نەسار روبێعی ئەندامی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خۆشحاڵبوین پێشوازیمان کرد لە وەفدی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی، کۆبونەوەکە تەواوکەری ئەو لێکتێگەیشتنانە بوو کە ماوەیەکی زۆرە لە نێوانماندا ھەیە، ھەڵوێستی یەکگرتوویان دەبێت لە کۆبونەوەکەی رۆژی یەکشەمەی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکھێنانی حکومەتیشدا.
ئەندامی وەفدی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی لە کۆنفرانسە رۆژ نامەوانیەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، کۆبونەوەیەکی دۆستانە و رون و راشکاوانە بەڕێوەچوو لەبارەی ئیستحقاقی دوای ھەڵبژاردن، گفتوگۆکان زۆر بە سود بوون.
وتیشی، رۆژی ٩ی ئەم مانگە ئیستحقاقێکی گرنگی نیشتمانیمان لە بەردەمدا دەبێت کە رۆژی بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانە، بۆیە دەبێت ھەموان سود لەم دەرفەتە وەربگرین و بیسەلمێنین کە دیموکراسییەت و ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دادوەر دەبن لە دیاریکردنی چارەنوسی وڵاتدا.
سەدر لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و نوسیویەتی، ئیرادەی گەلی عێراق لە سەرو ھەموو فشارەکانەوەیە و لە ئێستادا گەل حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی دەوێت، بۆیە ھیچ فشارێکی دەرەکی رێگر نابێت لەوەی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێنن و ھەڕەشەکانیش وا دەکەن زیاتر سوربن لەسەر ھەنگاونان بەرەو دیموکراسیەت.
سەدر دوپاتیشیکردوەتەوە، نابێت ناوبانگی بەرگری لەرێی ھەڕەشە و تۆقاندن و توندوتیژی لەکەدار بکرێت، چونکە ھیچ سوودێکی نابێت.
ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی شاری نەجەفی کرد و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە، سەردانی ماڵی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدری لە ناوچەی حەنانە کرد و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای ڕەوتی سەدر، بۆ ماوەی چەند سەعاتێک کۆبوونەوە.
ھەرچەندە ھێشتا زانیاریی ڕەسمی لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نییە، بەڵام بە پێی زانیارییەکان سەدر و کازمی گفتوگۆیان لە بارەی ڕەوشی عێراق و قۆناغی ئێستای دانوستانی لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ کردووە.
بە پێی زانیاری سەرچاوە ئەمنییەکان، چەند چەکدارێکی نەناسراو لە گەڕەکی ئیعلامی شاری بەغداد ھەڵیناکوتاوەتە سەر ماڵی ئەحمەد عەبدولموتەلیب عەبدولڕەزاق کە لە لیوای ٤٥ی حەشدی شەعبییە.
لە ئەنجامی تەقەی چەکدارەکاندا ئەندامەکەی حەشدی شەعبی بریندار بووە و پێنج ئەندامی خێزانەکە کوژراون کە پێکھاتوون لە ھاوسەرەکەی و منداڵەکانی.
چەکدارەکان دوای ڕووداوەکە بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵھاتوون و ھێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
"کازمی" لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق جارێکی تر جەختی کردەوە لەوەی بوونی ھێزی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق کۆتایی ھاتووە و تەواوی سەربازگەکانی ھاوپەیمانانیش کە لە وڵاتەکەدا بوون، لەلای ھێزە عێراقییەکانە، ئەو ھێزە بیانییانەشی ماونەتەوە تەنھا ڕاوێژکارن.
"کازمی" وتیشی، بە ئامانجگرتنی سەربازگەکانی عێراق بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتە، لە کاتێکدا عێراق ھەوڵی چاکبوونەوە دەدات لە برینەکانی. جەختیشی کردەوە لە گرنگی پێداچوونەوە بە ھەڵسەنگاندنی بەشێک لە ھێزە ئەمنییەکان.
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە پارێزگای نەینەوا لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی شارەکە کۆبووەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیشدا ڕایگەیاند، ژاپۆن لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، بە بڕی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار پاڵپشتی گەلی عێراقی کردووە بۆ یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان.
جەختیشیکردەوە، لەمەودوا لە ڕووی زانستی و پزیشکی و کەرتی پیشەسازییەوە، بۆ بنیادنانەنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان، ھاوکاری ئیدارەی پارێزگای نەینەوا دەکەن.
کازمی لە پرسەی خێزانە ٢٠ کەسیەکەی ناوچەی جەبلە سەر بە پارێزگای بابل دووپاتیکردەوە، بەرپرسیارانی ئەو تاوانە توندترین سزا دەدرێن. ئاشکراشیکرد، فەماندەی پۆلیس و بەڕێوەبەری ھەواڵگری بابلی لە کارەکانیان دەرکردووە.
ڕاشیگەیاند، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ڕاسپاردووە پلانی چاکسازی لە دەزگا ئەمنییەکاندا دابڕێژێت و ڕێگە نەدرێت بە قۆستنەوەی ماددەی ٤ی تیرۆر بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی کۆمەڵایەتی.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا ھۆشداریی داوە بەرامبەر بەوەی ھەر ھێرشکردنێک بۆ سەر سوپای عێراق دروستکردنی شڵەژانە بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق.
لیوا حەیدەر یوسف فەرماندەی فیرقەی ٥ی پۆلیسی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاندووە، سنووری نێوان ھەردوو پارێزگای کەرکوک و سەڵاحەدین لە تیرۆریستان پاککراوەتەوە و لە ڕووی ئەمنییەوە گرەنتی کراون.
وتیشی، ناوچەی ڕەشاد لە باشووری کەرکوک کە زۆرترین جموجوڵی تێدا بووە، لەمساڵدا لە ڕووی ئەمنییەوە دەبێتە گرەنتیترین ناوچە.
مەشھەدانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی ٩ی کانونی دووەم کۆدەبێتەوە و پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن و بە پێی دەستور دەبێت سەرۆکی ئەنجومەنەکە و دوو جێگرەکەی دیاری بکرێت، لەبەر ئەوەی بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دانیشتنەکە کراوە نابێت.
ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر کوتلەکان لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن ڕێکنەکەون پێویستە پەنا ببرێتە بەر ڕێگەیەکی تری یاسایی کە بریتییە لە ھێشتنەوەی دانیشتنەکە وەک دانیشتنێکی ڕاوێژکاری تا ئەو کاتەی کوتلەکان دەگەنە ڕێککەوتن.
مەشھەدانی دوپاتیشیکردووەتەوە ھاوپەیمانیەتیەکەی کە ھاوپەیمانی عەزمە بڕیاریداوە پابەند بێت بە دەستور و ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە یەکەم کۆبوونەوەدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵبژێرێت.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، ھەوڵدراوە لە ڕێی دوو فرۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ھێرش بکرێتە سەر سەربازگەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، بەڵام ھەردوو فرۆکەکە کە بۆمبرێژکراو بوون، بەڵام فڕۆکەکان لە دەوروبەری سەربازگەکە لە ڕێی سستمی بەرگری ئاسمانی بەردراونەتە خوارەوە و ھێرشەکە شکستپێھێنراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممەش دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە فڕۆکەخانەی بەغداد بەردرانە خوارەوە کە ھەوڵیان دابوو ڕاوێژکارە سەربازییە بیانییەکان بکەنە ئامانج.
ڕائید عامر شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، بەشی نەھێشتنی تاوان بە ھەماھەنگی بەشی نەھێشتنی تاوانی ڕانیە، توانیوویانە دوو تاوانبار دەستگیر بکەن، کە ھاووڵاتییەکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان کوشتووە و تەرمەکەیان لە ناوچەیەکی دوور فڕێداوە و ئۆتۆمبێلەکەشیان ڕفاندووە.
کوژراوەکە خەڵکی خورماتوو بووە و نیشتەجێی شاری کەرکوک بووە و تەمەنی ٤٦ ساڵە، تەرمەکەی لە نزیک ناحیەی "لەیلان" دۆزراوەتەوە و بکوژەکانیش ئۆتۆمبێلی ئەو ھاووڵاتییەیان بردووەتە پێشانگای ئۆتۆمبێلی قەزای ڕانیە تاکو بیفرۆشن، بکوژرەکان عەرەبن.
ھەیسەم عوبەیدی بەڕێوەبەری پەرەپێدانی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ھەڵمەتی ھۆشیار کردنەوەی خەڵک لەسەر گرنگی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەوامە، بەڵام ئاستی وەرگرتنی ڤاکسین کەمە و زیاتر لە ھەشت ملیۆن کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، کە دەکاتە ٩٪ی کۆی دانیشتووانی عێراق.
ئەو لێپرسراوەی وەزارەتی تەندروستی عێراق وتیشی، رێژەی چاکبوونەوە لە کۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە ٩٩٪ و گیانلەدەستدانیش ١٪ە، بەڵام ھۆشداری دا لەوەی کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا بە مانای نەمانی مەترسی ڤایرۆسەکە نایەت، بەڵکو پێویستە بەردەوام بن لە پەیڕەوکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان.