وەفدێکی باڵای سەربازی و ئەمنی عێراق بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی وەزیری بەرگری سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوە و  فەرماندەیی ناوەندی و ئاژانسەکانی ھەماھەنگی بەرگری کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەی وەزیری بەرگری و سیلیست واندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا، راگەیەنراوی ھاوبەشی دیالۆگی  ھەماھەنگی ئەمنی نێوان ھەردوو وڵات بڵاوکرایەوە و جەختکراوەتەوە لە پابەندبوون بە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و بەرگرییەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و سوربوون لەسەر قوڵکردنەوەی ھەماھەنگییە ئەمنییەکان لە رێگەی ژمارەیەک دۆسیە بۆ بەھێزکردنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵات و بەدیھێنانی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا.

ھەروەھا ھەردوو وڵات پابەندبوونیان بە پێکھێنانی لیژنەی باڵای سەربازی بۆ ھەڵسەنگاندنی ئۆپراسۆنەکانی داھاتوو دووپاتکردەوە و جەختیانکردەوە لەسەر ھەماھەنگی ھاوبەش لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان نێویاندا ھێزی پێشمەگە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، پڕۆسەی مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی عێراق و ئاڵوگۆڕی زانیارییە ھەواڵگرییەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە باکوری روژھەڵاتی سوریاوە بۆ عێراق و ھاوکاریکردنیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە گفتوگۆی لەبارەوەکراوە.