سەرچاوەیەکی پەرلەمانی ئاشکرایکردووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان نوسراوێکی ڕەسمی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە و داوایکردووە ڕۆژی شەممەی داھاتوو دیاریبکات بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام تائێستا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران وادەی دانیشتنی داھاتووی ئەنجوومەنەکەی دیارینەکردووە.
بە وتەی سەرچاوەکە، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و چوارچێوەی ھەماھەنگی رێککەوتوون لەسەر کاندیدکردنی محەمەد مەندەلاوی پەرلەمانتاری سەربەخۆ بۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران. محەمەد مەندەلاوی کوردی فەیلییە و لە بازنەی شەقامی فەڵەستین لە بەغداد بووەتە پەرلەمانتار.
بەرپرسانی تورکیا سورن لەسەر ھێرشکردنە سەر باکوری سوریا و دەڵێن لە ھەر کاتێکدا بێت ئۆپراسیۆنەکە ئەنجامدەدرێت.
مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، ئامانج لە ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر باکوری سوریا دەرکردنی گروپە چەکدارەکان و پاراستنی یەکێتی خاکی سوریایە.
چاوشئۆغڵو رەخنەی لە ھەڵوێستی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پاک نیە ، روسیا و ئێرانیش پشتیوانی حکومەتی دیمەشقن.
ھەروەھا ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان بۆ سەر باکوری سوریا بەپێی ھەڵسەنگاندنەکان و مەترسییە ئەمنییەکان لە ھەر کاتێکدا بێت ئەنجامدەدرێت.
دوای ماوەیەک لە گردبوونەوە لە گۆڕەپانی تەحریر، لایەنگرانی سەدر لە پردی کۆمارییەوە چونە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز. لای خۆیەوە "مستەفا کازمی"سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە خۆپیشاندەران کرد لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و خوپیشاندانێکی ھێمنانە بەڕێوەبەرن و دامەزراوەکانی دەوڵەت بپارێزن.
ھەر لەبارەی خۆپیشاندانەکەوە نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا داوای لە حکومەتی کازمی کرد پارێزگاری لە ڕەوشی ئەمنی و کۆمەڵایەتی بکات و ڕێگری بکات لە ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان.
لە بەردەوامی کاردانەوەکان سەبارەت بە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، ھاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا ھیوای خواستوە قۆناغی داھاتوو راستکردنەوەی رەوشەکەی بەدوادابێت، بە تایبەت لێکەوتە مەترسیدارەکانی دوای ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران.
ھیواشی خواستووە سودانی سەرکەوتوو بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان و بەرگریکردن لە سەروەری وڵات.
ھەروەھا قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق رایگەیاندووە، ئێران دەستوەردانی لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران نەکردووە و جگە لە محەمەد شیاع سودانی ھیچ بژاردەیەکی تریان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نیە.
دەستەی دەستپاکی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ٢٧ ھەزار و ٢١٠ فۆڕمی ئاشکراکردنی دارایی ئاراستەی وەزارەت و دەستەکان کراوە و رێژەی وەڵامدانەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە و جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتییەکانی دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵی ، دادگای تێھەڵچوونەوە، داواکاری گشتی و دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری ١٠٠%بووە.
ھەروەھا ٤٨.٨ی پەرلەمانتاران و٨٧.٥٪ ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی فۆڕمی ئاشکراکردنی داراییان داوەتەوە.
وەزیری بەرگری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، سوپای عێراق دەتوانێت بەرپەرچی سوپای تورکیا بداتەوە و ناچاری بکات کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر خاکی عێراق بھێنێت، بەڵام ئەوان چاوەڕێی چارەسەرە سیاسی و دیبلۆماسییەکان دەکەن، لەبەرئەوەی جەنگ تەنھا وێرانی و خوێنڕشتنی لێدەکەوێتەوە.
جومعە عیناد ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق یەکەم جەنگی لە دژی تورکیا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەستپێکردووە و چاوەڕێی ئەنجامی ھەوڵە دیبلۆماسییەکان دەکەن.
پارێزەری جەیمس فیتۆن ئەو ھاوڵاتییە بەریتانییەی ماوەیەک بەر لە ئێستا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بە چەند شوێنەوارێکی دێرینەوە دەستگیرکرا، رایگەیاند، دوای دەستگیرکردنی ھەموو بەڵگەکانیان خستەڕوو کە تۆمەتەکانی سەری ھیچ بنەمایەکیان نییە، بەڵام دوایی دادگا سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
(ئەحمەد سەحاف) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند/ تورکیا کار بۆ ئەوە دەکات پێگە و سنوری دەسەڵاتی لەناو خاکی عێراق فراوانتر بکات، پێشی وایە حکومەتی عێراق توانای ئەوەی نییە وەک ئەو مامەڵە بکات و وەڵامی بداتەوە، بەڵام راستیەکە ئەوەیە عێراق رێز لە سەروەری وڵاتان و بنەمای دراوسێیەتی دەگرێت، بۆیە بەتوندی وەڵامی ئەنقەرە ناداتەوە و دەیەوێت بە گفتوگۆ و رێگە دیبلۆماتیەکان کێشە و ئاڵۆزییەکان چارەسەر بکرێن.
وتیشی، داوا لە سوپا و سەرجەم ھێزە چەکدارەکانی تورکیا دەکەن بە زوترین کات و بە پەلە خاکی عێراق بەجێبھێڵن، بە پێچەوانەشەوە ھەموو بژاردەکان لە بەردەم عێراق کراوەن بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا.
بە پێی ئەو زانیاریانەی میدیاکانی عێراق بڵاویانکردۆتەوە، لە ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان سەرنج و بۆچونی جیاواز ھەیە لەسەر کاندیدی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە پێشتر پشکی رەوتی سەدر بوو و (حاکم زاملی) لەو پۆستەدا بوو و لەگەڵ پەرلەمانتارانی سەر بەرەوتی سەدر دەستی لەکارکێشایەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێک لە چوارچێوەی ھەماھەنگی بە باشی دەزانن ئەو کەسەی دەبێتە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سەر بە ھاوپەیمانیەکە بێت، بەشێکی دیکەش داوایانکردوە پەرلەمانتارێکی سەربەخۆی شیعە بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ٦ کاندید کە سیانیان سەر بە چوارچێوەی ھەماھەنگین و سیانەکەی دیکەش پەرلەمانتاری سەربەخۆی شیعەن.
بەڵام تائێستا ھیچ کام لەو شەش کاندیدە بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی نەکراونەتەوە.
وەزیری بەرگری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە ، تا ئێستا تورکیا ھیچ وەڵامێکی بۆ داواکارییەکانی عێراق نەبووە سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی لە سەربازگەی زێلکان و ھێزی تورکیا بە درێژایی ٢٠ کیلۆمەتر لە باکوری عێراقدان .
سەبارەت بە بۆردومانەکەی ھەفتەی رابردووی تورکیاش بۆ سەر زاخۆ ، وەزیری بەرگری رایگەیاندووە ، تورکیا تۆپخانەی بەھێزی بەکارھێناوەو بەرپرسە لە کوژرانی مەدەنییەکان ، وتیشی تورکیا شەری داعشی قۆستەوە بۆ ئەوەی بێتە ناو خاکی عێراق .
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بەڕەسمی کشانەوەی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە، گەشبینە کە لە داھاتوویەکی زۆر نزیکدا چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان کاندیدی رەسمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق یەکلابکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، داوای لێبوردن لە ھەموو ئەو ھێز و لایەنانە دەکات کە متمانەیان پێبەخشیووە بۆئەوەی ببێتە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و کشانەوەشی لە چواچێوەی ھەستکردنە بە بەرپرسارێتی بۆئەوەی زووتر چەقبەستوویی سیاسی چارەسەر بکرێت کە زیانەکەی تەنھا بۆ ھاوڵاتیانی عێراقە.
عەدنان جابری پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندوە، گفتوگۆ لەسەر کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوامە و سەرەڕای ئەوەی چەندین ناو پێشنیاز کراون بۆ ئەو پۆستە، بەڵام تائێستا کاندیدی کۆتایی یەکلا نەبووەتەوە.
وتیشی، لەناو ئەو کەسانەی پێشنیازکراون، کەسایەتییەکی سەربەخۆش کاندید کراوە و وەک پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران بەھەموو شێوەیەک پشتیوانی دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ھێز و لایەنەکان پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکانی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیان بەھەند وەرنەگرتووە کە بۆ کۆتایی ھێنان بە کێشەکان و چەقبەستوویی سیاسی پێشکەشیان کردووە.
دادوەری یەکەمی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ ڕایگەیاند، لەسەر تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکان، سکاڵا لە دژی نوری مالکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جوڵێنراوە و چەند ھاوڵاتیەکیش سکاڵایان تۆمارکردووە.
وتیشی، دادگا وتەی سکاڵاکارانی وەرگرتووەو بڕیاریداوە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆژیاو زانیارییەکان، بەشی تاوانە ئەلکترۆنییەکان بکات، ئەو تۆمارە دەنگییانەی بۆ ڕەوانە بکات .
دادوەری یەکەمی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ ڕاشیگەیاند، دادگا بڕیاریداوە وتەی خاوەنی ئەو پێگەیەش وەربگرێت کە تۆمارە دەنگییەکانی بڵاوکردۆتەوە و چاوەڕێیە ناونیشانەکەی وەربگرێت تاکو ئاگادارکردنەوەی بۆ بنێرێت.
فازڵ فەتلاوی سەرکردەی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاشکرایکرد، سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەکۆی دەنگ پەرلەمانتار محەمەد شیاع سودانیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کردووە،
وتیشی، دەنگدانی کۆتایی لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی دوای کشانەوەی قاسم ئەعرەجی ھات لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
فەتلاوی راشیگەیاند، سودانی کەسێکی نزیکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، ھیواشی خواست لایەنە کوردستانییەکانیش کاندیدی سەرۆک کۆمار یەکلابکەنەوە.
محەمەد شیاع سودانی لە ساڵی ١٩٧٠ لە پارێزگای میسان لەدایکبووەو بەکالۆریۆسی لە زانستی کشتوکاڵیدا ھەیە و دواپۆستی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بووە .