سەرچاوەکانی ھەواڵ بڵاویان کردەوە، ٢٧ کۆچبەر ھەوڵیاندا لە شاری دانکیخی باکوری فەڕەنسا بە بەلەمێکی چووپێک لە رێگەی ئاوی کەناڵی ئینگلیز بپەڕنەوە بەرەو بەریتانیا، بەڵام بەھۆی خراپی کەشوھەوا و شەپۆلێکی زۆر بەلەمی کۆچبەرەکان کێشەیان بۆ دروست بوو، لەو کاتەدا یەکێک لە کۆچبەرەکانی سەر چووپەکە پەیوەندی بە پۆلیسی فەڕەنساوە کرد بۆ ئەوەی بە ھانایانەوە بچن، دەستبەجێ پۆلیسی دەریاوانی فەڕەنسا و تیمێکی فریاگوزاری خۆیان گەیاندە شوێنی کۆچبەرەکان و رزگارکران.
بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم کۆچبەرەکان سەلامەتن و لەلایەن پۆلیسی فەڕەنسیەوە گواسترانەوە بۆ بنکەی پۆلیسی شاری دانکیخ، لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەرداوامە و تا ئێستا پۆلیس ناسنامەی کۆچبەرەکانی ئاشکرا نەکراوە.