بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم رایگەیاند، بەھۆی کەم بارانی و وشکە ساڵی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی کەمی کردووە و لە وەرزی ھاویندا کاریگەری لەسەر دابەشکردنی ئاوی ماڵان دروست دەکات.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیکەی ٦ ھەزار بیری ئاو و چەندین پرۆژەی ستراتیژی لەسەر رووباری سیروان و زێی بچوک بۆ دابەشکردنی ئاوی ماڵان ھەیە، بەھۆی کەم بارانی و وشکە ساڵی و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەلایەن ئێرانەوە، ئاوی ھەردوو رووباری سیروان و زێی بچوک کەمی کردووە و لە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش کانییەکان وشک بوون، ئەو دیاردەیەش لە وەرزی ھاوینی ئەمساڵ کاریگەری لەسەر دابەشکردنی ئاوی ماڵان دروست دەکات. 

بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم وتیشی، راپۆرتێکیان لە بارەی زیانەکانی کەم بارانی ئامادەکردووە و لە رۆژانی داھاتوودا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبنەوە و دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ کەم کردنەوەی زیانەکان تاوتوێ دەکەن.