لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، ٤٧ ساڵ لەمەوبەر شاری قەڵادزێی خۆڕاگر و زانکۆی سلێمانی لە ‌لایەن فڕۆکە مەرگچێنەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیی (ناپاڵم) بۆمباباران کران و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی و بێ دیفاعی قەڵادزێ و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو شەھید و برینداربوون، دواتر لە ھەشتەمین ساڵیادی بۆردوومانەکەشدا خۆپیشاندانێکی گەورەی جەماوەرییان ئەنجامدرا و لەلایەن ئەمن و ئیستخباراتەکانی بەعسەوە بە گولـلە وەڵامدرانەوە و لە ئەنجامدا دوو ژنی قارەمان شەھیدبوون و دەیانی تریش برینداربوون و سەدان کەسیش زیندانی کران.


لاھور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ١٩٨٩ش لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خەڵکی قەڵادزێی دوو جار شەھید ‌بە زۆرە ملێ ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگاکان لە ھەولێر و سلێمانی، دواتر بە پیلانی بەعس و بێبەزەییانە شارەکەیان کاول و وێران کرا و لەگەڵ زەویدا یەکسان کرا.


ڕاشیگەیاندووە، ئەم تاوانە دڕندە و نامرۆڤانەیەی ڕژێمی لەناوچوو ھاوشێوەی تاوانەکانی تری ئەنفال و کیمیایبارانکردن بوو کە لە چوارچێوەی جینۆسایدکردن و لەناوبردنی گەلی کورد ئەنجامیدا تەنھا لەبەر ئەوەی ناسنامەی کوردبوونیان ھەڵگرتبوو.


جەختیشیکردووەتەوە، یەکێتیی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن بە قەڵادزێ و پشدەر و بتوێن، داواکارن حکومەتی عێراقیش قەرەبووی مادی و مەعنەوی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و زیانلێکەوتووان بکاتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمیش ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بەو ناوچەیە بکەن.