عاسم جیھاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی وەزارەتەکەی بۆ زیادکردنی قەبارەی ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ خستتەڕوو، بەجۆرێک بڕی ھەناردەی رۆژانە بگاتە ٦ ملیۆن بەرمیل نەوت کە ئێستا رۆژانە ٣ ملیۆن بەرمیلە و لە رێگەی کێڵگەکانی بەسرە و کەرکوکەوە ھەناردەی ولڕتان دەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لە کۆمپانیای پرۆژە نەوتییەکانی حکومەت کرد بۆ زیادکردنی توانای ھەناردەی نەوت کە لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی ٢٤ خەزانی نوێی نەوتیە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای ھەڵگرتن و بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق لە ئایندەدا.
لیوا (تەحسین خەفاجی) وتەبێژی ژوری ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد، رایگەیاند، ناوەندەکانی ھەماھەنگی ئەمنی ھاوبەش لە خانەقین و کەرکوک و مەخمور و خۆرئاوای نەینەوا کارەکانیان دەستپێکرد، بەمەبەستی ئەنجامدانی ھەڵمەتی ئەمنی و گۆڕینەوەی زانیاری ھەواڵگریی.
وتیشی، ناوەندەکانی ھەماھەنگی لەلایەن سوپاوە بەڕێوە دەبرێن و ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی تێدا دەبێت و ئەرکیان ھەماھەنگی و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە.
ھەروەھا (لیوا یەحیا رەسوڵ) وتەبێژی فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند: ناوەندە ئەمنییە ھاوبەشەکانی نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە، لەلایەن (مستەفا کازمی) سەرپەرشتی دەکرێت، وتیشی، داعش تەنھا شانەی نوستوی ھەیە، ئەرکی سەرەکی ھێزە ئەمنیەکان و پێشمەرگەش، لەناوبردنی پاشماوەکانی ئەو گروپە تیرۆریستیەیە.
دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لە رۆژانی داھاتوو پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو لە پارێزگاکانی عێراق بەرزدەبێتەوە و کەمترین ئاستی پێوانەی گەرمی ٤٠ پلە دەبێت و پارێزگای بەسڕەش بەرزترین ئاستی پلەی گەرما تۆمار دەکات کە دەگاتە ٤٧ پلە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، شەپۆلی گەرما لە سەرەتایی ئەم ھەفتەیە دەستپێدەکات و تا رۆژی سێ شەممە بەردەوام دەبێت، لە ھەندێک ناوچەی شاخاوی ھەرێمی کوردستانیش باران دەبارێت.
فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، قەدەغەی ھاتووچۆی رۆژانی ھەینی و شەممە ھاوشێوەی رۆژەکانی تری ھەفتە نیمچەیی دەبێت و لە سەعات نۆی شەو تا پێنجی بەیانی دەبێت.
پێشتر لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق قەدەغەی ھاتووچۆی تەواوەتی جگە لە رۆژانی ھەینی و شەممە ھەڵوەشاندبووەوە، لە عێراق ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا یەک ملیۆن و ١٥١ ھەزار کەسی تێپەڕاندووە، چاکبووانیش ٩٢.٢%ی توشبووان پێکدەھێنن.
فەرمانگەی تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بەراورد مانگەکانی رابردوو، ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەپێی ئەو زانیارییانەش لەبەردەستدان، پێدەچێت لە رۆژانی داھاتووشدا ژمارەی توشبووان بە شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دابەزێت.
باس لەوەشکراوە، کەمبوونەوەی ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەراورد بە رابردوو پەیوەندی بەوە ھەیە بەشێکی زۆری ھاوڵاتیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و چاکبوونەتەوە، کاریگەرییەکانی وەرگرتنی ڤاکسین تا ئێستا دەرنەکەوتووە، چونکە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی عێراق رێژەی بەکارھێنانی ڤاکسین بەشێوەیەکی گشتی تا ئێستا کەمە.
سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لە راگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، چەندین جار جەختیان کردووەتەوە پێویستە گفتوگۆی نێوان لیژنەی ھونەری ئەمریکا و عێراق دەرنجامی باشی لێبکەوێتەوە و ھەنگاوێک بێت بە ئاڕاستەی دانانی خشتەیەکی زەمەنی بۆ کشانەوەی سەرجەم ھێزە بیانییەکان لە عێراقدا.
ھادی عامری لەبەشێکی تری راگەیاندراوەکەدا بەپێویستی زانی، تەواوی بنکە ئاسمانییەکانی عێراق لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و ناوچەکانی تر، بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی ھێزە ئەمنییەکان و سنورێک بۆ پێشیلکارییەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان دابنرێت.
وەفدێکی وەزارەتی بەرگری عێراق بەسەرۆکایەتی وەزیری بەرگری بەمەبەستی پێکھێنانی ژووری ھەماھەنگی ھاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان گەیشتە کەرکوک، بڕیارە وەفدەکە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی کەرکوک کۆببێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە لە خانەقین وەفدێکی ھاوبەشی فەرماندە سەربازییەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ھەمان مەبەست کۆبونەوە و پێکھێنانی ژووری ھەماھەنگی ھاوبەش تاوتوێ کرا.
تیمی راگەیاندنی سەر بە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بەکارھێنانی دوو جۆری جیاوازی ڤاکسینی کۆرۆنا لەلایەن ھاوڵاتیان دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە و روبەڕوی چەندین نیشانەی مەترسیدار دەبنەوە.
وتیشی، لە ئێستادا تەنھا ڤاکسینی فایزەر و ئەسترازینیکا و سینۆفارم لە عێراقدا بەکاردەھێنرێت و دەبێت ھاوڵاتیش یەک جۆری ڤاکسین وەربگرێت.
تیمی راگەیاندنی سەر بە وەزارەتی تەندروستی عێراق ھۆشداریشیدا لە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەو پێیەی لەماوەی رابردوودا بەچەندین جۆر خۆی گۆڕیوە، کە دیارترینیان ڤایرۆسی کۆرۆنای ھندیە.
رونیشیکردەوە، عێراق ھێشتا لەقۆناغی مەترسیدایە و ئەگەری زۆرە لە رۆژانی داھاتوودا، حاڵەتەکانی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاد بکات.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دەوڵەت توانای دابینکردنی کارەبای بۆ سێ مانگی وەرزی ھاوین ھەیە، بەڵام بەھۆی گەندەڵیی و دەستوەردانی سیاسیی، قەیرانی کارەبا تا ئێستا لە عێراقدا، چارەسەر نەکراوە.
باسی لەوەشکرد، لە کاتێکدا عێراق کارەبا لە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ ھاوردە دەکات، بەڵام تا ئێستا قەیرانەکە بە تەواوی چارەسەر نەکراوە، بەتایبەتی لە وەرزی ھاویندا.
بەپێویستیشی زانی کێشە و قەیرانی کارەبا لە ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ بکرێت و پرسەکە لە داھاتوویەکی نزیکدا چارەسەر بکرێت.
مەزھەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی مستەفا کازمی ڕایگەیاند، بارودۆخی دارایی عێراق بە تایبەت لە ڕووی نەختینەییەوە لە باشترین دۆخدایە، کاتێک نرخی نەوتیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرزدەبێتەوە ئابوری وڵات باشتر دەبێت.
ڕاوێژکارەکەی کازمی جەختیشی کردەوە، ئابووری عێراق و مەترسی لەسەر نیە، بەڵام گەورەترین لەمپەر کە دێتە بەردەمی وادەی ھەڵبژاردنەکەی ١٠ی تشرینی یەکەم و پڕۆژە بودجەی گشتی ٢٠٢٢، چونکە نازانن ئەو ھەڵبژاردنە چۆن دەبێت و بابەتی ڕەشنوسی بودجەش کێ دەینوسێت و کەی دەنوسرێت.
دڵنیایشیدا، کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشین و چاودێری کۆمەڵایەتی عێراق تا سەرەتای ٢٠٢٢ مسۆگەرە و بڕی نەختینەیی پێویست لەبەردەستدایە.
دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر حکومەتی عێراق ھەیە، بۆ گەڕاندنەوەی خێزان و منداڵی چەکدارانی داعش لە کەمپی ھۆلەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق، لەسەر ئاستی ناوخۆییش چەند لایەنێک دەیانەوێت ئەو دۆسیەیە بۆ بابەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاربھێنن.
سەرچاوەیەکی سەربازیش ئاشکرایکردووە، چەند بژاردەیەک ھەیە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی عێراقییەکانی ناو کەمپی ھۆل، گەڕاندنەوەیان و جێگیرکردنیان لە چەند سەربازگەیەکی سوپای عێراقیش یەکێکە لە بژاردە بەھێزەکان.
فەرمانگەی تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق، ڕایگەیاند، بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە پێی ئەو زانیارییانەش کە لەبەردەستدان، پێدەچێت لە ڕۆژانی داھاتووشدا ژمارەی تووشبووان بە شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دابەزێت.
باس لەوەشکراوە، کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەراورد بە ڕابردوو پەیوەندی بەوە ھەیە بەشێکی زۆری ھاوڵاتیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و چاکبوونەتەوە، کاریگەرییەکانی وەرگرتنی ڤاکسین تا ئێستا دەرنەکەوتووە، چونکە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی عێراق ڕێژەی بەکارھێنانی ڤاکسین بە شێوەیەکی گشتی، تا ئێستا کەمە.