان چەندین ھەڤاڵ، ھەندێ رۆژیش دەیان ھەڤاڵی نەمر، بە گیانی خۆیان شاباشی رزگاری یان نەدابێت.

ھیچ گوندێک، شاخێک، لوتکەیەک، ئەشکەوتێک، پێدەشتی گەرمیان و کوێستانێکی ئەم وڵاتە نییە قارەمانە نەمرەکانی یەکێتی پەیامی شەھیدستانیان پێنەگەیاندبێت.

ھیچ گەرەک و شەقام و کۆڵانێکی شارەکانی ئەم وڵاتە نەماوە قارەمانەکانی یەکێتی دەیانجار بە خوێنی خۆیان ئاویان نەدابێت.
ھیچ زیندانێکی سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو نەمابوو نیشتمانپەروەرەکانی یەکێتی لەبەردەم پەتی سێدارە پەیامی (کەم ژیان و کەڵ ژیان) یان بە گوێچکەی جەلادەکانی ئەو سەردەمە نەگەیاندبێت.

بۆیە ھەموو رۆژێکی ساڵا بۆ یەکێتییەکان و بۆ گەلەکەمان رۆژی شەھیدانە.

رۆژی ٢١/١١ یش رۆژی دەربڕینی وەفاو بەڵێن تازەکردنەوەیە بۆ گیانی پاکی شەھیدان کە درێژە بە رێبازە پیرۆزەکەیان بدەین.
٢٠/١١/٢٠٢٣

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەورەشار یان مێترۆپۆلیس ( Metroplis) ناوێکە کە بۆ شارە گەورە و پڕ دانیشتووەکان بە کار دێت. گەورە شارەکان لە شارێکی ناوەندی و چەند شاری بچووکتری دەوەرووبەریان پێک ھاتوون. گەورە شارەکان گرینگی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و کلتووری زۆریان ھەیە و وەکوو ناوچەی گرینگی بازرگانی ھەر وڵاتێک ھەژمار دەکرێن، ھەروەھا گەورە شارەکان ناوەندی وەرزشی، کلتووری، فێرکاری و گەشتیاری زۆریان تێدایە و بەو ھۆیەشەوە میوان و گەشتیار لە زۆری شار و وڵاتانی تر ڕووی لێ دەکەن .


شاری کەلار لەئێستادا شارێکی گەورەیە لە ھەرێمی کوردستان جوگرافیای شارەکە لەسەر کەناری ڕووباری سیروان ھەڵکەوتووە، شارێکی نوێی یە، تا سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو گوزارشت بوو لە دێیەک بەناوی کەلاری کۆن کە ئێستا یەکێکە لەگەڕەکانی شارەکە، ھەرچەندە لەسەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردو مەرکەزی ناحیەی قەڵای شێروانە بووە،شاری کەلار، کە سەنتەری قەزای کەلارە و ئێستا بە ناوەندی ئیدارەی گەرمیان  دەناسرێت، لە ماوەیەکی کورتدا گەشەکردنێکی زۆر و خێرای بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەت لەماوەی ساڵانی ١٩٧٧ ھەتا ١٩٨٧ کە بەرزترین ڕێژەی گەشەکردنی ساڵانەی دانیشتووانی تۆمارکردووە، 

بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان لەئێستادا ژمارەی دانیشتووانی شاری کەلار بە زیاتر لە۳۰۰٠٠٠ سێ سەد ھەزار کەس دەخەمڵێندرێت.


کەلار خاوەن باشترین شوێنی ستراتیژیە لەکوردستان و عێراق چونکە باکور و باشور و ڕۆژئاوا پێکەوە دەبەستێتەوە .
شاری کەلار بەدووری ١٤٠ کم دەکەوێتە باشووری شاری سلێمانیەوە .بەدووری ٩٠کم باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری کەرکوکە، ١٨٠ کم دوورە لەباکووری شاری بەغدادی پایتەختی عێراق ٣٥ کم

ھاوکات سنوری وڵاتی ئێرانە و  لە  سنووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان دوورە و لەو دیوە لەگەڵ قەسری شیرین ھاوسنوورە.

ئەوەی دەبینین لە ئێستادا لە شاری کەلار ڕوودەدات وەکو زۆربوونی پرۆژەی نیشتەجێ بوون و بازرگانی و گەشتیاری .... ھتد ، شاری کەلار زۆر زیاتر پێویستی بەوە ھەیە خزمەت بکرێت و پرۆژەی زیاتری تێیدا ئەنجام بدرێت چونکە دانیشتوانی شاری کەلار تینووی ئەوەن شارەکە پەرەبسنێت و گەورەتر بێت .


ناوچەکە لەچەندین لایەنەوە خاوەن پێشکەوتنە لەڕووی وەرزشیەوە سەیربکەین خاوەن یانەیەکی وەرزشیە بەناوی یانەی شێروانە و چەندین یاریگا و یاریزانی ئاست بەرز و لەھەمانکاتدا بەوەناسراوە ناوچەیەکی تایبەتەلەڕووی ھاندەری وەرزشیەوە کە خاوەن ھەزاران ھاندەری زۆری وەرزشیە و بەتایبەت لەتۆپی پێدا.

لە ڕووی وەبەرھێنانەوە بەتایبەت پرۆژەکانی نیشتەجێ بوونەوە بەردەوام لەزیادبوندایە لەئێستادا زیاتر لە چواردە پرۆژەی نیشتەجێ بوون لە جێ بەجێ کردندایە لەھەمان کاتدا بەردەوام خواستی زیاتر ھەیە لەسەر پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون بۆیە ئەم شارە لە گەورەبوندایە بەپێ خواستی یەکەکانی نیشتەجێ بوون .

لەڕووی بازرگانیەوە بەھەمان شێوەی پرۆژەی نیشتەجێ بوون لە زۆربوندایە پرۆژە بازرگانیەکان  وەک و کارگە و ناوچە پیشەسازیەکانەوە بەڵام ھێشتا بەپێی خواست و پێداویستیەکانی ھاوڵاتیانی شاری کەلار نیە بۆیە دەکرێت چەندین مۆڵی گەورەتری بازرگانی لەشارەکە بکرێتەوە .

بەتایبەتی بەھۆی نزیکی مەرزی پەروێزخان لەشاری کەلار وای کردووە کەلار ببێتە سەنتەرێکی گەورەی بازرگانی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ووڵاتی ئێران و ووڵاتی عێراق .

وە ھەروەھا بەنمونە ئەگەر سەیری  ڤیستیڤاڵی بازاڕ بکەین  لەم چەند ڕۆژەی دوایی  دەبینین خەڵکێکی زۆر تامەزرۆی ئەوەن سەردانی بکەن بەجۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لەکەلار و گەرمیان و تەنانەت ناوچەکانی دیالە وشارەکانی ترەوە پێشوازی لێ دەکەن کە ئەمەش وادەکات کەلار دەبێت زیاتر پەرەبسێنێت و گەورەتربێت .

بۆیە ئەمانە دەرخەری ئەوەن  شاری کەلار دەخوازێت ببێتە گەورە شار و دوای چەند ساڵێکی تر دەبێتە گەورەترین شاری ئابوری و گەشتیاری لەھەرێمی کوردستان و ووڵاتی عێراق .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دنیای شێواو و پڕ پێکدادانی ئەمڕۆدا، بونی روناکی بە ئەستەم ھەستی پێدەکرێت، بەڵام لە کۆتایی تونێلە تاریکەکەدا تروسکاییەک ھەر دەبینرێت، کە دەبێت بە دیپلۆماسیەت و ئامرازەکانی پەیوەندی، کار لەسەر فراوانکردن و بەھێزکردنی تیشکەکەی بکرێت، ئەو سیاسەتە سەرۆک کۆماری عیراق کاری لەسەردەکات و لەگەڵ قەداسەتی پاپای ڤاتیکان ھەنگاوێکی گەورەی بۆ دەنێت.

رۆژی ھەینییە و ١٧-١١-٢٠٢٣یە، د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار و خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق بەرەو ڤاتیکان کەوتنەڕێ، دوو غەمی گەورەیان لەنێو جانتای دیپلۆماسییەت ھەڵگرتبو، ھەردووکی دۆسیەی گرنگی رۆژن، خۆرھەڵات و خۆرئاوا، باکور و باشوری زەوی سەرقاڵکردوە، ھەردووکی پەیوەندیان بە ژیانی مرۆڤایەتییەوە ھەیە. شەڕ و ماڵوێرانییەکەی، ئاشتی و پێکەوەژیان.

پاش گەیشتنی سەرۆک و خانمی یەکەم و ستافی یاوەریان بە ئیتاڵیا و پشویەکی کورت، دوا ئامادەکاری بۆ دیداری لوتکە ئەنجامدرا، دیدارێک لە ترۆپکی دیپلۆماسییەت و پەیوەندی نێودەوڵەتی، کە سەردەمانێکی دورودرێژە بۆتە کاری لەپێشینەی سەرۆک کۆمار و لەنێو رێڕەوە پێچاوپێچەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بیرۆکە و تێڕوانینەکانی دەخاتەڕو.
پاش شەوێک لە پشودان، رۆژی دواتر "شەممە" وادەی دیدار ھاتەپێشەوە، سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم لەنێو کۆشکی پاپادا دیداریان لەگەڵ پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان دەستیپێکرد.
لەم دیدارەدا وێنە گشتییەکە پتەوکردنی پەیوەندی عیراق "خاکی ئایینە ئیبراھیمییەکان" و ڤاتیکان "ناوەندی باڵای ئایینی مەسیحییەت" بوو، چەسپاندنی زیاتری رایەڵەکانی دیپلۆماسییەت و پێکەوەکارکردن بوو.

لە وردکردنەوەی وێنەکەدا، بایەخدان بە مرۆڤ، ھەوڵدان بۆ دورخستنەوەی جەنگ و پشێوی، سنوردانان بۆ نەھامەتییەکان، گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ ئەوانەی بێئومێدبون، دەبینرێت.

سەرۆک کۆمار بۆ پاپای دوپاتکردەوە، کە سەرۆکایەتی کۆمار کۆکەرەوەی ھەموو عیراقییەکانە، پارێزەری ھەموو ئایین و پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکانە، رەنگدانەوەی فرەیی کۆمەڵگەیە. سیاسەتی سەرۆکایەتیکردنی وڵات، وێناکردنی ئەسڵ و بنەمای مرۆڤایەتیی عیراقییەکانە، ئەو نەھجەش بەردەوام دەبێت بەو ئومێدەی چیتر نەھامەتی و کارەساتەکانی رابردو، روو لە نیشتمانەکەمان نەکاتەوە.

سەرۆک کۆمار تەنھا غەمی عیراقییەکانی بە پاپا نەگەیاند، بەڵکو ھاواری ھەموو ئەو منداڵ و ژن و کەسە بە تەمەنانەی پێگەیاند، کە بەھۆی جەنگ و شەڕ و ئاشوبەوە، بە تایبەت لە فەڵەستین، ژیانیان سەرتاپا بوە بە کارەسات و ماڵوێرانی.

جگە لەو دیدارە لوتکەیە، سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم چاویان بە پیترۆ پاولین سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان کەوت.

لە پاش گەشتێکی دیپلۆماسیی ٢٤ سەعاتی، سەرۆک کۆمار گەڕایەوە بۆ وڵات، خۆ ئەوە تەنھا ٢٤ سەعاتی کارکردنی سەرۆک نییە، بەڵکو بە درێژایی زۆربەی سەعاتەکانی رۆژ و شەو، لە راییکردنی ئەرکەکانی بەردەوامە، لە ناوەوە و دەرەوە لە پەیوەندی و دیدار و کۆبونەوەدایە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"تێڕوانین و ھەڵوێست" لە نوسینی د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بە ھەرسێ بەرگی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، پاش ھەوڵ و ماندوبونێکی زۆر ئێستا ساز و ئامادەیە و لەبەردەم خوێنەرانیدایە.

ئەم کتێبە کۆمەڵێک پرس لەخۆدەگرێت: کات و شوێنی روداوی سیاسی، ئابوری، حزبی و پرسی کارگێڕی.

لە ھەموو ئەم پرسانەدا، تێڕوانین و ھەڵوێست لەچوارچێوەی وتار و نامە و ناوەڕۆکی کۆبونەوەدا خراونەتەڕوو، جەختیش لە کارکردنی پێکەوەیی کراوەتەوە، بۆ سەرکەوتن بەسەر ھەر قەیران و گرفتێک کە دێنەپێش.

ئەم کتێبە وەک نوسەر جەختی لەسەردەکاتەوە، تەنھا لەبەر خواست و ویستی بڵاوکردنەوە و بوونی کتێبێک نییە، بەڵکو دەیەوێت ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ئەو توێژەر و خوێندکارانەشی، کە لە بواری ئەکادیمیدا توێژینەوە دەکەن، بێگومان سەرچاوەیەکی پڕبایەخیش دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو رووداوانەی پەیوەستن بە دۆخی سیاسی، ئابوری، حزبی و ئیداری جیاواز لەماوەی کارکردنی بێ وچانی نوسەردا و رووداوەکانی بە ئەمانەتەوە باسکردووە.

بەڕێز د.لەتیف جەمال رەشید لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا بڕیاردەدات لە کارکردن بەردەوام بێت، دەستدەکات بە کۆکردنەوە و پێداچوونەوە و پۆلێنکردنی ئەم ئارشیفە، کە بە چەند نمونەیەکی کەم لە بڕێکی زۆر بابەت وەسفی دەکات، ئومێدەواریشە لە کتێبەکانی داھاتوودا وەک ئەم کتێبە کۆیانبکاتەوە و بە ھەمانشێوە بیانخاتەوە خزمەت خوێنەران و توێژەران و خوێندکاران.

لەبارەی دۆسێی نەوت و غازی کوردستان و دەرھاویشتەکانی بەوردی تێڕوانین و ھەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەم دۆسیە ھەستیارە خستۆتەڕوو.

لە بەرگە کوردییەکەی کتێبەکەدا، سەرۆک کۆماری عێراق باس لە خەونی گەلی کوردستان دەکات بەتایبەت لەدوای روخانی رژێمی بەعس، کە چۆن خواستی ئەوەی ھەبوو لە عێراقێکی فیدرالی دیموکراتی ئازاددا ژیانێکی شایستە بژی، بەڵام رووداوەکانی دوای ئەو مێژووە، رێڕەوی خەونەکەی گۆڕیوە و نەھامەتی گەلی کوردستان لەڕووی بژێوی و دابینکردنی ژیان و قوتی رۆژانەیەوە زەحمەتتر بووە.

ھەروەھا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە ئەرک و بەرپرسیارێتی حزبی داوە، بەتایبەت لەنێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.

بەشێکی دیکەی کتێبەکەی تەرخانکردوە بۆ پرسی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، لەوێدا بەشێک لەو بابەتانە بڵاوکراونەتەوە، کە لەو چوارچێوەیەدا ھەبوون.
بەشێکی دیکەی کتێبەکە، گەڕانەوەیە بۆ دۆسیە گرنگەکانی ھەڵبژاردن، دەرئەنجامەکانی، چۆنێتی کارکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی.
ھەروەھا ئەو بابەت و وتار و دیدارە رۆژنامەوانیانەی لە ساڵانی رابردودا لە رۆژنامە و گۆڤاردا بڵاویکردونەتەوە، نمونەی لە کتێبەکەدا بڵاوکردۆتەوە و نێوەڕۆک و پرسی گرنگی رۆژگاری لەخۆگرتوە.

دیپلۆماسیەت و کارکردنی نێودەوڵەتی، وێستگەیەکی گرنگی ژیانی سیاسی و کاری رێکخراوەیی سەرۆک کۆمارە.
د.لەتیف جەمال رەشید لە جیھانی کارکردنی نێودەوڵەتی و وێستگە جیاجیاکاندا، ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاوازی لەئەستۆدا بووە، لە بەھێزکردنی پردی پەیوەندی و بنیاتنان و دروستکردنی کۆدەنگی بۆ دۆزی رەوای کورد لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دواتریش لە گەشەپێدانی عیراقدا، ھەوڵ و تێکۆشانی زۆری دیپلۆماسی ھەبوە، ئێستاش لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماردا درێژەی پێدەدات.

ھەروەھا لە خاڵە گرنگ و جەوھەرییەکانی دیکەی کارکردنی سەرۆک کۆمار، پرسی ئاو، پاراستنی سروشت، ژینگە، دابینکردنی خۆراک، وزەی پاک و ئابورییە لە عیراقدا ھەر لە زاخۆوە تا فاو.

لەم پرسە گرنگانەی پەیوەست بە تاک بە تاکی ھاووڵاتیان، سەرۆک کۆمار لە ھەموو گۆشەیەکەوە قەیران و کێشە و گرفتەکانی خستۆتەڕوو، شیکردنەوەی بۆ کردون، ھۆکارەکانی دەستنیشانکردوە، لەگەڵ ئەوەشدا رێگاچارەی دیاری کردوە.

ئەم بابەتانە بۆ ئێستا و ئایندەی وڵات، پرسی جددین، بۆ بەردەوام بوونی ژیانیش لە ژینگەیەکی تەندروست و گونجاودا، دەبێت کارکردن لەسەریان و ھەنگاونان بە ئاراستەی زوو چارەسەرکردنیان، لەئێستاوە دەستپێبکرێت و نەخرێنە سبەینێ.

لە بەشی کۆتایی بەرگە کوردییەکەشدا، بەڕێز سەرۆک کۆمار، وێنە و دۆکیومێنتی لەبارەی کار و چالاکییەکانی و کارکردنی لە وێستگە و قۆناغە جیاوازەکاندا بڵاوکردۆتەوە.

لە کۆتاییشدا وەک ئەوەی نوسەر و رۆژنامەنوس ئیسماعیل زایەر دەڵێت: دکتۆر عەبدوللەتیف رەشید، ھاووڵاتییەکی جیھانییە بە تامی کوردستانی عیراق.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەرئەنجام خاپور بوون و کاولکارییەکی زۆر لەو ناوچانەدا کە جەنگی لێ ڕوودەدات بەجێ دەمێنێت، ئەمەش وادەکات ئاوارە و پەنابەرێکی زۆر ڕوو لەو ناوچانە بکەن کە کاریگەرییەکانیان کەمتر پێوە دیارە یاخود دەستی جەنگیان نەگەیشتوەتێ.
جگە لەوەی ئەو ناوچانەی خاپور دەبن پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە دەبێت و ئەوەش پێویستی بە توانایەکی لەڕادەبەدەری مادی و کارکردنێکی دەیان هێندەی توانای بەکار هاتووە بۆ خاپورکردنیان، دەبێت.

جگە لەمانە و لە نێو ڕزگاربووان لەدەستی جەنگ و کاولکاری بە دەیان جۆری جیاواز کەمئەندامبوونی جەستەیی و تراوما و ترسی نەبڕاوەی چەندین وەچەی دوای خۆیان دەناڵێنن(بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەنی دەرونی، ئەو کەسانەی لە جەنگ ڕزگاریان دەبێت، وەچەکانیان هەڵگری هەمان جۆرەکانی کێشەی دەرونین کە جەنگ بۆی دروست کردوون بە ڕێژەی جیاواز)، لەنێو ئەمانیشدا زەرەرمەندی سەرەکی ژنان و منداڵانن، بە کوشتن یاخود کەمئەندامبوون یاخود بەکارهێنانیان وەک جەستەیەکی ڕووت یان بێ گیان و لەسەر شانی کەسانێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جیهان و پشتگیری کردن بۆ لایەنێکی دیاریکراو.

لە چەند کاتژمێری ڕابردودا ئەمەمان بە ڕوونی لە پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەلایەک و بۆردومانەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەلایەکی دیکەوە بینی و پێشهاتەکان پێمان دەڵێن زیاتریش دەبینین.

ژنان وەک جەستە
بەکارهێنانی ژنان وەک کەرەستەیەک لە جەنگدا مێژویەکی دێرینی هەیە، گەر بڵێین لەسەرەتای مرۆڤایەتیەوە بەردەوامە تاکوو ئێستا حاشاهەڵنەگرە، ئەم بەکارهێنانە دەیان جۆر و ناوی هەبووە، ئەوەی بە زاکیرەی ئێمە ئاشنایە و نوێترینە غەنیمە و سەبایا و بە کۆیلەکردن و بە دیل گرتنە، بەڵام دەستدرێژی سێکسی لە دیارترین ئاکارەکانە کە لە کاتی جەنگەکان و دوای جەنگەکان بەسەر جەستەی ژندا دەهێنرێت بە زیندوێتی بێت یان مردوێتی.

دەیان نمونەمان بۆ ئەم ئاکارە هەیە، وەک: ژنانی چێژ لە یابان(کە ژنانێکی بە کۆیلە کراو بوون و وەک لەشفرۆش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا و بەدرێژایی جەنگی جیهانیی دووەم)، دەستدرێژی بەکۆمەڵ لە بۆسنە (کە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرا بۆ لەناوبردنی ڕەچەڵەکێکی دیاریکراو)، کەوتنی نازییەت و ڕزگارکردنی ئەڵمانیا، نزیکترینیان بە سەبایا کردنی کچانی ئێزیدی بوو لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش.

بە کەرەستەکردنی ژنان لەوێدا ناوەستێت کە جەستەی بێ ڕۆحیان ڕۆژانە نیشانمان بردێتەوە بەڵکوو درێژە دەکێشێت بۆ ساڵانێکی زۆر دوای تەواوبوونی جەنگەکان و بۆ ڕەوایەتی دان بە کۆمەڵێک ئاکار کە لە جەنگەکاندا پەیڕەو کراون یان گیراونەتە بەر.
بەشێک لەم ئاکارە پەیوەندیدارە بەوەی کە دەستدرێژی سێکسی لە جەنگەکاندا بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت(ئەویش دوای لێکۆڵینەوەی دەیان ساڵە و لە زۆربەی کاتەکاندا ناتوانرێت بسەلمێنرێت، یاخود پرۆسێسی دادگاییکردنەکان نزیکن لە بەکۆتا نەگەیشتن تا بەکۆتا گەیشتن و سزادانی تاوانباران).

بەڵام لە بەشی زۆری کاتەکاندا بەکاردێن بۆ دروستکردنی پاڵپشتی و ڕاکێشانی سۆز و سەرنجی دونیا لە بەرژەوەندی لایەکی دیاریکراو.

هەموو ئەم هەوڵانە گەر لە پێناوی وەستاندنی جەنگ و بەرقەرارکردنی ئاشتی بێت(گەر کاتیشبێت) هێشتا دەکرێت قبوڵکراوبێت، بەڵام گرفت کاتێکە کە کارەکان هیچکات نەگەیشتونەتە ئاستی ئەوەی کە ئەم جۆرە ئاکارانە و دەیان جۆری ئاکاری دیکە دوبارە نەبنەوە(لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی کەمبونەوەی ڕێژەکان کەم تا زۆر).

لە دەیان قۆناغی دیکەدا ژنان دەبنە زەرەرمەندی یەکەم، بە نمونە لەکاتی ئاوارە بوون و نەهامەتییەکانی دوای جەنگ یەکەم شت کە لەناو دەچێت گرنگیدانە بە لایەنە تەندروستییەکانی ژنان کە خۆی لە بچوکترین خزمەتگوزاری و سادەترینیان دەبینێتەوە تا گەورەترینیان، وەک دەستڕاگەیشتن بە سانتی یان دەرمانی ئازارشکێن لە سوڕی مانگانەدا یان پێداویستی پاک ڕاگرتنی جەستە و چارەسەری ئەو جۆرە نەخۆشیانەی ژنان ڕوبەڕویان دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دەیان جۆر نەخۆشی و دەردەداری کە لە کۆتاییدا و دوای تێپەڕاندنی هەموو دۆخەکان تەنیا ژنانن کە بەدەست ئەو ئازارانەوە دەناڵێنن کە ئێستاکە بۆمان شتێکی زۆر بچوک و شایەنی باسیش نییە، بەڵام کاتێک ژنان ناتوانن و کەرەستەی پێویستیان لەبەردەست نییە لە کاتی سوڕی مانگانەدا، ڕوبەڕوی دەیان جۆری جیاواز لە بەکتریا و ڤایرۆسەکان دەبنەوە کە دۆخی خراپ و نەبوونی کەرەستەی سەرەتایی بۆ لەناوبردنیان وادەکات لە کاتێکی زۆر کەمدا گەشەیەکی زۆر خێرا و سەیر بکەن و ببنە نەخۆشییەکی درێژخایەن و تاهەتایە لە کۆڵی ئەو ژنانە نەبنەوە و سەر بکێشن بۆ نەخۆشی دیکە کە بەشێکیان جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدانە.

یەکێکی دیکە لە دیاردە دزێوەکانی ناو کەمپەکان لە دوای جەنگەکان ڕوودەدەن بەکارهێنانی دەستی کاری ژنانە کە دانیشتوی کەمپەکانن بە کرێیەکی کەمتر لەوەی شایستەیانە بۆ ئەو کارە ناوخۆییانەی نزیکی کامپەکانن، بۆ ئەمەش دەیان جۆر نمونەی دیار و جیهانیمان هەیە لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنانی ناشایستەی دەستی کاری ئاوارەکان لە سەرتاسەری جیگاندا، بەتایبەت ژنانێک کە منداڵیان هەیە و تەنیا ماونەتەوە و پێویستیەکانیان زۆر زیاترە لەوەی کە دەتوانرێت لە ڕێی ڕێکخراوەکانەوە بۆیان دابین بکرێت.

ئەم ژن و کچانە بەکار دێن لەو هەلیکارانەی کە دەکەونە نزیک کامپەکان، وەک بیناسازی و کشتوکاڵ و چەند جۆرێکی دیکەی کار، کاری قورس و شایستەیەکی کەم کە هەندێک کات ڕۆژێکی تەواو کار دەکەن تەنیا بە بەرامبەری ٥ دۆلار.
بەکارهێنانی توانای ژنان لە بونیادنانەوە و دروستکردنەوەی شارە خاپورەکان یەکێکی دیکەیە لەو ئەرکە قورسانەی دەکەوێتە ئەستۆی ژنان، کاتێک ژنانێک دەبینین دوای جەنگەکان تەنیا خۆیان و منداڵەکانیان لە ژیاندا ماون بەڵام پرۆژەی بچوکی وەبەرهێنان دروست دەکەن و هەلی کار بۆ خۆیان کەسانێکی دیکە دروست دەکەن بەڵام ڕوبەڕووی دەیان جۆر ڕێگری و بەربەست دەبنەوە بەهۆی ڕوانینی باوی کۆمەڵگای دوای جەنگەکان یاخود بەکارهێنانەوەی ئەو یاسایانەی کە کورتبینانە لە کاتی خۆیدا نوسراونەتەوە و ئێستا دوبارە کاریان پێ دەکرێت، بە نمونە وەک خاوەن کار ڕەنگە نەتوانن خۆیان بناسێنن لە ترسی بەکارهێنانەوەیان وەک کەرەستە و ئیستغلالکردنیان، بۆیە پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی ناوی پیاوێک کە زۆرینەی جارەکان ئەم کارە بەشێک لە داهاتیان لەدەست دەدات و وادەکات خاوەنداریەتی تەواوی کارەکەیان نەکەن.

مرۆڤایەتی هەمیشە و لەگەڵ دۆخە جیاوازەکاندا پێویستی بە پێداچونەوە هەیە بەو بابەتانەی باوەڕی پێیان هێناوە و وەک پرەنسیپ کاریان لەسەر دەکات، کە ئەمە بەشێکە لە کاری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەمیشە پرۆتۆکۆلی نویی هەیە بۆ پاکێجی مافی مرۆڤ و کار لەسەر نوێکردنەوەی باوەڕی گشتی دەکات و ڕێگەی نوێ هەڵدەبژێرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دیاردەکان، ڕەنگە لە داهاتوودا و دوبارە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستی بە پێداچونەوە هەبێ بە بیر و باوەڕەکانیدا دەربارەی شەڕ و جەنگەکان. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

‎واجبی ئەوانە پاداشتێکی بچوکی ھەڵەبجە بدەنەوە.

‎نەک تەنھا عیراق، ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتیشە چاویان لە ھەڵەبجەو خەڵکی قوربانی شارەزوور بێت، چونکە تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر خەڵکەکە ئەنجامدرا بەبەرچاوی ئەوانەوە.

‎ھێشتا بریندارەکانی کیمیاباران چارەسەر نەکراون، ھێشتا ونبوەکان نەدۆزراونەتەوە، ھێشتا ناسنامەی سەدان کەسی کیمیابارانی ھەڵەبجە ونە.

‎بە پارێزگابونی ھەڵەبجە ئەرکەو لە ئەستۆی پەرلەمان و حکومەتی عیراقە، دوای ئەوەش پرسی قەرەبوکردنەوەی خەڵکەکە دۆسیەیەکە دەبێت حکومەتی کوردستان بیکاتە بابەتی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەورەترین ئاواتی میللی گەلەکەمان تەبایی و یەکێتیی ناوخۆییە کە بۆتە خەونی شاعیرانە تەنھا لە دێرەکاندا باس دەکرێت؛ یان وەک سلۆگان ماوەتەوەو لە بواری کرداریدا بێ ووزەیە و ئیشی پێناکرێت. دۆخی ھەرێمی کوردستان، دوای سەدەیەک لە دابەشکاری لەبەردەم غەرەندێکی گەورە ھەنگاو دەنێت.

ئاڵەنگاری گەورە ئێخەی ئەم ھەرێمەی گرتووە؛ بە ھۆکاری ناتەبایی زیاتر بوار بۆ دوژمنانی میللەتەکەمان دروستبووە کە ھێدی.. ھێدی بەڕەکە لەژێر پێی ئەم ئەزموونە خۆبەرێوبەرییەدا دەربکەن.

لەئاستی ھەرێمی کورد ھەرمەترسییە لەسەر پێگەو سەنگی وڵاتانی ناوچە؛ تا ئەم سەردەمەش دۆستەکانی کورد دۆستی رۆژن و کاتین؛ وەک ئەو کابرایە دێنە بەرچاو کە گەرەنتی پەرینەوەت لەرووبار پێدەداو لە ناوەراستی رێ چاوی بۆ خنکانت حازرە؛ وڵاتانی ناوچە چاوەرێی پەرینەوە نین و دەیانەوێ کورد و ئەزموونەکەی جگەلە لاوازی نەمێنێت!

لەگەڵ دۆخ و رۆژگاری بەرژەوەندی مامەڵە ئەکەن. بەشی زۆر نەگبەتی و بەڵای سەر سەرمان دردۆنگی، سپڵەیی و ناتەبایی ناوخۆییە کە لەمێژەوە بۆتە عورفی ناوخۆییان تەنانەت دوژمنەکانمان بە ناتەبا باسمان دەکەن.

 دۆخی ناوخۆیی جگەلە درز، شەبەقی تێکەوتووە. لەئێستادا جگەلەوەی تەنگەژەی ئابوری ئێخەی ئەم ئەزموونەی گرتووەو بارگرانی بۆ ژیانی خەڵکی دروستکردووە؛ بەڵام ئاراستەکردنی ھەڵە لە سیاسەتی ئابوری و حکومرانی و تاک رەویی و دەستگۆرینی سیاسی؛ کارێکی کردووە کە مەترسی جدی لەسەر ئەم ئەزموونە دروستبێت. ئەگەر ھەروا بروات و کێشەکان لە بنەچەوە چارەنەکرێن ئەوا بێشک دەردی دوو فاقی کێشەکانی ھەریم و ناوەند دەباتە قۆناغێکی مەترسیدارو ئیرادەی فەرزکردن بەسەر چارەنوسدا زاڵدەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سلێمانی شاری میرنشینی بابان، مەڵبەندی نالی و سالم و کوردی، حیزبی بەعسی شۆڤێنی زۆر هەوڵیدا لە ناوت بەرێت، تۆ خۆ ڕاگربوویت و هەر نەکەوتیت.

لە ئاستی ڕوی دەریاوە پێگەی شاری سلێمانی بەرزە و دیمەنی سروشتی جوان و دڵڕفێنی هەیە، شەوی فێنکە و ڕۆژی تاڕادەیەک مام ناوەندە، زستانی سارد و بەفراوییە و هاوینی گەرمە.

خەڵکەکەی ڕۆشنبیرن و تێگەیشتوون، بەمانای کەلیمە کوردن و خاوەنی هەڵوێستن، هەر بۆیە سەرۆک مام جەلال هەمیشە بە سلێمانی دەوت شارە حەیاتەکە و بەشاری هەڵمەت و قوربانی وەسفی دەکرد.

چەندین کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و بازرگان و ئەکادیمی لەم شارەدا سەریانهەڵداوە، بۆ نموونە کەسانی وەک گەورە سیاسەتمەدار و ڕۆماننووسی کورد مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و پیرەمێردی فەیلەسوف و شاعیر چەندین کەڵەپیاوی تر، هەڵکەوتوی ئەم شارە حەیاتەن، ڕەفیق حیلمی و مێژوونوسی کورد ئەمین زەکی بەگ، لێرە چاویان بە دونیا هەڵهێناوە.
حەپسەخانی نەقیب و چەندین شێرەژنی بێهاوتا لەم شارەدا ژیاون و پەروەردەبوون و ئەرکیان کێشاوە، جێگەی دەستیان لە فەرهەنگ و باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوری شاردا دیارە و کاریگەریان تا دواڕۆژ بەردەوامە.

مەنزڵگەی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مارفی نۆدێ و پیرمەسوورە، چەندین خانەقا و تەکیە و قوتابخانەی ئاینی تێدایە، لەم شارەدا گردی سەیوان بووە بە ڕەمزی شەهیدانی ڕزگاری کوردو کوردستان، سلێمانی خاوەنی گەورەترین و باشترین زانکۆکانی کوردستان و عیراقە و بەبێ خوێندن و پێگەیاندن نایکرێت.

سەرەڕای بێوێنەیی سلێمانی، کام شاری کوردستان هەیە جوان نەبێت، کام گوند و دۆند و زێد هەیە، دڵگیر نەبێت.
سلێمانی لە شەودا جوانە و لە ڕۆژدا زەریفە، زۆری گەشتیاران و سەردانکەران بۆ کوردستان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن کە ئەم وڵاتە بەهەشتە، خەڵکەکەی دۆستە، خواردنی بەتامە، مەنزەری بە چێژە، ئاسایشی دڵنییاییە، هەوای پاک و بێگەردە و دانیشتوانی بە بەزەیی و  میهرەبانن.

بۆیە لەسەر ڕۆشنایی تەبیعەتی شار، دەتوانین بڵێین کورد دۆستی شار و لادێیە، کورد ڕۆشنبیر و تێگەیشتووە، کورد شۆڕشگێڕە، کورد بەوەفایە بۆ هەموان، کورد ناژی بە بێ کوردستان.

ئەگەر بەرنامە هەبێت، ئەگەر ماستەر پلان هەبێت ئەم شارە ناوبانگی زیاتر دەردەکات و خۆشتر دەبێت، ئەگەر ڕێگاو بانی تازە و جادەی سەد مەتری تێدا دروست بکرێت ئەوا بێزاری هاووڵاتیان و قەرەباڵغی ترافیک نامێنێت و هاتوچۆ ئاساندەبێت.
دڵنیاین شار زیندووە و لانکەی شۆڕشگێڕانە و ئەم شارە دڵسۆزی زۆرە و کەسانێکی تێدایە بێ بەرامبەر بە خۆبەخش ئیش دەکەن و بە دڵ هۆگری ئەم شارەن و ناژین بە بێ سلێمانی.

دڵنیاین کۆمەڵە کاسانێک هەن لەدایکبووی ئەم شارەن و لەم شارەدا گەورەبوون و هێرۆخان ئاسا، دایم لە مەیداندان و دانەبڕاون لە سلێمانی، دڵنیاین خەڵکێک هەیە تا ئێستاش ئامادەن، ژیان و گیانی خۆیان بۆ شار بکەن بە قوربانی.

ئەگەر هەموو هەوڵەکان یەکبخەین و تەبابین، ئەگەر هەموو چین و توێژەکان بەشداربن و هاوڕابین، پیرەمێرد ئاسا لە گردی مامە یارەوە ئاهەنگەکان دەستپێبکەینەوە، ئەوا شار ئاشتدەکەینەوە و ئاوەدانی زیاتر بەدەستدێنین، ماڵ و خانوو و جادە و ڕێگاوبان و سەوزایی زیاتر دروست دەکەین، هەلی کار دەڕەخسێنین، کێشەی مووچە چارەسەردەکەین، ئەوسا هاووڵاتی هاندەدەین تا زیاتر دڵسۆزبن و زیاتر دڵخۆشبن و لە ناو ئەم شارە جوانەدا بمێننەوە و ژیانی شایستە بەسەربەرن.

ئەگەر شار و لادێ پێکەوە گرێبدەینەوە و پرۆژەی نوێ بکەینەوە، ویژدان ئاسودەدەبێت، خەمخۆری و پابەندبوون وەلا بۆ نیشتمان دروستدەبێتەوە، جوامێرەکانی شار یەکدەگرنەوە، هەستی کوردایەتیش بەهێزتردەبێت و مولازم موحسینەکان زاتی ئەوەناکەن بمانخەنەوە ژێر ڕکێفی خۆیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کورد لەناو خۆیدا برایەتی نازانێ و ئەم پارچەو ناوچە برای ئەو ناوچەو پارچە نیە و ئەو خێل برای ئەم خێڵ نیە!
کورد نەتەوەیەکی بێ برایە.

لە نێوان کورد و عەرەب دا بەو مێژووە خوێناوییەی ھەیە، برایەتی و یەکتر قبوڵ کردن ئەستەمە.

وشەی التآخی و برایەتی تەنھا لە شعر و ھەندێک وتاری سیاسی دا بوونی ھەیە لە سەر زەوی واقع بوونی نیە.

تەنھا چارەسەر بۆ کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان رێکەوتنی سیاسی نێوان وڵاتان و حزبە سیاسیەکانە.

کەرکوک تەنھا کێشەی نێوان کورد و عەرەب نیە، بەڵکو کێشەی نێوان وڵاتانی زلھێزی جیھانی و وڵاتانی ئقلیمیە. کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان تەنھا کێشەی خاک نیە، بەڵکو کێشەی بەرژەوەندی ئابوری  دراوو، ئابوری وزەیە.

ھیوادارم ھیچ کەسێک، بەبێ بوونی پرۆژەیەکی نیشتمانی ستراتیژی فکری خۆی بە شەھید کردن نەدات.

تەنیا چارەسەر بۆ مەسەلەی کەرکوک دیدی مام جەلالە، دیدگای ھاوبەشی و رێکەوتن و خوێن نەڕشتن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاتێک خیانەت و ناپاکی لەفەرهەنگی گروپێك یان تاقم و دەستەیەك یاخود پارتێکی سیاسیدا دەبێتە کلتوورو بە لق و پۆپ و ڕەگ و بنەچەیدا بڵاودەبێتەوە، ئیدی هیچ پاڵنەرێكی نەتەوەیی و نیشتمانی نامێنیت، كە بەربەست بێت لەبەردەم ناپاکی و خاکفرۆشی و چاوساغی و پەلەکێشکرنی هێزی بێگانە، سەرەڕای ئەوەش ڕاگەیاندن و دەزگا چەواشەكارەكانیان پارەی نەوت و سامانی وڵات دەخەنە خزمەتی پەردەپۆش كردن و شاردنەوەی ڕاستیەكان و بەشانازییەوە لەشاشەكانەوە باس لەشەڕی براكوژی و دیل كوشتن و ڕشتنی خوێنی شوڕشگێڕ و قارەمانەكانی نیشتمان ئەكەن و قەتماغەی برینەكان هەڵئەكەنن و خوێ لەبرینی كەس و كاری شەهیدان و تێكۆشەرانی ئەم وڵاتە دەكەن.
ئەگەر تەماشای رۆژمێری ڕووداوە سیاسیەكانی کوردستان بکەین بەدرێژایی پەنجا ساڵی ڕابردوو لەپاڵ دەیان داستان و قارەمانێتی و تێکۆشانی گەورەدا و لەگەڵ چەندین مەرگەسات و تراژیدیای وەكو (ئەنفال و كیماباران و كۆرەو, هتد...) ئەوا وێنەگەلێكیش دەبینین،كە شایەنی وەبیرهێنانەوەو تەماشاكردن نین و ئەوەندە شەرمهێنەرن نموونەیان كەم و دەگمەنە لەهەموو دنیادا.
بەداخەوە بەتایبەتی لە دوای خیانەتی ئاشبەتاڵ و هەرەسی شۆڕش، زنجیرەیەكی درێژ لەخیانەتی گەورە لەلایەن هێزێكی سیاسیەوە ئەنجامدراون، هەر لەکارەساتی هەکاریەوە تا دەگاتە شەڕی براکوژی و خیانەتی "31"ی ئاب و هێنانی زرێـپـۆش و هێزی رژێمی دیکتاتۆری بەعس بۆ نێو حەرەمی پەرلەمانی کوردستان و دواتر رادەستکردنی شەنگال و داخستنی سنوور لە پارچەكانی تری كوردستان و لێدانی خەندەق و پێشڕەوایەتی کردنی هێزی بێگانە بۆ نیو خاکی كوردستان و دژایەتی هێزە خەباتگێڕەکانی هەرچوار پارچەی كوردستان ئەوە بە ڕونی دیدگاو ئەدەبیاتی ئەوانەمان بۆ دەردەخات کە بە شیعاری قەبەو موزەیەفی نیشتمانیەوە چ کارەساتێکیان بەسەر گەلەکەماندا هێناوە.
ئەو خیانەتانەش  سەلماندوویەتی، کە لەوەتەی خەباتی سیاسی و جوڵانەوەی شۆڕشی کوردی لەپێناو ئامانجی ڕەوای نەتەوەییماندا دروست بووە بۆداکۆکی لە گەلێکی بەش بەشکراوی دەستی بێگانە، هەمیشە ئەو پارتە سیاسیە بۆ لەباربردنی ئەو ئامانجە ڕەوایەو بەرهەڵستکاری مافی گەلەکەی ئەوەی پێی کرابێت لەخیانەت و ناپاکی سڵی لەهیچ نەکردووەتەوەو  چۆن بۆی کرابێت بێ گوێدانە هیچ مۆڕاڵ و بەهایەکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقێکی نیشتمانی بۆتە چاوساغ و کەواسووری بەر لەشەکری بێگانە بۆ لەناوبردنی قەزیەی میللەتەکەی، ئــەم فـۆرمەش لــەفیکری رەشی سیاسی ئەوەمان پێ دەڵێت کاتێک  خیانەت‌ وەکوو تیۆر و پراکتیک و فەلسەفەیش دەبێتە کلتور لەنێو فەرهەنگی هەر پارتێکی سیاسیدا ئەوە بێگومان دەبێت تەنها چاوەڕوانی کارەساتی وای لێبکرێت.
ئێستاش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چارەکە سەدەیەك بەسەر خیانەتی (31)ی ئابدا، هێشتا كاریگەرییە نەرێنیەكانی لەگۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستاندا بەجێماوەو تاكو ئێستاش بكەرانی ئەو ڕووداوە بەهەمان نەفەس كاردەكەن و ئاگری شەڕی براكوژی و دووئیدارەیی خۆش دەكەن، كە دەبێت چیتر ڕێگەیان پێ نەدرێت بەری ڕەنجی خەڵكی كوردستان و شەهیدان و تێكۆشەرانی ئەم نیشتمانە بخەنە بەردەم ئەگەرەكانی لێكترازان و شەڕی ناوخۆ و ئاشبەتالێكی تر.
لەكۆتایشدا دەڵێن ڕێگە چارەی ڕێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی ئەم كارەسات و ڕووداوە دزێوانە لەرێگەی بەدامەزراوەیی كردنی دام و دەزگاو موئەسەساتەكانی كوردستان و هەبوونی دەستورو دادگاو هێزی نیشتمانیەوە دەبێت، کە ئەوەش ئەقڵیەتی دەوڵەتداری و میتۆدی نیشتمانی و بیری پاکی کوردایەتی و هیمەت و بازووی دڵسۆزەکانی خاک و وڵاتی دەوێت، چونكە ئەم ئەم هەرێمە بچوكەو ئەم دەستكەوتە كەمەی خەڵكی باشووری كوردستان بەدەستی هێناوە بەرهەمی ڕەنج و خوێن و ئازاری سەد ساڵی میللەتێكە, حەیفە قەدەرو چارەنوسی لەدەستی كەسانێك بێت، كە ئیفتیخار بە خیانەت و  نۆکەرایەتی بۆ بێگانە بکەن و بەدەستکەوت و شانازی گەورە لەقەڵەمی بــدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی مامی گەورەمان زۆرترین شەھید و ھەزاران برینداری سەنگەری ھەیە و تاقە حزبە کە دەیان سەرکردەی لە مەیدانی خەبات و شۆڕشدا شەھید بوون. ی.ن.ک باشترین دۆست و لایەنگر و جەماوری ھەیە، یەکێتیی نشتمانیی کوردستان باشترین پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرینی ھەیە، یەکێتیی نشتمانیی کوردستان باشترین ئەندام وکادری بە وەفا و دڵسۆزی ھەیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ھەزاران پێشمەرگە و دژە تیرۆری دڵسۆز و فیداکاری ھەیە. ی.ن.ک پاکترین مێژووی لەناو بزووتنەوەی کوردایەتیدا ھەیە.

ی.ن.ک باشترین ناو و ناوبانگی لە ناوەوە و دەرەرە ھەیە و دەستی یارمەتی بۆ ھەموو بەشەکانی کوردستان درێژ کردووە و لە رۆژانی تەنگانەدا فریایان کەوتووە.

بۆیە ئەرکی ئێوەی ئەندامانی کۆنگرەیە  کە سەرکردایەتییەک ھەڵبژێرن شایستەی ئەم حزبە بێت و درێژە بدات بە رێبازی مامی گەورە و شەھیدانی کورد و کوردستان و ھەر بژین و بە ھیوای سەرکەوتن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
12345...11