دید دانیلا سەرۆکی شارەوانی مەیامی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ١٤ تەرمیان دۆزیەوە، ڕۆژی ھەینیش تەرمێکی تریان دۆزیوەتەوە و بەم جۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناو باڵەخانەکەدا گیانیان لە دەستداوە بۆ ٧٩ کەس بەرزبووەوە.


پزیشکی دادوەری شارەکەش لە بارەی ناسنامەی قوربانییەکانەوە ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا لە کۆی ٧٩ تەرم ٥٣ کەسیان ناسراونەتەوە و ناسنامەکەنایان ئاشکرا کراوە.


سەرۆکی شارەوانی شارەکە بە نیگەرانییەوە باسی لەوە کردووە، ٦١ کەس لە لیستی دیارنەبووەکاندان و پێشبینیش دەکەن ھەموویان گیانیان لە دەستدابێت.


کۆتایی مانگی ڕابردوو باڵەخانەیەک لە شاری مەیامی ڕووخا و ڕاپۆرتەکانیش باس لەوە دەکەن ساڵی ٢٠١٨ لە بارەی خراپی سیستمی ئاوەڕۆی باڵەخانەکەوە ھۆشداری دراوە کە کاریگەری مەترسیداری لەسەر پایەکانی دەبێت.