لێپرسراوێکی باڵای ئەوروپی لە برۆکسل رایگەیاند، رۆژی دووشەممە ٢٤ی مانگ، کۆبوونەوەی وزاری یەکێتی ئەوروپا لە "لۆکسمبۆرگ" بەڕێوەدەچێت و بۆ حەوتەمینجار سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت، بەھۆی ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر مافی مرۆڤدا ئەنجامی دەدات.
پێشتر یەکێتی ئەوروپا شەشجار سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە، کە ٣٤ رێکخراو و ٢٠٤ کەسایەتی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و سامانەکانیانی لە وڵاتانی ئەوروپا بلۆککردووە و گەشتکردنیشیان بۆ ئەو وڵاتانە قەدەغە کردووە، ھەروەھا ھەموو جۆرە پەیوەندییەکی کۆمپانیا ئەوروپییەکان لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە لیستی رەشدان، قەدەغەکراوە.
ھاوکات "جۆزێب بۆریل" رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاش رایگەیاندووە، سەپاندنی سزاکان نابێت کاریگەری لەسەر ھەوڵەکان بۆ بوژانەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ھەبێت.
رۆژنامەی زەی ھێڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ١٩ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نامەیەکی ھاوبەشدا کە بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکایان ناردووە، تێدا داوایانکردووە کۆتایی بە ھاوکارییەکانی ئەمریکا بھێندرێت بۆ ئۆکراین.
ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێویستە ئەو ھاوکاریانەی کە بڕیارە لە داھاتوودا پێشکەشی ئۆکراین بکرێت دەبێت بە رێگایەکی دیبلۆماسی روونبێت و ئامانجیش لێی کۆتایی ھێنانبێت بە شەڕ لەو وڵاتەدا.
ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس دەشڵێن، لەئێستادا وڵاتەکەیان پێویستی بەوە ھەیە زیاتر سەرنج بخاتە سەر توانا سەربازی و ئابورییەکانی تایبەت بە خۆیان لە ناوخۆ نەک چەک و ھاوکاری گەورە رەوانەی دەرەوە بکەن بە ئامانجی شەڕ.
لەسەرەتایی سەرھەڵدانی شەر لە ئۆکراین تائێستا ئەمریکا بە بری ٣٦.١ ملیار دۆلاری ھاوکاری داوەتە ئۆکراین.
ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس داوادەکەن بایدن کۆتایی بە ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین بھێنێت
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، لەناوچەی بابولیەمەن لە سەنعای پایتەختی یەمەن، لە کاتی دابەشکردنی یارمەتییە خێرخوازییەکان لەبەردەم خوێندنگەیەک، قەرەباڵغی دروستبووە و بەھۆیەوە ٨٥ کەس ژێر دەستوپێ کەوتوون و گیانیانلەدەستداوە، زیاتر لە ٣٢٠ کەسی تریش برینداربوون، زۆربەی قوربانییەکانیش ژن و منداڵن.
وەزارەتی ناوخۆی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاماری وردی قوربانیانی رووداوەکەی بڵاونەکردووەتەوە، تەنھا ئاماژەی بەوەکردووە، بریندارەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەکانی سەنعا کراون و پڕۆسەی دابەشکردنی یارمەتییەکانیش راگیراوە.
مەھدی مەشات سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حوسییەکانی یەمەنیش رایگەیاندووە، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکھێناوە و بەتۆمەتی دەست ھەبوون لە رووداوەکە سێ کەس دەستگیر کراون.
سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زیندانە، لە تویتەر ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان ھەر ٨٤ ملیۆن ھاووڵاتییەکەی تورکیایان خۆش دەوێت و دڵنیایی دەدەن کە خۆراگری بەرامبەر ئاستەنگییەکانیان و یەکگرتوویی گەل، لەکۆتاییدا سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.
باسی لەوەشکردووە، ئەوان ھۆکاری شەڕ و دابڕاندنی کۆمەڵگەی تورکیا نابن، بەڵکو ھۆکارێک دەبن بۆ یەکگرتوویی و سەرکەوتنی وڵات، بۆیە داوا لە دەنگدارانی تورکیا دەکات دەنگ بە پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بدەن کە تەنھا ئەو پارتە دەتوانێت گۆڕانکاری دروستبکات.
بەھۆی مەترسی داخستن لەسەر پارتەکە، کاندیدەکانی ھەدەپە بۆ ھەڵبژاردنەکەی ١٤ی ئایار لەرێگەی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)ەوە بەشداری ھەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەن.
لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی سوریای کرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی وڵاتەکە لە دیمەشق کۆبووەوە، سەردانەکەش بە ھەنگاوێکی گرنگ بۆ کۆتاییھێنان بە گۆشەگیرکردنی سوریا لەنێو جیھانیی عەرب بۆ زیاتر لە یەک دەیە لەقەڵەم دەدرێت، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ھەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی ریازی کرد و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای سعودیە کۆبووەوە.
مانگی رابردوو سعودیە و سوریا لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان رێککەوتن کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە و دوای سەرھەڵدانی ئاڵۆزییەکان لە ناوخۆی سوریا، ھاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە، پەیوەندییەکانیان پچڕاندبوو.
عەلی خامنەیی، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ناتوانرێت لە رێگەی ریفراندۆمەوە پرسە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆی وڵات چارەسەربکرێن و لە ھیچ شوێنێکی جیھان ئەو کارەناکرێت.
راشیگەیاند، لەکاتێکدا ھەموو خەڵک بۆیان ھەیە بەشداری لە ریفراندۆم بکەن، بەڵام ھەموویان توانای لێکدانەوە و شیکردنەوەی بابەتەکانیان نییە، بۆیە بیرکردنەوە لە ریفراندۆم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ھیچ مانایەکی نییە.
لە چەند ساڵی رابردوودا زۆربەی ناڕازییان و رەخنەگران لە حکومەتی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە ریفراندۆمیان بە باشترین رێگەچارە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان زانیوە و لە خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردووش دژی کوژرانی ژینا ئەمینی و رەوشی وڵاتەکە، چەند لایەنێک داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمیان کردووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەبارەی ھەڕەشەکەی چین بۆ دەستبەرداربوون لە مامەڵەکردن بە دۆلار ھۆشداریدا و رایگەیاند، دۆلاری ئەمریکی دراوێکی سەرەکی یەدەگی جیھانییە و لە سەرتاسەری وڵاتانی جیھانیش بەکاردەھێنرێت، بەڵام سیاسەتی ئێستای ئیدارەی کۆشکی سپی دەبێتە ھۆی ئەوەی لە داھاتوویەکی نزیکدا دۆلاری ئەمریکی پێگە جیھانییەکەی لە دەستبدات.
وتیشی، ھەڕەشەکەی چین سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، دەستبەرداربوونی چین لە دۆلار وەک ئەوەیە ئەمریکا جەنگێکی جیھانی بدۆڕێنێت.بۆئەوەی دەستبەرداری مامەڵەکردن بە دۆلار دەبێت و دراوی تر لە مامەڵە و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانیدا بەکاردەھێنێت، کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئابوری ئەمریکا و وەک ئەوەیە ئەمریکا جەنگێکی گەورەی جیھانی بدۆڕێنێت.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردووە، بەرەبەیانی رۆژی ١٧ـی نیسان عەبدولھادی حاج عەلی، یەکێک لە سەرکردەکانی داعش لە سوریا و پلاندانەری ھێرشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپای رێکخراوەکە، لە ھێرشێکی ئاسمانی ھێزەکانیاندا کوژراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئەو سەرکردەیەی داعش لە ھێرشێکدا لە باکوری سوریا کراوەتە ئامانج و دوو چەکداری دیکەی رێکخراوەکەش کوژراون.
لای خۆیەوە کۆلۆنێل جوپۆتشینۆ وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، داعش ھەموو کاتێک ھەوڵدەدات سنوری ھێرشەکانی بۆ دەرەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکات، بۆیە پابەند دەبەن بە لەناوبردنی ھەمیشەیی رێکخراوەکە.
ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە وتارێکدا و لە رۆژی بەرزڕاگرتنی یادی سوپای وڵاتەکەی رایگەیاند، سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ئێران رۆڵی بەرچاویان لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بینیوە و پەیامیان ئەوەیە کە ھێزە دەرەکییەکان و بەتایبەتیش ھێزەکانی ئەمریکا، بەزووترین کات ناوچەکە جێبھێڵن، چونکە ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی خۆیشیان و ئاسایشی ناوچەکەدایە.
رەئیسی ھۆشداریشیدایە ئیسرائیل و رایگەیاند، ئەگەر دوژمنانیان و بەتایبەتیش ئیسرائیل بچوکترین ھەڵە بەرامبەر ئێران ئەنجام بدەن، بەتوندترین شێوە لەلایەن ھێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە وەڵام دەدرێنەوە و دەبێتەھۆی لەناوچوونی حەیفا و تەلئەبیب.
بەپێی پڕۆژەکەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا، قەیرانی سوریا دوای بزوتنەوەی جەماوەری شۆڕشگیڕی ساڵی ٢٠١١ لە ئەنجامی کەڵەکەبوون و دوورخستنەوە و پەراوێزخستن دەستیپێکرد، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوانزە ساڵ ھێشتا بەردەوامە و تا ئێستا ھیچ چارەسەرێکی کردەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو کێشانەی کە سوریا تووشی دەبێت، تەنیا لە چوارچێوەی یەکگرتوویی وڵاتدا چارەسەر دەکرێن، لە پێناو گەیشتن بە چارەسەریش ئامادەیی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی سوریا و دیالۆگ لەگەڵ ھەموو لایەنەکانی سوریا بۆ خستنەڕووی دەستپێشخەرییەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا.
خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا دەشڵێت، نەبوونی سیاسەتی دیموکراسی و کۆمەڵایەتی و دانپێدانەنان بە تایبەتمەندی پێکھاتەکانی سوریا و مافەکانیان بنەمای قەیرانی سوریایە و پێویستە چارەسەرێکی دیموکراسی بۆ بدۆزرێتەوە کە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا تێیدا بەشداربن.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ لە شاری دێلۆڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام، خەڵکێکی زۆر لەبەردەم بینای قائیمقامیەت گردبوونەوە و داوای ئازادیی بێمەرجی چوار بەندکراوی ئەو شارەیان بە ناوەکانی عەزیم یادگاری، حسێن باپیروەند، فەرشاد و سەعدوڵا ئایینی کردووە کە لە زیندانی ئیلام مانیان لەخواردن گرتووە.
ئەو چوار کەسە بە تۆمەتی بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردوو دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستگیرکراون و دوو رۆژ لەمەوبەر بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی پشتگوێخستنی دۆسیەکەیان و درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنیان بۆ دوو مانگی دیکە لە زیندانی ئیلام، مانیان لەخواردن گرت.
پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە" رایگەیاند، ھەڵبژاردنی ١٤ی ئایار کە بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمارە، دەبێتە گۆڕانکاری و وەرچەرخان بۆ سەرەتایەکی نوێ بۆ داھاتووی تورکیا.
وتیشی، ھەڵبژاردن لەنێوان دیموکراسی و شەڕ و ئاشتی و دادپەروەری و نادادییە، ٢١ ساڵە ھەموو جۆرە نادادییەک ئەنجامدەدرێت، گرتووخانەکان پڕن لە سیاسەتمەدار و ئاشتیخواز و ئەکادیمییەکان، زیندانەکان پڕن لە ھاوسەرۆکانی شارەوانییەکان، لە ١٤ی ئایار لێپێجینەوە لە ھەموو ئەوانە دەکەن.
راشیگەیاند، لە ھەڵبژاردن بێجگە لە پارتی چەپ دەنگ بە ھەر لایەنێکی دیکە بدرێت سود بە ئاکەپە دەبەخشێت.
بەپێی روانگەی فەلەکی بەریتانیا، لە کۆتایی ئەم ھەفتەدا دیاردەی خۆرگیران روودەدات، بەڵام خۆرگیرانی ئەمجارە جیاوازتر دەردەکەوێت، لەو کاتەی کە مانگ خۆر دادەپۆشێت سێبەری مانگەکە لەگەڵ جوڵەی زەویدا شێوەی خۆی دەگۆرێت، بۆیە لە ھەندێک شوێن بە دیاردەی خۆرگیرانی تەواوەتی و لە ھەندێک شوێنی تر بە دیاردەی خۆرگیرانی نیمچەیی دەردەکەوێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دیاردەیە لەو وڵاتانە دەبینرێت کە کەوتونەتە سەر ھێڵی ئیستوا و نیوەی باشوری گۆی زەوی واتە لە ناوچەکانی باشوری رۆژھەڵاتی ئاسیا و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئەوروپی. ئەو دیاردە جیاوازە لە ١٠ ساڵ جارێکدا روودەدات لە ساڵی ٢٠١٣ رویداوە و ئەمسالێش روودەدات و تا ساڵی ٢٠٣١ رووناداتەوە.
میدیاکانی ئەوروپا بڵاویانکردەوە، ھەرچەندە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریداوە بە رەسمی سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام تائێستا ھیچ وڵاتێکی ئەوروپا نایەوێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات و داواش دەکەن دادگا نێودەوڵەتییەکان بە بەڵگەی رەسمی بڕیاری لەو جۆرە بدەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای نامەکەی ١٣٠ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ جۆ بایدن سەرۆکی وڵاتەکەیان، لەبارەی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران، واشنتۆن فشارێکی زۆری لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دروستکردووە بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بخەنە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام تائێستا وڵاتانی ئەوروپا ملکەچی ئەو فشارانەی ئەمریکا نەبوون.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا، داوا لە ھەموو لایەنەکانی سودان دەکات دەستبەجێ شەڕ و پێکدادانەکان رابگرن و بەردەوام بن لە ھەوڵەکانیان بۆ گێڕانەوەی وڵات بۆ سەر رێڕەوی دیموکراسی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دۆخی مرۆیی لە سودان بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار دەڕوات و نیگەرانی ئەوەیە کارەساتی مرۆیی بەھۆی بەردەوامی گرژییەکان دروستببێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە راگەیەنراوێکی ھاوبەشدا داوای راگرتنی پێکدادانەکان لە ھەردوو لایەنی ناکۆکی سودان و دەستپێکردنەوەی دانوستان دەکەن.
ھەردوولا ئاماژەیان بەوەشکردووە، گەلی سودان دەیەوێت سوپا بگەڕێتەوە سەربازگەکان و دیموکراسییەت و حکومەتێکی مەدەنی وڵات بەڕێوەبەرێت، بۆیە دەبێت سودان بۆ ئەو قۆناغە بگەڕێتەوە.
ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ماکرۆن یاسای چاکسازی لە سیستمی خانەنشیندا ئیمزا کردووە، کە تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٤ ساڵ زیاد کراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تا بەر لە ھەموراکردنەکە تەمەنی خانەشینی لەو وڵاتەدا ٦٢ ساڵ بووە.
بڕیاری گۆرانکاری لە سیستمی خانەنشینی، شەپۆلێکی فراوانی نارەزایی جەماوەری لەو وڵاتەدا بەدوای خۆیدا ھێنا و زیاتر لە یەک ملیۆن ھاووڵاتی رژانە سەر شەقامەکان و رووبەرووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزەکانی پۆلیسدا روویدا.