جۆ بایدن لە راگەیەندراوێکدا ھۆشداریدایە روسیا و ئێران و رایگەیاند، ئیدارەکەی بۆ یەکەمجار رێوشوێنی نوێ بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر ئەو کەس و لایەنانەدا دەگرێتەبەر کە ئەمریکییەکان بە بارمتە دەگرن یاخود بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە دەستبەسەریان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە گەڕاندانەوەی ئەو ھاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە دەرەوەی وڵات بە بارمتە گیراون، لە ئەولەویەتی کارەکانیدا بووە و تا ئێستاش دەیان ئەمریکییان گەڕاندووەتەوە کە زۆربەیان پێش دەستبەکاربوونی لە دەرەوەی وڵات دەستبەسەر کراون.
ئەم لێدوانەی بایدن دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی خەزێنەری ئەمریکا سزای بەسەر دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی روسیا و ھەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران، لەناویشیاندا چوار فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران سەپاند و تۆمەتباریکردن، بە دەستگیرکردنی نایاساییانەی ھاووڵاتیانی ئەمریکا.
بەپێی راپۆرتێکی بی بی سی، دوای توندکردنی یاساکانی باڵاپۆشی لەلایەن حکومەتی ئێران، لە یەک ھەفتەی رابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ شوێنکار و دوکان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەھۆی رەچاو نەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی داخراون و کۆمەڵگەی بازرگانی ئۆپاڵ لە ناوچەی سەعادەت ئاوای تارانی پایتەختیش، یەکێکە لەو بازاڕە گەورانەی داخراوە کە زیاتر لە ٤٠٠ دوکان و شوێنکاری تێدایە، ئەوە جگە لەوەی بە دەیان رێستۆرانت و کافتریا و دەرمانخانەش داخراون.
لە پارێزگای کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستانیش ٤٥ شوێنکار داخراون و یەکێکە لەو ناوچانەی بەرزترین ئاماری داخرانی دوکان و شوێنکارەکانی ھەبووە بەھۆی رەچاو نەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی.
دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی کوژرانی ژینا ئەمینی، حکومەتی ئێران یاساکانی باڵاپۆشی توندکردەوە و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە لێکەوتووەتەوە.
بڕیاربوو رۆژی ھەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداری رێوڕەسمی کردنەوەی پردێک لە شاری ئەدەنە لە باشووری تورکیا بکات، بەڵام لە دوا ساتدا سەرۆکایەتیی تورکیا رایگەیاند، گۆڕانکاری لە کارنامەکەی سەرۆک کۆماردا کراوە و لە بری بەشداریکردنی مەیدانی، بە ئۆنلاین و لە ئەنقەرەوە بەشداری رێوڕەسمەکە دەکات.
ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی باری تەندروستی تێکچوو، لەو بارەیەوە فەخرەدین کۆجە وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، ئەردۆغانەوە تووشی ھەوکردنی ریخۆڵە بووە، بەھۆیەوە کەمپەینەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەردۆغان بۆ رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ھەڵوەشێندرانەوە، بەڵام رۆژی ھەینییش بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک بەشداری بانگەشەی ھەڵبژاردنی نەکرد.
سوپای سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورھان رایگەیاند، رەزامەندن لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ٧٢ سەعاتی دیکە، ئەوەش لەسەر بنەمای کۆمەکی ھەردوولایەنی سعودیە و ئەمریکا، بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە.
پێشتر دووجار بۆ ماوەی ٧٢ سەعات ئاگربەست لە سودان لە نێوان سوپا و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان راگەیەندراوە، بەڵام ھەردوولایەنی شەڕکەر بەردەوامبوون لە شەڕ و روبەڕوبوونەوەکانیان و پابەندی ئاکربەستەکە نەبوون.
رێکخراوی یونیسێف، ھۆشدارییەکی لەبارەی رەوشی منداڵانی سودانی بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ملیۆنان منداڵی کچ و کوڕ پێویستیان بە پاراستن و ھاوکاریی مرۆڤیی بەپەلە ھەیە.
راشیگەیاند، مەترسی رووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە، ئەگەر لایەنە شەڕکەرەکانی سودان رێز لە ئاگربەست نەگرن.
بەپێی ئامارەکان لە دەستپێکی شەڕ و پێکدادانەکانی سودان، لە ١٥ی ئەم مانگەوە، نۆ منداڵ کوژراون و زیاتر لە ٥٠ منداڵی تریش برینداربوون، ھەروەھا مەترسی ھەیە منداڵان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە روبەڕوی پێشێلکاری و توندوتیژیی ببنەوە.
ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، کۆبوونەوەی داھاتووی چوار قۆڵی لە مۆسکۆ دەکەوێتە دوای ھەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی و دۆستەکانیان کار بۆ دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەکە دەکەن.
وتیشی، پێویستە شێوازی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی بەبێ مەرجی پێشوەختە بەردەوام بێت.
پێشتریش خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە رێگەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکانی تایبەت بە سوریا، ھەوڵی بەدیھێنانی ئاشتی و سەقامگیری دەدات لە کورتترین ماوەدا و کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەمەی رابردووشی بە ئەرێنی ناوبرد.
ھێزی دەریایی ئەمریکا سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە سوپای پاسدارانی ئێران، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتھەڵگردا گرتووە، کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەرە.
راشیگەیاند، ئەو کەشتییە نەوتھەڵگرە، لەکاتی تێپەڕبوونی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە کەنداوی عومان، لەلایەن ھێزەکانی سەربە سوپای پاسدارانەوە دەستیبەسەرداگیراوە.
ھێزی دەریایی ئەمریکا راشیگەیاند، پێویستە لەسەر حکومەتی ئێران دەستبەجێ ئەو کەشتییە ئازادبکات.
لە بەرامبەردا سوپای ئێران رایگەیاند، ئەو کەشتییە خۆی بە کەشتییەکی ئێرانیدا کێشاوە و بەھۆیەوە دوو ئەندامی کەشتییە ئێرانییەکە گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون، ھەربۆیە ئەو کەشتییەیان دەستبەسەرداگرتووە.
پارتی داد و گەشەپێدان رایگەیاندووە، بەھۆی ئەوەی ئەردۆغان تووشی ئەنفلۆنزای گەدە بووە، بڕیاردراوە سەرجەم چالاکییەکانی تایبەت بە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ رۆژی پێنجشەممە ھەڵبوەشێنێتەوە.
ئەنفلۆنزا یاخود ھەوکردنی گەدە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، زۆربەی جار لەرێگەی بەرکەوتن لەگەڵ کەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە، نەخۆشییەکە مەترسیدار نییە، بەڵام بۆ منداڵ و کەسانی بەتەمەن دەکرێت کاریگەری خراپی ھەبێت تاوەکو مردنیش، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بەرگری جەستەیان کەمبووەتەوە.
ئەردۆغان، لە راگەیەندراوێکدا کە لە تویتەر بڵاویکردەوە، سوپاسی گەلی تورکیای کرد کە بەھۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە ھەواڵیان پرسیوە و نزایان بۆ کردووە، وتیشی، بەھۆی زۆری کارەکانییەوە رەوشی تەندروستی کەمێک تێکچووە و لەسەر ئامۆژگاری پزیشکەکەی لە ماڵەوە پشووی وەرگرتووە، نیگەرانیشی دەربڕی لەوەی ئەمڕۆ نەیتوانیوە لە ناوچەکانی "کەرکەلالی" و "یۆزگات" و "سێواس" لە بانگەشەی ھەڵبژاردن ئامادەبێت و لە جێی ئەو "فوئاد ئۆکتای" بەشداری دەکات.
ئێوارەی سێشەممە، ئەردۆغان چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ھەبوو، بەڵام بەرنامەکە بۆ ماوەی ٩٠ خولەک دواخرا، دواتریش لە ناو بەرنامەکە تەندروستی تێکچوو بەرنامەکە بۆ ماوەی ١٥ خولەک وەستێندرا، دواتر ئەردۆغان بە چاوی پڕ و شڵەژاوییەوە وتی، بەھۆی ماندووییەوە دووچاری ڤایرۆسی گەدە بووە.
ھاوکات "کەمال کلچدار ئۆغلۆ"ی رکابەری بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، ھیوای سەلامەتی بۆ ئەردۆغان خواست.
ئەردۆغان تەمەنی ٦٩ ساڵە، چەندینجار باس لەوەکراوە کە تەندروستی باش نییە و ناتوانێت کارەکانی بە باشی بەڕێوەببات.
رۆژی سێشەممە وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا و ئێران و روسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوەو گفتوگۆ لەبارەی بەھێزکردنی دۆسییەکانی ئاسایش لە سوریا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرە کرا.
وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا و جێبەجێکردنی رێککەوتنی تایبەت بە رێگەی نێودەوڵەتی ناسراو بە ( ئێم فۆڕ) کراوە.
روحوڵا سەلەگی، جێگری پارێزگای مازندەران بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی رایگەیاند، عەباسعەلی سلێمانی ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران لەناو بانکێکی شاری بابولسەر بە دەستدڕێژی گوللە کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستیپێکردووە، تائێستاش ھۆکار و پاڵنەری رووداوەکە نەزانراوە. بەپێی میدیاکانی ئێرانیش، لە ھێرشەکەدا سێ کەسی تریش برینداربوون.
عەباسعەلی سلێمانی ساڵی ١٩٤٧ لە شاری سێوادکوی مازندەران لەدایکبووە و پێشتر چەند پۆستێکی وەک نوێنەری عەلی خامنەیی رێبەری ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و کاشان و پێشنوێژ و وتارخوێنی شارەکانی زاھیدان و بابولسەری وەرگرتووە.
پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە"، لە میانی بەشداریکردن لە چالاکییەکی بانگەشەی پارتی سەوزی چەپ کە بۆ ژنان لە شاری وان رێکخرابوو، رەخنەی لە سیاسەتی ئابووری لە تورکیا و بەرزبوونەوەی رێژەی ھەڵئاوسان گرت و رایگەیاند، رێژەی ھەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک زۆرترین کاریگەرییان کردووەتە سەر ژنان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا ھاوپەیمانی"ئاک پارتی و مەھەیە" ناچنە گۆڕەپانەکان، بەڵام ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ بەدەستھێنانی دەنگی ژنان، بەڵێنیشیدا، لە پەرلەمان ببن بە دەنگ و رەنگی ژنان، چونکە ژن لە پەرلەمان و تەواوی بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، رۆڵی خۆیان دەگێڕین و دەیانەوێت وڵات بەڕێوە ببەن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، کشانەوەی ھێزەکانیان لە "عێراق و سوریا"، بە واتای راگرتنی پڕۆسە سەربازییەکانیان لە دژی "تیرۆر" و نزیکبوونەوەی "تیرۆر" لە سنوورەکانیان و ھەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دێت، بۆیە لەئێستادا ھێزەکانیان لەو دوو وڵاتە ناکشێننەوە.
ھەروەھا چاوشئۆغڵو باسی لە ئەگەری کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی سوریا کرد و وتی، ئەگەری ئەو کۆبوونەوەیە ھەیە، بەڵام پێویستە سەرەتا نەخشەڕێگەی بۆ دیاری بکرێت، کە مەرجی پێشوەختە رەتبکاتەوە و ھەڵەسەنگاندن بۆ قۆناغی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" و سەقامگیریی سوریا بکرێت.
تورکیا لەچەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لەشکرکێشیی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی خاکی رۆژئاوای کوردستانی داگیر کردووە.
خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەنێوان وەزیرانی بەرگری و سەرۆکانی دەزگاکانی ھەواڵگریی تورکیا و روسیا و سوریا و ئێران بەڕێوەدەچێت، لەبارەی بەشداریکردنی ئێرانیش وتی، لایەنە پەیوەنیدارەکان بەشداریکردنی ئەو وڵاتەیان بە گونجاو زانی.
ئەوەشی خستەڕو، ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوەیە بە گفتوگۆ کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر بکەن و لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانیشدا چاوەڕوانی پێشھاتی ئەرێنیی دەکەن.
لای خۆیەوە، مۆسکۆ دەیەوێت کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکە برەوی زیاتری پێبدرێت و بگاتە ئاستی کۆبوونەوەی لوتکەی ئەردۆغان و ئەسەد، بەوەش کۆتایی دەھێنێت بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا کە ١٢ ساڵە بەردەوامە.
ئاژانسی ئیرنا لە زاری رەزا فاتمی ئەمین وەزیری پیشەسازی و کانزا و بارزگانی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و سعودیە بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی سەرجەم پەیوەندییەکانی نێوانیان، وەک ھەنگاوی سەرەتا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا دەستیپێکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا یەکەم کاروانی شتومەکی ئێرانی گەیشتووەتە سعودیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند رۆژی داھاتوودا کاروانی شتومەکی سعودیش دەگاتە ئێران و لە ماوەیەکی کەمیشدا ئاستی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان زۆر زیاتر دەکەن.
بوڵدان ئاماژەی بەوەکرد، پارتی چەپی سەوز ھەڵگری پرۆژەی ئاشتی دەبێت و ئەوەش وەک مژدەیەک بۆ گەلانی تورکیا رادەگەیەنن.
وتیشی، لە ھەڵبژاردنەکانی ١٤ ی مانگی پێنج دا پارتی دادو گەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەھەپە) لە دەسەڵات دەردەکرێن.