سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆبۆوەو تاوتوێی دەستدرێژییەکانی ئەمدواییەی تورکیایان بۆ سەر پارێزگای دھۆک کرد.
کازمی جەختیکردەوە لەسەر تۆپبارانەکەی ئەم دواییەی تورکیا کە بووە مایەی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک گەشتیار لە زاخۆ، پەیوەندییان بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووەو داواشیان لە نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە، گوێ لە دیدو تێڕوانینی عێراق لەسەر ئەو پرسە بگرن، بەشێوەیەک کە ببێتە مایەی بەھێزکردنی سەروەری عێراق بەسەر خاکەکەیدا.
لای خۆشییەوە جینین پلاسخارت رایگەیاند، لەدانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بڕیارە لەسەر ئەو پرسە بەڕێوەبچێت وتەی خۆی دەبێت.
ھادی سەلامی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاداشتێکی بە ئیمزای ٣٩ پەرلەمانتار پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کردووەو رایگەیاندوە، لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی لە دانیشتنی رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە خرایە روو سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئەو زانیارییە نوێیانەی لەلایەن فەرماندە سەربازییەکان و وەزیری دەرەوە و سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاشکراکراون داوایانکردووە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران بۆ لێپرسینەوە بانگھێشتی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت، بەھۆی پابەندنەبوون بە ئەرکەکانی و نەگرتنەبەر رێوشوێنی یاسایی و نێودەوڵەتی پێویست بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی تورکیا ، سەرەڕای ئەوەی یاسای نێودەوڵەتی بەکارھێنانی ھێزی لە نێوان وڵاتان قەدەغە کردووە. بڕیاریشە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوەو راپۆرتێک سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی تورکیا بخرێتەڕوو.
ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق یەکێکە لە دیارترین ئەو وڵاتانەی کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە، بۆیە دەبێت حکومەت ھەڵوێستی بەھێزی ھەبێت و ملکەچی بڕیاری سیاسی نەبێت و ناچار نەبێت تەنھا چەک لە ئەمریکا بکڕێت.
ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەمریکا، بەردەوام سیاسیەتی قۆرغکاری پەیڕەو دەکات، بۆئەوەی کۆنترۆڵی ھەموو وڵاتانی جیھان بکات و ناچاریان بکات ببنە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی چەکەکانی.
سەرباری بوونی دەیان راوێژکاری ئەمریکا لە عێراق، بەڵام ھێشتا واشنتۆن چەکی پێشکەوتووی بە عێراق نەفرۆشتووە.
سۆزان مەنسور وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار گۆڕانکاری تێدا نەکراوە، وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت تا رۆژی پێنجشەممەی داھاتوو، ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام بەرەسمی وادەی کۆبونەوەی ئەنجومەن بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان نەکراوە.
کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ھەوڵ دەدەن ساڵی داھاتوو لە رێگەی گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەی خێزانە ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان، دۆسێی ئاوارەکان بە تەواوەتی دابخەن، جەختیشیکردەوە کە وەزارەتی کۆچ بەردەوامە لە دابینکردنی ھاوکاریی تەندروستی و خۆراک بۆ ئاوارەکانی ناو کەمپەکان.
حکومەتی عێراق نزیکەی دوو ساڵە بەرنامەی بۆ داخستنی کەمپەکان داڕشتووە، لەو چوارچێوشدا چەندین کەمپی ئاوارەکانی لە ئەنبار و موسڵ داخستووە، بەڵام ھێشتا ٢٦ کەمپی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان ھەن، کە دانیشتووانەکانیان نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
فەریق ڕوکن مەعن سەعدی فەرماندەی بەرگری ئاسمانی عێراق ڕایگەیاند، دوو سیستمی راداریان کڕیوە و گەیشتونەتە عێراق و لە پارێزگاکانی دیوانیە و ئەنبار دانراون.
وتیشی، دوو سیستمی دیکە بەمزووانە دەگەن و لە نەینەوا و بەسرە دادەنرێن، ھەوەرھا سیستمێکی راداری ئەمریکاش دەگات و لە پارێزگای کەرکوک جێگیر دەکرێت، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سیستمە توانای بەرگری ئاسمانی عێراق زیاد دەکات و عێراق ھەوڵدەدات بگاتە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو لە بەرگری ئاسمانیدا.
لەبارەی کوبونەوەکەوە زیاد کاکەیی کەسایەتی کاکەییەکانی کەرکوک بەکوردسات نیوزی ڕاگەیاند کۆبونەەکە بەبەشداری کەسایەتی کاکەیی شاروشارۆچکەکانی کوردستان و وەفدێکی باڵای حەشدی شەعبی و نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو.
ڕایگەیاند وەکو کاکەییەکان ئیدانەی توندی ڕوداوی پەلاماردان و سوکایەتیمان کرد کەھێزێکی حەشد بەرامبەر پێشمەرگەیەک کردوێتی.وتیشی وەفدی حەشد وتیان ئەو قسانەی پێشمەرگەکە کردوێتی شتێکی ڕەوا نەبوە بەڵام لەھەر ھێزێکیشدا کەسانێک دەبێ ھەڵە بکەن.
زیاد کاکەیی ڕاشیگەیاند وەکو ئەنجامی کوبونەوەکە بڕیاردرا حەشدی شەعبی مەفرەزەکەی خۆی دەستگیر بکات کەئەو کارەی ئەنجامداوەو ھاوکات ئەو کەسەش دەستگیر بکەن کەوێنەی پێشمەرگەکەی گرتوە.وتیشی بڕیاری ئەوەشدرا حەشد لەماوەی دوو تا سێ ڕۆژدا ئەننجامدەرەکان دەستگیر بکات پاشان کۆبونەوەیەک لەنێوان کاکەییەکان و عەشیرەتە عەرەبیەکان بکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکە.
موعین کازمی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە ھێرش و بۆردومانەکانی تورکیا، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەدژی ھەموو پێشنیاز و بڕیارەکان بووە و تەنھا ئەو پێشنیازەی قبوڵکردووە کە تایبەت بووە بە پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە.
عەلی فەتلاوی سەرکردە ھاوپەیمانی فەتحیش رایگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی بڕیاردانی توند لە دژی تورکیا دەستی دەستی بەسەرجەم کوتلەکان دەکات و رێگە نادات بڕیاری توند لە دژی تورکیا دەربکرێت، ئەوەش کاریگەری خراپی دەبێت و زۆربەی لایەنەکانیش ئەو ھەڵوێستەی حەلبوسی قبوڵ ناکەن.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتی دارایی رەزامەندیداوە لەسەر بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو کەسانەی لە فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان بەھۆکاری سیاسی لە خزمەتی کەرتی گشتی دورخراونەتەوە.
راشیگەیاندووە، ئەو کەسانەی بە ھۆکاری سیاسی دورخراونەتەوە، ھەر یەکێکیان گەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینی، لە دوای دورخستنەوەی تائێستا بە خزمەت بۆی ھەژمار دەکرێت و ئەوانەشی نەگەیشتبێتنە تەمەنی خانەنشینی، دەتوانن لەو دامەزراوانەی پێشتر خزمەتیان کردووە، جارێکی تر دەستبەکار ببنەوە.
دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند رۆژی داھاتوودا شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە بەتایبەتی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور.
راشیگەیاندووە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و شەپۆلی خۆڵبارین لە رۆژی سێ شەممەوە دەستپێدەکات و تا رۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت، ئاستی بینینیش کەمتر لە کیلۆمەترێک دەبێت.
فیراس ئەلحەمدانی سەرۆکی ژوری بازرگانی بەغداد رایگەیاند، بەھۆی بەردەوامی سوپای تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر ناوچە سنورییەکانی عێراق، ژوری بازرگانی داوا لە کەرتی تایبەتی عێراق دەکات کار لەگەڵ ھەموو کۆمپانیا تورکییەکان بوەستێنن و بایکۆتی کەلوپەلی تورکی بکەن.
ھەروەھا داواش لە سەرۆکی فیدراسیۆنی گشتی ژوری بازرگانی کردووە، رێنمایی دەربکات بۆ ھەموو ژورەکانی بازرگانی لە سەرانسەری پارێزگاکان بۆ بایکۆتکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ساڵانە قەبارەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار، بایکۆتکردنی کاڵاکان زیانی زۆر بە ئابوری تورکیا دەگەیەنێت.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆکن لەسەر کاندیدکردنی نسەیف خیتابی پارێزگاری ئێستای نەجەف بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتوی عێراق.
پێشتر لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕایانگەیاندبوو، پۆستی سەرۆک وەزیران لای ئەوان یەکلایی بووەتەوە و ئێستا تەنھا سێ ناو کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێ، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا یەکێکیان ڕاسپێردرێن، ئەو سێ کەسەش بریتین لە ھەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی و قاسم ئەعرەجی و تارق نەجم.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پڕۆژەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ پێداچونەوە بە سیتمی موچە و رێکخستنەوەی پلەی فەرمانبەران لە پلە یەک تا پلە دە.
وتیشی، جیاوازییەکی زۆر لە موچەی فەرمانبەران ھەیە، بۆ نمونە ئەندازیارێک لە وەزارەتی نەوت دوو ھێندەی فەرمانبەرێکی وەزارەت کارەبا موچە وەردەگرێت، بە ھەمان پلە و ھەمان بڕوانامە، ئەوەش جیاوازی و ناداپەروەرییەکی زۆری لە سیستمی موچەدا دروستکردوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو جیاوازییەی لە موچەدا ھەیە وایکردوە، گواستنەوەی فەرمانبەران لە وەزارەتێک بۆ وەزارەتێکی تر رابگیرێت، ھەروەھا دەرماڵەی مەترسی لە نێوان وەزارەتەکاندا جیاوازییەکی زۆری ھەیە، ئەوەش گرفتێکی گەورەیە.
جەمال کۆچەر راشیگەیاند، حکومەتی عێراق دەیەوێت، جارێکی تر پێداچونەوە بە سیستمی موچەدا بکات، بۆ ئەوەی ھەلیکاری زیاتر دروست بکات و و یەکسانی لە نێوان موچەی وەزارەتەکاندا بێتەدی.
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نابێت رێگە بە ھیچ وڵات و لایەنێک بدرێت سەروەری و رێزی عێراق پێشێل بکات و ئەو بەرپرسیارێتییەش دەکەوێتە سەر حکومەت بۆئەوەی دژی ھەر لایەنێک بووەستێتەوە کە رێز لەسەروەری و خاکی عێراق نەگرێت.
داواشی لە حکومەتی عێراق کرد فشارێکی عەرەبی و نێودەوڵەتی دروست بکات بۆئەوەی تورکیا ناچار بکات سەرجەم ھێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە و تورکیاش لە رووی مادی و مەعنەوییەوە عێراق قەرەبوو بکاتەوە و چارەسەری سەرجەم بریندارەکان بگرێتە ئەستۆ.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوە بڕیاریدا بە بانگھێشتکردنەوەی ڕێکخەری کاروباری عێراق لە ئەنقەرە بۆ بەغداد، بە مەبەستی ڕاوێژ لەسەر ھەڵوێستی عێراق لەسەر بۆردومان و پێشێلکارییە ئەمنییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی تورکیا لە دژی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی دەرەوە رای گشتی ئاگادار دەکاتەوە، کە عێراق ھیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی ئەمنی و سەربازیی لەگەڵ تورکیا نییە.
ھەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سکاڵایەکی پێشەکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی دانیشتنێکی بەپەلە لەسەر دەستدرێژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی تورکیا، بۆ سەر ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای دھۆک.