نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، سودانی میوانداری کۆبوونەوەی خولی سەرکردەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی کردووە و رەوشی گشتی وڵات و ژمارەیەک دۆسیەی سیاسی و ئابوری و ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە.

ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەدراوە بە دانوستانەکانی تایبەت بە یاسای نەوت و غاز و دەرئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوە ھونەرییەی کە ھەفتەی رابردوو بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و سامانەسروشتییەکانی ھەرێم بەڕێوەچوو، سووربوونی حکومەتیش لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆکان دووپاتکرایەوە لەپێناو گەڵاڵەکردنی رەشنوسی کۆتایی یاساکە و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران.

ھەروەھا سودانی و سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تاوتوێی رێوشوێنەکانی حکومەتیان کرد لە دژی ئەو کەسانەی بوونەتە ھۆی ناسەقامگیری بازاڕی دراو و میکانیزمەکانی داخستنی دەروازە ناڕەسمییەکان تاوتوێکران.