جۆ بایدن لە راگەیەندراوێکدا ھۆشداریدایە روسیا و ئێران و رایگەیاند، ئیدارەکەی بۆ یەکەمجار رێوشوێنی نوێ بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر ئەو کەس و لایەنانەدا دەگرێتەبەر کە ئەمریکییەکان بە بارمتە دەگرن یاخود بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە دەستبەسەریان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە گەڕاندانەوەی ئەو ھاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە دەرەوەی وڵات بە بارمتە گیراون، لە ئەولەویەتی کارەکانیدا بووە و تا ئێستاش دەیان ئەمریکییان گەڕاندووەتەوە کە زۆربەیان پێش دەستبەکاربوونی لە دەرەوەی وڵات دەستبەسەر کراون.

ئەم لێدوانەی بایدن دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی خەزێنەری ئەمریکا سزای بەسەر دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی روسیا و ھەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران، لەناویشیاندا چوار فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران سەپاند و تۆمەتباریکردن، بە دەستگیرکردنی نایاساییانەی ھاووڵاتیانی ئەمریکا.