(ئیبراھیم ڕەئیسی) سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئێران ڕایگەیاند، لە کابینەی حکومەتەکەی پڕۆژەیەکی گشتگیری ھەیە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، کە بەژەوەندییەکانی دوو لایەن دەبێت بۆ ئێران و وڵاتی بەرامبەر.
وتیشی، نەخشە ڕێگەیەکی نوێیان دەبێت بۆ گەشەپێدان و چاککردنی ڕەوشی ناوخۆی ئێران، بە تایبەتی ھەڵگرتنی ئەو بارگرانییەی کە کەوتووەتە سەر شانی ئێرانییەکان و بژێوییان، سووریش دەبن لەسەر ئەوەی جارێکی تر حکومەت متمانەی گەلی ئێران بە دەستبھێنێتەوە.
ئەنجومەنی پیرانی ھایتی، (جوزێف لامبرت)ی وەک سەرۆکی نوێی ھایتی بە شێوەی کاتی لە شوێنی (جوفینیڵ مویس) دەستنیشان کرد و بڕیاریشیدا لە ٢٦ی ئەیلول پڕۆسەی ھەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەبچێت.
حکومەتی ھایتیش بە ڕەسمی داوای لە ئەمریکا و ئەنجومەنی ئاسایش کردووە، ھێز ڕەوانەی ئەو وڵاتە بکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ھایتی، کە لە بەردەم مەترسی کۆنتڕۆڵکردنی گروپە مافیاکاندایە، بەڵام ئەمریکا ئەو داواییەی حکومەتی ھایتی ڕەتکردووەتەوە.
حکومەتی لیتوانیا بڕیاریدا بە تەلبەندکردنی سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ بیلاڕووسیا بە دریژایی (٦٨٠) کلیۆمەتر، بۆ بەرگرتن لە کۆچبەی نایاسایی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، مانگی ڕابردوو زیاتر لە (١٥٠٠) کۆچبەری (سوری و عێراقی و ئێرانی و ئەفغانی و لیبی) دزەیان کردووەتە ناو سنورەکانی لیتوانیاوە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقیش ڕایگەیاند، ماوەیەکە بەھۆی سەختی و توندکردنی سنورەکانی یۆنان و مامەڵەی توندی پاسەوانانی سنوری یۆنان لەگەڵ پەنابەران، ژمارەیەک پەنابەری ھەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی تر بە ناچاری لە ڕێگەی بیلاڕووسیاوە دەپەڕنەوە بۆ لیتوانیا.
وەزارەتی تەندروستی ھندستان ڕایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٤٢ ھەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە و بەوەش ژمارەی تووشبوون گەیشووەتە ٣٠ ملیۆن و ٧٩٥ ھەزار و ٧١٦ کەس.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ھەزار و ٢٠١ کەسی تر بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە و ژمارەی گیان لە دەستدان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٤٠٧ ھەزار و ١٧٣ کەس.
ھەفتەی ڕابردوو ١٢ وەزیری ھندستان دەستیان لە کارکێشایەوە کە یەکێکیان وەزیری تەندروستی بوو کە بەھۆی زۆری ژمارەی تووشبووانی کۆرۆناوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر ببووەوە.
ئەلکساندەر لاڤرێنتیڤ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ سوریا ڕاگەیاند، لەوانەیە ئەمریکا بە لە ناکاو بڕیاری کشانەوە لە سوریا بدات وەک چۆن لە ئەفغانستان کردی، ئەوەش پەیامێکی ڕوونە بۆ کوردی سوریا و ئەوەی بەردەوام پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵیان دەبێت و دیالۆگیان بۆ ڕێکدەخات لەگەڵ دیمەشق، ڕووسیایە.
جەختیشیکردەوە، دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بە تەنھا گرنگ نیە، بەڵکو پێویستە دانوستانەکان بگەنە چارەسەرێکی مام ماوەند و گەیشتن بە ڕێککەوتنی دیاریکراو لەگەڵ لایەنی سوری.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕووسیا، ئەگەر ئەمریکا بەدەم داواکاری حکومەتی عێراقەوە بچێت بۆ کشاندنەوەی ھێزەکانی لەو وڵاتە، مانەوەشی لە سوریا بەھۆی گوشارە لۆجستییەکانەوە دەبێتە کارێکی ئەستەم.
نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سوریا لە ڕێگای دەروازەی "باب ئەلھەوا" لە جیاتی "تەل کۆچەر" پەسەند کرد. لیندا توماس نوینەری ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند واشنتون و موسکۆ لە بارەی گەیاندنی ھاوکاریەکان بۆ سوریا ڕێککەوتوون.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەولەتی، ھاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگای "باب ئەلھەوا" کە لە ژێر کۆنترۆلی دەستەی "تەحریر ئەلشام"ی نزیک لە تورکیایە ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێن.
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەش، "سیھانوک دیبو" ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، بڕیاری داخستنی دەروازەی "تەل کۆچەر" و گەیاندنی ھاوکاری نێودەولەتی تەنھا لە ڕێگەی دەروازەی "باب ئەلھەوا" سزادانی ٥ ملیۆن کەسە لە باکور و خۆرھەلاتی سوریا.
سەرۆکایەتی کۆماری میسڕ جگە لە پشتڕاستکردنەوەی ھەواڵەکە ڕایگەیاند، بە ڕێوڕەسمێکی سەربازی (جیھان سادات)، بە خاک دەسپێردرێت.
(جیھان سادات) لە ساڵی ١٩٣٣، لە باوکێکی میسڕی و دایکێکی بەریتانی لە شاری قاھیرە لەدایکبووە و لە تەمەنی شانزە ساڵی و لە ساڵی ١٩٤٩ ژیانی ھاوسەری لەگەڵ ئەنوەر سادات پێکھێناوە.
(جیھان سادات) ھاندەرێکی سەرەکی ھاوسەرەکەی بووە، بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل و شاھێدی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٩ بووە بۆ ڕاگرتنی جەنگی عەرەب - ئیسڕائیل.
ھەروەھا ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتی لە میسڕ و جێگیرکردنی خەرجی (ژن و منداڵ) لە دوای جیابوونەوە بە پێی یاسا، بە دەستکەوتی (جیھان سادات) ناو دەبرێت، کە دواتریش لە عێراق و چەند ولاتێکی تری عەرەبی جێبەجێکرا.
بەرپرسانی بەرگری شارستانی لە شاری دەکا، ڕایانگەیاندووە، ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی شەش نھۆمی کارگەیەکی خواردن و خواردنەوەکان لە دەرەوەی "دەکا"ی پایتەخت کەوتووەتەوە و بەھۆیەوە ٥٢ کەس گیانیان لە دەستداوە.