نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران دوایین پێشھاتە سیاسی و ئابووری و کارنامەی حکومەت تاوتوێکرا، بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی رێنماییەکانی یاسای بوودجە، کە زۆرینەی کاروبارەکان حکومەت بەھۆیەوە راگیرابوون.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران سەرجەم وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە، کە دەستبەجێ دەستبکەن بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی لە پێشینەی کارنامەی حکومەتدا ھاتوون و رێککارە تەکنیکی، دارایی و یاساییەکان تەواوبووە، گرنگی زیاتریش بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بدەن.

ھەروەھا سەرۆکوەزیران ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی راسپارد، تا ٢٤ ی ئاب پلانی تایبەت بە تێچووی رێککارەکانی حکومەت بۆ پرۆژەکان و وەبەرھێنان ئامادەبکەن، بەپێی یاسای بوودجە و رێنماییەکانی.