نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، سودانی میوانداری کۆبوونەوەی خولی سەرکردەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی کردووە و رەوشی گشتی وڵات و ژمارەیەک دۆسیەی سیاسی و ئابوری و ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەدراوە بە دانوستانەکانی تایبەت بە یاسای نەوت و غاز و دەرئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوە ھونەرییەی کە ھەفتەی رابردوو بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و سامانەسروشتییەکانی ھەرێم بەڕێوەچوو، سووربوونی حکومەتیش لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆکان دووپاتکرایەوە لەپێناو گەڵاڵەکردنی رەشنوسی کۆتایی یاساکە و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران.
ھەروەھا سودانی و سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تاوتوێی رێوشوێنەکانی حکومەتیان کرد لە دژی ئەو کەسانەی بوونەتە ھۆی ناسەقامگیری بازاڕی دراو و میکانیزمەکانی داخستنی دەروازە ناڕەسمییەکان تاوتوێکران.
وەفدێکی باڵای سەربازی و ئەمنی عێراق بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی وەزیری بەرگری سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوە و فەرماندەیی ناوەندی و ئاژانسەکانی ھەماھەنگی بەرگری کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی وەزیری بەرگری و سیلیست واندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا، راگەیەنراوی ھاوبەشی دیالۆگی ھەماھەنگی ئەمنی نێوان ھەردوو وڵات بڵاوکرایەوە و جەختکراوەتەوە لە پابەندبوون بە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و بەرگرییەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و سوربوون لەسەر قوڵکردنەوەی ھەماھەنگییە ئەمنییەکان لە رێگەی ژمارەیەک دۆسیە بۆ بەھێزکردنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵات و بەدیھێنانی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا.
ھەروەھا ھەردوو وڵات پابەندبوونیان بە پێکھێنانی لیژنەی باڵای سەربازی بۆ ھەڵسەنگاندنی ئۆپراسۆنەکانی داھاتوو دووپاتکردەوە و جەختیانکردەوە لەسەر ھەماھەنگی ھاوبەش لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان نێویاندا ھێزی پێشمەگە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، پڕۆسەی مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی عێراق و ئاڵوگۆڕی زانیارییە ھەواڵگرییەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە باکوری روژھەڵاتی سوریاوە بۆ عێراق و ھاوکاریکردنیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە گفتوگۆی لەبارەوەکراوە.
عەلی مەشکور، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان بەردەوامن لە دانوستان بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز بە کەمترین ناکۆکی کە خزمەت بە بەرژەوەندی ھەمووان بکات.
وتیشی، لەئێستادا ناکۆکییەکان ئیدارین نەک تەکنیکی، چونکە ناکۆکی ھەیە لەسەر ئیدارەدانی ئەو کێڵگانەی دەکەونە ھەرێمی کوردستانەوە، کە لەلایەن ھەرێمەوە بێت یاخود بەغداد.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، حکومەتی ھەرێم دەیەوێت لەسەر سیاسەتی خۆی بەردەوام بێت بۆ ئیدارەدانی کێڵگەکانی، کە بەبێ حکومەتی ناوەند بەڕێوەی دەبرد.
شەوی سێشەمە بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی و سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوە و سووربوونی حکومەتیش لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆکان دووپاتکرایەوە لەپێناو گەڵاڵەکردنی رەشنوسی کۆتایی یاساکە و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران.
سەلاح تەمیمی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ دۆسیەی گەندەڵی لە پارێزگای دیالەدا تۆمار کراون، لەلایەن لیژنەی چاودێرییەوە بەدواداچوون بۆ زۆرینەیان کراوە و دەبێت رووبەرووبونەوەی گەندەڵی لە پێشینەی کارەکان بێت
ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەلی دیالە لە کاتێکدایە کە دەستەی دەستپاکی عێراق دەیان ھەزار دۆسیەی گەندەڵی لە فەرمانگە حکومییەکاندا ئاشکرا کردوە، سەدان لێپرسراویش لە ئاستە جیاجیاکاندا رووبەرووی سزای دارایی و زیندانیکردن کراونەتەوە کە بەشێکیان ھەڵھاتوون و بە غیابی حوکمدراون.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران دوایین پێشھاتە سیاسی و ئابووری و کارنامەی حکومەت تاوتوێکرا، بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی رێنماییەکانی یاسای بوودجە، کە زۆرینەی کاروبارەکان حکومەت بەھۆیەوە راگیرابوون.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران سەرجەم وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە، کە دەستبەجێ دەستبکەن بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی لە پێشینەی کارنامەی حکومەتدا ھاتوون و رێککارە تەکنیکی، دارایی و یاساییەکان تەواوبووە، گرنگی زیاتریش بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بدەن.
ھەروەھا سەرۆکوەزیران ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی راسپارد، تا ٢٤ ی ئاب پلانی تایبەت بە تێچووی رێککارەکانی حکومەت بۆ پرۆژەکان و وەبەرھێنان ئامادەبکەن، بەپێی یاسای بوودجە و رێنماییەکانی.
عێراق پارێزگارییکردن لە بارەگای نێردە دیپلۆماتییەکان دووپات دەکاتەوە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە میانەی دیدرێکیدا لەگەڵ فیلیە فاریۆلا باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق پارێزگارییکردنی لە بارەگای نێردە دیپلۆماتییەکان دووپاتکردەوە.نووسینگەی ئەعرەجی لە راگەیەنراوێکدا دووپاتی کردوەتەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە خراوەتە روو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر پێویستی پارێزگارییکردن لە نێردە دیپلۆماتییەکان و راگرتنی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ لەگەڵ ھەمواندا و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، لەرێگەی وتووێژ و کەناڵەکانی دیپلۆماتییەوە.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئەوەشی راگەیاندوە کە جیھان ھەمووی بەرھەڵستی توندڕەوی دەکات و گرنگە درێژە بەو رێگەیە بدرێت.
کاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکردووە بۆ گەڕانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی سەر کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندییەکان، کە بەپێی یاسایی بودجە حکومەت دەبێت قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیان وەربگرێتەوە.
وتیشی، بەشێکی زۆری قەرزە کەڵەکەبووەکان بەپێی خشتەی قەرزەکان، پەیوەندی بە نەدانی باج و رسومات و نوێنەکردنەوەی مۆڵەت و سزای دارایی و پابەندنەبوونە بە رێنماییەکانەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەپێی نوسراوێک، کۆڕەک تیلیکۆم زۆرترین قەرزی لەسەر کەڵەکە بووە و بە بڕیارێک پابەندکراوە بە دانەوەی ئەو قەرزەکان، کە بڕی زیاتر لە ٧٩ ملیار و ٩٦ ملیۆن و ٨٦٨ ھەزار دینارە.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ لەبارەی ژمارەیەک سکاڵای یاسایی کۆدەبێتەوە، کە دووان لە سکاڵاکان تایبەتن بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە دژی چەند بڕگە و ماددەیەکی یاسای بودجە.
بەپێی یەکێک لە سکاڵاکە، کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆماریکردووە، داوادەکات ژمارەیەک لە بڕگەکانی یاسای بودجە بە نادەستووری دابینرێن و ھەڵبوەشێندرێنەوە، ئەو بڕگانەش تایبەتن بە دیاریکردنی رێژەی شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە و رادەستکردنی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت و ھەروەھا رادەستکردنی داھاتی نانەوتی و خەرجکردنی پشکی ھەرێم لە بودجە، لەگەڵ چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ھەولێر و بەغداد و بڕگەی پارێزگای ناڕازیی.
ھاوکات دادگای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵاکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات کە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆماریکردووە و داوادەکات، ١٢ بڕگە و ماددەی یاسای بودجە بە نادەستووری دابینرێن و ھەڵبوەشێندرێنەوە.
دادگای فیدراڵی ھەروەھا تاوتوێی سکاڵایەکی مستەفا سەند ئەندامی لیژنەی داراییش دەکات کە لەسەر سەرۆک وەزیران تۆماریکردووە و داوادەکات بڕیار بدرێت لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خەرجکردنی ٤٠٠ ملیار دینار کە ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی وەک شایستەی دارایی ھەرێم و بەشێوەی قەرز خەرجیکردووە.
کاروان عەلی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، زۆرێک لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن قەرزی دەوڵەتیان لایە و لیژنەکەیان ھەوڵی داوە بڕی ئەو پارانە بزانێت، بەڵام ئاگادارن کە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم زۆرترین قەرزی حکومەتی لایە و بڕیاری دادگاش ھەیە کە دەبێت قەرزەکانی بگەڕێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەر ئەو بابەتە و چۆنیەتی وەرگرتنەوەی قەرزەکان، بەرپرسانی حکومەت بانگھێشتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن چونکە ئەو کۆمپانیایانە داھاتیان ھەیە و پێویستە پابەندبن بە دانەوەی قەرزەکانیان، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی ھەیە بۆئەوەی حکومەت بتوانێت قەرزەکانی لێیان وەربگرێتەوە.
کازم عەتوانی راوێژکاری راگەیاندنی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی رەسمی راگەیاندوە، یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە یاسا گرنگەکان و خزمەتێکی زۆر بە توێژێکی فراوانی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەکات و کەشێکی زۆر باش و گونجاو بۆ کارکردن دەڕەخسێنێت و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش تیمێکی تایبەت دروست دەکات بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگە و ماددەکانی یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی لە کەرتی تایبەتدا.
وتیشی، پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی کەمی داھاتوودا د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی ئیمزا بکات و دواتر لە رۆژنامەی وەقایعی رەسمی بڵاوبکرێتەوە، جەختیشیکردەوە، بەپێی ھەموو پێشبینییەکان چاوەڕوان دەکەن لەسەرەتای مانگی داھاتووەوە یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی بە تەواوی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەواڵی دزەپێکردنی داتای تایبەت بە کۆبۆنی خۆراکی ھاوڵاتیان لە تێلیگرام دوورە لە راستییەوە، ھاوڵاتیانیش دڵنیا دەکاتەوە کە داتاکانی کۆبۆنی خۆراک بە تەواوی پارێزراون و ھیچ کاتێکیش دزە بەو داتایانە نەکراوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، وەزارەتی بازرگانی بەبێ رەزامەندیی دەوڵەتی و رێکاری یاسایی و دەستوری، داتاکانی ھاوڵاتیان بە ھیچ لایەنێکی دیکە نادات بۆیە ئەو داتایانە بە پارێزراوی ماونەتەوە.
لە درێژەی کاردانەوەکانی داخستنی تێلیگرام، نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، پێویستە دەزگا ئەمنییەکان جیاوازی بکەن لەنێوان ئەو سەکۆیانەی کە پاڵپشتیکاری دەوڵەت و حکومەتن لەگەڵ ئەو سەکۆیانەی ھانی تووندوتیژی و رق و کینە دەدەن، جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە عێراق وڵاتێکی دیموکراسییە و رێز لە ئازادی رادەربڕین و راگەیاندن دەگرێت و ئەو مافانەش بنەڕەتین بەڵام رەھا نین.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەفدێکی باڵا بە سەرۆکایەتی سابت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگری عێراق سەردانێکیان بۆ ئەمریکا دەستپێکردووە.
سەردانەکە بە بانگھێشتی رەسمی وەزارەتی بەرگری ئەمریگا پنتاگۆنە و ھەریەکە لە عەبدولوەھاب ساعدی سەرۆکی دەزگای روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپا و جێگری فەرماندەی گشتی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان و ژمارەیەک لە راوێژکاران و ئەفسەران ئەندامی وەفدەکەن.
بڕیارە ئەو وەفدە ژمارەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، داھاتووی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھەماھەنگی ئەمنی نێوان عێراق و ئەمریکا و ئاڵوگۆڕی زانیاری و راوەدونانی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ بکەن.
رائد مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، پێویستە بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی ھەنگاوی جددی بنرێت و نابێت ھەندێک کەس بەھۆی پارێزبەندی سیاسییەوە بخرێنەسەروی یاساوە یان ھەندێک لایەنی چەکدار پارێزگارییان لێبکەن.
باسی لەوەشکردوە، دور لە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەبێت ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی گەندەڵی بگەڕێندرێنەوە و دادگایی بکرێن، رێککەوتنامەی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵیش کە عێراق ئیمزای لەسەر کردووە، ئەو بەڵگە یاسایەیە کە لەکاتی داواکردنەوەی گەندەڵکاران ھیچ کێشەیەک روبەڕوی عێراق نابێتەوە.
بوونی رەگەزنامەی وڵاتانی بیانی، بە ھۆکارێکی سەرەک دادەنرێت بۆ ھەڵاتنی ئەو بەرپرسانەی کە لە عێراق تۆمەتی گەندەڵیان دراوەتەپاڵ ئەوەش بە وتەی شارەزایانی یاسایی بووەتە پارێزبەندییەک بۆ خۆپاراستنیان لە روبەڕوبوونەوەی یاسایی.
ماھیر جوھان، بریکاری وەزیری پلاندانانی عێراق بۆ کاروباری تەکنیکی رایگەیاند، یاسای بودجە پەکی نەکەوتووە، بەڵام دوای پەسەندکردنی یاساکە لە دوو ھەفتەی رابردوودا، بەرپرسانی وەزارەت و پارێزگاکان پلانێکی خێرایان داڕشتووە، کە خزمەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکات.
وتیشی، رەنگە تاکو کۆتایی ئەم ھەفتەیە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە رۆژنامەی واقئیعی عێراقیدا بڵاوبکرێنەوە.
نزیکەی دوو مانگە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام ھێشتا رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بڵاونەکراونەتەوە، ئەوەش ئاستەنگی بۆ جێبەجێکردنی دروستکردووە.
جەبار کنانی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرای کرد، وەزارەتی دەرەوە بەمنزیکانە نزیکەی ٧٠ باڵیۆزی "شایستە" بۆ نوێنەرایەتییکردنی عێراق لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، لە سەرانسەری جیھان دادەمەزرێنێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی دەرەوە، عێراق ٨٨ باڵیۆز و کونسوڵو و نوێنەری لە سەرانسەری جیھاندا ھەیە.