ماریۆس کامینسکی وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا لە تویتەر رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە سێ رێکاری نوێ بۆ پاراستنی سنوورەکانی خۆرھەڵاتی وڵاتەکەیان، لەگەڵ بێلاڕوس جێبەجێ دەکەن، رێکارەکانیش خۆی دەبینێتەوە لە درێژکردنەوەی ماوەی باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ تاکو مانگی ئاداری ساڵی داھاتوو و رێگری لە پەڕینەوەی کۆچبەران لە بێلاڕوسەوە بۆ پۆڵەندا.
٢ی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، بەھۆی ھەوڵی تێپەڕبوونی کۆچبەران لە سنوورەکانی، حکومەتی پۆڵەندا باری نائاسایی لەسەر سنوورەکانی بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ راگەیاند، رۆژی "دوو"ی ئەم مانگەش جارێکی تر باری نائاسایی بەھۆی کۆچی بە کۆمەڵی ھەزاران کۆچبەر لە بێلاڕوسەوە، بەرەو سنوورەکانی درێژکردەوە و ھەزاران سەربازی لە سنوورەکانی جێگیر کرد.