عەلی رازی وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاندوە، لە ٣ی ئەم مانگەوە وەفدێکی ھونەری وەزارەتەکە بە سەرۆکایەتی مەھدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لە تورکیان و لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە بەشە ئاوی عێراق لە روباری دیجلە و دروستکردنی ناوەندێکی توێژینەوەی ھاوبەش لەنێوان ھەردوو وڵات، ھاوکات تاوتوێی ئەو پرۆتۆکۆڵە دەکەن کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئامادەی کردوە و گرەنتی بەردانەوەی بەشە ئاوی عێراق دەکات لەروباری دیجلە لەلایەن تورکیاوە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو راشیگەیاندوە، مانگێک پێش ئێستا لەگەڵ لێپرسراوانی سوریا کۆبوونەوەتەوە و بڕیاریشە لە سەرەتای مانگی تەموز لە بەغداد یان دیمەشق کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ وەفدی سوریادا بکەن و باس لە بەشی ھەردوولا لە ئاوی فوراتدا بکەن، لە درێژەی وتەکانیدا دڵنیاییشی داوە لە ئێستادا ئاوی گلدراوە لە خەزان و بەنداوەکان زۆر باشە و بەشی وەرزی کشتوکاڵیی ھاوینە دەکات.