سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زیندانە، لە تویتەر ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان ھەر ٨٤ ملیۆن ھاووڵاتییەکەی تورکیایان خۆش دەوێت و دڵنیایی دەدەن کە خۆراگری بەرامبەر ئاستەنگییەکانیان و یەکگرتوویی گەل، لەکۆتاییدا سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.

باسی لەوەشکردووە، ئەوان ھۆکاری شەڕ و دابڕاندنی کۆمەڵگەی تورکیا نابن، بەڵکو ھۆکارێک دەبن بۆ یەکگرتوویی و سەرکەوتنی وڵات، بۆیە داوا لە دەنگدارانی تورکیا دەکات دەنگ بە پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بدەن کە تەنھا ئەو پارتە دەتوانێت گۆڕانکاری دروستبکات.

بەھۆی مەترسی داخستن لەسەر پارتەکە، کاندیدەکانی ھەدەپە بۆ ھەڵبژاردنەکەی ١٤ی ئایار لەرێگەی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)ەوە بەشداری ھەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەن.