(ئیلھام ئەحمەد) سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، مەرجی پێشوەختیان بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا نیە بەڵام پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە.
بە پێی پڕۆژەکە دەبێت سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا بمێنێتەوە و ھەسەدەش بە پێی میکانیزمێک ببێتە بەشێک لە سیستمی بەرگری سوریا و سوپا وەک دەزگایەکی نیشتمانی تاکە ھێزی چەکدار بێت و دەست لە کاروباری سیاسی وەرنەدات.
وتیشی، ھۆکاری سەرنەگرتنی دانوستانەکانی ڕابردوو، حکومەتی دیمەشق لێی بەرپرسیارە، بەو پێیەی ئامادە نییە دان بە واقعی نوێ لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا بنێت.
جەختیشیکردەوە، ئەنجومەنی سوریا ئامادەیە بە نێوەندگیری ڕووسیا دانوستان دەستپێبکاتەوە.
پنتاگۆنیش ھۆشداریی دەدات و دەڵێت ھەر ھێرشێک بکرێتە سەرمان گورزی سەربازی توند دەوەشێنین.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا داوای لە گروپەکانی حەشدی شەعبی کردووە ھێرشەکانیان دژی ھێزەکانی ئەمریکا زیادبکەن، لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" رایگەیاندووە، ھەر ھێرشێک لەلایەن گروپەکانی حەشدی شەعبیەوە بکرێتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بە گورزی سەربازی وەڵام دەدرێتەوە.
ئێران داوا لە حەشدی شەعبی دەکات ھێرشەکانیان دژی ئەمریکا لە عێراق زیاد بکەن
ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان لە باکوری سوریا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە سوپای تورکیا بە ھاوەن ناوەڕاستی شاری تەل رەفعەتی لە ریفی حەلەب کردووەتە ئامانج، بەھۆیەوە پێنج کەس برینداربوون، کە ژن و منداڵ لە نێویاندایە و رەوشی تەندروستی منداڵێکیش ناجێگیرە.
شاری تەل رەفعەت سەدان خێزانی ئاوارەی ناوچەی عەفرینی لە خۆگرتووە، بە بەردەوامیش روبەڕوی بۆردوومانی ھێزەکانی تورکیا و ھاوپەیمانەکانی دەبێتەوە، کە لە دەوروبەری ریفی باکوری حەلەب جێگیر بوون.
دادگای باڵای پێداچوونەوەی میسر سزای زیندانیی ھەتاھەتایی بۆ محەمەد بەدیع رابەری گروپی ئیخوان موسلمینی ئەو وڵاتە و نۆ ئەندامی دیکەی گروپەکە پەسەندکرد، بە تۆمەتی پەیوەندییان بە دۆسیەی ھەڵاتنی زیندانیان و کوشتی ھێزەکانی پۆلیس لە ساڵی ٢٠١١، سزاکەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
ھاوکات دادگای باڵای پێداچوونەوەی میسر، ھەشت ئەندامی دیکەی ئیخوان موسلیمینی بە بێتاوان ناساند کە سزای ١٥ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرابوو.
میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی یەک کیلۆ مریشیکی پاککراو گەیشتووەتە ٣٧ ھەزار تمەن و لە ھەندێک شوێنێش بە ٤٠ ھەزار تمەن دەفرۆشرێت، ئەم گرانبوونەش لە مێژووی ئێراندا بێ وێنەیە.
ھاوکات ماڵپەری تیجارەت نیوز لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، نرخی ھەر کیلۆیەک شەکر بۆ دوو ھێندە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ١٨ ھەزار تمەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە بەشێک لە بازاڕی تارانی پایتەخت شەکر کەم بووەتەوە و دەست ناکەوێت.
گەمارۆکانی ئەمریکا و قەیرانی کۆرۆنا، کاریگەری زۆریان لەسەر ئابووری و سیاسەتی ئێراندا دروستکردووە و حکومەت و خەڵکی ئەو وڵاتەیان روبەڕوی کێشە کردووەتەوە.
جوی ھود یاریدەدەری کاربەڕێکەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ھێزەکانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبن لە ھەماھەنگییەکانیان لەگەڵ ھەسەدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و باکور و خۆرھەڵاتی سوریاش جێناھێڵن.
ڕوونیشیکردەوە، سیاسەتی وڵاتەکەی لە سوریا گۆڕینی حکومەتی دیمەشق نییە، بەڵکو کار بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی دەکات لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی سیاسی بە سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پێناو پاراستنی گەلی سوریا.
بە پێی ئاژانسەکانی ھەواڵی ئێران، تەقینەوەکە لە نزیک کەناڵی تەلەفزیۆنی ڕەسمی ئێران و دامەزراوەی پەرەپێدانی نوێسازی ڕوویداوە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ھیچ زانیارییەکیش لە بارەی ھۆکاری تەقینەوەکە ئاشکرا نەکراوە.
تا ئێستاش ھیچ بەرپرسێکی ئێران لێدوانی ڕەسمی لە بارەی ھۆکاری ڕووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە، جێگری پارێزگاری تارانیش بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت.
دید دانیلا سەرۆکی شارەوانی مەیامی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ١٤ تەرمیان دۆزیەوە، ڕۆژی ھەینیش تەرمێکی تریان دۆزیوەتەوە و بەم جۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناو باڵەخانەکەدا گیانیان لە دەستداوە بۆ ٧٩ کەس بەرزبووەوە.
پزیشکی دادوەری شارەکەش لە بارەی ناسنامەی قوربانییەکانەوە ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا لە کۆی ٧٩ تەرم ٥٣ کەسیان ناسراونەتەوە و ناسنامەکەنایان ئاشکرا کراوە.
سەرۆکی شارەوانی شارەکە بە نیگەرانییەوە باسی لەوە کردووە، ٦١ کەس لە لیستی دیارنەبووەکاندان و پێشبینیش دەکەن ھەموویان گیانیان لە دەستدابێت.
کۆتایی مانگی ڕابردوو باڵەخانەیەک لە شاری مەیامی ڕووخا و ڕاپۆرتەکانیش باس لەوە دەکەن ساڵی ٢٠١٨ لە بارەی خراپی سیستمی ئاوەڕۆی باڵەخانەکەوە ھۆشداری دراوە کە کاریگەری مەترسیداری لەسەر پایەکانی دەبێت.
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لەسەر زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئیدارەکەی بایدن پرسی داخستنی باڵیۆزخانەی واشنتۆن لە ئەفغانستان تاوتوێ دەکات.
ڕاشیگەیاندووە، لە ھەفتەی ڕابردووەوە ئەمریکا ژمارەی کارمەندەکانی لە باڵیۆزخانەی واشنتۆن لە کابوڵ لە چوار ھەزارەوە بۆ ھەزار و (٤٠٠) کارمەند کەمکردووەتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، چاوەڕان دەکرێت بەم نزیکانە ئەمریکا ھەزار کارمەندی تری باڵوێزخانەکەی لە ئەفغانستان بۆ وڵاتی سێھەم بگوازێتەوە.
چەکدارانی بزوتنەوەکە بە چەند ئاژانسێکیان وتووە، توانیویانە کۆنترۆڵی شارۆچکەی ئیسلام قەلعە لە سنوری ئێران و شارۆچکەی تورگوندی لە سەر سنوری تورکمانستان بکەن، بەم جۆرەش تاڵیبان کۆنترۆڵی سەرجەم دەروازە سەرەکییەکانی ئەفغانستانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا کردووە.
دەروازە سنورییەکەی ئەفغانستان و ئێران داھاتی مانگانەی ٢٠ ملیۆن دۆلارە و دەروازە سنورییەکەی تورکمانستانیش یەکێکە لە دوو دەروازە سەرەکییەکەی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەفغانستان.
تا ئێستا بزوتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر دوو لەسەر سێی خاکی ئەفغانستاندا گرتووە کە لە ٤٠٠ ھەرێم پێکھاتووە و ٨٥٪ی ئەو ناوچانە لە ژێر دەستی تاڵیباندایە و ڕۆژ بە ڕۆژ ناوچەی زیاتریش کۆنترۆڵ دەکات.