لیژنەی یاسایی: ئەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی دەبێت پارێزبەندییان لەسەر ھەڵبگیرێت
هیوا
٧ی ئابی ٢٠٢٣
٦٧٤
رائد مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، پێویستە بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی ھەنگاوی جددی بنرێت و نابێت ھەندێک کەس بەھۆی پارێزبەندی سیاسییەوە بخرێنەسەروی یاساوە یان ھەندێک لایەنی چەکدار پارێزگارییان لێبکەن.
باسی لەوەشکردوە، دور لە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەبێت ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی گەندەڵی بگەڕێندرێنەوە و دادگایی بکرێن، رێککەوتنامەی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵیش کە عێراق ئیمزای لەسەر کردووە، ئەو بەڵگە یاسایەیە کە لەکاتی داواکردنەوەی گەندەڵکاران ھیچ کێشەیەک روبەڕوی عێراق نابێتەوە.
بوونی رەگەزنامەی وڵاتانی بیانی، بە ھۆکارێکی سەرەک دادەنرێت بۆ ھەڵاتنی ئەو بەرپرسانەی کە لە عێراق تۆمەتی گەندەڵیان دراوەتەپاڵ ئەوەش بە وتەی شارەزایانی یاسایی بووەتە پارێزبەندییەک بۆ خۆپاراستنیان لە روبەڕوبوونەوەی یاسایی.