لە کاردانەوەی بریارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشیدا، بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند ، بە کۆتاییھێنان بە دۆسێی قەرەبوکردنەوەی کوەیت، عێراق پەرەیەکی ترسناک لە جەنگەکانی بەعس ھەڵدەداتەوە کە گەلی عێراق بە توندی باجەکەی دا، ھەروەھا نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق "یونامی" پابەندبونی عێراقی بە دانەوەی تەواوی قەرەبوەکان بەرز نرخاند و نێردەی ھەمیشەیی کوەیتیش لە ئەنجومەنی ئاسایش پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند، عێراق تەواوی قەرەبوەکانی داوەتەوە بە کوەیت و کوەیتیش ھەرگیز درێغی ناکات لە ھاوکاریکردنی عێراق بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا .

بەھۆی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن رژێمی بەعسەوە ، عێراق بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ سزای ئابووری بەسەردا سەپێندرابوو ، بەڵام بەھۆی شەڕی داعشەوە لەساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ عێراق گەڕانەوەی قەرزەکانی بۆ کوەیت راگرت ، لە کۆتایی ٢٠٢١یشدا عێراق سەرجەم قەرزی قەرەبووی کوەیتی پاکتاو کرد