ھێڵی فڕۆکەوانی عێراقی بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو ٣٠٨ ھاوڵاتی عێراقی لە ھیندستانەوە گەڕێنرانەوە، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە ھیندستان گیریانخواردبوو.
ھاوکات "فەلاح عەبدولحسێن" باڵیۆزی عێراق لە ھیندستان ڕایگەیاند، حکومەتی ھیندستان ڕێگە نادات ئەو عێراقییانەی بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە، بگەرێنرێنەوە بۆ عێراق و ھەر لە ھیندستان بە خاک دەسپێردرێن.
ڕاشیگەیاند، ئامارێکی وردیان لە بەردەست نیە، کە چەند عێراقی لە ھیندستان گیریانخواردووە و چەندیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵام ژمارەی گیان لە دەستدان لە شەش کەس زیاترە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە نرخی کەرەستەی بیناسازی بە ھۆی دەستپێکردنی وەرزی کارکردنەوە و بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە بەجۆرێک نرخی یەک تۆن شیش گەیشتۆتە یەک ملیۆن و ١٧٩ ھەزار دینار ، نرخی ھەزار خشت بەڕێژەی ١٦٪ بەرزبۆتەوە لە ١٤٠ ھەزار دینارەوە گەیشتووەتە ١٦٢ ھەزار دینار، ھەروەھا نرخی یەک تۆن چیمەنتۆی ئاسایی لە ٩٠ ھەزار دینارەوە بەرزبۆتەوە بۆ ١٠٣ ھەزار دینارئەوەش بەڕێژەی ١٤٪ زیادیکردووە .
وەزارەتی پلاندانان لەمانگی نیساندا چاودێری نرخی ٦٤ کەرەستەی بیناسازی کردوەو بەراوردی کردوە بە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ کە تیایدا بەھای دۆلار بەرزکرایەوە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە نرخی ئەو کەرەستانە بەڕێژەی جیاواز بەرز بۆتەوە لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ٪ دایە ئەوەش بە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی بیناسازی ناوخۆیی و ھاوردەکراو لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان و وەرزی کارکردنەوەیە .
بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگای ستۆکۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەکانی ئاشتی ، لە ساڵی رابردوودا کۆی گشتی خەرجی سەربازی جیھانیی بۆ ھەشت ھەزار و ١١٩ ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ بە رێژەی لە سەدا دوو پۆینت شەش زیادیکردوە، ھەروەھا ھەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا و چین و ھندستان و روسیا و بەریتانیاش زۆرترین خەرجی سەربازییان ھەبوە.
سەبارەت بە عێراقیش لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە ساڵی ٢٠٢٠ عێراق خەرجییە سەربازییەکانی بە رێژەی لە سەدا ھەشت پۆینت سێ کەمبووەتەوە و حەوت ملیار و ١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ کەرتی سەربازی خەرج کردوە .
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بەردەوامیی ئەو ئۆپراسیۆنانەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھێزە ئەمنییەکان دژی شانە نوستوەکانی داعش ئەنجامی دەدەن، فرۆکەکانی ھاوپەیمانان نۆ جار بۆردومانی مۆڵگەکانی داعشیان کردوە لە چیای حەمرین و لە ئەنجامدا پێنج مۆڵگەی تیرۆریستان لەناوبراون، بەڵام ھیچ ئاماژەیەک بۆ ژمارەی ئەو تیرۆریستانە نەکراوە کە لەو بۆردومانانەدا کوژراون .
ئەوە لەکاتێکدایە لەسەرەتای ئەمساڵەوە، جموجۆڵ و پەلامارەکانی شانە نوستوەکانی داعش لە عێراق زیادیانکردوە بەتایبەت لە ناوچەکانی نێوان کەرکوک و سەڵاحەدین و دیالە.
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، بنیادنانی گەورەترین وێستگەی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا لە عێراق لەلایەن وڵاتەکەیەوە کەوتووەتە بورای جێبەجێکردنەوە.
مەسجدی ئاماژەی بەوەشکردوە، وڵاتەکەی دو وێستگەی کارەبا لە عێراق دروست دەکات و ئەو دو وێستگەیەش یەکدەخرێن و دەکرێنە وێستگەیەکی زۆر گەورە بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا.
سەبارەت بە رەوشی سەر سنوری نێوان ھەردو وڵاتیش، باڵیۆزی ئێران لە عێراق ئاماژەی بەوەکرد رەوشەکە بەدرێژایی ١٤٠٠ کیلۆمەتری سنوری نێوان ھەردو وڵات ئارامە، ئەویش سەرەڕای ھەوڵەکان بۆ دزەپێکردنی کێشەی ئەمنی لەو سنورانەوە.
عەبدولئەمیر دوبی ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تورکیا پابەند نابێت بە رێککەوتنە جیھانییەکان و کەمبوونەوەی پشکی ئاوی عێراقی پشتگوێ خستووە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بە تەنھا بەرپرسیارێتی ئەو دۆسیەی گرتووەتە ئەستۆ و پێویستە وەزارەتی دەرەوە و نێردەکانیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵیان ھەبێت بەرامبەر بە سیاسەتی تورکیا لەسەر دۆسیەی ئاو.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، بەردەوامن لە کۆبوونەوە لەگەڵ تورکیا و ئێران و سوریا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئاو.
پێشتریش وەزارەتەکە رایگەیاندبوو، ئاستی ئاوی روباری دیجلە و فورات بەراورد بە ساڵی رابردو بەڕێژەی ٥٠% کەمبووەتەوە.
حسێن خەفاجی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق وتی، پڕۆژەی گەورەی فاو بەمنزیکانە بەڕووی ھەزاران بێکار دەکرێتەوەو نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ ھەزار ھەلی کار دەڕەخسێنێت، ئەوەش دەرفەتێک دەبێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا.
خەفاجی وتیشی، گرنگی دەدرێت بە خستنە سەر کاری ھاووڵاتیانی ناوخۆ و لیژنەی تایبەتیان داناوە.
بەندەری فاو بڕیارە ساڵی ٢٠٢٤ تەواو بکرێت، دەکەوێتە نیمچە دورگەی فاو لە باشوری پارێزگای "بەسرە" بە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکان دادەنرێت کە بەسەر کەنداو دەڕوانێت و لەسەر ئاستی جیھانیش لە پلەی دەیەم گەورەترین بەندەرەکاندایە.
"سەیف بەدر" وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، پلانێکیان داناوە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ ڤاکسین وەردەگرن لە ٢٠٪ەوە بۆ ٥٠٪.
وتیشی، تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ ھەزار عێراقی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەو ژمارەیەش کەمترە لەو ژمارەیەی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی دیاری کردووە، چونکە پێویستە لانی کەم ٨ ملیۆن عێراقی ڤاکسین وەربگرن.
"سەیف بەدر" ئاماژەی بەوەشدا کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا بە مانای کۆنترۆڵکردنی پەتاکە نایەت، چونکە ڤایرۆسەکە مەترسیدارە و گۆڕانکاری زۆر دروست دەکات، وتیشی ھەموو رێکارێکیان گرتۆتە بەر بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای ھندی.
سەندیکای پزیشکانی عێراق لە بەیانامەیەکدا ئاشکرایکرد، کە ئامادەن بۆ پێشکەکشکردنی ھەموو خزمەتگوزاریەکی تەندروستی بۆ فەڵەستینیەکان، ئەوەشی راگەیاندووە، کە پێویستە لەسەر حکومەتە عەرەبیەکان و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەموو وڵاتانی دراوسێ ھەوڵبەن ھێرشەکانی ئیسرائیل راگرن و کێشەکان چارسەر بکەن دوور لەوانەی کە ئازادی فەلەستینیەکانی ناوێت.
جەختی لەوەش کردەوە، پزیشکە عێراقیەکان ئامادەی خۆیان لە چارەسەرەکردنی پزیشکی و بڵاوکردنەوەی ئاسوودەی و ئارامی پیشانداوە.
(فالح فەیاز) سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، ھێزەکانی حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی یاسایی لە چوارچێوەی دامەزراوەی وەزارەتی بەرگری پابەندی تەواویان ھەیە بەو سیاسەتەی کە حکومەتی عێراق لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی گوزارشتی لێدەکات.
وتیشی، ھیچ بەڵگەیەک نییە ھێزەکانیان تێوەگلابێت لە بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان لە بەغداد.
(فالح فەیاز) ئاماژەی بەوەشکرد، دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ھەڵبژاردن و نەھێشتنی ھەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا، ئەرکی حکومەتە.
پێگەی زە -کۆنڤێرسەیشنی ئوستوراڵی ئاشکرایکردووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا، لانی کەم ١٤ ھەزار پۆلیس لە سەرانسەری عێراق لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە تیرۆرکراون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، گروپی تیرۆیستی داعش بەرپرسیارێتی زۆرترین تیرۆرکردنی ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراقی گرتۆتە ئەستۆ، لەسەر ئاستی عێراقیش پارێزگای دیالە مەترسیدارترین ناوچەیە بۆ ھێزەکانی پۆلیس.
کازمی، بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان و تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر پێکھێنانی حکومەتەکەی، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە بگونجێت لەگەڵ ئیرادەی گەل، ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش وەک دوا وادە بۆ پڕۆسەکە دیاریکراوە و ھەموو ھەوڵ و تواناکانیان لەو پێناوەدا خستووەتە گەڕ.
جەختیشی کردەوە، لەسەر ئەو بەڵێنەی بە گەلەکەی داوە سورە و بەشداری ھەڵبژاردن ناکات و پشتیوانی ھیچ ھێزو لایەنێکیش ناکات.
وتیشی، حکومەتەکەی لە ڕەوشێکی سەخت و قەیرانی داراییدا لە دایکبووە و لە ماوەی یەک ساڵدا دەستکەوتی باشی ھەبووە، لەوانەش کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کڕینی چەندین جۆر ڤاکسین. ڕەتیشیکردەوە، عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ھەرێمی و نێودەوڵەتی.