بەشی خزمەتگوزاری ڕۆژنامەوانی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە زۆربەی داخوازییە پێشکەشکراوەکان، ئاماژە بەوە کراوە ئەوان لە ناو خاکی پۆڵەندان و داوایانکردووە دیپۆرت نەکرێنەوە بۆ بیلاروس.
بڕیاری دادگاکە پشتبەست بە بنەمای ژمارە ٣٩ی حوکمەکانی ڕێوشوێنە کاتییەکان دەرکراوە، کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، نابێت ئەو کەسانەی داوای مانەوەیان پێشکەشکردووە بۆ مانەوە لەناو خاکی پۆڵەندا و بە فیعلیش لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا بوون، نابێت دیپۆرت بکرێنەوە بۆ بیلاروس.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە، لە کۆی ١٤٩ کۆچبەر ٤٧ کەسیان داخوازی مانەوەیان پێشکەشکردووە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە کاتییەکان، کە تیایدا جەختیانکردووەتەوە لە ناو خاکی پۆڵەندان و داوای پاراستنی نێودەوڵەتی دەکەن.
وتەبێژی کۆشکی سپیش دەڵێت، ئەگەر ھەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕازیکردنی ڕووسیا بە کشاندنەوەی ھێزەکانی لەسەر سنوری ئۆکراین سەرکەوتوو نەبن سزا بەسەر ئە وڵاتەدا دەسەپێنن.
جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا جەخت بکاتەوە لەسەر نیگەرانی وڵاتەکەی سەبارەت بە جموجۆڵە سەربازییەکانی ڕووسیا لەسەر سنوری ئۆکراین و جارێکی تریش پشتیوانییەکانی بۆ یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین دووپاتبکاتەوە.
وتیشی، لە کاتی سەرنەکەوتنی ھەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کشاندنەوەی ھێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوری ئۆکراین، بایدن ئامادەیە کۆمەڵێک سزای ئابوری بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت.
ھەر یەکە لە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ماریۆ دراجی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس کۆبوونەوە و لە ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەشیان جەختیان لە پێکھێنانی بەرەیەکی ھاوبەش بەرامبەر ھەڕەشەکانی ڕووسیا کردەوە.
ھاوکات پشتیووانی خۆیان بۆ یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین دەربڕی و داوایان لە ڕووسیاش کرد، ھەڕەشەکانی لە سنوورەکانی لەگەڵ ئۆکراین ڕابگرێت.
میدیاکانی سوریا ئاماژەیان بەوەکرد، سەعات یەک و ٢٣ خولەیەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای ئیسڕائیل بە ژمارەیەک مووشەک باشووری خۆرئاوای لازقیەی بۆردومان کردووە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی سوریا وەڵامی بۆردومانەکانی داوەتەوە.
بە پێی زانیارییەکان، بۆردومانەکە گۆڕەپانی کۆنتێنەرەکانی لە بەندەری بازرگانیی لازقیە کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە ئاگر لە بەشێکی گۆڕەپانەکە کەوتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین جار، سوپای ئیسڕائیل ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی سوریای بە مووشەک بۆردومان کردووە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ھەشتەمین کاروانی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی لە سنوری بێلاڕوس و پۆڵەندا گیریانخواردووە، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی ھەولێرەوە گەیشتنەوە عێراق، کە ژمارەیان ٤١٧ کۆچبەرە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەھۆی خراپی رەوشی کۆچبەرانەوە لەو سنورەکانی نێوان بێلاروس و پۆڵەندا تائێستا ٣ ھەزار و ١٣٩ کۆچبەر لە بێلاڕوسەوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان. وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راشیگەیاندووە، لەئێستادا ناوتۆمارکردنی کۆچبەران بۆ گەرانەوەیان بەردەوامە
بە پێی ھەواڵێکی میدیاکانی تورکیا، داواکاری گشتی تورکیا داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە، پارێزبەندی لەسەر ١٣ پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە"ھەڵبگرێت، بەھۆی ئەوەی پشتیوانیان لە پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە.
لەئێستادا دۆسیەی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانەی"ھەدەپە" لە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دراوە بە لێژنەی کاروباری یاسایی و دوای ئەوەی لێژنەکە رەزامەندی لەسەردا، ئەو بابەتە دەخرێتە دەنگدانەوە.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆتایی ئەم ھەفتەیە خولێکی نوێی دانوستانەکانی ڤییەنا لەبارەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە نێوان ئێران و ئەندامانی تری رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێدەکاتەوە و رێگە نادەن ھیچ لایەنێک یاری بە کات و ھەوڵەکانی ئێران بکات.
وتیشی، ئێران لەسەر بنەمای ئەو دوو رەشنووسە دانوستان دەکات، کە پێشکەشی لایەنە بەشدارەکانی دانوستانەکان کردووە و تایبەتن بە لابردنی سەرجەم سزاکان و قەرەبووکردنەوەی ئێران و ھیچ شتێک بە ناوی رێککەوتننامەی ھەنگاو بە ھەنگاو یان رێککەوتنی کاتی لە ئارادا نیە.
ناوەندی نیشتیمانی روبەڕوبونەوەی کارەساتە سروشتییەکانی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، بەھۆی گڕکانەکەی چیای سێمێرو لە دورگەی جاڤا ١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٧ی تریش برینداربوون، جگە لەوەی ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بوون و ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە.
رۆژی شەممە لە دورگەی جاڤای ئیندۆنیزیا، گڕکانێک تەقییەوە و ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەنێو دانیشتووانی ناوچەکە دروستکرد، نزیکەی ١٥ گوند بە خۆڵەمێشی گڕکانەکە داپۆشران و ھەزاران کەسیش ئاوارە بوون و ناوچەکانیان بەجێھێشت.