وتار

تەیرو باڵندەی ناوچەکە ھەموو مردار بوونەوە. لەسەر کانیەکەش پێنج کەس لە خێزانێک بەھۆی کیمیاییەوە مردبوون.
ئەمە وتەی یەکێک لە شاھید حاڵەكانی  قۆناغی ھەشتەمی ئەنفال بوو، ئەنفالی دەڤەری بادینان. 
دانیشتنەکانی دادگایی ئەنفال لە رۆژی ٢٠٠٦/١١/٨  لەبەغدا دەستی پێکردەوە. دوای ئەوەی سەدام بەر لە سێ رۆژ لەھەمان ھۆڵ و لەدۆسیەی دوجەیلدا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، لەم دانیشتنە سەدام حسێن ئامادەبوو. یەکەم دانیشتنی دوای ھەبوونی سزایەکی ئیعدام لەسەری.
دادوەر وەک دانیشتنەکانی تر بانگی سکاڵاکارو شایەتحاڵی یەکەمی کرد ناوبراو دانیشتووی گوندی برجنێی سەر بە ناحیەی زاویتەی پارێزگای دھۆک بوو. بەناوی ئەیوب عەبدوڵا.
باسی ئەوەی کرد رۆژی ١٩٨٨/٨/٢٥ ھەشت فڕۆکەی جەنگی ھاتونەتە سەر گوندەکەمان و دەستیان کردوە بە بۆمباران. لەو کاتەدا ھەستمان کرد دەنگی بۆمبەکان نزم یا کەم بوون. پاشان دوکەڵێکی سپی زەرد باو بەرز بوەوە. بۆنێکی خۆشی وەک میوەی لێ دەھات. دواتر من تەنگەنەفس بووم خەڵکی گوندەکەمان ھەموو ئاگادار کردەوە کە ئەوە چەکی کیمیاییەو پێشتر لە رێگەی رادیۆوە خەبەرمان بیستبوو کە ناوچەکانی گەرمیان و قەرەداغ و سلێمانی کیمیاباران کراون. ھەڵەبجەش بەتەواوی کیمیاباران کراوە.
داوامان کرد ھەر کەسەو پەڕۆی تەڕ بخاتە سەر دەم و لوتی بۆ ئەوەی کیمیاویەکە کاریگەری  نەکاتە سەریان. لەو کاتەدا چاومان سور سور بوەوە ئاوی پیا ئەھاتە خوارەوە. 
تەیرو باڵندەی ناوچەکە ھەموو مردار بونەوە. بۆ ماوەی ٣٥ دەقیقە فڕۆکەکان بەو جۆرە بۆردومانیان کردین. دواتر رومان کردە بەرزاییەکان. ئینجا دوکەڵەکە نزم بوەوە.
بەشێک لەخەڵکەکە بەرەو کانی گوندەکە رایانکرد. ئێمەش بەشێک لە بریندارەکانمان بەرەو لای کانیەکە برد بۆ دەست و دەم و چاو شتن. کاتێ چووینە سەر کانیەکە پێنج کەس لە خێزانێک لەسەر کانیەکە مردبوون. بەناوەکان ( حەسەن ساڵح، کوردی حەسەن، حەکیم حەسەن، دژوار حامید، نالیە محەمەد عەلی). ئەو تەرمانەمان داپۆشی. روومانکردە سنورەکانی تورکیا لەو کاتەدا منیش بریندار بووم. ئەو کاتەی بە رێگاوە بووین بەرەو سنور چەند گوندمان بینی چۆڵکرابوون. یەکێک لەو گوندانە گوندی کیکە بوو. ٢٥ تەرممان بینی تێیدا. ھەروەھا گوندەکانی تریش بەھۆی بۆمبارانی کیمیایی خەڵکی تیا مردبوو. تەرمێکم لە رێگا ناسیەوە ناوی ئیسماعیل بوو خەڵکی زاخۆ بوو. پاشان لەسەر سنوری تورکیا دوو رۆژ ماینەوە. دواتر گەڕامەوە گوندەکەی خۆمان. بینیم گوندەکەمان کاول و وێران کراوەو ھیچی تیا نەماوە. کاتێ بە رێگاوە بووین کچەکەم عایشە ئەیوب مرد. ھەژار محەمەد کە خزممە ئەویش مرد. غەزاڵ محەمەد کە کچی ئامۆزام بوو ئەویش کیمیاوی کوشتی.ھەروەھا حاجی ئەمینی مامم ئەویش بەکیمیاوی مرد. 
شکایەتکار لیستێکی پێشکەشی دادگا کرد کە ناوی چەندین کەسی تێدا بوو کەلە گوندەکەیان بەھۆی چەکی کیمیاویەوە گیانیان لەدەست دابوو. داواکاری گشتی لێی پرسی گوندەکانی دەوروبەرتان ھەموو کورد بوون وتی بەڵێ کوردو موسڵمان بوون. 
لێیان پرسی تۆ پێشمەرگەبویت وتی بەڵێ بەڵام خەڵکی گوندەکە مەدەنی و ھاوڵاتی بوون. وڵامی ئەوەشی دایەوە کە ناوچەکە ئێرانی لێ نەبوە. سابر دوری پێی وت ئەی بارەگای ئێرانی لەناوچەکە ھەبوو، وتی بارەگای ھیچ وڵاتێکی لێ نەبوە. وتی ئەو کاتە شەڕی ئێران عیراقیش کۆتایی ھاتبوو. 
شەڕی ئێران عیراق بەفەرمی لە ١٩٨٨/٨/٨ کۆتایی ھات. 
" بەشێک لە کتێبی دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکان کە لە ئایندەدا بڵاو دەبێتەوە"
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەرمترین رۆژی گەرمترین مانگ.
سپلێت، موبەریدە، پانکە و باوەشێن چاری گەرمای تاقەت  پروکێنی ئەم رۆژە ناکات ، بەڵام ئەم رۆژە گەرمەی کە بە کەشو ھەوای خەریکە یەکبینە ھەوا قووت دەدا و ھەناسە بڕ دەکات ، ناگاتە گەرمی دوارۆژی ئاب  و ناکاتە رۆژە دژوارەکەی ساڵە گەرمەکەی ١٩٩٦. 

ئەو رۆژە لولەی دەبابەکانی سەددام چاوی نیشتمانی  دەردێنا و چاوی کزی بێ لایەنەکان و بێ باکەکانی خێل و کوێر دەکرد.ئەو رۆژە  شەش ساڵ بوو بەعس لە کوردستان دەرکرابوو ، شەش ساڵ بوو بە دونیامان دەگوت ئێمە ئازادیخوازین  و لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرە ھەڵناکەین و سەنگەری سیاسیی خۆمان لێ جیاکردۆتەوە. گوایە ئێمە کورد و ئەو داگیرکەر، ئێمە میللەتی زوڵملێکراوی دەستی ستەم و ئەویش ستەمکاری نەیار و بێگانە. چیرۆکێکمان ھۆنیبۆوە کە ئەوی کەیفیشی بە کوردبوونمان نەدەھات ھیچ نەبێ کەیفی بە ھەنجەتی خۆگیفکردنەوەمان بەرامبەر بەعس و سەددام و دەبابەکانی دەھات: دیموکراسی و ئازادی .

لەناکاو ، لەو گەرمای ئابی ئەو ساڵەدا ، دەفتەر و ئەلبومی ئەو شانازییەیان دڕی و سەنگەرەکان و کاغەزەکانیان وا تێکەڵکرد  کەس نەیدەزانی چی لەم شەمزان و شێوانە بکەین؟

خەڵکی تر، گروپی تر  ناپاکییەکەیان کرد ، کەچی ھەموو  کورد خەمبار وشەرمەزاری  بەردەم دونیابوون . ئاخر حیکایەتەکەمان دەلەسە دەرچوو و ، دونیا لە سەرۆک کلنتۆن تا  عەوامی خەڵکی ئاگا ، پێمان پێکەنین؛ کوردی چی و نەتەوەی چی ؟ 

یموکراسیی کوا و ئازادیخوازی لە کوێ کە ئێوە خۆتان دیکتاتۆر و ستەمکاری ھەڵەبجە و ئەنفال بانگ دەکەنەوە؟
قرچەی  گەرما بوو کە ھەموو شتێک درزی تێکەوت و ھەموو دڵێکی رۆمانسیی دوای راپەرینی بەھاری  ١٩٩١  کونکون کرا وەک کونکونی چوپی بەلەمی قاچاخ  کە ھەزاران گەنجی لەگەڵ خۆی راپێچ کرد و وەک یەکەم گەشتی یەکەم کاروانی بەردەوامی کۆچ ، ئیتر سەرھەڵگرتنی کوردی کردە گەورەترین دیاردەی سەردەم.

سەیری ئەو پەژارە گەورەیە کە گەرمای ھاوین و قرچەی  ئابی ساڵی ١٩٩٦   زۆرانبازی لەبەھاری ١٩٩١ بردەوە؟

ھاوین چۆن بەھار دەبەزێنێ ، ئەگەر خیانەتی سروشت و خیانەتی نیشتمان نەبێت؟!

بەو ھەموو زامەوە میللەتەکەمان نیعمەتی خودایی کە مەیلی فەرامۆشی و لەبیر کردنەوەیە دەکاتە کەرەستەی ژیانسازی و   ئایندەدۆستی و لەگەڵ دونیا تێھەڵدەچێتەوە و بەعس و دەبابەکانی لە پرۆسەی رزگاری ٢٠٠٣ ئاو دیوی مێژوو دەکات  کەچی ئەوی ئەم خیانەتەی کردووە و ئەم زامەی خستە دڵی ھیواکانەوە ھێشتا میللەت  و شەھیدەکانی کوردستان   قەرزاربار دەکات و ھێشتا  یەکێتیی خەتابار دەنوێنێ. 

پیرەمێرد وتەنی؛ 

ھەم یار باقی و ھەم سوعبەت باقی .
تا ئەژنۆیان غەرقی خۆێنی لاوەکانی وڵاتن  کەچی ھێشتا ناوە ناوە خولی نیشتمانپەروەری دەکەنەوە و  گەرەکیانە  بەناوی پڕوپوچی ١٦ ی ئوکتۆبەرەوە خۆیان وانەی ئەوەڵینی تیا بڵێنەوە.

خەڵکی چاوی لە ژیانی باشتر و گوزەرانی شایانتر و ئاوەدانی بەرچاوترە، وا  ئەمانە خەریکی ئەلبوم و دەفتەرە دڕاوەکەن ، دەچن مۆنتاجی رووداوەکان دەکەن و لە ئاوێنەوە ، بە روخسەتی حاجی، لە عەکسی خۆیان  ڕادەمێنن!

گەرمایە لە سێی ئابی جینۆسایدی شەنگالەوە تا گەرمای ئەمرۆ ، تا گەرمای  خیانەتی ٣١-ی ئاب.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە وێستگەی ٢٨ ی تەمووزی ٢٠٠٨یشدا  ھەروا خوێنی داوەو بەکردار و ھیممەت و گیانبازی  ئەم ویستە ئازادیخوازەی بۆ خۆشەویستی بێ مەسڵەحەت و بێ ئەندازەی کەرکوکی دووپات کردۆتەوە.

ئەم وێستگەیە بۆیە دەنگی دایەوە و رەنگی ھەیە چونکە بەھۆی میدیای گەشەکردووی جیھان  و بە بەرچاوی ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتییەوە،  یانی وەکو فلکلۆری کوردی دەیڵێ ( عالەم پێی زانی )، کۆشش و ئیرادە خۆی نمایان کرد . دەنا دەیان ساڵ بوو خوێن و خەبات ناونیشانی چیرۆکی کوردو کەرکوک بوو و گش لێی بێ خەبەر بوو .

مورافەعەکەی مام لە گۆڕەپانی مەجلسی حوکم کە خوێنی مەرەکەب و قەڵەم و نەبەردی خەریتە و بەڵگە و زمانی مێژووبوو، رێگایەکی ئاوەدانی بۆ تێکۆشانی مەدەنی و دیموکراسیی و سیاسەت و پێ سەلماندن و پێک سەلماندن کردەوە.لەقوڵایی رۆژگارانیشدا مورافەعەی خوێن و  خەم وپەژارە لە مێژە ھەبوو ، لە شەھیدانی کرێکارانی گاورباغی ، لە شەھادەتی شەھید مارف بەرزنجی لەبەردەم ستەمی داگیرکەر و پیلانگێڕی کۆمپانیاکانی نەوت  و ئوێنی تەورانی و دڕندەیی حەرەس قەومی تا  وێستگەی شەھید مامە ریشە و ھاورێ شەھیدەکانی لە نەبەردی حەمک ، بۆ زەماوەندی یانزە سوارەکەی قازان بە پێشڕەوی کاک ئەنوەر ، بۆ وێستگەی بڵێسەی گۆڕستان و جووت قاوە لە خۆپیشاندانی سالی ١٩٨٢ .بۆ  شەھادەتی سەرکردەکان عەلی عەسکەری و سیروان تاڵەبانی و حەمە غەفور ئاغجەلەری و ئینجا ئازاد ھەورامی تا قەڵغانی خوێنینی راپەڕین لە جێپەنجەی  شەھیدی سەرکردە عەبدولرەزاق و  بۆ ھەڵمەتی شەھید حاجی ھەڵمەت. ئەمانە ناونیشانن بۆ پشوودرێژی کورد و کۆڵنەدانی لە داستانی کەرکوکدا.

لە گۆڕەپانی ٢٨ی تەمووزدا کورد رێگا بوژاوە راستەکەی ھەڵبژارد ، رێگای نوێی ئاشتی و دەربڕین و بانگەوازی لافیتە و دروشمی مەدەنی بۆ داکۆکی لە ھەقی دیموکراسیی و لە بنەمای دەستوور و لە نەخشەرێی ١٤٠ و لە پێویستی سپاردنی ئەرکی سیاسیی بە ھەڵبژاردنێکی  بێگەردی بێ قاچووقوچ . ئەوانی تر رێگای فەرھەنگی خۆسەپاندن و ناعەدالەتی و نا دادییان ھەڵبژارد کاریان راست نەبێ.

کورد لەم ھەڵوێستانەدا بۆیە تا ئێستا کۆڵی نەداوە و ئیرادەی کول نابێ و ژەنگ ھەڵناھێنێ چونکە لەسەر ھەقە ، کورد بۆیە ئیرادەی ھەیە و سەردەکەوێ چونکە ویستە ئازادیخوازەکەی لەگەڵ دیموکراسیی و راستی مێژوو و مافداریدا یەک دەگرێتەوە.

تەنانەت لە سەردەمی ھەڵبژاردن و دیموکراسیشدا کە بە حیساب دەبێ سەردەمی پەنجەمۆر و دەنگدان و دەنگکردن بێت وا دەبینین خوێن دەدا ئەگەر ململانێ رەوا و دادپەروەرەکە  ئیجابی کرد. ئەگەر بۆ بەرەنگگاری داعش و فەراغی ئەمنیش بێت دیسان ئاڵای بڵندکراوی شەھیدان لیوا شێرکۆ و  لیوا حسێن مەنسووری ھەس . کورد لە ھاواری کپکراوی مێژووەوە خاوەندارێتی لەم دۆسێیە دەکا و لەسەری دێتە جواب، لێ نەیار ھێزی دەوڵەت و عەسکەر و تەعریبی کۆن و نوێ  و کەینوبەینی کۆمپانیاکانی نەوت دەخاتەگەڕ و ھەر رۆژەو بە لەونێ خۆی دەنوێنێ. فەقەت کورد دەیناسێتەوە و لەناو ھەزار داو و تەپکەدا بە موکێشی راستی دەریدێنێ و پێی ئێژێ ،پێیان بڵێ : لێرە نارۆم. ئیشم ماوە و ئەرکم ھەیە.

ئەم رۆژە رۆژێکە لە دەیان رۆژی بەرەنگاری ، رۆژی تریش ماون. لەکۆتایی ٢٠٢٣ یش جەولەیەکی ترمان ھەیە.       
وھێشتا زووە مێژوو دوا قسەی خۆی بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکەم

ویستی یەک لیستی لە ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی ھەرێم بژاردە و ئیرادەی مەخمەلی و لوتبەرزی نییە، یەک لیستی و یەک ریزی کوردستانی لە ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی ھەرێم قەدەر و ناچاری و پێویستییە، کورد ئەگەر ئەمە نەکا زیانی سەد دەلەسەد دەکات، دەرسودەوری ناوێ تا تێبگات کێشەی کەرکوک و شریتی تەعریب لە ناوچە دابڕاوەکان ئاڵۆز تر دەبێت و پاشەکشێی ھەرزان دەبێتە رێگای ھەڵدێری بێ ئەملاولا.

راستییەکەی باسی کەرکوک ھەر ناونیشان نییە بۆ ناوچە دابڕاوەکان و رەمزی مەسەلەی کورد لە عیراقدا، بەڵکو ئێستا باسی کەرکوک تایبەتی دیموکراسی لۆکاڵی کەرکوکیشە، چونکە لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە پارێزگای کەرکوک نەکراوە.

دووەم

جا خۆی پرۆسەی دیموکراسی لە عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستیپێکردوە لەوەتەی رژێمەکەی سەددام روخاوە، کەچی ھەڵبژاردنی لۆکاڵی وا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە کەرکوک پەکی کەوتووە. چونکە ھەرچۆنێک بێت ھەڵبژاردنی پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانیەکانی موسڵ و لە خانەقین و دووز پەکی نەکەوتوبوو، ئەوانە بەشێک بوون لە پارێزگاکانی تر، بەڵام کەرکوک لەو ساڵەوە ئیدارەیەکی کۆنی بێ ئەبدەیتکردنەوە حوکمی دەکرد تا لەکەین و بەینەکانی خۆپیشاندانەکانی عیراق، لە دەورانی کابینەی عەبدولمەھدی و کازمی دا، ئەنجومەنی پارێزگاکان داخران و ئیدارە و حکومڕانی کەرکوکیش کەوتنە دەست نەھەنگی حوکمی عەسکەر و فەرمانی پارێزگاری شۆڤێنی بێ کەفالەتەوە، واتا تەونی دیموکراسی عیراقی (٢٠) ساڵەو ئەو دیموکراسییە (`١٧) ساڵە لە کەرکوک بە شەلەشەل ئیدارەی خۆی دەدات و ئەوی ھەیە و نییە دیاریکردنی نوێنەرەکانی لیواکەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران. 

حوکمی لۆکالی کە راستەوخۆ پەیوەستی ژیانی ناوخۆیی پێکھاتەکان و خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە، لە شوێنی خۆی ڕاوەستاوە و لە دوای ریفراندۆمیشەوە ژیانی سیاسی مەیووە ئەگەر نەڵێم گەنیووە، لە کاتێکدا تاکە دەرفەت بۆ ئەوەی پێکھاتەکان پێکەوە بژین و سیاسەت بکەن، پێکەوە تەکبیر بکەن و ناکۆک بن، ھەر ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارەی رەسمی و ھەمەڕەنگی شارەکەیە کە بەداخەوە لە دوای گەڕانەوەی بێ ھەق و حیسابی عەسکەر، بە سوپای رەسمی و میلشیاکانەوە، قەدەغەکرنی حزوری پێشمەرگەش لەو ناوچە دابڕاوەی کە بەپێی دەستور دەبێ ئیدارەی ھاوبەشی ھەبێ، کەچی پارێزگارێکی گەندەڵی بێ پەرواو بێ بنکەی جەماوەری حوکمی دەکا و ھەموو کردەوەکانی تەعریبی نوێ لە بن باڵ و بە ئاگاداری ئەو و بەموبارەکەی دەسەڵاتی عەسکەر جێبەجێ دەکرێت.

سێیەم

یەک کەوتنی ئیدارەی لۆکاڵی کەرکوک ھەر زیانی بۆ دیموکراسی و خزمەتگوزاری نەبووە لەو شارە، بەڵکو زیانی بۆ پێکەوە ژیان و پێکەوە ھەڵکردن و پێکەوە تێکەڵبوونی نەتەوەکانیش ھەبووە، غیابی ئیدارەی پارێزگا ئەم شتە خراپانەی لێ کەوتووەتەوە ئەوانیش ئەمانەن... 

*پێکھاتەکان شوێنێکی رەسمییان نییە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و ئاڵوگۆڕی سیاسی و کەینوبەینی رێککەوتن و پێک سەلماندن و بۆ یەک سەلماندن.

*پێکھاتەکان لەیەک رەنجاون و لێک دوودڵن وەک سەردەمی پێشووی ڕژێمی دیکتاتۆری، جا ئەگەر جاران حوجە ھەبووە کە دەگوترا بۆیە پێکەوە خراپن چونکە دیکتاتۆری رێگرە لە پەیوەندی و حوکمی بەعس ھەموویانی بێ ئیرادە کردووە، ئێستا وا لە سایەی حوکمێکی بەحیساب دیموکراسی عیراقدا کە ھەمووان لە بەغدا بەشدارن و ھەموویان نوێنەرایەتیان ھەیە. کەچی وا لێک دوورن و لێک دوودڵ و دردۆنگن کە خێسە لەیەکتری دەکەن.

*پێکھاتەکان ھیچییان ھیچ بەرپرسیارێتی چارەسەر و تەگبیر ناخەنە ئەستۆی خۆیان و خیتابێکی دژوار و گرژ لەگەڵ یەک پەیڕەو دەکەن.

*لە غیابی کەنالیزەکردنی پەیوەندییەکان و نەمانی ئیرادەی نوێنەرایەتی لە کەرکوک کە (ئیدارە) نوێنەرایەتی (ئیرادە)ی شارەکە ناکات، ھەموو ئەمانە رێگای بۆ جەمسەرگیری دەرەوەی کەرکوک و بگرە جەمسەرگیری ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیش، بەکراوەیی، ھێشتووەتەوە، لەو شارەی کە ھەستیارە و تەماحی ھەمەجۆری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر ھەیە.

چوارەم

ھەر لەو ھەلومەرجەش کە دۆخی ئەمنی شارەکە تاکە لایەنە دەبرێ بەڕێوە و دەڤەری بۆشایی ئەمنی دروستبووە و پێکھاتەی عەرەبی و تورکمان ھەستیارن بەرامبەر بەشداری ھێزی پێشمەرگە و ھێزی کوردستان لە ئیدارەی دۆسێ ھاوبەشەکاندا، ئەمانە کارێکیان کردووە کە داعش و تیرۆرستانی مانەندی داعش ھەر وەختێک بیانەوێ چالاکی تیرۆرستی بکەن و پڕۆسەی سیاسیی کەرکوک و عیراقیش بخەنە ژێر ھەڕەشە و مەترسییەوە، دەتوانن بیکەن.

لەبەرئەمانە ھەموو کارکردنی دەستەجەمعی سیاسەتی کوردستانی بۆ گۆڕانکاری دیموکراسیی لە کەرکوک، پێویستییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی و دیموکراسیشە، بۆیە ھەر پاکانەیەک بۆ خۆدزینەوە لەو ئەرکە نیشتمانییە، بەھەر بیانویەکەوە، بێت ئەچێتە ئاشی دوژمنانی کورد و دیموکراسی و بگرە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانیشەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتاری سەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی، لە دەستگای چاتم ھاوس، بێ پێشینەی بوو. کاریگەری چ دەبێ لەسەر پارتی و دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم؟

سەرۆکی یەکێتی لە بەردی بناغەی چەند پایەیەکی دا، پارتی ساڵەھایە بینایان دەکات. ھێشتا نازانرێ کاریگەری چ دەبێ، بەڵام پرتی شڵەژاوە، تا ئێستا ھەڵوێستی نییە، تەنیا کاردانەوەیە.

ئەو پایانە چین کە سەرۆکی یەکێتی روخاندی؟

پارتی گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێ، رێکەوتن لەگەڵی ئەستەمە. کتومت بە پێچەوانی لافی پارتییەوەیە، ھەمیشە دەیەوێ پیشانی بدات، ئەم نوێنەری بۆچوون و حزب و گرووپی جیاوازی ھەموو کوردستانە. ئەوەتا گەورەترین حزبی ھاوپەیمانی پارتی بۆچوونی پێچەوانەیە.

تاڵەبانی ئەم کەمتەرخەمییەی پارتی دەبەستێتەوە بە ھەمە پۆڵی بڕیاردان لەنێو حزبدا و نموونەش دەھێنێتەوە. ئەمجار دەڵێ، "دەستی چەپ نازانێ دەستی راست چی دەکات". ئەمیش کتومت پێچەوانی لافی پارتییە، کە ھەمیشە دەیەوێ پیشانی بدات بڕیاردان لەنێو پارتیدا، لە نێوەنددایە و پارتی گرووپ و باڵی نییە وەک یەکێتی. تاڵەبانی ئەمجار یەکێتی لە ژێر سەرکردایەتی خۆیدا وەک حزبێکی یەکگرتوو دەناسێنێ و دەیکاتە ھۆکاری ئەوەی کە پارتی ناتوانێ و نایەوێ لەگەڵ یەکێتییەکی یەکگرتوودا رێکبکەوێ.

پارتی دەیان ساڵە کوردستانی ناوناوە عیراقێکی دیکە و لافی ئەوە لێدەدات کوردستان لە عیراق پێشکەوتووترە. تاڵەبانی ئەمیشی پووچ دەکاتەوە و باسی کارابوونی دەستگای وەک پەڕلەمان و دەسەڵاتی دادوەری دەکات، ھەموو لە کوردستان ھەڵوەشاوەنەتەوە و لە عیراقدا کاران. 

لێرەدا ناوەستێ! تاڵەبانی فراکسیۆنی پارتی تاوانبار دەکات بە بەکارھێنانی پەڕلەمان بۆ سیاسەتی حزب. نموونەش دێنێتەوە. لە لەکۆبوونەوەی ٢٢ی مایسی ٢٠٢٣دا فراکسیۆنی پارتی بەبێ رەزامەندیی یەکێتی، حزبی ھاوپەیمان، کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنیان لە پەرلەماندا کارا کردەوە. دواتر، بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق دژ بە درێژکردنەوە وەستا، بڕیارەکەی پووچکردەوە. دیارە ئەمەش تێکشکان بوو بۆ پەڕلەمان، کە یەکێتی سەرۆکایەتی دەکرد. تاڵەبانی پارتی تاوانبار دەکات بە بەکارھێنانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ بڕیاری سیاسی، وەک بڕیاری دژ بە ئەفسەرانی دژەتیرۆر و بڕیاری بە ھاوسەرۆک ناساندنی لاھور شێخ جەنگی.
تاڵەبانی دەڵێ، پارتی نیەتی چاکسازی و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی نییە و دەڵێ ئەو ٢٠ملیۆن دۆلاری ساڵانە ئەمەریکا دەیدا بە ھێزی پێشمەرگە، کارا نەبووە. 

تاڵەبانی دەڵێ، لە ھەرێمی کوردستاندا مافی مرۆڤ، ژن و کەمینە لە پاشەکشەدایە. ھەروەک دەڵێ، ئازادیی رادەڕبڕین لە دۆخێکی خراپدایە. ھەروەک بۆ پەرەپێدانی ئازادی رادەربڕین، تاڵەبانی بە گاڵتەجاڕیەوە دەڵێ: "ئەوە حکومەتە پێویستی بە راھێنانە، نەک رۆژنامەنووس".

کاتی سەردانی تاڵەبانی گرنگ بوو. سەرۆکی حکومەت بە ھاوکاری وەزیری یەکێتی و گۆڕان کەوتووەتە رکلام بۆ سەرکەوتنی کاری حکومەتی. تاڵەبانی لە بونیادی ئەم رکلامەی دا، پیشانی دا حکومەتی ھەرێم شکستە. ھەڵبەت ئەمە رەنگە گرفتێکی گەورە نەبێ بۆ حکومەت. ئەوی بڕبڕەی پشتی پارتی، حکومەتی ھەرێم دەشکێنی ھێشتا بەڕێوەیە.

تاڵەبانی، وەک سەرۆکی حزبێکی ھاوپەیمان و بڕیاردەری کوردستان و عیراق، باوەڕی وایە حکومەتی ھەرێم دەستگایەکی بێکەڵکە و پارتی تاکلایەن بەڕێوەی دەبات. بە وشەیەک، یەکێتی بەشێک نییە لە حکومەتی ھەرێم و پابەند نییە بە بڕیاریەوە. ھەرچەند بەو زمانە نایڵێ، بەڵام تاڵەبانی باوەڕی وایە حکومەت ھەڵوەشاوەتەوە و دەسەڵاتێکە بۆ سزادانی سلێمانی و لێدانی یەکێتی. تەنانەت دەڵێ، دەسەڵاتی دادوەری و پەڕلەمان بەکاردێ دژی یەکێتی.

ئەم بۆچوونە راشکاوە پارتی و حکومەتی ھەرێم، ھەردووک لاواز دەکات. ئیدی پارتی گەر سازشی چارەنووسساز نەکات بۆ یەکێتی، ناتوانێ لە عیراق، ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، خۆی وەک نوێنەری دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان یان حکومەتی ھەرێمی کوردستان بناسێنی. لە دوای ئەو وتارەوە پارتی ئێستا حزبە، نەک حکومەت، نوێنەری خۆیەتی، نەک خەڵکی کوردستان. ئەم دۆخە نوێیە سازشی زەبەلاح بە پارتی دەکات لە ھەموو رێکەوتنێکی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بازرگانی و سیاسیدا.

کەڵکم لە راپۆرتی ڕێزدار رێنوار نەجم وەرگرتووە لەسەر کۆبوونەوەکە. سوپاسی دەکەم.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

‎چەکدارانی ڤاگنەر کە پێکھاتەیەکن لە چەتەکانی ڕوسیاو باندە مافیاکان و  پیاوە ھەرە مەترسیدارەکانی ڕوسیا لە ڕوی ئەنجامدانی تاوانەوە.

‎ئەندامەکانی ڤاگنەر یان سزادراون بەتاوانی گەورەو مەترسیدار یان ئەوەتا داواکراون لەلایەن یاساوە.واتا ھیچ یەکێک لەئەندامانی ڤاگنەر کەسانی ئاسایی و بێتاوانی کۆمەڵگای ڕوسیا نین.

‎سەرۆکی ڤاگنەر پێشتر کەسێکی نزیک لە سەرۆکی ئێستای ڕوسیا ڤلادیمر پۆتن بوەو سەرۆکی خوان ئامادەکردنی کۆشکی کرملین بوە، بەڵام بە دروست کردنی گروپی ڤاگنەر کۆتایی ھێنا بەڕاژەکەی لەکۆشکی کرملین و لەلایەن خودی پۆتن بەکارھێنراوە بۆ یەکلایی کردنەوەی چەندین کێشەی ناوخۆی ڕوسیاو دەرەوەی ڕوسیا.

‎لەسەرەتای سەرھەڵدانی جەنگی ڕوسیاو ئۆکڕانیا گروپی ڤاگنەر بو بەچەکێکی باش بەدەست پۆتنەوە کەجیاواز لە سوپای ڕوسیا بۆ ئەرکە سەختەکان بەکاری دەھێنان.لەو جێگایانەی ڕو بەڕو بونەوە ڕویدەدا ڤاگنەر ئاراستەی ھێڵی پێشەوەی شەڕ دەکرا.
‎لەشەڕی ھەرێمی باخموت گروپی ڤاگنەر جەنگەکەی یەکلایی کردەوە بەجۆرێک ھەمو بەرگریەکانی سوپای ئۆکرانیایان تێکشکاند.

‎بەکارھێنانی ڤاگنەر لەلایەن پۆتنەوە بۆ یەکلایی کردنەوەی ھێڵە گەرمەکانی شەڕ بۆئەوە دەگەڕایەوە کە ئەندامانی ئەو گروپە مان و نەمانیان وەک یەکە، واتا گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەیان بۆ ناو کەس و کاریان گرنگی ئەوتۆی نەبوە چونکە ئەندامانی گروپەکە لای کەس و کارییشیان بێزراون بەھۆی دەیان تاوانی مەترسیدار کە ئەنجامیان داوە.

‎ھەر بۆیە بۆ پۆتن سوتەمەنیەکی باش بون بۆ بەکارھێنانیان بەرامبەر ئۆکرانیا.

‎ھەڵگەڕانەوەی ڤاگنەر چی دەگۆڕێت؟

‎ھەڵگەڕانەوەی ئەندامانی گروپی ڤاگنەر دژ پە پۆتن لەم کاتەدا دەنگدانەوەی گەورەی دروست کردوە لەسەر ئاستی جیھان و ناوخۆی ڕوسیا بەجۆرێک لەلایەن خودی سەرۆکی ڕوسیاوە باری نائاسایی لە تەواوی ئەو ناوچانە ڕاگەیەنرا
‎کە ئەندامانی ئەو گروپەی تێدان بەمۆسکۆی پایتەختیشەوە

‎ئەمەریکا لەسەر زاری وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەوردی چاودێری ئەو دۆخە تازەی ڕوسیا دەکەن 
‎لەھەمان کاتدا بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەم دۆخە بۆ ڕوسیا گران دەکەوێت و چاودێری دەکەن

‎ئۆکرانیاش کە لایەنێکی سەرەکی شەڕەکەیەو سوپای ڕوسیا ھێرشی کردۆتە سەر وڵاتەکە.
‎ئاماژەی بەوە کردوە ئەمە سەرەتایەو لەڕوسیا ڕوداوی گەورەتر ڕودەدەن.
‎ئەوەش ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی لە ناتۆ ئەوەی بۆیان بکرێت بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی ڕوسیا دەیکەن.
‎ئێستا لەم کاتەدا ئەمەریکا دەیەوێت  شڵەژانی زیاتر لەڕوسیا بێنێتە ئاراوە چونکە لەسەرەتای دەست پێکردنی جەنگی ڕوسیاو ئۆکڕانیا ھیچ ھەلێک نەڕەخساوە بۆ ئەمەریکا لەناوخۆی ڕوسیا تا ببێتە ھۆکارێک کارێک کە زیان بە سوپای ڕوسیا بگەیەنێت.ئێستا کەئەم دۆخە لەئارادایە ئەمەریکا ئەمە بەدەرفەتێکی باش دەزانێت بۆ ئەوەی دەست بخاتە ناوخۆی ڕوسیاو گرفتی گەورە بۆ وڵاتەکە درووست بکات..

‎ھەڵوێستی حکومەتی ڕوسیا دژی ڤاگنەر چیە؟

‎سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمر پۆتن لەدوای ئەو دۆخەی ھاتۆتە ئاراوە لێدوانێکی بڵاو کردەوە، ئاماژەی بەوە کرد ڤاگنەر گروپێکی لادەرن لەیاساو ئەوەی کردویانە پێچەوانەی یاساکانی ڕوسیایە. بەتۆمەتی تیرۆر باری نائاسایی دژی ڤاگنەر  ڕاگەیاند.لەھەمان کات وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئاماژەی بەوە کردوە ئەگەر دەست لەو کارە ھەڵنەگرن وەک تیرۆرست مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و ڕو بەڕویان دەبنەوە.داوای لە ئەندامەکانی ڤاگنەریش کرد کە نەکەونە ژێرکاریگەریی سەرۆکەکەیان و کاری ھەڵە دژ بەسوپای ڕوسیاو ھاوڵاتیانی سڤیل نەکەن.چونکە ھەمو دەسەڵاتێکیان دراوەتێ تا بە توندترین شێوە وەڵامیان بدەنەوە...

‎دەرئەنجام

‎ڤاگنەر لەو ئاستە گەورەدانین بتوانن سوپای ڕوسیا بخەن یان چۆکی پێدابدەن، کە سەرۆکی ڤاگنەر ھەڕەشەی کردوە گوایە  دەتوانن حکومەتی ئێستای ڕوسیا بڕۆخێنن تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکات پۆتن لە ھەڕەمی دەسەڵات دەھێننە خوارەوە..

‎ڤاگنەر بەدوای پارەو کۆکردنەوەی سامانی زیاترەوەن بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە لەڕوسیاو پێگەی خۆیان بەھێز بکەن، تەنانەت سەرۆکی گروپەکە چاوی لەگەیشتنە بەکورسیەکەی پۆتن 

‎بۆیە ئەگەر بێتو وڵاتانی دەرەوەی ڕوسیا بتوانن پەیوەندییان لەگەڵ ببەستن دۆخی ڕوسیا ئاڵۆزتر دەبێت بەڵام ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی ناگەن بەو خەونەی بتوانن ڕوسیا لەئۆکڕانیا ڕاگرن یان ناچار بەپاشەکشەی بکەن.

‎ھەروەک سەرۆکی ڕوسیاو وەزیری بەرگری وتیان سوپا دەست کراوەیە بۆ ھەموو ڕێگایەک بۆ کۆتایی ھێنان بەڤاگنەر ئەگەردەست ھەڵنەگرن لە ئاژاوە نانەوە لەڕوسیا 

‎کەیەکێک لە بژاردەکانیش لەناوبردنی 

‎سەرۆکی ڤاگنەرە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خراپ ئیدارەدانی ھەرێم و تاڵانی و قاچاخ و دەرمانی بەسەرچوو، و برسیکردن، قۆرخکردنی ھەموو شتێک بۆ کۆمپانیاکانتان، و لێبڕین و پاشەکەوتی مووچە؛

ڕادەستکردنی خاکی کوردستان بە بێگانە و لەشکرکێشی ھێزە نەیارەکانی کوردستان و تەراتێنی ھێزە ئقلیمییەکان لە پایتەخت؛

واژۆکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پێستی کورد و حساب نەکردن بۆ پێشمەرگە و سیادەی کوردستان لە لایەن نوێنەرەکانتان لە بەغدا؛

گرێبەستە نەوتییەکان و ھەڕاجکردنی بە بەغدا و سیاسەتی چەوتی مەلەفەکەی و نا شەفافی و بردنی داھاتەکەی؛

شەقھەڵدان لە مامۆستا و ڕۆشنبیر و گرتنی ڕۆژنامەنوس و ڕەوادوونانی چالاکوانانی مەدەنی، کوردستانییان لاواز کردوە نەک کەسی دیکە.

دووبارە، سیاسەتی لەگەڵ من نەبی، دژ و خائین و خاکفرۆشی، و خیتابی چەواشەکارانەی پڕدروشم، جەدوای نییە، خەڵک خزمەتی دەوێت خزمەت…

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
ھەرێمی کوردستان لە بەرەبەیانی مێژووەوە لانکەی کشتوکاڵکردن و خوبژێوی بووە، 11 ھەزار پێش زایین یەکەمین گوندی کشتوکاڵی لە بێستان سوور بوو کشتوکاڵی تێداکراوە و دواتریش حەوت ھەزار ساڵ پێش زایین یەکەمین کەرەستەی کشتوکاڵی دۆزراوەتەوە، واتە ھەرێمی کوردستان و خاکەکەی لەسەرەتاکانی مێژووەوە و لەسەر ئاستی جیهان پێشەنگی کاری کشتوکاڵی بوون، سەرەڕای ئەوەی ھەرێمی کوردستان بە گشتی خاکەکەی بەڕێژەیەکی زۆر بەپیت و لەبارە ھەرێمێکی کشتوکاڵییە و بە پێی ئامارەکان خاوەنی نزیکەی 17 ملیۆن دۆنم زەوییە، لەو رووبەرەش ساڵانە حەوت ملیۆنی بەکار دێت بۆ چاندنی بەرھەمی کشتوکاڵی سەوزە و دانەوێڵە و باخ. 
هەروەها خاوەنی پێنج سەرچاوەی ئاوی گرنگە، ئەمانەش ھەمووی ھۆکارن بۆ لەباریی خاکی کوردستان بۆ کشتوکاڵ. ئێمە لێرەدا دەمانەوێت باس لە پەیوەندی و ھەماھەنگی چالاکی ئابووری لە نێوان کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا بکەین، کە ھەردوو کەرتەکە بەسەرچاوەی داھات دادەنرێن لە جیھان و لە ھەرێمی کوردستانیشدا. بۆیە پێویستە لەوە تێبگەین کە چەمکی (گەشتوکاڵ) یان گەشتیاریی کشتوکاڵی چیە؟ 
هەر پڕۆسەو چالاکییەکی کشتوکاڵی یان لەخۆ دەگرێت کە گەشتیاران رادەکێشێت بۆ کێڵگەیەک بۆ نیشاندانی بەرھەمی رووەکی یاخود ئاژەڵی. گەشتیاریی کشتوکاڵی مەودایەکی فراوان لە چالاکی لەخۆ دەگرێت، لەوانە کڕینی بەرهەمەکان راستەوخۆ لە کێڵگەکەوە، گەشتکردن بەناو رەز و باخەکان و کێڵگەی ئاژەڵاندا، نمایشکردنی میوەی جۆراوجۆر، ئەسپسواری، حەوزی ماسی، نمایشی گوڵی ناوازە، ئەمانە و چەندانی تر وەک مانەوە لەکوخی تایبەتی جێگای نوستن و نانی بەیانی لە کێڵگەیەکدا. ئەمانە ھەموو ئەو چالاکییانەن کە دەکرێت لەناو پارچەزەوییەدا ھەبێت کە جووتیاران کاری تێدادەکەن، یاخود پڕۆژە و وەبەرھێنانی کشتوکاڵی وەک دامەزراندی کێڵگەی بەخێوکردنی (مانگا و بزن) دۆشینی ئاژەڵاکان بە ئامێری پێشکەتوو نیشاندانیان کە ئەمە ھەم دەبێتە چالاکییەکی گەشتگوزاری کشتوکاڵی ھەم دەبێتە زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ سوود وەرگرتن لە بەرھەمھێنانی شیر و پەنیر و ماست. 

جووتیاری نموونەیی
دەتوانرێت لە رێگەی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەتووەوە لە بواری کشتوکاڵیدا تۆوی جیاواز بەرھەم بھێنرێت وەک ئەوەی ئێستا چەندین جووتیاری نمنوونەیمان ھەیە کە بە کارەکانیان توانیویانە سەرنجی بەشێکی زۆر لە گەشتیاری ناوخۆ و دەرەوەش رابکێشن تا بچن ئەو ئەزموون و بەرھەمە جیاوازانە بە چاوی خۆیان ببینن، لە ساڵی 1985وە، گەشتیاری کشتوکاڵی لە ئیتالیا بە رەسمی و بە یاسایەکی دەوڵەت کە لە ساڵی 2006دا هەموارکراوە رێکخراوە. 
لە ساڵی 2013دا ئیتالیا ناوێکی بازرگانی نوێی بۆ کەرتەکە بەکارهێنا و ناوی نا: (Agriturismo Italia)، واتە گەشتی کشتوکاڵی، لەگەڵ سیستمێکی نوێ بۆ پۆلێنکردنی کێڵگەکان لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوون. لە ئەمریکاش بە گوێرەی سەرچاوە گەشت و گوزارییەکان، داهاتی گەشت و گوزار 1.127 ملیار دۆلارە، کە راستەوخۆ زیاتر لە نۆ ملیۆن هەلی کاری دابینکردووە، ئەوەش دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ بەرهەمهێنەرانی کشتوکاڵی و گەشتیاری و سوودی زۆر گرنگیشی بۆ کۆمەڵگ ھەیە، دەوڵەت دەتوانێت بۆ ھۆشیارکردنەوەی پەروەردەیی سوودی لێوەرگرێت و ھەفتەی رۆژێک گەشتی زانستی ھەبێت بۆ ھەموو ناوەندە پەروەردەییەکانی سەرەتایی، تا لە نزیکەوە بینینی ئاژەڵاکان و شێوازی بەرھەمھێنانی خواردن و خواردنەوە فەراهەم بکرێت، کە ئەزموونێکی تەواو گەورە و گرنگە بۆ فراوانکردنی ھزری منداڵانی باخچە و خۆێندگا سەرەتاییەکان، لەوە زیاتریش بۆ گەنجان وخۆێندکارانی پەیمانگا و زانکۆکان بە تایبەتی ئەوانەی کە لە بەشی تایبەمەند و کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری دەخوێنن، کە بۆ توێژینەوە و سەرچاوە دەتوانن سوودی لێ وەرگرن و ئەم کێڵگەیە بکەنە ناوەندێکی زانستی و تاقیگەیی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکانیان. 

داهاتێکی جێگیرتر و باشتر
لە رووی سوودە ئابوورییەکانەوە کشتوکاڵ بۆتە ئامرازێکی پێویست بۆ مانەوەی زۆرێک لە کێڵگە بچووکەکان. بە هەمەجۆرکردنی چالاکییە بازرگانییەکان، کرێکاران و جووتیارە زرنگەکانی کێڵگەکانی کوردستان دەتوانن داهاتێکی جێگیرتر و باشتر دەستەبەر بکەن. ئەمەش لە رێگەی بەگەڕخستنی چالاکییەکانی گەشتیاریی کشتوکاڵییەوە، دەکرێت سەرەتا وەرزی و کاتی بێت و دواتر بکرێتە شێوازێکی ھەمیشەیی. 
هەندێک لێکۆڵینەوە ئەوەیان دەرخستووە، کە چالاکییەکانی گەشتیاریی کشتوکاڵی زۆرجار سوود بە کۆمەڵگەکانی دەوروبەرییان دەگەیەنن، ئەویش بە راکێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەکە. بەهێزکردنی ئابووری لە رێگەی زیادبوونی هاتوچۆوە دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ ناوچە لادێینیشینەکان کە پێویستیان بەزۆربوونی داهات هەیە و رەخساندنی ھەلی کار ھەیە لەوبوارەدا تا جووتیاران بتوانن چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن کێڵگەکان فرەبەرھەم بکەن تا سوودی زیاتر بە خۆیان و کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بگەیەنن. 
گەشتیاریی کشتوکاڵی ئەو شوێنەیە کە کشتوکاڵ و گەشتیاری تیایدا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ئەزموونێکی پەروەردەیی و خۆشیبەخشی سەرسوڕهێنەرت پێ ببەخشن، جا ئەوە گەشتێک بێت بۆ کێڵگەیەک و یاخود کارگەیەکی کشتوکاڵی کەبتوانین ھەردوو ئامانجەکانی ھەردوو کەرتەکەی تێدا کۆبکەینەوە ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی گەورە و نێودەڵەتی دەتوانێت ھاندەر و یارمەتیدەر بێت بۆ راکێشانی رێژەیەکی زۆرتر لەگەشتیاری ناوخۆ و دەرەوە، کە ئەزموونێکی تەواو جیاواز و چێژ بەخشە، کاتێک گەشتیاران دێن و بەئارەزووی خۆیان میوەکان لێدەکەنەوە و دەتوانن بیکڕن و بیبەنەوە، یاخود گەشیارێک بینەری چۆنیەتی پڕۆسەی دۆشینی ئاژەڵێک بێت، کە چۆن بەرھەمەکانی دەکەن بە شیر و پەنیر و کەرە بەرھەمە جۆراو جۆرەکانی دی، وەک لە ئیتالیا بەناوبانگترین شوێنی گەشتیاری ساڵانە نزیکەی 26 ملیۆن کەس سەردانی کێڵگەکان دەکەن و بە تێکڕا سێ سەعات لە کێڵگەکەدا بەسەر دەبەن زۆر جار شەویش دەمێننەوە. هەروەها وڵاتانی دیکەی ئەوروپا وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا پشووی کشتوکاڵییان هەیە کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیار رادەکێشن، هەروەها لە ئیتالیا، جووتیارانی کشتوکاڵی رێگەیان پێدراوە بەرهەمە کشتوکاڵییە بەها زیادکراوەکان بفرۆشن، لەوانە بەرهەمی شەرابی ناوخۆیی، زەیتی زەیتوون، پاستا، گۆشتی ئامادەکراو، پەنیر، مرەبا، هەنگوین و چەندین بەرھەمی تر، لە وڵاتانی چواردەوریش ئەو ئەزموونە ھەیە و دەبینرێت وەک لە تورکیا و ئێران. 

پڕۆژەیەکی بێوێنە
لە دەوڵەتە عەرەبیەکانیش کوێت و سعودیە گرنگییەکی زۆری پێدەدەن و لە ئیماراتیش لە دوبەی گەورەترین پڕۆژەی گەشتوگوزاری کشتوکاڵی بە ناوی (Agri hub) دروست دەکرێت کە لە جیھاندا ھاوشێوەی نییە و دەبێتە یەکەم، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گەشتوگوزاری سروشتی لە دەوروبەری دوبەی، پڕۆژەکە میوانداری جۆراوجۆری ژینگەیی دەکات، گەشتی ژینگەیی، بازاڕی ژینگەیی و چالاکی سەرکێشی ژینگەیی بۆ ناوەندی پیشەسازی و کشتوکاڵی و سەرجەم پێداویستی و حەزەکانی گەشتیارانی تێدا بەردەست دەبێت، بڕیارە لە نێوان ساڵاکانی (2027—2030) بکرێتەوە، بۆیە ئەگەر دوبەی لەوناوچە بیابانە و بێ بوونی زەوییەکی بەپیت و پاراو بتوانێت پڕۆژەیەکی وا رابگەیەنێت لە رێگەی بیری نوێ و ھێنانی تازەترین تەکەنەلۆجیای جیھانی، بۆ لەھەرێمی کوردستان ئێمە نەتوانین لە قۆناغی سەرەتادا چەمکی گەشتوگوزاری کشتوکاڵی بەکۆمەڵگا بناسێنین و لە رێگەی حوکمەت و کەرتی تایبەتەوە ھاندان و پشتیوانی لەو جۆرە پڕۆژانە بکەین و داوا لەسەرمایەدار و وەبەرھێنەران بکەین کە وەبەرھێنەکانیان لەو بوارەدا بکەن، خۆشبەختانە لە کوردستاندا ئێستا چەندین جوتیاری نموونەییمان، ھەیە کە بەجیاوازی بەرھەمەکەیان سەرنجی زۆرینەیان بەلای خۆیاندا راکێشاوە، تاکە پڕۆژەی ھاوشێوەیە کە کرابێت لە تەواوی کوردستاندا لەشاری ھەڵەبجەی رچە شێکێن، ئەویش بە ناوی (کێڵگەی کوردستان)، کێڵگەیەک بە شێوازێکی زۆر مۆدێرن و نموونەیی و دەگمەن یەکەمین هەفتەبازاڕی کشتوکاڵ و کێڵگەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق. 

هەڵەبجە رچەشکێنە
ئەم پڕۆژەیە نزیکەی ساڵێک دەبێت کراوەتەوە و ئەم کێڵگەیە تایبەتە بەساغکردنەوەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان کە ئێستا زیاتر لە 90 جۆر بەرھەمی کشتوکاڵی تێدایە و ھەمەجۆری و جیاوازی لەبەرھەمەکاندا توانیویەتی فۆرمێکی تر لە بازاڕکردن و کشتوکاڵکردن بخوڵقێنێت شوێنێکی گەشتیاری و کشتوکاڵییە، ھیواخوازم جوتیارە ماندوونەسانەکانی دیکەش بەم جۆرە کاربکەن لەسەر زەوییەکانیان بۆ ئەوەی چیتر پێویستمان بە بەرھەمی دەرەکی نەبێت و ئەو جۆرە پڕۆژانەش ھاندانێک بێت بۆ گوندنشینان کە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری ھەرێم بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی گەشتوگوزاردا پڕۆژە و پلانی ستراتیجی دابنێن، بۆ خزمەتکردن و گەشەدان بە ھەردوو بوارەکە کە دەبێتە ھۆی پشتیوانیکردنی جووتیاران و کەسانی ئەکادیمی کشتوکاڵی دەرچووانی ئەوبوارە و ھاوشێوە لەگەڵ کەرتی گەشتوگوزاردا بەھەماھەنگی هەردوولا ھەلی کار بڕەخسێنن و ئابووری وڵات برەو پێبدەن و کوردستان سەوزتر و بەرھەمدارتر بێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشێوەیەکی گشتی دەوڵەتی فیدراڵی دوو ئاست لە حکومەتی تێدایە، یەکەمیان حکومەتی ناوەندە، دووەمیان حکومەتی ھەرێمەکانە، لە ساڵی ١٩٤٥کاتێک جەنگی دووەمی جیھان کۆتایی ھات، تەنھا شەش دەوڵەتی فیدراڵی ھەبوو، یەکەم دەوڵەتی فیدراڵی لە ساڵی ١٧٨٧ئەمریکا بوو، دواتر سویسرا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا و نەمسا. ئێستا جیھان بەلایەنی کەمەوە ٢٥ دەوڵەتی فیدراڵی تێدایە.

لەمڕۆدا جگە لەوەی جێبەجێکردنی سیستمی فیدراڵی زیادیکردووە بەرەنجامی ئەوە رۆژ بە رۆژ ژمارەی دەوڵەتە فیدراڵییەکان روو لە زیادبوون دەکات لەبەر چەند ھۆکارێک لەوانە:

یەکەم: فراوانیی رووبەری دەوڵەت ھۆکارێکە بۆ ئەوەی دەوڵەتان بەرەو فیدراڵی بڕۆن، بۆنموونە ھیندستان، بەڕازیل، کەنەدا و مەکسیک، کەواتە یەکێک لە ھۆکارەکانی پەنابردن بۆ فیدراڵی فراوانیی رووبەری دەوڵەتەکانە، ناشکرێت باسی ئەوە نەکەین، کە دەوڵەتمان ھەیە کە رووبەرەکەیان بچووکە و سیستمی فیدراڵین لەوانە بەلژیکا و سویسرا.

دووەم: زۆربەی دەوڵەتە  فیدراڵییەکان ئەو دەوڵەتانەن کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانیان ھەیە، ھەموو ئەو دەوڵەتانەی ژمارەی دانیشتوانیان لە ١٠٠ ملیۆن زیاترە دەوڵەتی فیدراڵین، جگە لە ژاپۆن و ئیندونیزیا، بەڵام ھەریەک لە ئەمریکا، کەنەدا، مەکسیک، ئەرژەنتین، ھندستان و ڤەنزوێلا و ئوسترالیا سیستمی فیدراڵی جێبەجێ دەکەن  و ژمارەی دانیشتوانەکەیان لە ١٠٠ ملیۆن کەس زیاترە.

سێیەم: رۆیشتن بەرەو سیستمی دیموکراسی ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنێ بۆی، ھاوکات ھەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی فیدراڵی زیاتر دەبێت، دیموکراسی ھەروەک چۆن لەگەڵ سیستمی لیبڕالیدا گونجاوە ئەوەندەش و زیاتر لەگەڵ فیدراڵیدا گونجاوە، چونکە لیبرالیزم کار لەسەر ئازادی تاکە کەس دەکات، بەڵام فیدراڵی کار لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەت دەکات و دیموکراسیش پەیوەندە بەشێوەی حکومرانییەوە. وەک ئەرژەنتین و بەرازیل و مەکسیک. ھەرکاتێک بەرەو دیموکراسی رۆشتبن لەگەڵیشیدا سیستمی فیدراڵیان جێبەجێکردووە.

چوارەم: چارەسەری ململانێ سەربازییەکان ھۆکارێکە بۆ ئەوەی دەوڵەتان بەرەو فیدراڵی بڕۆن، زۆربەی جار ململانێ سەربازییەکان بەھۆی جیاوازی نەتەوەیی و ئیتنییەوە دروستدەبن، ھەربۆیە فیدراڵییش ئامڕازی چارەسەری ململانێ نەتەوەیی و ئیتنییەکانە، بۆیە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بە قۆناغێک لە شەڕی چەکداری و ململانێ نەتەوەیی و ئیتنیدا تێپەڕیوون ھەوڵی جێبەجێکردنی فیدراڵیانداوە، لەوانە: بۆسنە و ھەرسک، عیراق، سریلانکا.

عیراقیش کە سیستمی فیدراڵی جێبەجێ‌کردووە  و  لەمادەی ١١٧ی دەستووری عیراقدا دانی بە ھەرێمی کوردستاندا ناوە، لە مادەی١٢١ دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستانی دیاریکردووە، ھەربۆیە قەوارەی ھەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا پارێزراوە، پێویست ناکات ھەر کاتێک ململانێیەک دێتە پێشەوە باس لەوە بکرێت فیدراڵی ھەرێمی کوردستان دەکەوێت مەترسییەوە.

ھەربۆیە ئەوانەی پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە پەسەندکردنی ئەو بڕگەیەی پرۆژە یاسایی بودجە کە باس لەوە دەکرا  لە کاتی بوونی نادادپەروەریی لە بەشە بودجەی پشکی پارێزگایەک لە ھەرێمی کوردستان سەرۆک وەزیرانی عیراق تەدەخول بکات، ئەوا فیدراڵی ھەرێم دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوا ھیچیان لە دەستوور نەخوێندۆتەوە و ئەوەش نازانن کە لەماوەی رابردوودا چەندین جار حکومەتی عیراق مامەڵەی دارایی لەگەڵ  پارێزگاکان کردووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێگەی دادگای فیدراڵی لە دەستوری كۆماری عێراقی فیدراڵدا پێگەیەكی گرنگ و هەستیارە كە خاوەنی بڕیاری كۆتاییە ، چوارچێوەی هێڵە گشتیەكانی دەسەڵات و ئەرك و شێوازی پێكهێنانی لە ماددەكانی ( 92 ،93 ، 94 ) دەشستوور رونكراوەتەوە ، لە ماددەی (13)ی دەستوریشدا ئەو پێگەو باڵایە رەنگی داوەتەوە كە ئەم دەستوورە بە پایەدارترین یاسا دادەنێت و نابێت هیچ یاسایەك دابندرێت لە گەڵ حوكمەكانی ناكۆك بێت ، ئەمەش ئەو راسیتیە دوپات دەكاتەوە كە دادگای فیدراڵی بۆ  روانین و دادبینی و بریاردان و راڤەكاریە بۆ ماددەكانی دەستورو ئەوناكۆكیانەی لە دەركردنی یاساو پەیرەو بڕیارەكان دەكەونەوە ، جا ئەوە ناكۆكی و خوێندنەوە جیایانە لە نێوان هەرێمەكان و پارێزگاكان و حكومەتی ئیتحادی (فیدراڵی ) یەوە،دێنە ئاراوە ، یا لە دەرچواندنی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانبێت یان لە پەرلەمانی هەرێمەكان بێت ، كارو تایبەتمەندی  دادگای فیدراڵی چاودێری لەسەر دەستووری بوونی یاسا و پێرەوە بەركارەكان .

دادگای باڵای فیدراڵی كراوەتە مەرجەع بریار بەدەست ، لە ماددەی (94)ی دەستووری عێراقدا هاتووە (بڕیارەكانی دادگای باڵای ئیتحادی بنبڕە ، و پابەندیە بۆ هەموو دەسەڵاتەكان ) ، بەو مانایەیی ئەگەر لە سەر هەر پرسێك ناكوكی كەوتە نێوان یەكێ‌ لە هەرێمەكان وحكومەتی ئیتحادی ، یان رەوایەتی و دەستوری بونی یاساكان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەران بێت یان پەرلەمانی هەرێمەكان بێت مەرجە و نابێت یاساكان پێچەوانەی دەستور بێت وەك لە ماددەی ( 13) برگەی دووەمیدا هاتوە (  نابێ‌ یاسەیەك دابنرێت دژبێت لەگەڵ ئەم دەستورە ، وەهەر دەقێك لە دەستورەكانی هەرێمەكان یان هەر دەقێكی تری یاسایی كە دژبێت لەگەڵی بە پوچەڵ دادەنرێت ) (تاكە دادوەرو و ناوبژیوان دادگای باڵای فیدراڵیە وبڕیارەكانی بنبڕە  ، واتە شایەنی تانەوتێهەلچونەوتەمیز كردنەوە نین .
 بۆ بەرچاو روونی زیاتر  دەقی ماددە پەیوەندیدارەكانی دەستوور وەك خوی دادەنێنەوە  :
لە ماددەی 92ی دەستوردا هاتوە :
یەكەم -دادگای فیدراڵی باڵادەستەیەكی دادوەری سەر بەخۆیە لە ڕووی دارایی وبەڕێوەبردنەوە.
دووەم -دادگای فیدراڵی باڵا لە ژمارەیەك دادوەر و شارەزای فیقهی ئیسلامی و یاسا ناس پێكدێت ،دیاریكردنی ژمارە و شێوازی هەڵبژاردن وكاری دادگاكە بە یاسا رێكدەخرێت ،  بە زۆرینەی دوو لە سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران .
لەماددەی ماددەی 93 دا هاتوە : دادگای فیدراڵی باڵا ئەم تایبەتمەندیانەی دەبێت :
یەكەم - چاودێری لەسەر دەستووری بوونی یاسا كان و پێرەوە بەركارەكان .
دووەم - لێكدانەوەی دەقە كانی دەستوور .
سێیەم - یەكلایكردنەوەی ئەو كێشانەی لە ئەنجامی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەتی فیدراڵیەوە دەردەچن ، یاساش ماف دەدات بە هەریەك لە ئەنجومەنی وەزیران و كەسانی خاوەن پلەو ئەوانی دی كە ڕاستەوخۆ لە دادگا ڕخنە لەو بڕیارانە بگرن .
چوارەم :یەكلایكردنەوەی ئەو دووبەرەكیانەی لە نێوان لە نێوان حكومەتی فیدراڵ وحكومەتی هەرێمەكان و پارێزگاو شارەوانیەكان و ئیدارە ناوخۆییەكان ڕوودەدات .
پێنجەم :یەكلایكردنەوەی ئەو دووبەرەكیانەی لەنێوان حكومەتی هەرێمەكان یان پارێزگاكان ڕوودەدات .
شەشەم :یەكلایكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵا سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان .
حەوتەم: پەسەندكردنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنە گشتیەكان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران .
هەشتەم :أ یەكلایكردنەوەی ناكۆكی لە نێوان بواری كاری دادگای فیدراڵ ودەستەی دادوەری هەرێم وپارێزگاكان كە ناكەونە سنوری پارێزگاكان .
ب  یەكلایكردنەوەی ناكۆكی لە بواری كاری دەستەی دادوەری هەرێمەكان وپارێزگاكان كە ناكەونە سنوری هەرێمەكانەوە .
هەروەها لە ماددەی  94ی دەستوردا هاتوە :  بڕیارەكانی دادگایی باڵای فیدراڵی یەكلاكەروە یە ودەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن .
لە دوای پەسەندكردنی دەستووری كۆماری عێراقی فیدراڵ  لە ساڵی 2005 ، پرسی یاسای دادگای فیدراڵی بۆتە جێگای پرسیارو تێروانینی جیا لە نێوان پسپۆرانی بواری دەستوور ، كە بەرای ئێمە ئەمە خاڵێكی نەرێنیە لەسەر یاسایەكی وا گرنگ كە رۆلی یەكلاكەروە هەیە ، گومانی تیانییە تا ئێستا كار بە (بڕیاری ژمارە 30) یاسای دادگای باڵای فیدراڵی دەكرێت كە پاڵپشت بە ماددەی (44) لە یاسای بەرێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە دەرچوێندراوە ، واتە تا ئێستا یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بونی نییە لە ژێر چەتری دەستووری هەمیشەیی دا دەرچوێندرابیت ، جگە لە هەمواركردنەوەی نەبێت كە بەیاسای ژمارە (25 ) لە ساڵی 2021 كراوە، بەبێ‌ ئەوەی خۆی لە قەرەی كرۆكی ماددەی (92) برگەی دووەمی بدات كە تێدا هاتوە (دادگای فیدراڵی باڵا لە ژمارەیەك دادوەر و شارەزای فیقهی ئیسلامی و فقهی یاسا پێكدێت ،دیاریكردنی ژمارە و شێوازی هەڵبژاردن وكاری دادگاكە بە یاسا رێكدەخرێت ،  بە زۆرینەی دوو لە سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران )شاراوە نییە  لە ماددەكانی دەستووردا كە پەیوەندیدارن بە دادگای فیدرالی بە شێوەیەك لە شێوەكان خۆی لەهەندێ‌ پرسی هەستیار بواردەوە و ئەو ئەركەی داوەتە ئەنجومەنی نوێنەران كە بەیاسایەك یاسای دادگای فیدرالی دەربچوێنرێت كە بە رەزامەندی دەنگی دوو لەسەر سێ‌ ئەندامانی ئەنجومەن بێت ، بەڵام لەكاتی هەمواری بریاری ژمارە (30) رەچاوی ئەم خاڵە نەكراوە ، چونكە ناكرێت دادگای فیدرالی دەست كراوە بێت و ناروونی لە ئەرك و كارەكانیدا بەدیبكرێت بە حوكمی پێگەو كاریگەریەكەی ، بۆ جێبەجێكردنی حوكمەكانی یاسای دادگای فیدرالی هەمواركراو ، مالی یاسادانانی فیدرالی لە ماددەی (9) یاسای دادگای فیدرالی هەمواركراو دەسەڵاتی داوەتە دادگای فیدراڵی پەیروی ناوخۆی خۆی دەربكات .
 دادادگای فیدرالیش پەیرەوی ناوخوی ژمارەی (1) لە ساڵی 2022 دەركرد كە لە (52) ماددە پێكهاتوە بۆ رێكخستنی كاراییەكانی كە هەولی داوە تا رادەیەك كەموو كوریەكانی یاساكە پربكاتەوە ، لەوانە كاریگەری بڕیارەكانی دادگا لە رووی كاتەوە ، ئایە بریارەكان كاری گەری راستەوخۆیان ( فوری) دەبێت لە رۆژی دەرچونیان یان  كاریگەری گەراوەشی دەبێت  پێشخۆیی ( رەجعی ) ، دادگای فیدراڵی لە ماددەی (37) پەیری ناوخۆی دا هاتوە ( كاریگەری بڕیارەكانی ئەم دادگایە لە رۆژی دەرچونیانەوە دەبێت ، ئەگەر لە بڕیارەكە پێچەوانەی دیارینەكرابێت ، سەبارەت بە حوكمی جەزائی ئەوا ئەسەری راستەوخۆیان دەبێت ، سەبارەت كاریگەری بڕیاری  راڤەكاری لە ماددەی (38) ی پەیرەوەكەدا هاتوە (   كاریگەری بریارەكانی راڤەكاری لە رۆژی جێبەجێكردنی حوكمەكانی دقەكەوە یە كە جێگای راڤەكاریە  ، ئەگەر دەقێكی پێچەوانەی ئەوە نەبێت ).
پێشینەی دادگەری بریارەكانی دادگای فیدراڵی لەسەر چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە كاریگەری بڕیارەكانی لەروی كاتەوە كۆمەڵێ‌ خوێندنەوەی جیای جێهێشتوە ، هەروەها لەسەر خودی یاساكە و پێكهاتەی ئەندامانی شارەزایان و پسپۆرانی یاسای دەستوری ناكۆكن لەسەری ، چونكە لە ماددەی 92ی دەستوردا هاتوە :
یەكەم -دادگای فیدراڵی باڵادەستەیەكی دادوەری سەر بەخۆیە لە ڕووی دارایی وبەڕێوەبردنەوە.
دووەم -دادگای فیدراڵی باڵا لە ژمارەیەك دادوەر و شارەزای فیقهی ئیسلامی و یاسا ناس پێكدێت ،دیاریكردنی ژمارە و شێوازی هەڵبژاردن وكاری دادگاكە بە یاسا رێكدەخرێت ،  بە زۆرینەی دوو لە سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران .
بەڵام بڕیاری ژمارە ( 30)  لە لایەن حكومەتی ئینتقالی دەركراوە و لە كاتی هەمواركردنی یاساكەش لە ساڵی 2021 یاسای ژمارە ( 25) یاسای هەمواری یەكەمی دادگای ئتتحادی دەرچوێنرا كە خۆی بەدوور گرتوە لە ناوەرۆكی برگەی دووەمی ماددەی (92)ی دەستور ، لە لایەكی تر بەشێك لە شارەزایانی بواری دەستور بە ماددەی (130) دەستور وەڵامی ئامادەیان پێیە كە تیایدا هاتوە ( یاسا كارپێكراوەكان كاریان پێدەكرێت ئەگەر هەڵنەوەشێنرابێتنەوە یان هەموار نەكرابن بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم دەستوورە. ( تبقی التشریعات النافژە معمولا بها،ما لم تلغ أو تعدل وفقا لاحكام هژا الدستور) ،
كوردو دادگای فیدراڵی
بەڕای بەندە باشتر وایە كۆتایی بەم گومان و رایە جیاوازنە بهێنرێت ،بۆیە باشتر وایە لە ئێستادا كار لەسەر ئامادەكردنی پرۆژ یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بكرێت و ئامادەكاری تەواو بكرێت بۆ كۆدەنگی و سازان و پركردنەوەی هەموو ئەو كەلێنانەی كە بەدیدەكرێن ، لە هەمانكاتدا رووبچێتە ناو رۆحی دەستور و فەلسەفەی دەستور كە بوار بۆ ئیجتهادو خوێندنەوەی جیا نەهێڵێتەوە ، چونكە لەدەستوردا تایبتمەندی دراوەتە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە كاتی پەسەند كردنیدا ، وەك لە دەستوردا هاتووە كە حوكمەكانی هێڵەگشتیەكانی دەرچواندنی یاسای دەستوری روون كردوتەوە ، بۆ كوردو هەرێمی كوردستانیش گرنگە لە ئیستادا ئاورێكی جدی لەم پرسە بداتەوە ، دوور لە بیری تەسكیی حزبایەتی بە نەفەسێكی كوردانەو یاسیانەی قوڵ ئەم پرسە روو بەرووی شارەزایانی بواری دەستور بكرێتەوە ، و پێداویستیەكانی  سەرخستنی ئەم كارەیان بۆ دەستە بەر بكرێت و شان بەشانی ئەم یاسایە ئاورێكی جدیش لە یاسای نەوت غازو یاسای ئەنجومەنی ئتتحادی بدنەوە ، لە هەمان كاتدا دەستەیەكی یاسا ناس لە پارێزەرو شارەزیانی دەستور و پسپۆران پێكبهێنرێت وەك دەستەیەكی سەربەخۆ كە ئەركیان راوێژ دان و بەرگری بێت لە مافە دەستوریەكانی خەلك و هەرێمی كوردستان .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھێرۆخان وەک سیمبولی کەسایەتی بەرزی ژنی کورد دەردەکەوێت؛ ئەم خاتوونە پێشمەرگەو خەباتگێڕە وەک چیایەکی سەخت بەگژ تاڵی کوردبوون و داگیرکەرانی کوردستان وەستایەوەو نەسرەوت بۆ یەک چرکەش لە خەبات نەوەستا؛ ژیانی دادە ھێرۆ وەک ئەو گوڵە وایە لەناو بەردو تەڵاشەبەردی رەق سەردەردەکات؛ لە لایەک بەگژ محاڵ دەچێتەوە و وجودی کوردبوون دەسەلمێنێت؛ لە ئالییەکی دی جوانی و ئینسانیەت و کارکردن بۆ بەھا باڵاکانی مرۆڤایەتی فەرامۆش ناکات و لەخۆیدا دەیگەیەنێتە لوتکە؛ ھێرۆخان.. وەک شۆرشگێڕێکی کورد و ژنێکی بەھرەمەند بە نیشتمان پەروەردی؛ بەئەندێشەی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدی خەباتگێڕو بیر رووناک و بە دنیا بینینی فراوان و حەکیمانەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی گەشەی بەخەباتی نەتەوەی دا بۆ کوردستان ژیا؛ بووە سیمبولی قارەمانێتی و تێکۆشانی ژنانی کورد؛ سەلماندی ئەوانیش ھیچیان لە ھێزو بیری پیاوان کەمترنییە لە مەیدانی خەباتدا.

 دەست بەرداربوون لە ژیانی شەخسی و کارکردن بۆ بەھا باڵاکانی نەتەوە لوتکەی ھەڵوێستی ئەم ژنە خەباتگێڕەی کوردە؛ کە ئێستا ئەم ناوە مۆدێلێکی بەرزی خۆراگرو تێکۆشانەی ژنی قارەمانی کوردە.

 لە قەندیلەوە تا کۆشکی سەلام؛ سەلماندی “لەپشت ھەرپیاوێکی بەھێز ژنێک ھەیە”ھێرۆخان ئەو ژنە سەنگینەی رێگەی کوردایەتییە، کە خۆشەویستی خاک و گەلی کردە ووزە بۆ سەرخستنی ئامانجی شۆرش و خەباتی رەوای نەتەوەکەی؛ لە چیا بێ سڵکردنەوە لە مردن تۆماری نەھاتی و خەباتی گەلەکەی کردو ئەو ئەرشیفەی دەوڵەمەندکرد؛ وەک شازادەیەک نەژیا..وەک پێشمەرگەیەکی خاکی لەبن تەڵاش ژێر رەشەبا و سەرماو بەستەڵەک و سەختی خەبات ژیانیکرد.

 لەشار ئەم شاژنەی کوردایەتی؛ بەشی زۆری کارەکانی مەدەنی و ئینسانی و پێشکەوتن و پتەوی بناغەی ئەم کوردستانەبووە؛ منداڵپارێز؛ خاک؛ کوردسات؛ ئەمنەسورەکە؛ سەرا؛ زاموا؛ سەنتەری گەنجان، پیرخانە، بێ لانەکان، شەڵتەری ژنان، بایەخ بە ھونەرمەندان ، پاراستنی شوێنەواری ئەم وڵاتەو زانکۆکان و کەرتی پەروەردە..و زۆر زیاتریش کاری لە پێشینەی ئەم سەنگینەی کوردایەتی بووە. کە تەواوی ژیانی بەخشیوە بەگەل و وڵات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دیموکراسی کە دەستەواژە یا وشەیەکی یۆنانی کۆنە بە مانا هەرە سادەکەی بریتیە لە (دەسەڵات) یا (فەرمانرەوایی) خەڵک. 
هەڵبژاردن و دەنگدان بنەمایەکی سەرەکی دیموکراسیە، چونکە لەو پرۆسەیەدا هاووڵاتیان چارەنووسی خۆیان ئازادانە و سەربەستانە و بە یەکسانی دیاری دەکەن.. بەڵام ئەو دیموکراسییەی لای ئێمە پێی دەوترێت دیمۆکراسی نەک هەر سەری لە خۆمان، بەڵکو سەری لە پسپۆران و زمانەوانان و فەرهەنگی یۆنانی تازەو کۆنیش شێواندوە!

راستە کە چەند جۆرێک لە دیمۆکراسی بوونی هەیە، بەڵام بەینی خۆمان بێت جۆرەکەی ئێمە ئەوەندە عەجایب و تایبەتە کە کورد ووتەنی ( لە قوتووی هیچ عەتارێکا نیە ) ، دیارە هەر لەبەر ئەوەش هێشتا ناوی لێنەنراوە ونەخراوەتە لیستی جۆرەکانیتری دیموکراسیدا..!

دیموکراسیەکەی ئێمە بە کوتەک و شولک و قۆڵبادانە !! 
نازانم ئەو هەموو نێردە دیبلوماسی و سیاسی و ناوبژیوانانەی کە هانمان ئەدەن بەپەلە پروزە هەڵبژاردن بکەین بۆ ئاستەنگ و ناڕەوایی و نالەباری دۆخەکە نابینن؟ بۆ لە کاتێکدا کە خۆیان کردوەتە باوکی دیموکراسیەت نابینن و نابیستن کە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنە ئێکسپایەرەکەمان بە نایاسایی و سەرشکاندن هەلهەلەی بۆ کێشرا و پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکەمان لە یەکێک لە چەکمەچەکانی باڵەخانەی پەرلەمانەکەمانا تۆزی لێ نیشتووە و تۆماری دەنگدەرانمان علوجە و فڕی بەم سەردەمە و دانیشتوانی پارێزگاکانمانەوە نییە، جگەلەوەش نوێنەری کەمینەکانمان هێشتا داوای یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان دەکەن..!! پاشان چۆن و بۆ دەبێت جیاوازیی نێوان تۆماری دەنگدەرانی عیراق و تۆماری دەنگدەرانی هەرێم سەروو نیو ملیۆن دەنگدەر بێت کە بەوتەی شارەزاییان ئەو ژمارە زیاد کراوانەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێم هەمووی لە هەولێرو دهۆکە لە کاتێکدا کە زیاتر لە شەست هەزار دەنگیش لە سلێمانی کەم کرابێتەوە..!! ئایا هەر ئەمە خۆی لەخۆیدا کارێکی ئەوپەری نادادپەروەرانە نییە؟ ئەگەر هەر کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە ٣٥ هەزار دەنگ بێت ئایا زیاد کردنی ٥٦١ هەزار دەنگ بە واتای مسۆگەر کردنی ١٦ کورسی نیە لە دهۆک و هەولێر ؟؟ ئەی هەر ئەمە خۆی لە خۆیدا کارێکی ئەوپەڕی نادادپەروەرانە و نا دیموکراسیانە نییە؟؟ سەیرە، هەمووان باس لە چەسپاندنی دیموکراسی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەبڕین دەکەن، کەس نیە بە دروشم داوای هەڵبژادنێکی بێ تەزویرو پاک و بێگەرد نەکات، هیچ حزب و لایەن و بزوتنەوە و کۆمەڵ و رێکخراو و هاوپەیمانێتی و کەسایەتیەک نیە سەرو بنی ووتاری سیاسی بریتی نەبێت لە پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوە و گەل و میللەت و هاونیشتیمانان و هاووڵاتیان، بەڵام بەداخەوە زۆر کەمن ئەوانەی کە خۆیان پابەندی دروشمەکانیان ئەبن و هەر ئەوەشە کە پاشەکشە بە هەموو پڕۆسەیەکی بەرەوپێشچوون ئەکات لە سەرزمێنێکدا کە خەڵکەکەی شەیدا و تامەزرۆ و تینوی بەدیهاتنی دیمۆکراسیەکی راستەقینەن..!!

لە کۆتاییا دەڵێم ئەگەر ئەو هەموو فشارو گۆشارە تەنیا بۆئەوەیە کە بڵێن شوکور بۆ خوا ئێمەش دیموکراسی پەیرەو ئەکەین ئەوا قوربان، ئەمە جگەلە خۆ شاردنەوە لەژێر پەردەی دیموکراسیا هیچیتر نیە و دەیان هەڵبژاردنیتریش ئەنجام بدرێت مادام الف و بێی دیموکراسی پەیرەو ناکرێت، ناتوانین شانازی بە دەنگەکانمان و یەکسانی و ئازادییەوە بکەین.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
 ٣٠-٥-٢٠٢٣

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەد ساڵە لەمەوبەر دابەشبونێکی بنەڕەتی لە نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست بوو، نەخشەی ناوچەکە لەسەر بنەمای لەگۆڕنانی رێکەوتنامەی سیڤەرو لەبەر چاو نەگرتنی بەشێک لە دیدگاکانی دانیشتنەکانی کۆنگرەی قاھیرە لە ساڵی ١٩٢٠ داڕێژرایەوە. کورد بوە قوربانی یەکەم و خاک و خەڵکەکەی دابەشکرا بەسەر وڵاتانی تازە دروست بوودا. بەر لە سەد ساڵ بەبێ ئامادەیی ھێزێکی سیاسی کاریگەری کوردستانی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەت بۆ کورد گەڵاڵە بوو. بەڵام تورکیا ئەو خەونەی بە پیلان و کەمپیەینی دیبلۆماسی گۆڕی بۆ سڕینەوەی خەونی کورد لە چواچێوەی لۆزاندا. نەک ھەر ئەوە بیرۆکەی دروستبوونی کۆماری سوری کوردستانیش لە سۆڤیەت لەلایەن تورکیا بە رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی شورەوی بەتاڵ کرایەوە.

ئەوانەی بەناوی مارکسیەت و چەپەوە دروشمی بەرگریان لەخەباتی چەوساوەکان و گەلانی بندەست ھەڵگرتبوو بونە بەشێک لە پەرتکردن و راگواستنی کورد. 

لۆزان دەوڵەتێکی نوێی بەناوی تورکیا دروست کرد دەوڵەت بۆ تورکەکان و زیندانێکی گەورە بۆ کوردەکان.
سڕینەوەی زمانی نەتەوەی دووەم لە تورکیا سەپاندنی زمانی تورک بەسەر گەلانی ناو وڵاتەکە.

بۆچی کورد پرسی پێ نەکرا لەلۆزان؟
کورد خۆی بەچیەوە سەرقاڵکردبوو ئەو دەمە؟
بۆچی ئەرمەنەکان و لە رێگەی ئەوانیشەوە ئەوروپاییەکان ھاوسۆزنەبوون بۆ کورد؟
لە ١٤٣ مادەی لۆزاندا بۆ ناوی کورد نەھاتوەو رێکەوتنی لەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستان دراوە؟
لێکەوتەکانی لۆزان بۆ ھێشتا بەردەوامە؟
ھۆکارەکانی پشت رێکەوتنی لۆزان چی بوو؟
پرسیارێکی زۆر لەم پرسەدا ھەن و پێویستیان بە گفتوگۆی ھێمن و زانستی ھەیە، دوور لە سۆزگەرایی و خۆ دزینەوە لە راستیە مێژووییەکان.

لە زانستی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا چەند کارەکتەری دەوڵەتی کارتێکەر ھەن لەوانە کارەکتەری دەوڵەتی و کارەکتەری نا دەوڵەتی لەھەمان کاتدا کەسێتی دەرکەوتوو کارەکتەری کەسی لە سەروەختی لۆزاندا کورد ئەم کارەکتەرانەی نەبوە لە گۆشەیەکدا گەر ھەبووبن سەرقاڵکراون بە کاری لاوەکیەوە!.

ھەر بۆیە لۆزان بەبێ ئامادەیی کورد کراو نەک مافی کوردی نەسەلماند بەڵکو دەرفەتی دا بەداگیرکەرانی کوردستان بەنەمان و سڕینەوەی ئەو گەلە دێرین و گەورەیەی ناوچەکە. لەناو ئەو نەخشە نوێیەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

کۆمەڵکوژی دەرسیم و کۆمەڵکوژی گەلی زیلان و کپکردنەوەی ناڕەزاییەکانی لۆزان و داگیرکاری بەر کوڵی ئەو رێکەوتنەی وڵاتانی براوەی جەنگی جیھانی یەکەم و تورکیای نوێ بوو.
لە دوای سەد ساڵ لە لۆزان
ئەوسا کورد پەرت و پەرش و بڵاو بوو
ئێستا کورد ئامادەیی ھەیە سەرباری درمە دێرینەکەی خۆخۆریی.
ئەوسا کورد نەناسراو بوو پێگەکەی نەدەخونرایەوە.
ئێستا کورد لەسەر ئاستی ھەموو جیھان ناسراوەو پێگەی سیاسی ھەیە لە رۆژئاوای کوردستان کانتۆنی ھەیە لە باشور ھەرێمێکی فیدراڵی ھەیە لە ناو دەوڵەتی عیراق پێگەی دەوڵەتی ھەیە
لەوەش دڵخۆشکەر تر رەوەندێکی بەھێزی کوردستانی لەتاراوگە بوونی ھەیە.
لەباکور فراکسیۆنی پەرلەمانی ھەیەو سەنگەرێکی بەھێزی ھەیە لەناو زیندانەکانی تورکیا.

لەناو حوکمڕانی کوردستاندا لە باشورو رۆژاواش تا رادەیەک بونی گەندەڵی پو پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی یەک گوتاری لە پرسە سیاسیەکاندا بە خراپ بۆ پێگە سیاسیەکەی کورد کەتونەتەوە، بەڵام ھێشتا ھەر ھێزەو گەر بەباشی بۆ پرسەباڵاکانی نیشتمان و خەڵک بەکار بھێنرێ زۆر بەدەسکەوت ئەبێ بەڵام گوڕە سیاسیەکە خراوەتە بەرژەوەندی خێڵ و ناوچەو ھێزی تەقلیدی کە داگیرکەرانی کوردستان بە سانایی دەتوانن لە خشتەیان بەرن یا دەلاقەی زیاتری تێ بخەن.
ئەوسا کورد لە ئاستی ئەوروپاو دەرەوە کەمترن کوردی لێ بوو.
ئێستا چەندان لورد پەرلەمانتارو ئەندامی ئەنجومەنی شارو سەدان مامۆستای زانکۆن لە زانکۆ گرنگەکانی دونیا ھەن.
ئێستا دۆخی کورد گۆڕاوە بەڵام ھێشتا مەترسیەکانی لۆزان ھەر بەردەوامە.

تورکیای دوای سەد ساڵ لە لۆزان تورکیایەکی ھێشتا ملھوڕە دان بەمافە سەرەتاییەکانی کورددا نانێت و راسپاردەی نێودەوڵەتیش سەبارەت بە پێدانی مافی مەدەنی و کەلتوریش بە کورد رەت دەکاتەوە.

لە ساڵی ١٩٩٩ لە لوتکەی ھلسنکی یەکێتی ئەوروپا، تورکیا پاڵێورا بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپاو چەند مەرج و رێکاری بەدەنگەوەھاتنی یەکێتی ئەوروپای خرایە بەردەست بەڵام تورکیا لەماوەیەکی کەمدا دەری خست کە بەدەنگ ئەو داخوازیانەوە ناڕوات بۆیە لە لوتکەی برۆکس لە ساڵی ٢٠٠٦ لە وەک پارێوڵاویش ناوی سڕایەوە.

ھەر سەبارەت بەم پرسە لە ٩٦ ساڵەی لۆزاندا ئەردۆگان گوتارێکی داو رایگەیان کە شانازی بە لۆزان و دەستکەوتەکانیەوە دەکەن. باسی لە لابردنی مەترسیەکانی سەر وڵاتەکەی لە باکوری سوریاو عیراقیش کرد، دیارە مەبەستی قەوارەکەی ھەردوو بەشەکەی کوردستان بوو کە بەمەترسی لەسەر خۆیانی دەزانن.

لەم سۆنگەیەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە عەقڵیەتی بەڕێوبردن لە تورکیا لەماوەی ١٠٠ ساڵدا گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتوەو ھەر ھیوایەک بە حوکمڕانانی ئێستای تورکیا بێ سەمەرە.

لۆزان ھەر بەرکارەو ھیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کۆتایی پێ ھێنانی. بەڵام لەناو ھاوکێشەکانی ناوچەکەو جیھانیشدا ھێزو بەرژەوەندی دەتوانن گۆڕانکاری بنچینەیی دروست بکەن. 

لۆزان بۆ دابەشکردنی ناوچەکەو دابەشکردنی کوردیش بوو بەپلەی یەکەم و بەو دابەشکاریە کێشەیەکی قوڵیان بۆ ناوچەکەو نەتەوەکانی ناوچەکە بەجێھێشت. ھەموو پرۆسەکانی کۆمەڵکوژی و تاوانە نێودەوڵەتیەکان کە دەرھەق بەکورد ئەنجام دراون لە لۆزانەوە سەرچاوە دەگرن.

بە ئاوڕدانەوە لە ١٠٠ ساڵی رابردوو بۆ دونیا دەرکەوت کورد موعجیزەی مرۆڤایەتیە، بە بەرگەگرتنی ئەو ھەموو زلھێزە مرۆڤ کوژو بێ بەزەییانە. کورد نەتەوەیەکی ئاسایی نیەو گەورەو کاریگەرە، لەباری کەلتورو زمان رەسەنایەتی و پەیوەستی بە نیشتمانەوە.

لۆزان رەگێکی قوڵی لەمێژوودایەو لەئێستاماندا ھێشتا ھەر تۆز ئەکات، باسکردن لەو مێژووەش بۆ دەرس وەرگرتنە، بۆ ئەوانەی ئێستا کە خەریکی گەمەیەکی ھەرزانن بۆ بەرژەوەندی گروپێکی بچوک و بە رێگایەکی نانیشتمانی لە رێگەی یاری کردن بە سۆزی بەشێک لەخەڵکەوە دەیانەوێت ئەم جۆرە لە کوردایەتیە بێ پێزە بە جوانی وێنا بکەن.

لەسەر دەستی خود ویستی و رەچاوکردنی داگیرکەرانی کوردستان، وا ئەزموونی سی ساڵەی ھەرێم بەتاریکترین قۆناغەکانی سیاسی خۆیدا تێپەڕ دەبێت. 

لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانە دەنگە نیشتمانیەکان وزە نوێ و زانیستیەکانی کوردستان لە ماوەی لۆزانەوە بەردەوام بن لە رەخنەی زانستی ئەم قۆناغەو روونکردنەوەی تاریکایی دۆخی ئێستا ئەو ئێستایەی دەرفەتە گەورەکانی شاردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی ئابووری گروپی سیاسی بچوک.

سەدەی نوێ سەدەی کوردو ھەڵگەڕانەوەی سەرجەم ھاوکێشەکان دەبێت، حەتمیەتی مێژووە درەنگ یا زوو ئەوە روو دەدات.
تا ئەو ساتەی جیھان و ناوچەکە بە دەوڵەت و گەلانەوە دەگاتە ئەو باوەڕەی
بەبێ راستکردنەوەی ھەڵەکانی مێژوو لەناویشیاندا لۆزان، ئەم ناوچەیە ھەرگیز ئۆقرەیی بە خۆوە نابینێ و کەس لەناو ئەم ھاوکێشەو لێکەوتانەی لۆزان وەک چۆن سەش ساڵە براوە نەبوە ئاوەھاش براوە نابێت.

لە ئاوێنەی لۆزاندا کورد وەکو نوخبەی باڵادەستی سیاسی خۆی نابینێ و داگیرکەریش ناناسێ،
بەو مانایەی ئەوەندەی گیانی خۆخۆری بۆ خۆ شکاندن ئازاو ئامادەن ئەوەندە دوژمن و داگیرکەر ناخەنە ناو نیشانەی ستراتیژو کارەوە.

لە ئاستی گەلدا، کورد لەھەموو سەردەمێک وشیارو بەئاگاترەو باش و خراپ جیا دەکاتەوەو چیتر بە پەیامی بێ کردارو بە بەناو تێزی بێ پێز ناچێتە ژێر باری رۆمانسیەتی فریودەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
نامەیەکی کراوە بۆ ھەڤاڵانی یەکێتی!
لە چەند ڕۆژی داھاتوودا یادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەکەینەوە، بە دیدی من وەستان لە ئاست یادێکی لەم جۆرەدا زیاد لە ھەڵوەستەیەکی پێویستەو دەبێت لە زیاد لە دەرگایەکی مێژووییەوە بچینەوە ناو یادی دامەزراندنی یەکێتی، یادی شۆڕشی نوێ تەنھا بە بیرھاتنەوەی ڕۆژگارێک نیە ھێزێکی نویی تێدا دامەزرابێت ، بەقەد ئەوەی یادی لە دایک بوونی یەکەمین دید و فەلسەفەی نوێێ خەبات بوو لە مێژووی گەلێکدا کە دەرفەتەکانی لە ناوچوون و ئازارەکانی جەستەی زیاتر بوون لە پەنجەرەکانی بەردەم ھەستانەوەو بنیات نانەوەی ئومێدێک کە ئاسۆی بە تەم و مژ گیرابوو، ھێزێک خاوەنی خەرمانێک لە سەرکەوتن و ڕووبارێک لە بەخشینی خوێن بێت بۆ ئازادی و بە دیھاتنی ڕۆژە مەزنەکان، بێگومان ئەم ھێزە توانای ئەوەشی ھەیە لە ھەرچرکە ساتێکدا بیەوێت گۆڕانکاری گەورە بکات لە زیھنیەتی خۆی و کۆمەڵگادا ،زۆرجار ئەم ھێزە ئەکەوێتە بەردەم ڕەخنەو نەشتەری تیژ نەک تەنھا ئێستای ،مێژوو ،شەھیدەکانییش بەدەرناکڕێن لەو سیخناخیەی کە پڕە لەڕق و خاڵیە لە ھەموو مۆڕاڵێکی سیاسی و ملمانێیەکی تەندروست، یەکێتی ئەوەیە کەھەیە ،بە ڕابردوو ئێستایەوە ، فەلسەفەیەکە تێدا زیاد لە بیرکردنەوەو زیاد لە ھەڵسەنگاندنێک پەسەند ئەکات، زۆر جار گلاوەو زۆرجار گرفتی ناوخۆیی ماندووی کردوە، بەڵام سروشتی وابوە لە ھەمان وەختدا توانای ھەستانەوەو توانی دروست کردنی ھاوکێشەی نوێێ سیاسی و ھاوپەیمانیەتی نوێێ ھەبوە، لەیەک کاتدا لاواز بوەو لە ھەمان دۆخدا بە شاخی سەرکەوتندا ھەڵزناوە، توانایەکی بێ وێنەی لە ململانێ دوژمندا ھەبوەو لە ئاست ڕکابەری ناوخۆیشدا بە بەرنامەو پلان بوە، تەواوی گرەوەکانی شکستی خۆی گۆڕی وە بە ھەستانەوە، ئامادەگی پاراستنی ئەم ئەزموونەی ھەبوەو ھەزاران ڕەخنەشی لە سەر ئەم ھەڵوێستەی لێ گیراوە، لەم کاروانەی یەکێتیەدا ، ھەروەک چۆن سەدان کادیری زویری ھەبوە و دەیان سەرکردەی لێ جیابۆتەوە ،بەھەمان ڕووبەرو زیاتریش کادر و سەرکردەی نوێێ بەرھەم ھێناوە، لە ئێستای ساتەوەختی دامەزراندنیدا ،یەکێتی خاوەنی یەک دید و یەک بڕیارە، چاوەڕوانی ئەوەی لە سەرە ھەم کادیرە نیگەرانەکانی ئاشت بکاتەوە ،لە ئاستی ناوخۆیشدا نەخشەی ململانێکانی بەجۆرێک بگۆڕێت کە بەشێکبێت لە دونیای گۆڕاوی ناوچەکەو ھەلو مەرجی ھاوپەیمانێتی ناوچەی و ناوخۆیش بێ بایەخ نەکات، ئەرکی ئێستا یەکێتی ھەمان ئەرکی قورسی ساتەوەختی دامەزراندنێتی، ئەم ئەرکەش تەنھا بەرپرسیارێتی بەڕێز  سەرۆکی یەکێتی نیەو بەرپرسیارێتی ھاوبەشی کۆی تێکۆشەرانی یەکێتیە، دەبێت بۆ بەدیھاتنی ئامانجە بەدینەھاتۆکان ھەنگاوەکانی ئاراستە بکات، ھەڤاڵانی یەکێتی تێکۆشەرانی ساتەوەختە دژوارەکانی خەباتن دژ بە دیکتاتۆریەت ،لە ئێستاشدا ھەڤاڵی سەردەمی ململانێ نوێن و ئەم تێزەش برایەتی ناوخۆی زیاتر و ھیمەتی کوردانەی دەوێت، ڕەنگە پاراستنی یەکێتی و گەشەپێدانی ڕێبازەکەی مامی مەزن لە ھەرکاتێک زیاتر پێویستی بەوەبێت دەست بەبنەماکانی یەکێتێ وە بگرین و بەرژوەوەندێکانی یەکێتی دوا بڕیار و دوا ھەوڵی ھەڤاڵانە 
بێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەی گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیایە و یەکێک لەو دوو کاندیدە دەبێتە سەرککۆمار. 
لە گەڕی یەکەم لەسەر ڕاسپاردە و داوای ھەدەپە زۆربەی ھەر زۆری کورد دەنگیان بە کەمال کلیچدار ئۆغلو دا، بەڵام ئەو نەک نەیتوانی سەربکەوێ، بەڵکو لەسەر ئاستی تورکیا لە ئەردۆگانیش  کەمتر دەنگی ھێنا. ئەوەی جێی تێڕامانە لەماوەی ڕابردوودا: 
- باری ئابووری تورکیا داتەپێوە و نرخی لیرەی تورکی ھاڕەی کردوە. 

- بێکاری و گرانی زیادی کردوە.

- ئازادیی دەربڕین سنوردار کراوە و لەسەر دەربڕین و ڕاگەیاندن دەیان ڕۆژنامەنوس و نوسەر و سیاسەتمەدار گیراون.

- قەیرانە دەرەکیەکانی تورکیا لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری بە ژمارە زۆرتر و بەناوەرۆک قوڵتر بوونەتەوە... 

کەچی، ھێشتا بابەتی سەرەکی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن نەژادپەرستی و تورکچێتی بوو. ھەرچەندە کورد و بەشێکی زۆریش لە دیموکراسیخوازانی تورکیا ئومێدیان بەوە ھەبوو کە ئەگەر کلیچدار ئوغلو دەربچێ لانی کەم دەرگای دۆزەخ دادەخرێ، بەڵام بۆ گەڕی دووەم کەمال کلیچدار ئۆغلوش لەسەر ھەمان تەوژمی دەوڵەتپەرستی و تورکچێتی زۆڕنای ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ژەند! دیارە کلیچدار ئۆغلو دەیەوێ بەو شێوازە دەنگی تورکە توندڕەو و شۆڤێنیستەکان بەدەستبێنێ کە ڕێژەکەیان یەکجار گەورەیە، بەڵام بەندە بڕواناکەم ئەوان لە کلیچدار ئۆغلۆ خۆشبن کە لە بنەچە ھەم کورد و ھەم عەلەوییە. واتا مەرج نییە ئەو سیاسەتەی دادی بدات.

لەبەرامبەر کەمال کلیچدار ئۆغلودا رەجەب تەیب ئەردۆگانیش قیڕەی نەتەوە پەرستی گەورەتر کرد و دوای ئەوەی لەگەڵ سینان ئۆغانی سەرکردەی رەگەزپەرست و توندڕەوەکانی تورک ڕێککەوت ئەو ھەنگاوەی بەسەرکەوتن دایە قەڵەم.

ئەو تورکانە کە دەنگیان بە سینان ئۆغاندا بوو دوای دەرنەچوونی لەگەڕی یەکەم بوون بە دوو بەرە و ھەر بەرەیەکیان پشتیوانی لە کاندیدێک دەکەن. ھەردوو بەرەکەش بە مەرج و بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد پشتیوانیان بۆ کاندیدە نوێکانیان دەربڕیوە. 

لەگەڕی یەکەم ئەردۆگان لە پێشەوە بوو، ئەمە لەلایەک و لە لایەکی دیکەش بوونی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە دەستی خۆیدا ھاوکار دەبن بۆ ئەوەی لەگەڕی دووەم بیباتەوە. تەنیا ئەگەرێک ماوە لە بەرژەوەندیی کلیچدار ئۆغلو بێ ئەویش ئەوەیە کە لەماوەی ئەو دوو ھەفتەیەی ڕابردوودا ڕای گشتی تورکیا گۆڕابێ و خەڵکەکە بیریان لەباری ژیان و گوزەرانی خۆیان کردبێتەوە، نەک دروشمە بریقەدارەکان، چونکە کەس نییە نەزانێ بەو سیاسەتەی ئێستای ئەردۆگان ئابووری تورکیا زیاتر دادەڕمێ و خەڵکەکەی ماڵوێرانتر دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە یادی ١٠٠ ساڵەی ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزاندا
پرسی کورد لە پرسێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییەوە بۆ پرسێکی ناوخۆیی!

جەنگی یەکەمی جیھان بەشکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌و سەرکەوتنی ھاوپەیمانان کۆتایی ھات. بەھۆی‌ئەو شکستە گەورەیەوە عوسمانیەکان نزیکەی ٤/٥ی خاکی ژێر قەڵەمڕەوییان لەدەستدا‌و بەناچاری ملکەچی ھەموو داوا‌و مەرجەکانی ھاوپەیمانان بوون. لەو چوارچێوەیەدا لەرۆژی ١٠ی ئابی ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەری بەنابەدڵی ئیمزا کرد. ئەم پەیمانە بە بەڵگەنامەیەکی نێو دەوڵەتی گرنگ دادەنرێت، کە نەخشەی رێگای بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دانابوو. بەپـێی بەندەکانی (٦٢، ٦٣، ٦٤)ی ئەو پەیمانە دەبوو گەلی کوردستان لەباکور‌و باشوری کوردستان بەسەرجەم مافە نەتەوەییەکانی شاد بێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆشەوە. 

بەھۆی لاوازی کورد لەھاوکێشە سیاسییەکان‌و گۆرانی ھەلومەرجی سیاسی پەیمانی سیڤەر جێبەجـێ نەکرا‌و پەیمانی لۆزان جێگەی گرتەوەو ھەموو مافەکانی دوو توێی پەیمانی سیڤەری پووچەڵ کردەوە. 

پەیمانی لۆزان لەھەلومەرجێکی جیاواز لەپەیمانی سیڤەر ئیمزا کرا، لەکاتێکدا بوو کە حکومەتی سوڵتانەکانی عوسمانی لەگۆڕەپانی سیاسی دەرچوو بوون‌و کەمالییەکان بەھێز بوو بوون‌و وەک نوێنەری دەوڵەتی تورکیا لەسەر شانۆی سیاسی دەرکەوتبوون، ھەر ئەوەش ھاوپەیمانانی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە رێکەوتنێکی نوێی ئاشتی لەگەڵ کەمالییەکان مۆر بکات کە لەگەڵ ھەلومەرجە نوێیەکەدا بگونجـێ‌و ئەلتەرناتیڤی پەیمانی سیڤەر بێت. 

ھەر بۆیەش  گفتوگۆی نێوان ھاوپەیمانان‌و تورکیا لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ لەشاری لۆزان دەستی پێکرد‌و لە ٤ی شوباتی ١٩٢٣ بۆ ماوەی چەند مانگێک گفتوگۆکان وەستان‌و دواتر لە ٢٣ی نیسانی ١٩٢٣ جارێکی تر گفتوگۆکان دەستی پێکردەوەو بەردەوام بوو تا لە ٢٤ی تەموزی ١٩٢٣ پەیمانی ئاشتی ئیمزاکرا‌و بە پەیمانی لۆزان ناسرا. بەپێی ئەو پەیمانە ھەموو کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان تورکیا‌و ھاوپەیمانان چارەسەر کرا تەنھا کێشەی سنوری نێوان تورکیا‌و عیراق نەبێت کە دواتر بەکێشەی ویلایەتی موسڵ ناسرا. 

ئەوەندەشی پەیوەندی بە مافەکانی گەلی کوردەوە ھەبوو، پەیمانی لۆزان ھەموو مافە نەتەوەییەکانی دوو توێی پەیمانی سیڤەری پووچەڵ کردەوەو دانینا بە سەروەری تەواوو راستەوخۆی تورکیادا بەسەر ھەموو بەشەکانی خاکەکەیدا بەخاکی کوردستانیشەوە. بەوەش ھەر مافێکی گەلی کوردستانی بۆ سەربەخۆیی یاخود ھەر شێوازێکی دیکەی حوکمڕانی تەنانەت ئۆتۆنۆمیش پێشێلکرد. 

پەیمانی لۆزان ھیچ تایبەتمەندییەکی کوردستانی لەبەرچا‌و نەگرتبوو، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەی بەوەکردبوو کە ھەموو ھاووڵاتیانی تورکیا بەیەکسانی مافی ژیان‌و ئازادییان بەبـێ جیاوازی عرقی یاخود نەتەوەیی، زمان، ئایین ھەیە. ئەوەش لەخاکی واقعدا کاری پێنەکرا‌و وەک وشەی جوانی دوو توێی ئەو پەیمانە مایەوە. 

پەیمانی لۆزان ھەموو مافەکانی گەلی کوردستانی دوو توێی پەیمانی سیڤەری پێشێلکرد بە مافی چارەی خۆ نووسینیشەوە کە لەو پەیمانەدا ئاماژەی پێدرا بوو. 

لۆزان مەسەلەی گەلی کوردستانی لەمەسەلەیەکی دانپێدانراوی یاسایی نێودەوڵەتییەوە ھێنایەوە بۆ خاڵی سەرەتا‌و کردییەوە بە مەسەلەیەکی ناوخۆیی ئیدی لەوکاتەوە مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانە سەیری دەکرێت کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. 

ئێستاش کە ١٠٠ساڵ بەسەر ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزاندا تێدەپەڕێت، ئەو نەخشەی رێگایەی کە ئەو پەیمانە کێشاویەتی بۆ بەرجەستەبوونی دابەشکردنی کوردستان‌و ھێشتنەوەی بە مەسەلەیەکی ناوخۆیی ھێشتا بەرقەرارەو گەلی کوردستان وەک گەورەترین نەتەوە بەبـێ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ماوەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەموو گەلێک مافی ئاسایی خۆیەتی بە مافی چارەنووسی خۆی بگات‌و دەوڵەتی خۆی پێک بھێنێت.  . ئەم پەیماننامەیە خەونی گەلی کوردستانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ زیندەبەچاڵ کرد وەک لەپەیمانی سیڤەردا رەنگی بۆ رێژرابوو.

ئیدی لەو کاتەوە کێشەی کورد لە پرسێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییەوە بوو بەکێشەی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کرابوو.

لەوکاتەوە گەلی کوردستان لەسەرانسەری کوردستانی گەورەدا خەبات بۆ ھێنانەدی مافەکانی بەگشتی‌و مافی چارەنووس بەتایبەتی ئەکات‌و قوربانییەکی زۆری بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە داوە.

بەڵام تائێستا ئەم گەلە وەک گەورەترین گەلی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست نەبووە بەخاوەنی دەوڵەتی خۆی، بەڵام خەباتەکەی بەشێوازی جیا جیا درێژەی ھەیەو حوکمی مێژووە ئەبێ بەدوا مەنزڵی خۆی بگات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123456...11