جیهان

دوابەدوای ھێرشی روسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین، یەنس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتی ناتۆ لە تویتێکدا ھێرشەکەی بە پێشێلکاری ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و ھەڕەشەی جددی بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا لەقەڵەمدا و رایگەیاند، بۆ چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشە بەمنزیکانە ناتۆ کۆدەبێتەوە.


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی ھێرشکەی کرد و رایگەیاند، روسیا بەرپرسیاری دەرەنجامە نەرێنییەکان و کوژرانی ھەموو ئەو کەسانەیە کە لە ھێرشەکەدا دەبنە قوربانی، وتیشی، واشنتن و ھاوپەیمانەکانی وڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەیان دەبێت بۆ ھێرشەکە و سزای زیاتر بەسەر روسیادا دەسەپێنن.


ھاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکرد، ئاگەربەستێکی خێرا رابگەیەندرێت و لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن.


ھەروەھا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراین دووپاتکردەوەو رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ھاوکاریکردنی کییڤ لە دژی ھێرشەکانی روسیا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دوای دەستپێکردنی ھێرشەکەی روسیا، "زیلینسکی" بە راستەوخۆ قسەی بۆ ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە و رایگەیاندووە، باری نائاسایی و حکومی سەربازییان راگەیاندووە و داواش لە خەڵک دەکات نەترسن و تا دەتوانن لە ماڵەکانیان بمێننەوە. 


دەڵێت، ھاووڵاتیانی ئۆکراینی خۆشەویست، ئەم بەیانییە سەرۆکی روسیا ھێرشی سەبازی بۆ سەر دۆنباس راگەیاند، روسیا بۆردوومانی پێگە سەربازییەکانمانی کردووە لەسەر سنورەکان، دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکان بیستراون، باری نائاسایی و حکومی سەربازی راگەیاند، چەند خولەکێک پێش ئێستا، قسەم لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کردووە و ئەمریکا دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی ".


وتیشی، ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بە ئێوەیە، ھەمووان پێویستە ئارام بن، ئەگەر دەتوانن لە ماڵەکانتان بمێننەوە، ئێمە کار دەکەین و سوپا لە ئەرکدایە، تەواوی سیستمی بەرگری ئۆکراین لە ئەرکدایە".


دەشڵیت،"من لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی بەرگری و حکومەت بەردەوام لە پەیوەندیداین، مەترسن، ئێمە بەھێزین، ئامادەین بۆ ھەموو شتێک و سەردەکەوین، چونکە ئێمە ئۆکراینین و بەھێزین".

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە تویتێکدا ھاوخەمی خۆی بۆ پاراستنی سەروەری خاکی ئۆکراین دەربڕی و رایگەیاند، پشتیوانی لە سەرۆک و گەلی ئەو وڵاتە دەکەن، جەختی لەوەشکردەوە، لە رووی ئابوری و دارایی و ھاوکاری سەربازییەوە، فەرەنسا لە گەیاندنی پشتیوانی خۆی بۆ ئۆکراین بەردەوام دەبێت.


سکۆت مۆریسن سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیاش رایگەیاند، روسیا چەندین مانگە خۆی بۆ ئەو ھێرشە ئامادەکردووە و ئەوەی پوتن ئەنجامیدا چاوەڕوانکراو بوو، ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵپشتی حکومەت و خەڵکی ئۆکراین لە ھەموو بوارەکاندا دەکەن.


مۆریسن ئاشکراشیکرد، ئوسترالیا سزای بەسەر ھەشت ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا و پێنج بانکی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە و  ٣٠٠ ئەندامی پەرلەمانی روسیاش دەخاتە لیستی گەمارۆکانیانەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەش لەگەڵ جۆزێپ بورێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی ھێرشی دڕندانەی روسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین و ھاوڵاتیانی مەدەنی ئەوە وڵاتە دەکەن و بەھەموو شێوەیەک پشتیوانی لە حکومەت و گەلی ئۆکراین دەکەن. 


وتیشی، پەکاجێک لە سەپاندنی گەمارۆی ئابوری و بلۆکەکردنی سامانی لێپرسراوانی روسیا رادەستی سەرکردەکانی ئەوروپا دەکەن و بەزوترین کات سزای قورس بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنن.


ھاوکات جۆزێپ بورێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ھێرشەکەی روسیا تەنھا پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئۆکراین و یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤە و دەبێت روسیا بەرپرسیارێتی دەرەنجامەکانی ھەڵبگرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"زیلنسکی" لە دوایین لێدوانیدا وتی، روسیا لە ھەموو بەرەکانەوە ھێرشی دەست پێکردووە و داوای لە ھاوڵاتیان کرد چەک ھەڵبگرن و بەرگری بکەن. 


وتیشی، داگیرکاری قبوڵ ناکەن و ھەموو وڵاتان دژی روسیان. 


راشیگەیاند، زیاتر لە ٤٠ سەرباز و ١٠ ھاوڵاتی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانی روسیاوە کوژراون. 


زیلنسکی وتیشی، ئۆکراین تەواوی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ روسیا پچڕاند و روسیای تۆمەتبار کرد بەوەی وەک ئەڵمانیای نازی مامەڵە دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، شەوی رابردوو سوپای ئۆکراین چەند ناوچەیەکی لە ھەرێمی دۆنیتسک تۆپباران کردووە و دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەھێزیش بیستراوە، ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا شەڕ و پێکدادان بەردەوامە و زیانەکانی شەڕەکەش بە وردی نەزنراوە.

دانیاڵ بوسۆنۆڤ سەرپەرشتیاری دەزگای ھەواڵگری کۆماری دۆنیتسک رایگەیاند، ھێزەکانی ئۆکراین بێ رەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییان چەند ناوچەیەکیان لە ھەرێمەکانی دۆنیتسک و لۆھانسک تۆپباران کردووە، وتیشی خەڵکی مەدەنی زیانمەندی سەرەکیی شەڕەکەن و دەبێ سوپای ئۆکراین بە زوترین کات کۆتایی بەو ھێرشانە بھێنێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاردانەوەی بریارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشیدا، بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند ، بە کۆتاییھێنان بە دۆسێی قەرەبوکردنەوەی کوەیت، عێراق پەرەیەکی ترسناک لە جەنگەکانی بەعس ھەڵدەداتەوە کە گەلی عێراق بە توندی باجەکەی دا، ھەروەھا نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق "یونامی" پابەندبونی عێراقی بە دانەوەی تەواوی قەرەبوەکان بەرز نرخاند و نێردەی ھەمیشەیی کوەیتیش لە ئەنجومەنی ئاسایش پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند، عێراق تەواوی قەرەبوەکانی داوەتەوە بە کوەیت و کوەیتیش ھەرگیز درێغی ناکات لە ھاوکاریکردنی عێراق بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا .

بەھۆی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن رژێمی بەعسەوە ، عێراق بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ سزای ئابووری بەسەردا سەپێندرابوو ، بەڵام بەھۆی شەڕی داعشەوە لەساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ عێراق گەڕانەوەی قەرزەکانی بۆ کوەیت راگرت ، لە کۆتایی ٢٠٢١یشدا عێراق سەرجەم قەرزی قەرەبووی کوەیتی پاکتاو کرد
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی ھەواڵی "سانا"ی رەسمی سوریا بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل بە چەند مووشەکێک بۆردوومانی ناوچەی "جولان"ی کردووە لە دەوروبەری پارێزگای "قنەیتەرە"ی تەنھا زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە.

تا ئێستاش سوپای ئیسرائیل ھیچ راگەیەندراوێکی سەبارەت بەو بۆردوومانە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمە دووەمین ھێرشی مووشەکی ئیسرائیلە کە لە ماوەی ھەفتەیەکدا دەیکاتە سەر سوریا، لە ١٧ی ئەم مانگەشدا بۆردوومانی باشوری "دیمەشق"ی کرد و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پوتن لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندووە، ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی روسیا جێی گفتوگۆ و دانوستان نین، بەڵام ئامادەن بۆ چارەسەری دیبلۆماسی بۆ کێشەی ئۆکراین و وڵاتانی خۆرئاوا. 


پوتن ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە وڵاتەکەی روبەڕووی چەندین ھەڕەشە دەبێتەوە، وەک چالاکی سەربازی ھاوپەیمانی ناتۆ و سیستمی چەکی وڵاتان، تا ئێستاش وەڵامیان بۆ مەترسییەکانیان وەرنەگرتووە. "پوتن" جەختیشی کردەوە لە گەشەدان بە توانای سوپا و کەشتیگەلی روسیا و تەکنەلۆژیای زیرەک و کوالێتی چەکەکانیان.


لەلایەکی ترەوە، جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە ئێستادا ھیچ پلانێک نییە بۆ کۆبوونەوەی نێوان بایدن و پوتن و وەزیرانی دەرەوەی ھەردوو وڵاتیش کۆنەبوونەتەوە. 


ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو بەمنزیکانە لوتکەیەک لەنێوان ئەو دوو سەرۆکە رێکبخرێت و وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئەمریکاش ئەجێندای کۆبوونەوەکە دابڕێژن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گۆتێرێس رایگەیاند، مۆسکۆ بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێککەوتنی "مینسک"ی پێشێل کردووە. 


وتیشی، بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی ئۆکراینییەکان و داوای کرد بە زووترین کات ئاگربەست رابگەیەندرێت. 


"گۆتێرێس" داواشیکرد ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ سەرخستنی دیبلۆماسییەت لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکاندا. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران بە یۆرۆنیوزی راگەیاندووە، ئامانجیان لە گەڕانەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان، گەیشتن بە رێککەوتنێکی باشە و لەوبڕاویەشدایە کە لە ئێستادا زیاتر لە ھەموو کاتێکی تر لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە، وتیشی بۆ ئەو بەمەبەستە تاران بە ھەموو شێوەیەک نەرمی نواندووە و دیاریکردنی کاتی رێککەوتنەکە پەیوەندی بە بڕیاری لایەنی خۆرئاوا ھەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، خولی ھەشتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامە و بەپێی ھەندێک لە سەرچاوەکان، ئەمریکا و ئێران لەسەر ھەندێک پرس گەیشتوونەتە رێککەوتن، لەوانەش ئاڵوگۆڕی زیندانیان.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
ئەمرۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆبەرێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا ، ژمارەیەکی تر لە منداڵە روسیەکانی داعش کە لە سوریا ماونەتەوە، بەپێی پڕۆتۆکۆلە رەسمییەکان رادەستی لێپرسراوانی روسیا دەکاتەوە .
جگە لەم منداڵانە ، لەماوەی رابردوودا ئیدارەی خۆبەرێوەبەری ٢٣٣ منداڵی تری داعشی رادەستی روسیا کردۆتەوە کە زۆرینەی منداڵەکان بێ دایک و باوک ماونەتەوە . 



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی ئۆکراین داوای کردووە بەھۆی زیاتر بوونی مەترسییەکانی داگیرکاری لەلایەن روسیاوە، باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا رابگەیەندرێت، داواشی لە پەرلەمانی وڵاتەکە کرد لە ماوەی ٤٨ سەعاتدا ئەو داوایە پەسەند بکات.

ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین داوای لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە گەشت بۆ روسیا نەکەن و ئەوانەشی لەوێن بە زووترین کات روسیا بەجێبھێڵن.

"ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیاش رایگەیاند، ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی روسیا جێگەی گفتوگۆ و دانوستان نین، بەڵام ئامادەن بۆ چارەسەری دیبلۆماسی بۆ کێشەی ئۆکراین و وڵاتانی خۆرئاوا، "پوتن" ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد وڵاتەکەی رووبەڕووی چەندین ھەڕەشە دەبێتەوە و تا ئێستاش وەڵامیان بۆ مەترسییەکانیان وەرنەگرتووە. "پوتن" جەختیشی کردەوە لە گەشەدان بە توانای سوپا و کەشتیگەلی روسیا و تەکنەلۆژیای زیرەک و کوالێتی چەکەکانیان.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھەرچەندە جار بە جار دەنگی تەقینەوە و تەقە لە دونێسک و دەروبەری دەبیسترێت، بەڵام دانیشتوانی ھەرێمەکە ئەو دۆخە بە ئاسایی وەردەگرن و پێیانوایە بە تێپەڕبوونی کات، ڕەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە.

بە پێچەوانەوە، بەشێکی تر لە دانیشتوانی ھەرێمی دونێسک بێزاربوونی خۆیان لە ئاڵۆزییەکان دەردەبڕن و ھیوا دەخوازن بە ھاوکاری مۆسکۆ ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا دانینا بە سەربەخۆیی ھەرێمەکانی دونێسک و لۆھانسک وەک دوو ھەرێمی سەربەخۆ لە ئۆکراین و مەرسومی ھاریکاری و دۆستایەتی لەگەڵ ھەردوو ھەرێمەکە ئیمزاکرد، بڕیارەکە کاردانەوەی نێودەڵەتی لێکەوتەوە و ئەمریکا و ژاپۆن و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی تر سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاند.

دواتر ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین ئیدانەی بڕیارەکەی مۆسکۆی کرد و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، کۆبوونەوەیەکی بە پەلە لەسەر ئەو پرسە ئەنجام بدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...300301302303304...415