دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ کە ٤٧ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێ ھێشتا چاوی کەس و کاری شەھیدان ھەر فرمێسکی لێ دەبارێت و نەتوانراوە لانیکەم مۆزەخانەیەکی نیشتمانی لەو شارە دروستبکرێت بۆ کۆکردنەوەی وێنەی شەھید و برینداران و ساتی بۆمبارانەکە، بەڕاستی ناکرێت و نەگونجاوە دوای ئەو ھەموو ساڵە ئەو کارەساتە گەورەیە ساڵی یەک جار بخرێتەوە بەرباس و بیربھێنرێتەوە، شوێنێک نەبێت بۆ بەزیندویی راگرتن و ڕێزگرتن لەخوێن و گیانی ئەو قوربانیانە، تاوەکو بۆ نەوەی داھاتووشمان ئەو مێژووە تاڵە لەبیرنەکرێت و کارەساتەکەش وەکخۆی نیشان بدرێت.

لەبەرئەوە داواکارم یادەکانی ڕاپەڕین و مەرگەساتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و بالیسان و بۆمبارانکردنی قەڵادزێ و ئازار و نەھامەتییەکانی تری گەلەکەمان لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگی زیاتریان پێبدرێت و کاری ھەمەلایەنەی لەسەر بکرێت.

لەبیرەوەری ٤٧ساڵەی قەڵادزێی شەھید دا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھید و قوربانیان و بریندارانی ئەو شارە دادەنەوێنین، وەفاداری و پەیمان دووپات دەکەینەوە وەک یەکێتی ھەرچیمان پێ بکرێت بۆ خزمەتی ئەو دەڤەرە کارەساتبارە و ھاوڵاتیانی خۆمان درێغی ناکەین.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
٢٤-٤-٢٠٢١