عەون زیاب ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق سەبارەت بەو دۆخە مەترسیدارەی رووی لە عێراق کردووە لە وشکبوونی رووبارەکان و داواکاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کراوە بۆ بەردانەوەی بڕێکی دیاریکراوی ئاوی رووبارەکان لە یەکی تەمموزەوە، بەڵام ھیچ گۆڕانکارییەک لە ئاوی رووبارەکان رووینەداوە و رۆژانە ٢٣٠ مەترسێجا لە چرکەیەکدا بەردەدرێتەوە.
وتیشی، ئاوی کۆگاکراوی بەنداوی موسڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو شەش ملیار مەترسێجا دابەزیوە، ئەوەش کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئاودانی کشتوکاڵ لە وەرزی زستانی داھاتوودا، جەختیشیکردەوە، رەوشی بەنداوی حەدیسە لە بەنداوی موسڵ خراپترە و بەھەمان بڕی بەنداوی موسڵ ئاوەکەی کەمیکردووە.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ھیوای خواست سەردانەکە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق ببێتە مایەی بەردانەوەی زیاتری ئاوی رووبارەکان.
موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەکی لەسەر پرسی مافە خاکی و ئاسمانییەکانی عێراق پێکھێنا، کە ئەرکی لیژنەکە ئامادەکردنی راپۆڕتێکە لەسەر مافە خاکی و ئاسمانییەکانی عێراقە لەگەڵ وڵاتی کوەیت.
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران راشیگەیاند، دەرئەنجامی راپۆڕتەکە دەبرێتە ئەنجومەنی نوێنەران و دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بەو ڕاپۆڕتە بەڕێوەدەچێت.
مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژە بەوەدەکات، دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی رێنماییەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کارێکی دروست نییە، چونکە ھیچ پاساوێکی نییە و بەو ھۆیەش خەرجییە سەرەکییەکان و بودجەی وەبەرھێنان پەکیان کەوتووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەکرێت وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ ماددە تانەلێدراوەکانی یاسای بودجە دوابخات، چونکە ئەو مادانەی تانەیان لێدراوە زۆر نین و سەرەکیش نین، بۆیە لیژنەکەیان فشار لەسەر حکومەت دروستدەکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجە دەربکرێن.
پەیوەست بە نەوتی ھەرێمیش، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەکرد، دۆسیەی نەوتی ھەرێم پەیوەستە بە رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی کە ئەو بابەتە رێکدەخات، ئەگەریش نەوتی ھەرێم ھەناردەی دەرەوە نەکرێت، دەکرێت لە پاڵاوگەکانی ناوخۆدا بەکاربھێنرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مانگی تەمووزی ئەمساڵ، لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراق بڕی ١٠٦ ملیۆن و ٧٥٥ ھەزار و ٦١٠ بەرمیل نەوتی خاو ھەناردەکراوە، داھاتەکەی ھەشت ملیار و ٢٩٣ دۆلار بووە، بەوەش عێراق ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە لە ھەناردەکردنی نەوتی خاو لەماوەی ھەشت مانگی رابردوودا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، مانگی رابردوو رۆژانە سێ ملیۆن و ٤٤٤ ھەزار بەرمیل نەوتی خاو لە عێراقەوە ھەناردەکراوە و بەھای ھەر بەرمیلێکیش بە ٧٧ دۆلار و ٦٩ سەنت مەزندە کراوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێشتر تا یەکی ئاب مۆڵەتیان بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم دیاریکردبوو کە وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری بکات تا بتوانن لە ١٨ ی شوباتی ساڵی داھاتوو بەدواوە ئامادەکاریی بۆ ھەڵبژاردن بکەن.
وتیشی ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتایی ھات و ھێشتا وادەکە دیارینەکراوە و چاوەڕوانی ئەوەن بەم نزیکانە لایەنەکان لەسەر وادەیەکی نوێ رێکبکەون تا کۆمسیۆن دەست بە ئامادەکارییەکانی بکات.
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، کۆمسیۆن ئامادەیە لەدوای ١٨ ی شوباتی ساڵی داھاتووەوە و لەھەر وادەیەکدا کە سەرۆکایەتی ھەرێم دیاری بکات ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەزار و ٩٧٠ بنکەی کۆمسیۆن بەردەوامە و تاکو ٣١ی تەمووز، تۆماری ٣٦٢ ھەزار و ٥٦٧ دەنگدەر نوێکراوەتەوە، لەو ژمارەیەش دوو ھەزار و ٧٩ حاڵەتی تۆماری نوێی دەنگدەر ھەیە، کە ئاوارەکانی سنووری پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆکن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی دەنگدەران لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە ٧٢٥ دەنگدەر و لەو ژمارەیەش ٧٠٦یان لە رەگەزی نێرن و ١٩یان لە رەگەزی مێن.
وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق وتیشی، تاکو ئێستا ٣٠ ھاوپەیمانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکراوە، کە ٢٠یان ھاوپەیمانی نوێن و ١٠کەی دیکەشیان کۆنن و ھێشتا بڕیاریان نەداوە، بەشداری ھەڵبژاردنەکە دەکەن یان نا.
دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە شەپۆلێکی نوێی گەرما روو لە عێراق دەکات و پلەکانی گەرما لە زۆرینەی شارەکان، بۆ ٥٠ پلە بەرز دەبنەوە.
بەھۆی ئەو شەپۆلە نوێیەی گەرماش، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ھۆشداریدا لە زیادبوونی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە و ژمارەیەک رێنمایی بۆ ھاووڵاتیان بڵاوکردەوە.
لە لایەکی تریشەوە و لە ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بە بەرزیی دەمێننەوە، بەجۆرێک لە ھەولێر ٤٢ و لە سلێمانی ٤٠ و لە دھۆک ٤١ و لە ھەڵەبجە ٤٣ پلە دەبن، ھاوشێوەی رۆژانی رابردووش ئیدارەی گەرمیان بە ٤٥ پلە گەرمترین ناوچەی ھەرێم دەبێت.
بەپێی ئەو کارنامەیەی بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران سەعات ١ی پاش نیوەڕۆ دەستپێدەکات و ٧ بڕگە لەخۆدەگرێت.
تێیدا، دەنگ لەسەر دوو پڕۆژەیاسا دەدرێت، خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری یاسای دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی بەرپرسانی پێشووی حزبی بەعس دەکرێت، ھەر بە پێی کارنامەکە سێ پرۆژەیاسای تریش گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
ئیدارەی وزەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھەفتەی رابردوو عێراق توانیویەتی بڕی ھەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا زیادبکات و بڕی نەوتی ھەناردەکراوی رۆژانەی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتووەتە ٢٧٣ ھەزار بەرمیل، کە بەراورد بە ھەفتەی رابردوو بڕی ١٤ ھەزار بەرمیل زیادیکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا عێراق لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی نەوت ھەناردەی ئەمریکا دەکەن پێش وڵاتی سعودییە کەوتووە، بەوپێیەی ئەو وڵاتە توانیویەتی رۆژانە ٢٥٩ ھەزار بەرمیل ھەناردەی ئەمریکا بکات.
ئیدارەی راگەیاندنی وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا ھەناردەکردنی نەوت لە روسیا و لیبیاوە بۆ ئەمریکا وەستاوە.
١٣ حزبی کوردستانی لە شاری کەرکوک لە راگەیەنراوێکدا بۆ رایگشتی و سەرکردایەتی حزبە کوردستانییەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، وادەی پێشکەشکردنی ھاوپەیمانێتی بەرەو کۆتایی دەڕوات، تائێستا کورد نێوماڵی خۆی رێنەکخستوەتەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی یاسا، ئایندەی پارێزگاکە دیاریدەکات بەپێی زۆرینە و کەمینە، لەبەرئەوە نابێت بە پەرشوبڵاویی و فرە لیستی ئایندەی کەرکوک بخرێتە مەترسییەوە.
ئەو حزبانە جەخت لەوە دەکەنەوە، دوور لە ململانێی حزبی پێویستە لیستی ھاوپەمانی کوردستانی لە کەرکوک دروست بکرێت و داھاتووی کەرکوک لە مەترسییەکان بپارێزرێت و لە فرە لیستی دوور بکەونەوە و بە یەک لیست بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە پێی بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەلبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی پارت و ھاوپەیمانێتییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە لە ١٨/١٢/٢٠٢٣ بەڕێوەبچێت.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ شێخ سالم عەبدوڵا جابر سەباح وەزیری دەرەوەی کوەیت، بە سەردانێکی رەسمیی دەگاتە بەغداد.
راشیگەیاند، وەزیری دەرەوەی کوەیت، لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکەی، ھەروەھا سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە، بەڵام تەوەری کۆبوونەوەکانی ئاشکرا نەکرد.
مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، جوڵەیەک بۆ جێگیرکردنی بازاڕی دراو ھەیە، ئەوەش لە رێگەی دابینکردنی دۆلار بە بەھای رەسمیی بۆ ھاوردەکارە بچووکەکان، کە یەک دۆلار بە ھەزار و ٣٢٠ دینار دەگۆڕنەوە.
وتیشی، بازرگانی دەرەکی و ھاوردەکردنی کاڵا لە دەرەوە، رێژەیەکی گەورەی بازرگانیی عێراق پێکدەھێنێن، کە رێژەی ٦٠%ی پێویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن.
عەباس ئەلمالکی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریکا لە ھەوڵدایە بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراق و دەیەوێت لە رێگەی دروستکردنی قەیرانەکانەوە دۆخی عێراق بە ناسەقامگیری بھێڵێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا دەتوانێت تورکیا پابەندبکات بە بەردانەوەی پشکی عێراق لە ئاو بەڵام نایکات و قەیرانەکە بە چارەسەرنەکراوی دەھێڵێتەوە، ھاوشێوەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان.
ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا وتیشی، ئەمریکا سەرجەم ئەو پرۆژانەی لە عێراق راگرتووە، کە دۆخی کارەبا باش دەکەن و بەوەش دەیەوێت متمانەی نێوان ھاوڵاتییان و حکومەت لاواز بکات.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، لەسەر رێگای نێوان ھەردوو قەزای مەیمونە و مەجەڕی گەورە لەسنوری پارێزگای میسان، شەڕە تەقە لە نێوان ھێزێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددەی ھۆشبەر و بازرگانێکی مەترسیداری ھۆشبەر کە بە (ئابیش) ناسراوە دروستبووە، لە ئەنجامدا ئەو داواکراوە کوژراوە و نزیکەی کیلۆیەک و ٥٠٠ گرام ماددەی ھۆشبەر و چەک و تەقەمەنیشی پێبووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە ھۆشبەرەکانیش رایگەیاندووە، لە بەغداد دوو بازرگانی ماددەی ھۆشبەر لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون کەدوو کیلۆ ماددەی ھۆشبەریشیان لە جۆری کریساڵیان پێبووە.
وەزارەتی تەندروستی عێراقیش ئاماژەی بەوە کردووە، لە فەرمانگەی پزیشکی دادی لە بەغداد، بڕی ٦٠٠ کلیۆ ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کپتاگۆن بە سێ قۆناغ لەناوبراوە.
دەزگای ھەواڵگری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی پارە لە عێراق و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بوونەتە ھۆی ناسەقامگیری بازاڕەکانی دراو، دەزگای ھەواڵگری لە ئۆپراسیۆنێکدا ھەوڵێکی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی پارەی لە پارێزگای دیالە شکستپێھێنا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئۆپراسیۆنەکەدا، باندێکی سێ کەسی دەستگیرکراون، کە ھەوڵیانداوە بڕی ١٢٨ ھەزار و ٥٠٠ دۆلار بە قاچاخ لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ببەنە دەرەوە.
دەزگای ھەواڵگری عێراقی ئاماژەی بەوەشداوە، رێککاری یاسای بەرامبەر ئەندامانی باندەکە گیراوەتەبەر و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون.