دوابەدوای ھێرشی روسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین، یەنس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتی ناتۆ لە تویتێکدا ھێرشەکەی بە پێشێلکاری ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و ھەڕەشەی جددی بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا لەقەڵەمدا و رایگەیاند، بۆ چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشە بەمنزیکانە ناتۆ کۆدەبێتەوە.


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی ھێرشکەی کرد و رایگەیاند، روسیا بەرپرسیاری دەرەنجامە نەرێنییەکان و کوژرانی ھەموو ئەو کەسانەیە کە لە ھێرشەکەدا دەبنە قوربانی، وتیشی، واشنتن و ھاوپەیمانەکانی وڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەیان دەبێت بۆ ھێرشەکە و سزای زیاتر بەسەر روسیادا دەسەپێنن.


ھاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکرد، ئاگەربەستێکی خێرا رابگەیەندرێت و لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن.


ھەروەھا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراین دووپاتکردەوەو رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ھاوکاریکردنی کییڤ لە دژی ھێرشەکانی روسیا.