بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٨٤٣ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٥ توشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و ٧٩٤ توشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID١٩ ژمارە (٤٢٤)
١. پشکنین: (٦١٣٩ پشکنینی نوێ)
• (٢٠٢٧) ھەولێر
• (١٤٤٠) سلێمانی
• (٢١١١) دھۆک
• (١٢٩) ھەڵەبجە
• (٤٣٢) گەرمیان
• (٠) ڕاپەڕین
٢. تووشبوو: (٨٤٣ تووشبووی نوێ)
• (٢٨٣) ھەولێر
• (٣٣٠) سلێمانی
• (١٦٠) دھۆک
• (١١) ھەڵەبجە
• (٥٩) گەرمیان
• (٠) ڕاپەڕین
٣. چاکبوون: (٧٩٤ چاکبوون)
• (١٠٨) ھەولێر
• (٣١٥) سلێمانی
• (٢٨٧) دھۆک
• (٨) ھەڵەبجە
• (٦٧) گەرمیان
• (٩) ڕاپەڕین
٤. مردن: (١٥ مردن)
• (٢) ھەولێر
• (٤) سلێمانی
• (٦) دھۆک
• (٠) ھەڵەبجە
• (٣) گەرمیان
• (٠) ڕاپەڕین
ئاماری گشتی:
کەڕەنتین ھاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)
پشکنین ١٥٩٨٣٤٣ (٥٥٩٧٦٧ ھەولێر، ٣٦٢٨٤٥ سلێمانی، ٦٦٤٦٧١ دھۆک، ١١٠٦٠ ھەڵەبجە)
تووشبوون ١٤٦٠٣١ (٤٧٧٩١ ھەولێر، ٤٣٦١٢ سلێمانی، ٥١٢٢٦ دھۆک، ٣٤٠٢ ھەڵەبجە)
چاکبوون ١٢٢٨٢٩ (٤٠٥١٨ ھەولێر، ٣٥١١٣ سلێمانی، ٤٤١٥٨ دھۆک، ٣٠٤٠ ھەڵەبجە)
لەژێر چارەسەر ١٩٢٤٣ (٦١٨٩ ھەولێر، ٦٦٦٣ سلێمانی، ٦١٧٣ دھۆک، ٢١٨ ھەڵەبجە)
مردن ٣٩٥٩ (١٠٨٤ ھەولێر، ١٨٣٦ سلێمانی، ٨٩٥ دھۆک، ١٤٤ ھەڵەبجە)
بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە ھاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسک و وەرگرتنی ڤاکسین، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٥ی نیسان ٢٠٢١
دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، داوایان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە خوێندکارانی قۆناغە ناکۆتاییەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەست بکەنەوە بە خوێندنی ناوپۆل، ھاوشێوەی وەرزی یەکەم کە چۆن خوێندکاران دەچوونە ھۆڵەکانی خوێندن.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشنیازەکە لەڕێگەی وەزیری پەروەردەوە ئاڕاستەی لیژنە باڵای ڕووبەرووبوونەوە کۆرۆنا کراوە.
رونیکردەوە، بە پێی پێشنیازەکە خوێندکار و بەخێوکەرەکەی سەرپشک بن لە نێوان بەردەوامبوون لە خوێندنی ئەلیکترۆنی یان گەڕانەوە بۆ ناوپۆل، ھەردوو بژاردەکەش ئارەزوو مەندانەیە زۆرە ملێی نییە.
باسی لەوەشکرد، لە چاوەڕوانیدان کە لەم ھەفتەیەدا بڕیاردان لەسەر ئەو پێشنیازە یەکلایی بێتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم دەڵێت، بەخەم و پەژارەیەکی قووڵەوە ھەواڵەکانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی نەخوشخانەی ئیبن خەتیبمان بیست لە بەغدا، لەناخی دڵمانەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین و ھیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین، سەرجەم توانا تەندروستییەکانی ھەرێمی کوردستانیش دەخەینە خزمەتی ڕزگاربووان.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندووە، متمانەمان بە لێکۆڵینەوە فەرمییەکان ھەیە بۆ دیاریکردنی ھۆکاری کەموکوڕییەکان و دیاریکردنی کەمتەرخەمییەکان و چەسپاندنی دادگەریی بۆ ئەوەی ڕووداوی ناخۆشی ھاوشێوە دووبارە نەبنەوە لە داھاتوو.
ھاوکات لە سەردانەکەیدا قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گەلەرییەکی تایبەتی بەسەرکردەوە کەپرۆژەیەکی نیشتمانی گرنگ و خەونی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد بووە و دەستخۆشی کردنەوەی گەلەرییەکەی لەخاتوو شاناز کرد و کۆکردنەوەی نمونەی خاکی پیرۆزی (٣٠٠) شارو ناوچەی جیاجیای کوردستانی بەھەوڵێکی گرنگ زانی کەلەرێگەیەوە پەیامی سەرەکی گەلەرییەکە ((زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بەقەسری قەیسەری)) دەچەسپێت، کەئەمەش یٔەو دێڕەیە کەمامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد زۆر سەرسامی بوو .
قوباد تاڵەبانی وتیشی ، لەم گەلەرییەدا ھەست بەبۆن و بەرامەی نیشتمانپەروەری و شۆرشگێڕی و پیرۆزییەکانی گەلی کوردستان دەکەم، دڵخۆشم کە ئاواتەکانی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد دەبینم دێنەدی، ئەو مامۆستای کوردایەتی و پێشەنگی رووناکبیری نمونەی خۆڕاگری بوو، خەباتی بێ ووچانی بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان بوو.
لەبەرامبەرداو لەمیانی بەسەرکردنەوەی بەشەکانی گەلەرییەکەدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ڕایگەیاند، ئەم گەلەرییە نمونەی خاکی پیرۆزی چەند ناوچەیەکی کوردستانی لەخۆگرتوە کەلەم گەلەرییەدا یەکیانگرتووە و ھەریەکە و ڕەنگ و بۆنێکی جیاوازی تایبەت بەخۆی ھەیە، وتیشی ئەمە ئەو خاکە پیرۆزەیە کەدوژمنانی گەلی کورد چەندین ساڵە شەڕی لەسەر دەکەن.
ئەم بەسەرکردنەوەیەی قوباد تاڵەبانی بۆ گەلەری خاکی کوردستان، لەچوارچێوەی دیدارێکیدا بوو لەگەڵ خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە نووسینگەی تایبەتی لە شاری سلێمانی.
دەقی پەیامەکە :
بەوپەڕی خەمباری و نیگەرانیەوە ھەواڵی روودانی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی شاری بەغدامان بیست، پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان و ھەر پێداویستییەکی تر ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکین و دەرگای نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان کراوەیە.
لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، ٤٧ ساڵ لەمەوبەر شاری قەڵادزێی خۆڕاگر و زانکۆی سلێمانی لە لایەن فڕۆکە مەرگچێنەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیی (ناپاڵم) بۆمباباران کران و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی و بێ دیفاعی قەڵادزێ و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو شەھید و برینداربوون، دواتر لە ھەشتەمین ساڵیادی بۆردوومانەکەشدا خۆپیشاندانێکی گەورەی جەماوەرییان ئەنجامدرا و لەلایەن ئەمن و ئیستخباراتەکانی بەعسەوە بە گولـلە وەڵامدرانەوە و لە ئەنجامدا دوو ژنی قارەمان شەھیدبوون و دەیانی تریش برینداربوون و سەدان کەسیش زیندانی کران.
لاھور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ١٩٨٩ش لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خەڵکی قەڵادزێی دوو جار شەھید بە زۆرە ملێ ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگاکان لە ھەولێر و سلێمانی، دواتر بە پیلانی بەعس و بێبەزەییانە شارەکەیان کاول و وێران کرا و لەگەڵ زەویدا یەکسان کرا.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم تاوانە دڕندە و نامرۆڤانەیەی ڕژێمی لەناوچوو ھاوشێوەی تاوانەکانی تری ئەنفال و کیمیایبارانکردن بوو کە لە چوارچێوەی جینۆسایدکردن و لەناوبردنی گەلی کورد ئەنجامیدا تەنھا لەبەر ئەوەی ناسنامەی کوردبوونیان ھەڵگرتبوو.
جەختیشیکردووەتەوە، یەکێتیی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن بە قەڵادزێ و پشدەر و بتوێن، داواکارن حکومەتی عێراقیش قەرەبووی مادی و مەعنەوی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و زیانلێکەوتووان بکاتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمیش ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بەو ناوچەیە بکەن.
چەند ڕۆژێکە نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکان بەرزتربووەتەوە و لە ئێستادا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ ٦٥٠ دینار و لیترێک بەنزینی موحەسەن ٧٠٠ دینار و لیترێک بەنزینی سوپەریش ٧٧٥ دینارە.
شۆفێرانیش نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، داوا دەکەن حکومەت ڕێگە لە زیادکردنی نرخی بەنزین بگرێت.
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و بەڕێوەبەری گشتی ھاتووچۆ، چەند ڕێنماییەکی نوێ بۆ ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەرکراوە، بە پێی ڕێنماییەکان، ئۆتۆمبێلی بەکارھاتوو کە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، دەبێت ژێرئاوکەوتوو و سوتاو و بڕاوە نەبێت و شاسیش بڕاوە یان لەحیمکراو نەبێت و ھەردوو ئێرباگی شوفێر و تەنیشتی شوفێر کار بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێگە پێدراوە ١٠ مۆدێل کەمتر لە مۆدێلی ڕێگە پێدراو ھاوردە بکرێن، بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دیناریش وەک ڕسومات وەردەگیرێت، ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ لیستی تەعریفەی ئۆتۆمبێلەکانی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراو دیاری دەکات.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەی خۆی و ھاوسەرەکەی بڵاوکردووەتەوە کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن و لە پەیامێکی ھاوپێچی وێنەکاندا لە دوای خواستنی ھیوای لەشساغی بۆ ھاونیشتیمانیان، داوای لە ھاوڵاتیان کردووە کە دوودڵ نەبن لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا و ژیانی خۆشەویستانیان بپارێزن.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە، "با ئەرکی سەرشانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی قورستر نەکەین" .
دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ کە ٤٧ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێ ھێشتا چاوی کەس و کاری شەھیدان ھەر فرمێسکی لێ دەبارێت و نەتوانراوە لانیکەم مۆزەخانەیەکی نیشتمانی لەو شارە دروستبکرێت بۆ کۆکردنەوەی وێنەی شەھید و برینداران و ساتی بۆمبارانەکە، بەڕاستی ناکرێت و نەگونجاوە دوای ئەو ھەموو ساڵە ئەو کارەساتە گەورەیە ساڵی یەک جار بخرێتەوە بەرباس و بیربھێنرێتەوە، شوێنێک نەبێت بۆ بەزیندویی راگرتن و ڕێزگرتن لەخوێن و گیانی ئەو قوربانیانە، تاوەکو بۆ نەوەی داھاتووشمان ئەو مێژووە تاڵە لەبیرنەکرێت و کارەساتەکەش وەکخۆی نیشان بدرێت.
لەبەرئەوە داواکارم یادەکانی ڕاپەڕین و مەرگەساتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و بالیسان و بۆمبارانکردنی قەڵادزێ و ئازار و نەھامەتییەکانی تری گەلەکەمان لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگی زیاتریان پێبدرێت و کاری ھەمەلایەنەی لەسەر بکرێت.
لەبیرەوەری ٤٧ساڵەی قەڵادزێی شەھید دا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھید و قوربانیان و بریندارانی ئەو شارە دادەنەوێنین، وەفاداری و پەیمان دووپات دەکەینەوە وەک یەکێتی ھەرچیمان پێ بکرێت بۆ خزمەتی ئەو دەڤەرە کارەساتبارە و ھاوڵاتیانی خۆمان درێغی ناکەین.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
٢٤-٤-٢٠٢١
حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی گرێبەستێکیان کردووە بۆ کڕینی چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ژەمی تر لە ڤاکسینی کۆرۆنا.
ھاوکات د. ئاسۆ حەوێز وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای گەیشتنی ڤاکسینەکە، عێراق پشکی ھەرێم دەنێرێت.
وتیشی، بڕیاربوو ھەموو ھەفتەیەک بڕێک ڤاکسین رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت و رۆژانە بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشی بکەن، بەڵام بەھۆی دواکەوتی ھەناردەکردنی ڤاکسینەکان لە کۆمپانیاکانەوە بۆ عێراق، رەوانەکردنی ڤاکسین بۆ ھەرێمیش دوا دەکەوێت و بەپێی پێویست ڤاکسین ناگات.
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم رایگەیاند، بەھۆی کەم بارانی و وشکە ساڵی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی کەمی کردووە و لە وەرزی ھاویندا کاریگەری لەسەر دابەشکردنی ئاوی ماڵان دروست دەکات.
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیکەی ٦ ھەزار بیری ئاو و چەندین پرۆژەی ستراتیژی لەسەر رووباری سیروان و زێی بچوک بۆ دابەشکردنی ئاوی ماڵان ھەیە، بەھۆی کەم بارانی و وشکە ساڵی و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەلایەن ئێرانەوە، ئاوی ھەردوو رووباری سیروان و زێی بچوک کەمی کردووە و لە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش کانییەکان وشک بوون، ئەو دیاردەیەش لە وەرزی ھاوینی ئەمساڵ کاریگەری لەسەر دابەشکردنی ئاوی ماڵان دروست دەکات.
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم وتیشی، راپۆرتێکیان لە بارەی زیانەکانی کەم بارانی ئامادەکردووە و لە رۆژانی داھاتوودا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبنەوە و دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ کەم کردنەوەی زیانەکان تاوتوێ دەکەن.
شادیە حسێن بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان رایگەیاند، بەھۆی کەمی رێژەی باران بارین لە وەرزی زستانی ئەمساڵ، ١٦٠ ھەزار دۆنم زەوی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان توشی زیان بووە.
وتیشی، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان٦١١ ھەزار سەر مەڕ و ١٣٦ ھەزار بزن و ١٠ھەزار ڕەشەوڵاخ و دوو ھەزار گامێش ھەیە و کەمی باران بارین کاریگەری راستەوخۆی لەسەر لەوەڕگا و خۆراکیان ھەبووە.
رونیشیکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی وشکەساڵی راپۆرتی خۆیان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم کردوە و داوایان کردوە بودجەی تایبەت بۆ گەرمیان دابنرێت و بۆ وەرزی دووەمی چاندنیش بنەتۆ بۆ ئەو جوتیارانە دابین بکرێ، کە بەھۆی وشکە ساڵییەوە زەرەرمەندبوون.
دڵشاد مستەفا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بە کوردستان نیوزی راگەیاند، بەھۆی دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ئالیک و غاز و جوجک و پێداویستی تری کێڵگە پەلەوەرییەکان لە ٣٠% زیادی کردووە و کاتێک نرخی مریشک گەیشتە نزیکەی چوار ھەزار دینار نرخێکی ئاسایی بوو بۆ کێڵگەکان، بەڵام لە ئێستادا نرخی مریشک لە بازاڕەکان بۆ دوو ھەزار دینار دابەزیوە، خاوەن کێڵگەکان لە زەرەردان چونکە نرخی یەک کیلۆ مریشک دوو ھەزار و ٥٠٠ لەسەر خۆیان دەکەوێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە نزیکەی ١٣٠ ھەزار تۆن مریشک دەخرێتە بازاڕەکان و زۆرترینیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق رەوانە کراوە، بەڵام لە ئێستادا کە بەھای پێداویستییەکان لەسەر خاوەن کێڵەگەکان زیادی کردووە، حکومەتیش رێگری دەکات لە ناردنی مریشک بۆ پارێزگاکانی عێراق.
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوا لە حکومەتی ھەرێم لە بڕی رێگریکردن با پشتگیری لە کەرتی پەلەوەر بکات.