شیخ تەحنون بن زاید راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیمارات سەردانی تارانی کردوو لەگەڵ عەلی شەمخانی ھاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە، دواتر لەگەڵ ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، رەئیسی رایگەیاند، باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەکەیدایە و بەوھۆیەشەوە پێشوازی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیمارات دەکەن.
پەیوەندییەکانی ئێران و ئیمارات لە ساڵی ٢٠١٥وە بەھۆی شەڕی یەمەن و پچڕانی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ ریاز و مەنامە، ئاڵۆزی تێکەوت، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا و دوای کۆبوونەوە نھێنییەکانی بەرپرسانی ئێران و سعودیە، پەیوەندییەکانی ئێران و ئیمارات بەرەوە ئاسایی بوونەوە رۆیشتووە، لەو چوارچێوەیەشدا مانگی رابردوودا عەلی باقێری کێنی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئیماراتی کرد.