نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل رایگەیاند، شەو و رۆژ لە ھێرشدا دەبن بۆ سەر ئەو ھێزانەی نوێنەرایەتی خراپە دەکەن و تەنھا بەو ھێرشەوەش ناوەستن کە بەرەبەیانی سێشەمە لە سوریا ئەنجامیاندا.
پێشتر ئاژانسی ھەواڵی سانای سوری رایگەیاند، سەعات ١:٢٣ خولەیەکی بەرەبەیانی سێشەمە، سوپای ئیسرائیل بە مووشەک باشووری خۆرئاوای لازقیەی بۆردومان کردووە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی سوریا وەڵامی بۆردومانەکانی داوەتەوە، بەپێی زانیارییەکان، بۆردومانەکە گۆڕەپانی کۆنتێنەرەکانی لە بەندەری بازرگانیی لازقیە کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە ئاگر لە بەشێکی گۆڕەپانەکە کەوتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.