وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بە نیازن رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی بکەن بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەپێناو پاراستنی تۆڕەکانی کارەبا، کە لەم دواییانەدا بە بەردەوامی روبەڕووی پەلاماری تیرۆریستانی داعش دەبنەوە.  


"مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وتویەتی، گەیشتوونەتە ئاستێکی باش لە بەرھەمھێنانی کارەبا، بەڵام بە ئامانجکردنی تاوەرەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و ئەنقەست، گرفتی کارەبای چەند پارێزگایەکی زیاتر کردووە و کاریگەری لەسەر سەعاتەکانی پێدانی کارەبا دروستکردووە. 


بە وتەی پسپۆڕانیش، عێراق لە ئێستادا نزیکەی ٢٠ ھەزار مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت، بەڵام پێویستی بە دوو ھێندەی ئەو بڕەیە بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی خەڵک لە کارەبا.