لە راپۆرتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداری دەداتە ئیسرائیل و دەڵێت، سنورێک بۆ کوشتنی نایاسایی و توندوتیژی دژ بە دانیشتوانی رەسەنی کەناری رۆژئاوا دابنێت.
ئاماژە بەوەشدەکات، دۆخی مرۆیی لە ناوچەکە دوای شەڕی حەماس و فەڵەستین بەرەو داڕمان چووە و پێشتر ھاوشێوەی نەبووە.
لە راپۆرتەکەدا داوا لە ئیسرائیل دەکات، دوور بکەوێتەوە لە ئامرازەکانی توندوتیژی دەرھەق بە دانیشتوانی رەسەنی کەناری رۆژئاواو ناچار بە کۆچکردنی زۆرەملێیان نەکات.
بەپێی راپۆرتەکە، دۆخی مافی مرۆڤ لە کەناری رۆژئاواو رۆژھەڵاتی قودس پێشێل دەکرێت لەلایەن نەژادپەرستە ئیسرائیلیەکان و سوپای ئەو وڵاتەوە.
سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی تورکیا ئاشکرایکردووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناوەڕاستی مانگی داھاتوو پشووی پەرلەمانی تورکیا تەواودەبێت و پەرلەمانتاران دەگەڕێنەوە پەرلەمان بۆ دەنگدان بە ئەندامێتی سوید لە رێکخراوی ناتۆ.
دوای جەنگی روسیا و ئۆکراین لە شوباتی ٢٠٢٢، ھەریەک لە سوید و فینلاند داوایانکرد بچنە ببنە ئەندامی ناتۆ کە ئەمریک، بەڵام تورکیا بوو بە بەربەست لە بەردەم بە ئەندامبوونیان.
بەڵام دواتر داواکەی فینلاند رەزامەندی لەسەردراو لە مانگی نیساندا بووە ٣١ھەمین ئەندامی ناتۆ، بەڵام دوای ١٩ مانگ ھێشتا داواکەی سوید لەسەر بڕیاری تورکیا ماوەتەوەو یەکلانەبوەتەوە.
میدیای رەسمیی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ تەرمی رەزا مووسەوی گەیشتووەتەوە تاران و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای سیاسی و ئەمنی و خەڵکێکی زۆر پێشوازی لێکراوە و لەلایەن لەلایەن عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە نوێژی لەسەر کراوە و بڕیارە لە تاران بەخاکبسپێردرێت.
رۆژی دووشەممە لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە سوریا، رەزا مووسەوی فەرماندە لە سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا، رۆژی چوارشەممە تەرمەکەی لە سوریاوە رەوانەی نەجەف کرا و ئەمڕۆش گەیشتەوە تاران.
میدیای رەسمیی حکومەتی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون فەرمانێکی ئاڕاستەی سوپا و کەرتی پیشەسازیی تەقەمەنی و چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کردووە، بە خێرایی ئامادەکاریی بۆ جەنگ بکەن.
رێبەری کۆریای باکوور رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی جوڵەیەکی دوژمنکارانەی بێپێشینەی ئەمریکا بووەتەوە، ھەربۆیە ئامادەکاریی بۆ جەنگ دەکەن.
کۆریای باکوور پەیوەندییەکانی بە تایبەت لەگەڵ روسیا فراوان کردووە، بەوھۆیەوە رووبەڕووی رەخنەی ئەمریکا بووەتەوە و تۆمەتباری دەکات بە ناردنی چەک بۆ روسیا بۆ بەکارھێنانی لە جەنگی ئۆکراین.
بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: ئەردۆغان بۆی نییە ئامۆژگاری ئەخلاقمان بکات، چونکە خۆی کۆمەڵکوژی دژی کوردەکان ئەنجام دەدات و ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە لە جیھاندا بۆ دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنوسانەی کە دژی دەوەستنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزەکانی ئیسرائیل کاردەکەن بۆ لەناوبردنی گروپە تیرۆرستییەکانی وەکو حەماس کە تاوان دژی مرۆڤەکان ئەنجام دەدەن و ئەردۆغانیش بەشانیاندا ھەڵدەدات و میوانداری سەرکردەکانیان دەکات.
ئەردۆغان رایگەیاندبوو، ناتانیاھۆ ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەدۆلف ھیتلەردا نییە و ھێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە بە مامەڵەی نازییەکان لەگەڵ جولەکەکان بەراورد کرد.
ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، ئەوەی خستوەتەڕو، تاران بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی بەرگری لەخۆی بەکاردەھێنێت و وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە لەبەرامبەر کوشتنی فەرماندەکەی سوپای پاسداران لە سوریا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات و کوشتنی ئەو فەرماندەیەی وڵاتەکەی سەرکۆنە بکات.
باڵیۆزی ئێران داواشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کرد ئیسرائیل پابەندی جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکەن و رێگری لێ بکەن تا لەوە زیاتر ئاسایشی ناوچەکە نەخاتە نائارامییەوە.
جەیک سۆلیڤان وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی رایگەیاند، واشنتۆن نیگەرانە لە راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەبارەت بە زیادبوونی ئاستی بەرھەمھێنانی یۆرانیۆمی پیتنێدراو لەلایەن ئێرانەوە.
وتیشی، بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە بەردەوامن لە ناسەقامگیرکردنی رەوشەکە و تێکدانی ئاسایش، بە تایبەت لە عێراق و سوریا و دەریای سوور.
لە بەرامبەریشدا ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، چالاکییەکانیان لە بواری ئەتۆمی زیاد نەکردووە و ئەو راپۆرتەی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئەتۆمیش رەتدەکەنەوە، وتیشی ئاستی پیتاندنی یۆانیۆمیان نەگەیاندووەتە ٦٠٪.
وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردودا ٢٤٠ کەس بەھۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون بەوەش ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە ٢١ ھەزار کەسی تێ پەڕاند، ژمارەی بریندارانیش گەیشتۆتە نزیکەی ٥٥ ھەزار کەس.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، سێ سەرباز لە کاتی شەڕە بەردەوامەکانی کەرتی غەززە کوژراون، بەمەش ژمارەی ئەو سەربازە کوژراوانەی لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردودا کوژراون گەیشتۆتە ھەشت سەرباز.
ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ حەماس گەیشتۆتە٤٩٨ سەرباز.
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل کە بە کەسێکی نزیک لە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دادەنرێت، سەردانی واشنتۆن دەکات و چاوی بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکەوێت.
راشیگەیاند، ئامانجی سەردانی ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل، گفتوگۆکردنە لەبارەی پلانی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی ئاستی توندیی جەنگەکە لە غەززە، ھەروەھا گفتوگۆکردنە لەبارەی چۆنێتی و کاتی کۆتاییھێنان بە جەنگەکە.
سەردانی ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ئیدارەی ئەمریکا و حکومەتی ئیسرائیل ناکۆکن لەسەر کاتی کۆتاییھاتنی جەنگ لە غەززە.
تەندروستی غەززە لە نوێترین ئاماریدا رایگەیاند، تەنھا لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا بە ھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ٢٥٠ فەڵەستنی کوژراون، بەوەش ژمارەی کوژراوان لە غەززە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٠ ھەزار و ٦٧٤ کەس و زیاتر لە ٥٤ ھەزار و ٥٣٦ کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەنن.
ھاوکات، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە شەڕەکانی باشووری کەرتی غەززە ئەفسەرێک و سەربازێک کوژراون، بەوەش ژمارەی کوژراوان لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا گەیشتە ٤٩١ کەس، کە ١٥٨ سەربازیان لە ھێرشە زەمنیەکاندا کوژراون. ھەروەھا نزیکەی ٨٣٤ سەربازی دیکەش برینداربوون.
رۆژنامەی "یادیۆت ئەھرەنۆت"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەمریکا پردێکی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل کردەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی گولەی تۆپھاوێژ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و پێداویستی سەرەکی جەنگی بۆ سەربازە ئیسرائیلییەکان.
سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا ناو بەناو رایدەگەیەنێت کە ھەوڵی ئاگربەست و راگرتنی شەڕ لە غەززە دەدات، بەڵام تا ئێستا ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل بەردەوامە.
وەزارەت دارایی ئیسرائیلیش رایگەیاند، سەرەڕای ھاوکاریەکانی ئەمریکا، تێچوی شەڕی غەززە تا ئێستا گەیشتۆتە نزیکەی ١٨ ملیار دۆلاری ئەمریکی.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركکۆماری تورکیا سەبارەت بە چڕکردنەوەی ھێرشەکان لە دەرەوەی سنوری وڵاتەکەی بە تایبەتیش لە عێراق و سوریا رایگەیاند، با ھەموو کەس لەوە دڵنیا بێت ھەتا مەترسی ھێرش لە دژی تورکیا ھەبێت، ئەوا لە پاراستنی داھاتوویان بەردەوام دەبن.
ڕاشیگەیاند، ھەرگیز ڕێگە نادەن دەرفەتەکانی دیموکراسی لە تورکیا بقۆزرێتەوە و سوورن لەسەر ئەوەی کە بە یاسایی و سیاسییەوە ڕووبەڕووی ئەوانە ببنەوە کە دیموکراسیەتی تورکیا دەکەنە ژێر پرسیارەوە.
یوشیماسا ھایاشی، گەورە ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی سزا بەسەر مامەڵە داراییەکانی سێ گەورە ئەندام و لێپرسراوی بزووتنەوەی حەماسدا دەسەپێنێت و سامانەکانیان بلۆک دەکات، چونکە پەیوەندییان بە ھێرشەکەی رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ھەیە بۆ سەر ئیسرائیل و رێگەیان پێنادەن پارەکانیان بۆ ھێرشەکانیان و پیلانگێڕی خەرج بکەن.
ھەر لەم مانگەشدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا بۆ چوارەمین جار سزایان بەسەر ھەشت کەسدا لە تورکیا و ناوچەکانی دیکە سەپاندووە، کە پەیوەندییان بە بزووتنەوەی حەماسەوە ھەیە.
عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران ھەفتەی یەکەمی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داھاتوو، سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار ئەنجامدەدات.
ئەوەشی خستەڕوو، لە دوایین پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆککۆماری تورکیا جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا کراوەتەوە، ئاماژەش بە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کراوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی، سەرۆککۆماری ئێران، تورکیا بە وڵاتێکی گرنگ و کاریگەر لە جیھانی ئیسلامدا دادەنێت و ھیوادارە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات پتەوتر بێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تورکیا دوو خاڵی پشکنینی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانی لە کۆبانێ و خاڵێکی پشکنینی ھێزەکانی ئاسایشی لە قامیشلۆ بۆردومانکرد.
وتیشی، لە گوندی تویبەی قامیشلۆ سایلۆیەکی کشتوکاڵی و ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری دیکەش لە قامیشلۆ بە درۆن بۆردومانکراون.
ھێرزی ھالێڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوەشکرد، ئامانجەکانی شەڕی غەززە و لەناوبردنی یەکجاری حەماس بەئاسانی بەدەستناھێندرێن، بۆیە لە چەند مانگی داھاتوودا شەڕ بەردەوام دەبێت، ھەموو رێکارێکیش بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شەڕ دەگرنەبەر.
وتیشی، لە راگەیاندنی کۆتاییھێنان بە بوونی حەماس لە باکوری غەززە نزیک بوونەتەوە و لەم کاتەشدا سەرنجیان لەسەر لەناوبردنی ئەو رێکخراوەیە لە باشوری کەرتی غەززە و بەتایبەت شاری خان یونس و کەمپی ئاوارەکان.