ئورسولا ڤون دیرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا سێیەکی دانیشتووانی یەکێتی ئەوروپا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، ئێستاش بەھۆی سەرھەڵدانی جۆری نوێی کۆرۆناوە کاتی ئەوە ھاتووە یەکێتییەکە ڤاکسین کردن بکاتە ناچاری و گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
ئەو لێدوانەی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا لەکاتێکدایە کە نەمسا لە مانگی شوباتی ساڵی داھاتووەوە پێدانی ڤاکسین دەکاتە ناچاری و ئەڵمانیاش تاوتوێی دەکات و لە یۆنانیش ڤاکسین کردن بۆ کەسانی سەروو ٦٠ ساڵ دەکرێتە ناچاری.
ئاژانسی ھەواڵی "ڕۆیتەرز" لە زاری دیپلۆماتکارانی دیاری ئەوروپاوە ڕایگەیاندووە، وادەیەکی دیاریکراویان بۆ کۆتایی دانوستانەکان دانەناوە و ئەوەی تا ئێستا لەگەڵ "ئێران" لەسەری ڕێککەوتوون دەکرێت بگۆڕێت و ڕێککەوتنی کۆتایی نییە.
ڕاشیانگەیاندووە ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ی ڕەشنووسی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان لە چوارچێوەی ئەو دانوستانە داڕشتووەتەوە.
ھاوکات دیپلۆماتکارانی بەشدار لەو دانوستانەی "ڤییەنا" ئەوەیان خستووەتەڕوو، ٤٨ سەعاتی داھاتوو بۆ دانوستانەکان زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبن.
لە ڕۆژی دووشەممەوە، حەوتەمین خولی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە "ڤییەنا" لە نێوان ئێران و وڵاتانی خۆرئاوا دەستی پێکردووەتەوە و تا ئێستا بەردەوامە.
نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە فەڕەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تا ئێستا ٢٧ تەرمی کۆچبەر دۆزراونەتەوە و دیار نییە لەو ژمارەیە چەندیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن.
دوو گروپی پسپۆڕ کە پێکھاتوون لە پزیشک و پۆلیسی فەڕەنسی لێکۆڵینەوە لە تەرمەکان دەکەن و پێشبینی دەکرێت لێکۆڵینەوەکان چەند ھەفتەیەک بخایەنن، ھەروەھا بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دووپاتیکردووەتەوە کە تەرمەکان بە ھیچ شێوەیەک نەشێواون.
نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم ڕاشیگەیاند، لەگەڵ باڵیۆزی عێراق و پۆلیس و وەزارەتی دادی فەڕەنسا ھەماھەنگی بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانییەکان دەکەن و دوای ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان تەرمی کۆچبەرە کوردەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ ھەرێم.
"جین ساکی" وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمریکا ئامانجی ئەوەیە ئێران پابەندبوونی تەواوەتی خۆی بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ دووپاتبکاتەوە.
وتیشی، ئاماژەکان لەلایەن ئێرانەوە دڵخۆشکەر نین، چونکە ھەڵگرتنی سزاکانی دەوێت بێ بەرامبەر.
دەشڵێت، ئەگەر خەڵکی ئەمریکا خۆیان بکوتن و ماسک بەکاربھێنن، پێویستیان بە داخستنی گشتیی و قەدەغەی ھاتووچۆ نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەو پەیوەندییەدا "عەبدوڵاھیان" جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی پابەندبوونی لایەنەکان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتیشی ئەگەر ھەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە، ئێرانیش ئەو ھەنگاوانە ڕادەگرێت کە دژی ڕێککەوتنەکەیە.
"عەبدوڵاھیان" باسی لەوەشکردووە، "تاران" شەش خولەکەی پێشووی دانوستانەکانی "ڤییەنا" پشتگوێ ناخات و لە خولی حەوتەمیشدا وەک نوێنەرانی حکومەتی نوێ دانوستانیان دەستپێکردووەتەوە.
ھاوکات "گۆتێرێس" پشتیوانی تەواوی بۆ بوژانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەربڕی و ھیوای خواست دانوستانەکانی "ڤییەنا" ئەنجامی ھەبێت، داواشی لە سەرجەم لایەنەکان کرد ھەوڵی جدی بدەن بۆ دروستکردنی متمانە.
جیڕاڵد دارمانان وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، پێویستیان بە ڕێککەوتنی نوێ ھەیە لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا بۆ ڕاگرتنی لێشاوی کۆچبەران و لەو بارەیەوە فەڕەنسا ئامادەی دانوستانە لەگەڵ بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا نامەیەکی ئاڕاستەی ھاوتا بەریتانیایەکەی کردووە.
ڕاشیگەیاند، پێویستە بەریتانیا سەرکێشیە ئابووریەکانی بۆ ڕاکێشانی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی سنووردار بکات.
ناوەڕاستی ھەفتەی ڕابردوو، بەلەمێکی کۆچبەران بە نزیکەی ٣٣ سەرنشینەوە لە کەناڵی ئینگلیز لە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا ژێرئاو کەوت و نزیکەی ٣٠ کەسیان گیانیان لە دەستدا کە زۆرینەیان کورد بوون.
ھاوڵاتیانی لوبنان رایانگەیاند، دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان بەھۆی خراپی رەوشی ئابوری و تەندروستی و بەزربوونەوەی بەھای دۆلارەوەیە.
راشیانگەیاندووە، دەستیان کردوەتەوە بە گرتن و داخستنی رێگەکان و لەو رێیەوە فشار لەسەر لێپرسراوانی وڵاتەکەیان دروست دەکەن.
لیرەی لوبنانی زیاتر لە ٩٠٪ی بەھاکەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لەدەستداوە و لە چەند رۆژی رابردوودا یەک دۆلار بەرامبەر ٢٥ ھەزار لیرە بووە، لەکاتێکدا دوو ساڵ لەمەوبەر بەرامبەر ھەزار و ٥٠٠ لیرە بووە.
بانکی نێودەوڵەتیش رایگەیاندووە، رەوشی ئابوری لوبنان خراپترینە لە مێژوودا و گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانی وڵات لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە ھۆکارە.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری کوردسات نیوز ئامادەی بوو رایگەیاند، ئامادەبوونی چین لە دانوستانەکانی ڤییەننا ھەنگاوێکی گرنگە و دەرگای گفتوگۆی وڵاتەکەشی لەسەر دۆسێی ئەتۆمی بۆ ھەمیشە کراوە نابێت، بۆیە پێویستە ئەمریکا ئەو دەرفەتانەی ئێستا ھەیە سودیان لێوەربگرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردسات لەبارەی پەلامارەکان ئەمدواییەی گرووپی تیرۆریستی داعش لە عێراق وتی، دەستی ئاشکرا و شاراوەش ھەیە بۆ جارێکی تر زیندووکردنەوەی داعش لە عێراق.
والی ئیسانبۆل لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە ، رەشەبایەكی بەهێز شاری ئیستانبۆل وبورسا و ئیزمیر و كۆجائەلی و چەند ناوچەیەك گرتووتەوە و بە پێی ئەنجامی سەرەتایی تا ئێستا پێنچ كەس لە ئیستانبۆل و زۆنگولداك گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەكی زۆر بریندارهەیە و زیانێکی زۆری ماددی هەبووە.
بەرێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی توركیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە ، خێرایی رەشەباكە لە نێوان ١٠٠ بۆ١٣٠ كیلومەتر لە سەعاتێكدا بووە.
بەپێی ھەواڵێکی میدیاکانی باکوری کوردستان، ھەفتەی رابردوو پارێزەرانی نووسینگەی پارێزەرانی سەدە سەردانی داواکاری گشتیی بۆرسایان کردووە، بەمەبەستی ئەنجامدانی دیداری بەپەلە لەگەڵ "عەبدوڵا ئۆجالان"رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
پارێزەرانی سەدە ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە، ھەشت مانگە ھیچ زانیارییەکیان لەبارەی"ئۆجالان"ەوە دەستنەکەوتووە و داوا دەکەن، کۆتایی بەوە بھێندرێت کە ھیچ زانیارییەک لەبارەی "ئۆجالان"ەوە بەدەستناھێنن.
پارێزەران ئاشکرایانکردووە، دوای سەردانیکردنیان بۆ داواکاری گشتیی بۆرسا، بۆیان دەرکەوتووە دووسزای نوێ بەسەر ئۆجالاندا سەپێندراوە، یەکێک لە سزاکانیش قەدەغەی دیدارە بۆ ماوەی شەش مانگ، کە لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بڕیاری لەسەردراوە، ھاوکات لە مانگی ئابی ئەمساڵیش سزایەکی نوێی بەسەردا سەپێندراوە کە " بێبەشکردنییەتی" لە دیدار و چاوپێکەوتن.