بەپێی راپۆرتێکی بی بی سی، دوای توندکردنی یاساکانی باڵاپۆشی لەلایەن حکومەتی ئێران، لە یەک ھەفتەی رابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ شوێنکار و دوکان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەھۆی رەچاو نەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی داخراون و کۆمەڵگەی بازرگانی ئۆپاڵ لە ناوچەی سەعادەت ئاوای تارانی پایتەختیش، یەکێکە لەو بازاڕە گەورانەی داخراوە کە زیاتر لە ٤٠٠ دوکان و شوێنکاری تێدایە، ئەوە جگە لەوەی بە دەیان رێستۆرانت و کافتریا و دەرمانخانەش داخراون.

لە پارێزگای کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستانیش ٤٥ شوێنکار داخراون و یەکێکە لەو ناوچانەی بەرزترین ئاماری داخرانی دوکان و شوێنکارەکانی ھەبووە بەھۆی رەچاو نەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی.

دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی کوژرانی ژینا ئەمینی، حکومەتی ئێران یاساکانی باڵاپۆشی توندکردەوە و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە لێکەوتووەتەوە.