-ھەولێر پایتەختی کوردستانە، ھەڵبەت وەک ژیان و گوزەران بۆ خەڵکی بەشەرەفی ھەولێرە و ئەوان  خاوەنی شارن . ئەگەرچی بێ لە پایتەختبوونیشی، ھەولێر ھەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازنیش بوو و بووە.

کێ و لەکوێ لێی قەوماوە ھەوڵێر ئامێزی برایەتی و خزمایەتی بۆ کردۆتەوە.

-ھەولێر ھەروەھا چونکە پایتەختی وڵاتەکەشمانە مافی ھەموو خەڵکی کوردستانیشی بەسەرەوەیە.ھەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک  بتوانێ دیلان وتەنی (سەرەحەت دڵ بێ گرێ )کوێخایەتی تیا بکا و تەواو. ئەمە بچووکردنەوەی ھەولێرە و ھەق نییە پێی رازی بین .ئەمە لەگەڵ شانوشەوکەتی قەڵادا ناگونجێ. لەگەڵ کۆنینەیی ھەولێر و بەرینی شارەکە و ردێنی سپی مێژوویەکەی وێک نایەتەوە.  
-ھەوڵێر پایتەختی حوکمڕانی کوردستان و ناوەندی سیاسەت و ریئاسەت و شکۆی دەوڵەتدارییە.شایستە و شایانە رەسمی سیاسەتی رەسمی و بڕیاری بەروداویی کوردستان بەرامبەر بەغدا و بەرامبەر ئیقلیم و دونیا لەوێوە بدرێ و دەربچێ و  بچێتە واری کارییەوە.

-ھەوڵێر گەرەکە شوێنی بزووتنەوەی دیموکراتی و جولەی پەرلەمان و قسەی حوکمڕانیش بێت. ئەوی حەوسەڵەی کەمە و جیکڵدانی تەنگە ، ئەوەی لیاقەت و لەباقەت و قیافەتی ئەم ئەمانەتە مەزنەی  نییە  پێویست ناکات خۆی راپسکێنێ و خۆی سەغڵەت بکاو خۆی خۆی بکات. 

-ھەولێر ئێستا جامی شوشەیی باڵێۆزخانەکان و کورسی پەرلەمان و دیوانی وەزارەتەکانی تیا ھەس. بنەو بارەگای حزبەکانی لێیە و قەرارە لەچەند مانگی تریشدا کێرکێی ھەڵبژاردن بکا و خەڵک و کاندید خۆیانی تیابنوێنن.

ھەوڵێر کۆمسێۆنی تیایە و یەک حەمکە پاوەر و پارەی دیموکراتی تیا خەرج کراوە و سەدان وۆرک شۆپ و مەشقی و راھێنانی حوکمڕانی ھاوچەرخی بۆ خراوەتەگەڕ. خۆ ئەمە گاڵتە نییە و خۆ ئیشەڵلا ئەوانە بۆ سوعبەت نەکراون؟!

ئێ خۆ ئەگەر بابەتەکە (میھرەگان)ی گاڵتەجاڕی و (حەفلەی تەنەکوری)سیاسیش بێت،  لێگەرێن با دەقی سینارۆیەکە وەک خۆی نمایان بکرێت، لە جێی ئەوەی وەک( ئیختیارەکان)ی گەمەی  دامە ھەمووی تێکومەکان بدەن و داش و دامەو  دۆدۆشاو تێکەڵ بکەن.

-ھەوڵێر ھەر پایتەختی دیفاکتۆی ئێستا نییە، ھەولێر پایتەختی حوکمڕانی ئایندەشە،  پایتەختی پەرلەمانی داھاتوو و حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستانیشە.پەرلەمانتارەکان ، فراکسیۆنەکان لەوێ دەبن و جولەی گەرمو گوڕی سیاسەتی لەمەوداوی وڵاتەکەشمان ھەر لەوێ دەبێت.

-ھەوڵێر بەو دیرۆک و دێرینییەوە  کەڵەگەتە، بەم ئێستاییەوە قەڵایەکی  سەرفراز و بەسەبر و خۆڕاگرە، بەو ئایندەشی وا بەرێوەیە سەربەرز و شاد و خەندانە.

جا ئەوەی ئەم دیمەنە نابینێ تەئریخی ئەربیلی نەخوێندۆتەوە، ئیبن مستەوفی ناناسێ، بۆیە ئاساییە ئەوەش نەبینێ کە دەشێ و رێی تێدەچێ و لەوانەیە و گوێی ستەمکار کەڕ بێ ، بە دیموکراسیی و بە دەنگدان و  بە ھێزی نەرم کورد و کرمانجێکی دڵسۆز حوکمی ھەوڵێری داھاتوو بکا و  لە پایتەختی کوردستانەوە حوکمی ھەموو کوردستانیش بگەشێنێتەوە .

ئەمە نە کوفرە، نە عەیبە و نە عاجباتی .ئەمە  گەمەی دیموکراسیی و دەورانی مێژوو و ئازایەتی ھەوڵێرییەکان و کوردستانییان دوا قسەی تیا دەکەن.

فەرھەنگەکە گۆڕاوە ، قەناعەتەکە جلاوە، زەمانەش  رەسمی جارانی نەماوە.