ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەش لەگەڵ جۆزێپ بورێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی ھێرشی دڕندانەی روسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین و ھاوڵاتیانی مەدەنی ئەوە وڵاتە دەکەن و بەھەموو شێوەیەک پشتیوانی لە حکومەت و گەلی ئۆکراین دەکەن. 


وتیشی، پەکاجێک لە سەپاندنی گەمارۆی ئابوری و بلۆکەکردنی سامانی لێپرسراوانی روسیا رادەستی سەرکردەکانی ئەوروپا دەکەن و بەزوترین کات سزای قورس بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنن.


ھاوکات جۆزێپ بورێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ھێرشەکەی روسیا تەنھا پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئۆکراین و یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤە و دەبێت روسیا بەرپرسیارێتی دەرەنجامەکانی ھەڵبگرێت.